
لە مێژووی سەرەتای ئیسلامدا، ڕێگا بازرگانییەکان تەنیا ڕێڕەوێکی ئابووری نەبوون، بەڵکو دەروازەیەک بوون بۆ هێز و هەژموون. ئەو کاروانانەی لە مەککەوە دەردەچوون، تەنیا خوێنبەری قازانج نەبوون، بەڵکو خاڵی لاوازیش بوون کە دەکرا بکرێنە ئامانج، ئاراستەیان بگۆڕدرێت، یان تەنانەت بە تەواوی پەکبخرێن. دواتر و لەگەڵ فراوانبوونی دەوڵەتی ئیسلامیدا، ئەم بیرۆکەیە لە وشکانییەوە گواسترایەوە بۆ دەریا، لە بیابانەوە بۆ ڕێڕەوە دەریاییەکان، بە جۆرێک کۆنترۆڵکردنی دەریای سوور یان ڕێگاکانی هیندستان بووە پرسێکی گرنگ بۆ مانەوەی ئابووری و سیاسی بۆ دەوڵەتان.
بەڵام ئەم یاسا کۆنە هەر لە ڕابردوودا نەمایەوە، بەڵکو بە درێژایی سەدەکان بەردەوام بووە و ئەمڕۆش بە ئامرازی زۆر ئاڵۆزتر لە شوێنە زۆر هەستیارەکانی وەک گەرووی هورمز دەردەکەوێتەوە؛ کە دوای گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران بووەتە جێگەی باسی گەرم. لەوێدا، کە بەشێکی زۆری بازرگانیی وزەی جیهانی پێیدا تێدەپەڕێت، جوگرافیا تەنیا هێڵێک نییە لەسەر نەخشە، بەڵکو خاڵێکی خنکێنەرە کە دەتوانێت لە چەند ساتێکدا شێوەی بازاڕەکانی جیهان دابڕێژێتەوە و گرژییە سیاسییەکان بکاتە قەیرانێکی ئابووریی جیهانی.
لەم سۆنگەیەوە، ئەم بابەتە هەوڵ نادات مێژوو وەک گێڕانەوە بخوێنێتەوە، بەڵکو وەک زنجیرەیەکی پێکەوەگرێدراو لە دووبارە بەکارهێنانەوەی جوگرافیا وەک چەکێک لێکدەداتەوە: لە کاروانەکانی قوڕەیشەوە بۆ بەندەرەی فاتیمییەکان، پاشان ڕێگاکانی قەرمەتییەکان و پێکدادانی مەمالیک و پورتوگالییەکان، تا دەگاتە گەرووی هورمزی ئەمڕۆ، کە هێشتا جوگرافیا و کاریگەرییەکانی سیاسەت دەنووسنەوە، بەڵام بە زمانێکی مۆدێرنتر و زۆر ئاڵۆزتر.
کاروانەکانی قوڕەیش… کاتێک ڕێگا دەبێتە خاڵی لاواز
مەککە لە ساتی دەرکەوتنی ئیسلامدا ناوەندێکی هێز نەبوو بە مانا تەقلیدییەکەی؛ نە خاوەنی زەوییەکی کشتوکاڵیی بەرفراوان بوو، نە سەرچاوەی سروشتیی هەبوو کە لەوانی تر بێمنەتی بکات، تەنانەت ژێرخانێکی بەرهەمهێنانی جێگیریشی نەبوو کە سامانی بەردەوامی لەسەر بونیاد بنرێت. لەگەڵ ئەوەشدا، قوڕەیش توانی ببێتە یاریزانێکی ئابووریی سەرەکی لە نیمچەدوورگەی عەرەبیدا. ئەم دژایەتییە تەنیا کاتێک تێدەگەین کە سەیری جوگرافیا بکەین وەک وەزیفەیەک، نەک تەنیا وەک شوێنێک. مەککە هێندەی ئەوەی جووڵەی بەڕێوەدەبرد، هێندە بەرهەمهێنەر نەبوو، وە هێندەی کۆنترۆڵی تێپەڕبوونی سەرچاوەکانی دەکرد، هێندە خاوەنی سەرچاوەکان نەبوو.
گێڕانەوەکانی ژیاننامەی پێغەمبەری ئیسلام، وەک ئەوەی لە کتێبی تەبەری “جامع البيان عن تأويل آي القرآن”دا هاتووە، دەریدەخەن کە قوڕەیش بازرگانییەکەی لە ڕێگەی دوو گەشتی سەرەکییەوە ڕێکخستووە: بۆ یەمەن لە زستاندا و بۆ شام لە هاویندا. ئەمەش ڕەنگدانەوەی شێوازێکی ئابوورییە کە لەسەر بنەمای گواستنەوەی وەرزی و دروستکردنی تۆڕێک لە پەیوەندیی هۆزایەتی دامەزراوە بۆ مسۆگەرکردنی سەلامەتیی ئەم جووڵەیە بەناو مەودا دوورەکاندا. ئەم جۆرە ئابوورییە، سەرەڕای ئەوەی نەرمی و قازانجێکی زۆر دەبەخشێت، بەڵام خاڵێکی لاوازی جەوهەریش لەخۆدەگرێت: بە تەواوی پشت بە سەقامگیریی ڕێگاکە دەبەستێت. هەر تێکچوونێک لەم ڕێگایەدا تەنیا بە واتای لەدەستدانی مامەڵەیەک نایەت، بەڵکو هەڕەشە لە سەرجەم پێکهاتەی ئابوورییەکە دەکات.
لێرەوە، ڕێگاکە دەبێتە شتێک زیاتر لە هۆکارێک بۆ گواستنەوە؛ دەبێتە دەماری ژیان. کاروانەکان تەنیا کاڵا نەبوون کە بجووڵێن، بەڵکو نوێنەرایەتی سیستەمی ئابووریی قوڕەیشیان دەکرد لە دۆخە جووڵاوەکەیدا. کاتێک سەیری شوێنی مەدینەی دوای کۆچ دەکەین، تێدەگەین کە گۆڕانکارییەکە تەنیا سیاسی نەبوو، بەڵکو بە پلەی یەکەم جوگرافی بوو. مەدینە تەنها پەناگەیەکی ئارام نەبوو، بەڵکو خاڵێکی جێگیربوون بوو لە نزیک ئەو ڕێڕەوە بازرگانییانەی کە کاروانەکانی قوڕەیش لە نێوان شام و مەککەدا پێیدا تێدەپەڕین.
هەڵمەتە سەربازییە سەرەتاییەکانی ئیسلام بەرەو مەککە نەچوون، و ئامانجیان ڕووخاندنی سەربازیی ئەو شارە نەبوو، بەڵکو سەرنجیان خستە سەر کاروانەکان. بۆ نموونە؛ دەستەی سەربازیی حەمزەی کوڕی عەبدولموتەلیب و دەستەی عوبەیدەی کوڕی حارس، شەڕی گەورە نەبوون، بەڵکو هەوڵێکی حیساب بۆ کراو بوون بۆ ڕێگریکردن و بەئامانجگرتنی خاڵی دیاریکراو لەسەر ڕێگاکە. ئەم گۆڕانکارییە ئاستی تێگەیشتنی سەرەتایی مسوڵمانان لە سروشتی هێزی قوڕەیش دەردەخات. لەبری ڕووبەڕووبوونەوەی سوپاکەی لە شەڕێکی نابەرامبەردا، سەرچاوەی ڕاستەقینەی هێزەکەیان کرایە ئامانج: ئابوورییە جووڵاوەکە. لێرەدا کاروان لە پێگەی دەستکەوتێکی ئەگەرییەوە گۆڕا بۆ ئامانجێکی ستراتیژیی گرنگ.
ئەمەیە کە کاردانەوەی توندی قوڕەیش نیشاندەدات و ڕوونی دەکاتەوە. سەرچاوەکان، لەوانەش تەبەری لە کتێبی “تاريخ الرسل والملوك”دا، ئاماژە بەوە دەکەن کە چوونەدەرەوەی قوڕەیش بۆ غەزای بەدر لە بنەڕەتدا پەیوەست بووە بە پاراستنی کاروانەکەی ئەبو سوفیانەوە. بەڵام ئەوەی لە ڕواڵەتدا وەک جووڵەیەکی سەربازی دەردەکەوێت، لە ناوەڕۆکدا قەیرانێکی ئابووری دەشارێتەوە. قوڕەیش تەنها بۆ شەڕکردن نەچووە دەرەوە، بەڵکو بۆ پاراستنی سیستەمە ئابوورییەکەی لە داڕمان چووە دەرەوە.
فاتیمییەکان… کاتێک جیهان لە دەریای سوورەوە داڕێژرایەوە
ئەگەر ئەزموونی قوڕەیش ئەوە دەربخات کە چۆن دەتوانرێت گورز لە ئابووری بدرێت لە ڕێگەی بەئامانجگرتنی ڕێگاکانەوە، ئەوا ئەزموونی فاتیمییەکان دیوەکەی تری هاوکێشەکە دەردەخات: چۆن دەتوانرێت هێز بونیاد بنرێت لە ڕێگەی گۆڕینی ئاراستەی هەمان ئەم ڕێگایانە.
فاتیمییەکان (کە خێزانێکی شیعەی ئیسماعیلین و خەلافەتێکی ڕکابەری عەباسییەکانیان لە باکووری ئەفریقا لە ساڵی 269ی کۆچی دامەزراند)، کاتێک لە ناوەڕاستی سەدەی چوارەمی کۆچیدا چوونە ناو میسر، تەنیا هەرێمێکی نوێیان کۆنترۆڵ نەکرد، بەڵکو بوونە خاوەنی گرێیەکی جوگرافی کە بە یەکێک لە مەترسیدارترین پێگەکان دادەنرێت کە دەوڵەتێک لەو سەردەمەدا هەیبووبێت. میسر تەنیا زەوییەکی بەپیت یان ناوەندێکی گرنگی دانیشتووان نەبوو، بەڵکو خاڵی بەیەکگەیشتنی دوو دەریا و پردێک بوو کە ڕۆژهەڵاتی بازرگانی (لە هیندستان و یەمەن)ی بە بازاڕەکانی دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستەوە. ئەم هەڵکەوتە جوگرافییە، کە لە ڕواڵەتدا تایبەتمەندییەکی سروشتی بوو، لە دەستی فاتیمییەکاندا بووە ئامرازێکی سیاسی و ئابووریی یەکلاکەرەوە.
بەپێی ئەوەی زەکی محەمەد حەسەن لە کتێبی “الكنوز الفاطمية” (گەنجینەی فاتیمییەکان)دا باسی دەکات، قاهیرە پێگەیەکی ناوەندیی هەبووە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا. ئەم ڕۆڵە لە تۆڕی بازرگانیی ڕۆژهەڵاتیدا دەرکەوت، کە تیایدا ئەو کاڵایانەی لە هیندستان و یەمەنەوە دەهاتن بە دەریای سووردا تێدەپەڕین و پاشان دەگوازرانەوە بۆ قاهیرە و ئەسکەندەریە، ئەمەش پێگەیەکی ئابووریی چەقیی بە دەوڵەتی فاتیمی بەخشی لەناو ئەم سیستەمە بازرگانییەدا. ئەو بازرگانییەی لە هیندستانەوە دەهات، کە پڕ بوو لە بەهارات و کاڵای بەنرخ، بە زەریای هیندی و بەندەرەکانی یەمەندا تێدەپەڕی و پاشان بە دەریای سووردا سەردەکەوت تا دەگەیشتە میسر، لەوێشەوە بۆ دەریای ناوەڕاست. ئەم ڕێڕەوە تەنیا ڕێگایەک نەبوو، بەڵکو بڕبڕەی پشتی بازرگانیی جیهانی بوو لەو سەردەمەدا.
بەڵام ئەم ڕێگایە لە سروشتی خۆیدا جێگیر نەبوو، بەڵکو توانای گۆڕینی هەبوو. لێرەدا کڕۆکی ستراتیژیەتی فاتیمییەکان دەردەکەوێت. لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی عەباسییەکان ببنەوە لە بەغدا، کاریان کرد بۆ گۆڕینی ئاراستەی بازرگانی بەدوور لەوان. ئامانجەکە ڕووخاندنی بەغدا نەبوو، بەڵکو بێبەشکردنی بوو لە ڕۆڵەکەی.
ئەمە خاڵێکی زۆر گرنگە؛ دەوڵەت تەنها کاتێک بێهێز نابێت کە دەشکێت، بەڵکو کاتێک بێهێز دەبێت کە دەکەوێتە دەرەوەی ڕێڕەوی جووڵەی ئابووری. بەم شێوەیە، فاتیمییەکان پێویستیان بە وێرانکردنی بەغدا نەبوو، بەڵکو تەنها ئەوە بەس بوو کە بیخەنە دەرەوەی نەخشەی ئابووریی. بۆ بەدەستهێنانی ئەمەش، تەنیا پشتیان بە هەڵکەوتەی جوگرافی نەبەست، بەڵکو پشتیان بە بەڕێوەبردنی وردی ئەم پێگەیە بەست. کاریان کرد بۆ پاراستنی دەریای سوور و بووژاندنەوەی بەندەرەکانی، بەتایبەتی بەندەری عەیزاب، کە بووە خاڵی تێپەڕبوونی سەرەکیی ئەو کاڵایانەی لە باشوورەوە دەهاتن. هەروەها گرنگییان دا بە ڕێکخستنی پڕۆسەی گواستنەوە لە نێوان دەریای سوور و ڕووباری نیل، پاشان بۆ ئەسکەندەریە، کە لەوێوە کاڵاکان بۆ ئەوروپا دەگوازرانەوە.
قەرمەتییەکان… کاتێک ڕێگاکان دەبنە بارمتە
ئەزموونی قەرمەتییەکان – ئەو بزووتنەوەیەی کە لە سەدەی سێیەمی کۆچیدا لە جیهانی ئیسلامیدا دەرکەوت – نوێنەرایەتیی ساتەوەختێکی توندتر و مەترسیدارتر دەکات: ئەو ساتەی کە ڕێگاکە خۆی دەبێتە بارمتەیەکی سیاسی، و کۆنترۆڵکردنی دەبێتە ئامرازێکی ڕاستەوخۆ بۆ هەڕەشە و باج سەندن، نەک تەنیا ئامرازێکی فشاری ناڕاستەوخۆ.
ئەو ڕووداوە مێژووییانەی ئیبن ئەسیر لە کتێبی “الكامل في التاريخ”دا هێناویەتی، ئاماژە بەوە دەکەن کە قەرمەتییەکان بەردەوام هێرشیان دەکردە سەر کاروانەکانی حەج و بازرگانی لەسەر ئەو ڕێگایەی عێراق و حیجازی بەیەکەوە دەبەستەوە، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی هاتوچۆ لەم ڕێڕەوە گرنگەدا. ئەم ڕێگایانە تەنیا ڕێڕەوی بازرگانی نەبوون، بەڵکو ڕێگای حەجیش بوون، واتە ڕەهەندێکی ئایینییان هەبوو کە گرنگییەکەیانی دوو هێندە دەکرد. لەم ڕوانگەیەوە، کۆنترۆڵکردنیان تەنها بە واتای پەکخستنی ئابووری نایەت، بەڵکو هەڕەشەیە بۆ سەر یەکێک لە پایەکانی ژیانی ئایینی لە جیهانی ئیسلامیدا.
لەگەڵ دووبارەبوونەوەی هێرشەکانیان بۆ سەر کاروانەکان، بابەتەکە لە چەند تاڵانکارییەکی کورتخایەنەوە گۆڕا بۆ دۆخێکی بەردەوامی ناسەقامگیری و نائارامی. بەڵام لوتکەی ڕاستەقینەی ئەم ڕێڕەوە تەنها لە ڕێگریکردندا نەبوو، بەڵکو لە کۆنترۆڵکردنە ڕەمزیەکەی ڕێگاکەدا بوو. ڕووداوی هەڵکوتانە سەر مەککە لە ساڵی 317 کۆچی، وەک ئەوەی ئیبن کەسیر لە کتێبی “البداية والنهاية”دا دەیگێڕێتەوە، تەنیا کارێکی توندوتیژانە نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی ئەوە بوو کە قەرمەتییەکان چیتر بە لێدان لە ڕێگاکە قایل نین، بەڵکو کۆنترۆڵی کۆتایی ڕێگاکەشیان کردووە. مەککە، وەک خاڵی کۆتایی گەیشتن بۆ حەج، لوتکەی ئەم ڕێڕەوە جوگرافییەیە، و کۆنترۆڵکردنی تەنانەت بە شێوەیەکی کاتی، بەو واتایە دێت کە تەواوی ڕێگاکە کەوتووەتە ژێر هەڕەشەوە.
بەڵام گرنگتر لە هەڵکوتانە سەر مەککە، ئەوە بوو کە بەدوایدا هات: بەردەوامبوونی پەکخستنی حەج، و هێشتنەوەی بەردە ڕەشەکە (الحجر الأسود) لای قەرمەتییەکان بۆ ساڵانێکی درێژ. لێرەدا جوگرافیا لە گۆڕەپانێکی ململانێوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی دانوستان. حەج ناتوانرێت بە شێوەیەکی ئاسایی دەستپێبکاتەوە بێ گەڕاندنەوەی ئەم هێمایە، و ڕێگاکەش بەبێ زەمانەت ناتوانێت ببێتەوە بە ڕێگایەکی ئارام. بەمجۆرە، قەرمەتییەکان لە هێزێکی یاخیبووی ئاساییەوە بوونە لایەنێک کە توانای سەپاندنی مەرجەکانی هەیە لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوەکانەوە.
مەمالیک و پورتوگالییەکان… کاتێک شەڕ گواسترایەوە بۆ دەریای کراوە
پێکدادانی نێوان مەمالیک و پورتوگالییەکان وەک یەکێک لە گرنگترین خاڵەکانی وەرچەرخان لە مێژووی بەکارهێنانی جوگرافیا وەک ئامرازی ململانێ دەردەکەوێت. مەمالیکەکان کە دەوڵەتەکەیان لە سەدەی حەوتەمی کۆچیدا لە میسر دامەزراند و بوونە میراتگری پێگەی ناوەندیی میسر لە تۆڕی بازرگانیی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا، وەک چۆن پێش خۆیان فاتیمییەکان کردیان، پشتیان بە دەریای سوور دەبەست وەک شادەمارێکی ژیانیی کە هیندستان و یەمەن بە بەندەرەکانی میسرەوە، و لەوێشەوە بە دەریای ناوەڕاستەوە دەبەستێتەوە.
دەقەکانی مێژوونووس تەقیەددینی مەقریزی (764-845کۆچی) لە کتێبی “السلوك لمعرفة دول الملوك”دا ئاماژە بەوە دەکەن کە مەمالیکەکان باج و گومرگیان خستووەتە سەر ئەو کاڵا بازرگانییانەی هاتوونەتە ناو میسر یان لێیەوە چوونەتە دەرەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو ڕۆڵە داراییەیە کە جووڵەی بازرگانی لە ئابووریی دەوڵەتی مەمالیکدا گێڕاویەتی.
بەم مانایە، دەریای سوور تەنها ڕێڕەوێک نەبوو، بەڵکو بڕبڕەی پشتی ئابووریی مەمالیک بوو. بەڵام ئەم سیستەمە کە بۆ چەندین سەدە سەقامگیر دیار بوو، لە ناوخۆیدا هەڵگری لاوازیی تایبەت بە خۆی بوو. چونکە پشتی بەوە دەبەست کە ڕێگا بازرگانییە جیهانییەکان لەناو ئەم ڕێڕەوەدا بمێننەوە، و هەر هەوڵێک بۆ کردنەوەی ڕێگایەکی جێگرەوە بە واتای هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ دەهات بۆ سەر ئەم هاوسەنگییە. لێرەدایە کە پورتوگالییەکان دەردەکەون.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی سەدەی نۆیەمی کۆچی (پازدەیەمی زایینی)، گەیشتنی پورتوگالییەکان بە زەریای هیندی تەنها دۆزینەوەیەکی جوگرافی نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی ستراتیژیی تەواو بوو بە ئامانجی شکاندنی قۆرخکاریی جیهانی ئیسلامی بۆ بازرگانیی ڕۆژهەڵات. کاتێک ڤاسکۆ دێ گاما سەرکەوتوو بوو لە گەیشتن بە هیندستان، ئەوکاتە تەنها ڕێگایەکی نوێی نەکردەوە، بەڵکو بە تەواوی سیستەمە باوەکەی تێپەڕاند کە بە دەریای سوور و میسردا تێدەپەڕی.
پورتوگالییەکان تەنها بە کردنەوەی ڕێگاکە قایل نەبوون، بەڵکو هەوڵیان دا بە زەبری هێز کۆنترۆڵی بکەن. گێڕانەوەکانی ئیبن ئیاس لە کتێبی “بدائع الزهور في وقائع الدهور”دا ئاماژە بەوە دەکەن کە هەواڵی جووڵەی پورتوگالییەکان لە زەریای هیندی و دەستدرێژییەکانیان بۆ سەر کەشتییە ئیسلامییەکان، گەیشتە میسر و نیگەرانییەکی قووڵی لێکەوتەوە. ئەوان دەستیان کرد بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان، و بوونی سەربازیی خۆیان بەسەر بەندەرەکاندا سەپاند، لە هەوڵێکدا بۆ قۆرخکردنی بازرگانی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ.
مەمالیکەکان درکیان بەم مەترسییە کرد و هەوڵی وەڵامدانەوەیان دا. ئیبن ئیاس دەگێڕێتەوە کە سوڵتان قانصوەلغوری هەڵمەتی دەریایی بە هاوکاریی هێزە ئیسلامییەکانی ناو هیندستان و یەمەن ناردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پورتوگالییەکان. هەروەها ئاماژە بە ئامادەکردنی کەشتیگەل دەکات لە سوێس، کە ئەمە کارێک بوو لە کڕۆکی سیاسەتی سەربازیی مەمالیکدا نەبوو (کە بە شێوەیەکی نەریتی پشتی بە هێزی وشکانی دەبەست)، و چالاکییەکی لاوەکی و کاتی بوو.
بەڵام ئەم هەوڵانە کەلێنێکی قووڵیان ئاشکرا کرد. مەمالیکەکان سەرەڕای هێزە سەربازییەکەیان لەسەر وشکانی، خاوەنی هەمان ئەزموون یان ژێرخانی شەڕی دەریایی دوورمەودا نەبوون. لە بەرامبەردا، پورتوگالییەکان شێوازی شەڕی دەریاییان پەرەپێدابوو، کەشتییەکانیان توانای گەشتی دوورودرێژیان هەبوو، و تۆپخانەیان هەبوو کە باڵادەستیی پێدەبەخشین لە کاتی پێکداداندا. ئەمەش وایکرد پورتوگالییەکان باڵادەستییەکی بەرچاو لە گۆڕەپانەکانی شەڕی دەریاییدا بەدەست بهێنن.
گەڕانەوە بۆ ئەمڕۆ
ئەمڕۆ، کاتێک باس لە گەرووی هورمز، یان دەریای سوور، یان بابولمەندەب دەکرێت، ئێمە ڕووبەڕووی دیاردەیەکی نوێ نابینەوە هێندەی ئەوەی کە کۆپییەکی نوێی ململانێیەکی کۆن دەژین. ئامرازەکان گۆڕاون، بازاڕەکان فراوان بوون، و ئابووریی جیهانی تا ئاستێکی زۆر ئاڵۆز بووە، بەڵام بنەماکە وەک خۆی ماوەتەوە بە درێژایی مێژوو: ئەو ڕێگایەی کە بازرگانی هەڵدەگرێت و ئابووری دروست دەکات، هەژموونیش هەڵدەگرێت و جۆرێکی تر لە دەسەڵات دروست دەکات. و هەر لایەنێک کە بتوانێت هەڕەشە لەم ڕێگایە بکات یان بیپارێزێت، ئەوا توانای ئەوەی هەیە باڵانسی هێز لە جیهاندا دابڕێژێتەوە.





