دوای جەژن چی ڕوودەدات؟ چەکدانان یان چەک پێدانانی میلیشیا شیعەکان؟

  • بەغدا داوای “ئاگربەستی سێ مانگ”ـی لە پترايۆس کردووە
  • عامری “ئاسایشی فیدراڵی” بۆ ڕزگارکردنی حەشدی شەعبی پێشنیار کردووە
  • چاودێریکردنی گرووپە چەکدارەکان لە بەرامبەر هەڵپەساردنی بڕیاری هەڵوەشاندنەوەیان

سەرچاوە ئاگادارە شیعەکان بە ڕۆژنامەی «المدى»یان ڕاگەیاندووە کە عێراق پێشنیارێکی بەپەلەی ئاراستەی واشنتن کردووە، کە تێیدا هاتووە جووڵەی گرووپە چەکدارەکان بۆ چەند مانگێک بخرێتە ژێر “چاودێرییەکی توند”ەوە، پێش ئەوەی هەر بڕیارێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گرووپانە بدرێت.

ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، مەرجە توندەکانی ئەمریکا کە ڕەتیدەکاتەوە هیچ پۆستێکی وەزاری بدرێت بەو حزبانەی باڵی چەکدارییان هەیە، بووە هۆی هەڵپەساردنی تەواوکردنی پێکهێنانی حکومەتەکەی عەلی زەیدی.

لە کاتێکدا بەغدا چاوەڕێی وەڵامی یەکلاکەرەوەی ئەمریکایە لە هەفتەی داهاتوودا، ئەم هەوڵانە ڕووبەڕووی خواستی توندی ئەمریکا دەبنەوە، چونکە لای واشنتۆن بڕیاری “هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و حەشدی شەعبی” لە ڕووی ستراتیژییەوە یەکلایی بووەتەوە، و ئەوەی ئێستا ڕوودەدات تەنیا “تاکتیکێکی ئێرانییە” بۆ مانۆڕکردن و کۆنتڕۆڵکردنی شۆکەکە.

نێوەندگیرییەکەی پترايۆس: جەنەڕاڵی “سەحوەکان” وەک سندووقی پۆستە دەگەڕێتەوە

لە سوپرایزێکی سیاسیدا، جەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمریکی، دەیڤد پترايۆس، هەفتەی ڕابردوو دوای نزیکەی 20 ساڵ دابڕان لەپڕ لە بەغدا دەرکەوتەوە. لە کاتێکدا سەرچاوەکان ڕەتیان کردووەتەوە کە پترايۆس نێردراوی فەرمیی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بێت، جەختیان لەوە کردەوە کە سەرۆک وەزیران عەلی زەیدی بانگهێشتی کردووە، ئەمەش بە قۆستنەوەی ئەو پەیوەندییە کۆنەی نێوانیان کە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سەرپەرشتیکردنی دۆسیەی زیندووکردنەوەی “سەحوەکان” لەلایەن پترايۆسەوە لە ساڵانی 2006 و 2007، بۆ ئەوەی داوای لێبکات ڕۆڵی “نێوەندگیر” ببینێت بەمەبەستی کەمکردنەوەی شۆکی پێکدادانی چاوەڕوانکراوی نێوان ئەمریکا و گرووپە چەکدارەکان.

لە چوارچێوەی ڕووماڵی فەرمیی سەردانەکەدا، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، دادوەر فایەق زێدان، پێشوازی لە جەنەڕاڵە خانەنشینکراوەکە کرد و سوپاسی هەوڵەکانی پێشووی کرد لە “بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و ئاشتەوایی نیشتمانی”، وەک ئاماژەیەکی ڕوون بۆ ڕۆڵەکەی لە قۆناغی توندوتیژیی تایفیی دوای ساڵی 2003.

پترايۆس لە جانتاکەیدا پەیامێکی بەغدای بۆ ئیدارەی ئەمریکا هەڵگرتبوو کە داوای “چاوپۆشیکردن” لە هەندێک گرووپی چەکدار دەکات، لە بەرامبەر پێدانی مۆڵەتی “سێ مانگ” بە حکومەت وەک قۆناغی تاقیکردنەوە و چاودێریکردن، کە تێیدا بەغدا پابەند دەبێت بە جووڵەی خێرا و هەڵوەشاندنەوەی هەر لێکتێگەیشتنێک لە ئەگەری ئەوەی گرووپە چەکدارەکان هەستن بە بۆردومانکردنی هەولێر، یان باڵیۆزخانەکان، یان دامەزراوە هەستیار و ستراتیژییەکان.

حکومەتی بەغدا هەوڵیدا پترايۆس قایل بکات کە تێبگات دوورخستنەوەی ئەو هێزە سیاسییانەی کە زیاتر لە 100 پەرلەمانتاریان لە پەرلەماندا هەیە قورسە، بە ئاماژەدان بە بوونی “دەرچەی یاسایی” بۆ دووبارە تێکەڵکردنەوەی ئەو گرووپانەی ڤیتۆی ئەمریکییان لەسەرە، وەک عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بە سەرۆکایەتیی ئەبو ئالائی وەلائی، لەناو حکومەتدا.

بەغدا گرەو لەسەر پشووی جەژن و حەجی پەرلەمانتاران دەکات بۆ ڕێکخستنی ئەم هێورکردنەوەیە، و پێیوایە سازدانی دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان لە دوای جەژن نیشانەی سەرکەوتنی پترايۆس دەبێت، لە کاتێکدا دواکەوتنی دانیشتنەکە بە واتای شکستپێهێنانی نێوەندگیرییەکە دێت.

ئاسایشی وزەی کەنداو.. خاڵی وەرچەرخان

زانیارییە بەردەستەکان ئەوە دەردەخەن کە پلانی واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە گرووپە چەکدارەکان خێراتر بووە دوای ئەو هێرشانەی لەم دواییەدا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ژێرخانە هەستیارەکان و دامەزراوەکانی وزە و پاڵاوتنەکانی ئاوی لە ئیمارات و عەرەبستانی سعوودیە کردە ئامانج.

ئەم ئۆپەراسیۆنانە ململانێکەیان لە “پێکدادانی ناوخۆییەوە” گواستەوە بۆ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهانی، ئەمەش وای لە واشنتن کرد وەک مەترسییەکی ستراتیژیی مامەڵە لەگەڵ چەکی بێسەروبەردا بکات کە ناکرێت چاوپۆشی لێ بکرێت.

پێشتریش بەغدا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کردبوو، لە ناوەڕاستی دزەپێکردنی زانیارییەکاندا کە ئاماژە بەوە دەکەن بەغدا شاندێکی هونەریی ڕەوانەی کەنداو کردووە بۆ ئاشکراکردنی لایەنە نادیارەکانی ڕووداوەکە.

پێدەچێت فڕۆکەکان لە خاکی عێراقەوە هەڵفڕیبێتن بە ئامانجی “ئیحراجکردنی زەیدی” تەنیا چەند ڕۆژێک دوای وەرگرتنی پۆستەکەی. لە بەرامبەریشدا، ئەو سەرچاوانەی نزیکن لە گرووپە چەکدارەکانەوە هەوڵ دەدەن تۆمەتەکە ڕەت بکەنەوە، و بانگەشەی ئەوە دەکەن کە “ئێستا گرووپەکان سەرقاڵی ڕێکخستنی دۆخی حکومیی خۆیانن و لە بەرنامەیاندا نییە لە کەنداو بدەن”.

ئەم فشارە هاوکاتە لەگەڵ بەدەستهێنانی گڵۆپی سەوزی ناوخۆیی لەلایەن زەیدییەوە، دوای پەیوەندیکردنی بە سەرۆکی ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، موقتەدا سەدر، کە مەرجی ئەوەی دانا دەستبەرداری دەستوەردانی ئێرانی ببن و داوای کرد گرووپە چەکدارەکان بگۆڕدرێن بۆ گروپگەلێک کە خزمەتی مەزارە ئایینیەکان بکەن وەک ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی چوارچێوەی هەماهەنگی لە سزاکان، هەروەها مۆڵەتی 90 ڕۆژی دا بە حکومەت بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانی.

پلانە جێگرەوەکان: “دزەکردنی هێمنانە”ی ئێرانی لە بەرامبەر “وەزارەتی ئاسایش”

لە ئەگەری شکستی نێوەندگیرییەکەی پترايۆس، ناوەندە سیاسییەکان سیناریۆی جێگرەوە ئاشکرا دەکەن؛ بە جۆرێک ئەندامێکی چوارچێوەی هەماهەنگی باس لە هەوڵێکی “ڕووکەش” دەکات بۆ ڕادەستکردنی تەنیا چەکی سووک بە دەستەی حەشدی شەعبی، و ئاماژە بە دەرکەوتەی پلانێکی ئێرانی دەکات کە ئەم دواییانە دووبارە ڕێکخراوەتەوە لەژێر ناوی “دزەکردنی هێمنانە” بۆ پاراستنی هەژموونی گرووپە چەکدارەکان و تێپەڕاندنی پلانی هەڵوەشاندنەوەی گشتگیری ئەمریکی کە خودی حەشد دەکاتە ئامانج.

بەرەی ڕەتکردنەوە بریتین لە (کەتیبەکانی حزبوڵڵا و بزووتنەوەی نوجەبا) جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی نوجەبا، شێخ حوسێن سەعیدی، پڕۆژەی تێکەڵکردنی حەشدی بە “پلانێکی ئەمریکی” وەسف کرد و گوتی “سازشکردن لەسەر چەک ڕەتکراوەیە”.

لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی “عەسائیب” پێچەوانەی ئاراستەکە جووڵایەوە؛ سەعد سەعیدی پشتڕاستی کردەوە کە بزووتنەوەی “سادیقوون” بە فەرمی لە حەشدی شەعبی جیابووەتەوە وەک ئامادەکارییەک بۆ بڕیارێکی نیشتمانیی چەکدانان لە دوای جەژن، ئەمەش بە هیوای بەدەستهێنانی پۆستە وەزارییەکان لە قۆناغی دووەمی پێکهێنانی حکومەتدا.

لە چوارچێوەی دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەکەدا، مەحموود حەیانی، ئەندامی ڕێکخراوی بەدر، پڕۆژەکەی هادی عامری، سەرۆکی ڕێکخراوەکەی خستەڕوو بۆ دروستکردنی “وەزارەتی ئاسایشی فیدراڵی”، بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی، بەرپەرچدانەوەی خێرا، پۆلیسی فیدراڵی، ئاسایشی سنوورەکان و لەوانەشە پێشمەرگە لەخۆبگرێت. حەیانی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی (المدى) بیرۆکەکەی بە باشترین دەرچە وەسف کرد بۆ پاراستنی مافی کارمەندانی حەشد و مسۆگەرکردنی کۆنتڕۆڵی حکومەت، هاوکات ئاماژەی بە دزەپێکردنی زانیارییەکان کرد کە باس لە ڕەزامەندیی سەرەتایی پێترايۆس دەکەن لەسەر ئەو پڕۆژەیە لە سایەی نەبوونی هیچ لێدوانێکی فەرمیی ئەمریکیدا.

ماڵی شیعە لەبەردەم بژاردەی ئازایەتی یان پێکدادان

لە لای خۆیەوە، ئەسیل نوجێفی، سەرکردە لە بەرەی ڕزگاری و گەشەپێدان بە ڕۆژنامەی «المدى»ی ڕاگەیاند کە “ماڵی شیعە” یەکەمین لایەنە کە داوای لێدەکرێت داهاتووی حەشدی شەعبی یەکلایی بکاتەوە. نوجێفی پرسیاری ئەوەی کرد: “ئایا سەرکردایەتی شیعەکان دەیانەوێت تێڕوانینی گرووپە چەکدارەکان پەیڕەو بکەن و بچنە ناو پێکدادانێکی هەرێمی و نێودەوڵەتی و دەرەنجامەکانی لەئەستۆ بگرن؟ یان پێیان باشترە دۆخەکە بە ئازایانە چارەسەر بکەن و پەیوەندییەکانیان لەگەڵ جیهاندا باشتر بکەن؟”.

نوجێفی جەختی لەوە کردەوە کە قەیرانەکە پەیوەندیی بە پێکهاتەی دەوڵەت و پەیوەندییە دەرەکییەکانییەوە هەیە، و ئاماژەی بەوە کرد کە بابەتەکە پەیوەندیی بە ترەمپ یان ماوەی سەرۆکایەتییەکەیەوە نییە، بەڵکو پەیوەستە بە بەرژەوەندییە ستراتیژی و جێگیرەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی ناوچەکەوە، هەروەها دووپاتی کردەوە کە هیچ سەرۆکێکی ئەمریکی دۆخی ئێستای عێراق قبوڵ ناکات، و هۆشداریشی دا لە لێکەوتەی مەترسیدار کە سەرکردایەتییە شیعە “ژیرەکان” درکی پێدەکەن.

Back to top button