چۆن پارەی سیاسی لە کوردستان کۆتایی بە دەسەڵاتی چوارەم هێنا؟

ڕۆژنامەگەری لە مینبەرێک بۆ ئاشکراکردن و لێپرسینەوەوە بۆ پلاتفۆرمی پڕوپاگەندە

هەموو شتێک سەرنجڕاکێشە، ستۆدیۆی گەورە بە دیکۆری کەشخە و ڕووناکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ مۆسیقای بە جۆش، وردی لە وێنە و دەنگ و لێهاتوویی لە دەرهێناندا، لەگەڵ ڕووخساری جوان بە جلی کەشخەوە.. بەڵام هەواڵەکان هەواڵ نین، بەڵکو ڕیکلامی پارە بۆدراون. دەسەڵاتی چوارەمیش چیتر مینبەری “چاودێری و ئاشکراکردن و لێپرسینەوە” نییە، بەڵکو بووەتە پلاتفۆرمی پڕوپاگەندە. بەم شێوەیە ڕۆژنامەنووسان پوختەی دیمەنی میدیای کوردی دەگوازنەوە، کە لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە قۆرخ کراوە و ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج دەکرێت، بەبێ ئەوەی سەرچاوەکانیان ئاشکرا بکرێن.

لە قاوەخانەیەکی میللی لە شەقامی “سالم” لە ناوەڕاستی سلێمانی، ڕۆژنامەنووسی کورد، ئیحسان مەلا فوئاد، بە گرنگییەوە بەدواداچوونی بۆ ئەو شتانە دەکرد کە لەسەر شاشەی تەلەفزیۆنە هەڵواسراوەکەی سەر دیوارەکە پەخش دەکرا، لە نێوان بەناوبانگترین کەناڵە ئاسمانییە کوردییەکاندا دەگەڕا و چاودێری ڕووماڵە “بەرگری و هێرشبەرییەکانی” دەکرد، سەبارەت بە بەرپرسیارێتی پەکخستنی ژیانی سیاسی.

ئیحسان بە زەردەخەنەوە دەڵێت: “ئەم کاتانەی ئێوارە لوتکەی کاتەکانی بینین دروست دەکەن، کەناڵەکانیش گەشتە هەواڵییە سەرەکییەکانیان پێشکەش دەکەن کە گرنگترین پەیامەکانیان لەخۆدەگرێت.. سەیرکە، هەموو شتێک سەرنجڕاکێشە، ستۆدیۆی گەورە بە دیکۆری کەشخە و ڕووناکی سەرنجڕاکێش لەگەڵ مۆسیقای بەجۆش، وردی لە دەنگ و وێنەدا، لێهاتوویی لە دەرهێنان، هەروەها ڕووخساری جوان بە جلی کەشخەوە.. بەڵام کێشەکە ئەوەیە هەواڵەکان هەواڵ نین بەڵکو ڕیکلامی پارە بۆدراون”.

بە درێژایی ساڵ و نیوێک، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، کە ئەنجامەکانی بووە هۆی داخستنی پەرلەمانی کوردستان و پەکخستنی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم، حیزبە سەرەکییەکان چوونە ناو زنجیرەیەک خولی ئاڵوگۆڕکردنی تۆمەتەکان کە تێیدا دەیان لە کەناڵە میدیاییە سەرەکییەکانیان (ئاسمانی، ڕادیۆیی، و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان) بە هێز و جۆشەوە بەشدارییان تێدا کرد.

هەڵمەتە میدیاییەکان، لە ڕێگەی گەشتەکانی هەواڵ و بەرنامە گفتوگۆییەکانەوە، تەنها لە سنووری ڕەخنەی سیاسی و ئاراستەکردنی پەیامی شاراوەدا نەوەستان، بەڵکو وەک پیشەی هەمیشەییان و لە ڕێگەی شەپۆلی “هەواڵ و پۆستی چەواشەکار و ساختە” کە لەلایەن سوپا میدیاییە حیزبییەکانەوە بڵاودەکرێنەوە، گەیشتنە ئاستی لەکەدارکردن و تۆمەت هەڵبەستن، تەنانەت بڵاوکردنەوەی بیرۆکەی دروستبوونەوەی دوو ئیدارەیی لە کوردستان بووە بەشێک لە کارکردنی میدیاکان.

ئیحسان، کە ڕاهاتووە چەند کاتژمێرێک لە ڕۆژەکەی لەگەڵ هاوپیشەکانیدا لە قاوەخانەیەکی دیاریکراودا بەسەر ببات، دوای ئەوەی کە خۆی ناوی لێدەنێت “خانەنشینی زۆرەملێ” و بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە میدیاییانەی هەرێم بەخۆیەوە بینی تێیدا گیرسایەوە، پێیوایە ئەو جەنگە میدیاییە حیزبییەی ڕوودەدات “گەڕانەوەیە بۆ زمانی شەڕی ناوخۆ کە لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا باڵادەست بوو”، بەڵام ئێستا بە بەکارهێنانی میدیایەک کە خێراتر دەگات و کاریگەرییەکەی بەهێزترە و بڵاوبوونەوەی زیاترە، وە کەمتر ورد و بێلایەنە، و بە بەرنامەی حیزبی دوور لە هەموو بنەما پیشەییەکان بەڕێوەدەبرێت.

هەروەها پێیوایە خۆی و زۆرێک لە هاوپیشەکانی، سەرەڕای ئەو “خانەنشینییە زۆرەملێیە”ی کە تێیکەوتوون، بەڵام باشترە لە کارکردن بۆ بەرەیەکی حیزبی. لەکاتێکدا گرژی بە ڕووخسارییەوە دیارە، دەڵێت: “ئەوە باشە کە ئێمە هاوبەش نین لە گۆڕینی میدیا لە مینبەری ئاشکراکردن و لێپرسینەوەوە بۆ پلاتفۆرمی پڕوپاگەندە”.

مەلا فوئاد، دوای چەندین ساڵی دوور و درێژ لە کاری ڕۆژنامەوانی، کارەکەی لەدەستدا کاتێک دامەزراوەیەکی میدیایی کە تێیدا کاری دەکرد و سەر بە سەرمایەدارێکی ناسراو بوو لە سلێمانی داخرا، و نەیتوانی کارێکی دیکە بدۆزێتەوە کە لەگەڵ تێڕوانینەکانیدا بگونجێت.

مەینەتی ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆکان

زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی کورد، ڕایەکی ڕەشبینانەیان هەیە سەبارەت بە واقیعی ڕۆژنامەگەری کوردی، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ژمارەی تەرخانکراوە داراییەکان بۆ دەیان هێندە و زیادبوونی ژمارەی پلاتفۆرمەکان، بەڵام زۆرینەی ڕەهایان خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ حیزبەکان کە وەک ئامرازی پڕوپاگەندە بەکاریان دەهێنن، و دەرگاکانیان داخراوە لەبەردەم هەر کەسێک کە بە بوێری دەنووسێت یان هەوڵی ئاشکراکردنی ڕاستییەکان و بەدواداچوون بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن دەدات.

ڕۆژنامەنووسە سەربەخۆکان، دەناڵێنن بەدەست دۆزینەوەی پلاتفۆرمی میدیایی کە قبوڵیان بکات، ئەویش لە بەرامبەر مووچەی کەمدا، کە زۆرجار ناگاتە چارەکی مووچەی ڕاگەیاندنکارانی حیزب. ئەوان تێدەکۆشن بۆ ئەوەی نەبنە دەنگی بەرە حیزبییەکان.

زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانیش بەردەوام ڕەخنە لە واقیعی ڕۆژنامەگەری لە کوردستان دەگرن، لە ڕێگەی وتار یان کۆمێنتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان. ڕۆژنامەنووس فەرمان سادق دەڵێت، حیزبە کوردییە دەسەڵاتدارەکان، چیتر بەدوای ڕۆژنامەنووسی لێهاتووی پیشەییدا ناگەڕێن کە دەنگی شەقام بگوازنەوە، یان تەنانەت خاوەنی تێڕوانینی نەتەوەییش بن، بەڵکو ڕووخساری میدیاییان دەوێت کە بەپێی بەرنامەی ڕیکلامی حیزبی کاربکەن، کە چییان بوێت لە پرسەکان ئاشکرای بکەن و چییان بوێت بیشارنەوە.

پارەی سیاسی.. پڕوپاگەندە و ڕیکلام

ڕۆژنامەنووسێکی دیاری کورد کە پێی باش بوو ناوی نەهێنرێت، دەڵێت کە میدیای کوردی لە دوو دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکاری گەورەی بەخۆیەوە بینیوە، چیتر خەمەکانی خەڵک و پرسەکانی گەل بەرنامەی دامەزراوە گەورەکان داناڕێژن، و گوتاری نەتەوەیی و هەروەها بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتیش لەناوچوون، و ڕەوشتی کارکردن لەق بووە، و پلاتفۆرمەکان بەدوای بینەر و فۆڵۆوەردا دەگەڕێن نەک ڕاستی و کاریگەری.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت: “ئەمڕۆ حیزبەکانی دەسەڵات ڕۆژنامەنووسانێکیان دەوێت کە زیاتر لە کاری میدیایی، شارەزای پڕوپاگەندە بن.. ڕووخسارگەلێکیان دەوێت قبوڵیان بێت کە ڕۆژنامەگەری تەنها پیشەیەکە بۆ پارە پەیداکردن، نەک پەیام و بەرپرسیارێتی. ئەوانیش زۆرێکیان لەوانە دۆزیوەتەوە و لە پۆستە هەستیارەکانی نێو کەناڵە سێبەرەکان دانراوە”.

پێیشیوایە میدیایەکی لەو شێوەیە، تەنانەت ئەگەر ملیۆنان فۆڵۆوەریشی هەبێت، ناتوانێت دەسەڵاتی چوارەم پێکبهێنێت کە چاودێری بکات و لێپرسینەوە بکات. دەڵێت: “ناتوانێت ڕایەکی گشتی دروست بکات کە ڕێڕەوە هەڵەکان ڕاست بکاتەوە یان فشار دروست بکات بۆ بنیاتنانی هەڵوێستێکی سیاسی نیشتمانی. بەپێچەوانەی ئەو میدیایەی خەونمان پێوە دەبینی”.

ڕۆژنامەنووسان پێیانوایە پارەی سیاسی، کە دەیان پلاتفۆرمی میدیایی لە هەرێمی کوردستان پارەدار دەکات، کێشەکانی ڕۆژنامەگەری ئاڵۆزتر کردووە، و هێڵی کۆتایی “میدیای سەربەخۆ”ی کێشاوە کە هەوڵی دەدا لە ڕووی داراییەوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆی بەڕێوەببات، بەمەش میدیای کوردی بە ڕێژەیەکی زۆر بووەتە میدیایەکی تەواو حزبیی، لەکاتێکدا ئامرازەکانی میدیای سەربەخۆ داڕمان و دەرگاکانیان داخست.

لە سەردەمی لەدایکبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە دوای ڕاپەڕینی 1991 وەک قەوارەیەکی سیاسی و کارگێڕی، و لەگەڵ لاوازی دامەزراوە گشتگیرە کوردییەکان و زاڵبوونی میتۆدی حیزبی لە بەڕێوەبردندا، هیچ ئاژانسێکی هەواڵی فەرمی یان دەزگایەکی میدیایی گشتی لە کوردستان دانەمەزرا کە نوێنەرایەتی دەنگی هەرێم بکات نەک دەنگی حیزبەکانی. وە لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێی حیزبیدا، میدیای حیزبی باڵادەست بوو، پێش ئەوەی لە دەیەی ڕابردوودا گۆڕانکارییەک ڕووبدات بە دەرکەوتنی میدیای پارەدارکراو لەلایەن کەسایەتییەکانی ناو حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە -میدیای سێبەر- کە بووەتە میدیای باڵادەست لەگەڵ ڕشتنی دەیان ملیۆن دۆلار بەسەریدا.

لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا، ڕۆژنامە کاغەزییە سەربەخۆکان دەرکەوتن کە لەلایەن ڕۆژنامەنووسانی پیشەگەرەوە بەڕێوەدەبران، و دیاردەیەکی میدیایی کاریگەریان پێکهێنا کە بۆ ماوەی نزیکەی دەیەیەک بەردەوام بوو، بە سوودوەرگرتن لە کەشی ئاشتی و ململانێی حیزبی و دەرکەوتنی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سایەی دیموکراسییەکی تازەپێگەیشتوو کە دەسەڵاتێکی کارا و ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزی لەخۆگرتبوو، بەڵام ئەو ڕۆژنامانە پێگەی خۆیان لەدەستدا لەگەڵ پاشەکشەی ڕێڕەوی دیموکراسی و چوونە ناوەوەی هەرێم بۆ ناو ئاگری قەیرانە یەک لەدوای یەکە سیاسی و ئەمنی و ئابوورییەکان.

1700 ئامرازی ڕاگەیاندن لە هەرێمی کوردستان

بەپێی ئامارێکی نیمچە فەرمی، لە سەرچاوەیەکی حکومیی بەرپرسەوە، کە داوای کردووە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکرێت لەبەرئەوەی ڕێگەپێدراو نییە لێدوان بۆ میدیاکان بدات، نزیکەی 1700 ئامرازی ڕاگەیاندنی ناوخۆیی و بیانی لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە، بینراو (کەناڵی ئاسمانی و لۆکاڵی ناوخۆیی) و بیستراو (ڕادیۆکان) و خوێندراو (ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە هەواڵییە ئەلیکترۆنییەکان)، کە زیاتر لە 90٪یان خاوەندارێتییان دەگەڕێتەوە بۆ لایەنی سیاسی و لەلایەن حیزبەوە پاڵپشتی دارایی دەکرێن چ بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ.

ڕۆژنامەنووسانی کورد، کە لە نێویاندا ئازا ئیبراهیم سەرنووسەری تۆڕی میدیایی KNNی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان هەیە، پێیانوایە بوونی سەدان دامەزراوەی میدیایی هەرچەندە ڕووبەرێک بۆ ئازادی ڕۆژنامەگەری دەڕەخسێنێت، بەڵام “زەنگێکی مەترسیدارە بۆ جۆرێک لە پشێوی”.

هەروەها دەڵێت کۆنتڕۆڵکردنی هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار (پارتی دیموکراتی کوردستان، و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان) بەسەر سەرچاوە و داهاتە سەرەکییەکانی هەرێمدا وای لێکردوون بتوانن دامەزراوەی میدیایی بنیات بنێن “بە بودجەی دارایی کراوە بەبێ هیچ شەفافیەت و چاودێرییەک”.

جەختیش لەوە دەکاتەوە کە زۆرێک لە دامەزراوەکان مووچەی گەورە بە کادیرەکانیان دەدەن کە هەندێک جار دەگاتە هەزاران دۆلار “بۆ مسۆگەرکردنی دڵسۆزییان و بەدەستهێنانی دەنگیان، و شەفافیەتیش لەبارەی سەرچاوەکانی دارایی ئەم دامەزراوە میدیاییانەوە بوونی نییە”. وە هەندێک جار مووچەی مانگانەی فەرمانبەرێکی باڵا لە دامەزراوەیەکی حیزبیدا دەگاتە کۆی گشتی مووچەی کارمەندانی پلاتفۆرمێکی میدیایی سەربەخۆ.

ئیبراهیم، ڕەخنە لەو جیاوازییە دەگرێت، و ڕوونیدەکاتەوە کە “ڕەنگدانەوەی واقیعی سیاسی و ئابووریی ئازاربەخشی کوردستانە”، و بووەتە هۆی دابەشکردنی ڕۆژنامەنووسان بۆ دوو چین “یەکەمیان مووچەی زەبەلاحیان هەیە، و ئەوی دیکەیان بەدەست قەیرانی داراییەوە دەناڵێنن”.

هۆشداریش دەدات کە هەردوو حیزب سوورن لەسەر ڕاکێشانی کەسایەتییە میدیاییە ناسراوەکان کە جەماوەرێکی فراوانیان هەیە لە هەرێمدا، ئەویش لە ڕێگەی پێشکەشکردنی “مووچەی خەیاڵی بۆ ئەوەی بیانکەن بە کەسانی دەمڕاست و بوقی لایەنە پارەدارکەرەکان”.

بەپێی بەدواداچوونێک کە ئامادەکاری ڕاپۆرتەکە بە هاوکاری کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس ئەنجامیداوە، بودجەی هەندێک لە کەناڵە ئاسمانییە ناسراوەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی ئەوانەی سەر بە حیزبە سیاسییە گەورەکانن، لە نێوان 1.5 بۆ 2 ملیۆن دۆلاری مانگانەدایە.

لە کاتێکدا بودجەی کەناڵەکانی دیکە، بەتایبەتی ئەوانەی ئۆفیس و پەیامنێریان هەیە لە وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی، دەگاتە نزیکەی سێ ملیۆن دۆلاری مانگانە، و تێکڕای مووچەی فەرمانبەرانیان لە نێوان 2000 دۆلار بۆ 7000 دۆلاری مانگانەدایە.

هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار و پشکی شێر

داتایەکی نیمچە فەرمی سەبارەت بە ژمارەی دەزگا میدیاییە بینراو و بیستراو و چاپکراوەکانی سەر بە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە کوردستان پیشانی دەدات، پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی هەشت کەناڵی ئاسمانی گەورە و ناسراوە کە پێکهاتوون لە (ڕووداو، ئاڤا میدیا، زاگرۆس، K24، کوردستان)، و نزیکەی 15 کەناڵی لۆکاڵی (هەولێر، دهۆک)، و نزیکەی 20 وێستگەی ڕادیۆیی، لەگەڵ دەیان ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی وەک (باسنیوز)، و سەدان پەیج لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وەک (خۆر).

لە بەرامبەردا، ڕکابەرەکەی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، خاوەنی نزیکەی چوار کەناڵی ئاسمانی گەورە و ناسراوە (کوردسات، کەناڵی هەشت)، و زیاتر لە دە کەناڵی لۆکاڵی لەوانە (سلێمانی، کەرکوک، BMC) و زیاتر لە 15 وێستگەی ڕادیۆیی لەوانە (گەلی کوردستان، کوردسات)، و دەیان ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی وەک (PUKmedia, SNN) سەرباری سەدان پەیج لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

بوونی ئەو ژمارە زەبەلاحە لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن، لە ئامارەکانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستانیشدا دەبینینەوە، نەقیب ئازاد حەمەئەمین، ئاشکرایکرد کە نزیکەی 30 کەناڵی ئاسمانی، و زیاتر لە 100 کەناڵی لۆکاڵی، لەگەڵ زیاتر لە 100 وێستگەی ڕادیۆیی و ماڵپەڕی ئەلیکترۆنی بوونیان هەیە.

نەقیبی سەندیکا -کە لە کۆنگرەی سێیەمی سەندیکا لە تەمموزی 2011 هەڵبژێردراوە و تا ئەمڕۆش لە پۆستەکەیدا ماوەتەوە، لەگەڵ پەککەوتنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی نوێ- دەڵێت سەندیکاکەی ڕەزامەندی کارکردن بە ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان و ڕۆژنامە و گۆڤارەکان دەبەخشێت، لە کاتێکدا وەزارەتی ڕۆشنبیری مۆڵەتی کارکردن بە کەناڵە ناوخۆییەکان و وێستگەکانی ڕادیۆ دەدات، و وەزارەتی ناوخۆ مۆڵەتی کارکردن دەداتە دامەزراوە میدیاییە گەورەکان، و ڕوونیشیکردەوە کە مۆڵەتی پەخش بۆ کەناڵەکان لە تایبەتمەندیی وەزارەتی ڕۆشنبیرییە لە حکومەتی هەرێم.

زۆرینەی ڕەهای ئەو دەزگا میدیاییانە، حیزبین و لەلایەن هێزە سیاسییە گەورەکانەوە پارەدار دەکرێن، بەڵام لەژێر ناونیشانی سەربەخۆدا کاردەکەن، و ڕەتیدەکەنەوە خۆیان وەک دامەزراوەی سەر بە حیزب یان زمانحاڵی حیزبەکان وەسف بکەن، بۆیە ڕەتیدەکەنەوە ئەوەی پەخشی دەکەن پەیوەست بکرێت بە سیاسەتی ئاراستەکراوی حیزبییەوە، هەروەها خۆیان دەبوێرن لە ئاشکراکردنی سەرچاوەکانی داراییان.

لە م چوارچێوەیەدا، نەقیبی ڕۆژنامەنووسان ڕوونیدەکاتەوە: “هیچ ئامارێک سەبارەت بە ژمارەی میدیا حیزبییەکان نییە. زۆربەی دامەزراوەکان، کاتێک داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی کارکردن چ لە وەزارەتی ڕۆشنبیری بێت یان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسان، بە سیفەتی حیزبی ئەوە ناکەن، بەڵکو وەک دامەزراوەی سەربەخۆ پێشکەشی دەکەن، و ئینتیما حیزبییەکەیان دەشارنەوە”.

ئاماژە بەوەش دەکات کە پێدانی مۆڵەت بە هەر دەزگایەکی میدیایی لە هەرێم پشت دەبەستێت بە جێبەجێکردنی پێداویستییە تەکنیکییەکان و پابەندبوون بە یاسا و پێوەرە پیشەیی و ڕۆژنامەوانییەکان، بەبێ گوێدانە ئەوەی سەر بە چ لایەنێکە، و ڕوونیشیکردەوە ئەو ڕسووماتەی سەندیکا وەریدەگرێت بۆ مۆڵەتی کارکردن و نوێکردنەوەی ساڵانە بۆ ڕۆژنامە و گۆڤار و ماڵپەڕە ئەلیکترۆنییەکان بڕەکەی پەنجا هەزار دیناری عێراقییە.

تێچووی بەشداریکردنیش بۆ وێستگەکانی ڕادیۆ دەگاتە نزیکەی سێ ملیۆن دینار کە دەدرێت بە سەندیکا، لەگەڵ بەشداری ساڵانەی نزیکەی یەک ملیۆن و نیو بۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری. لەکاتێکدا کرێی بەشداریکردن بۆ کەناڵە ئاسمانییەکان زۆر بەرزە و دەگاتە ملیۆنان دینار، وەک ئازاد حەمەئەمین دەڵێت.

قەیرانی دارایی و زیادبوون لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن!

سەرەڕای ئەو قەیرانە دارایی و ئابوورییەی کە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 2014 دەگەرێتەوە، ئەوەش بەهۆی شکستی ئەو پلانەی لەو کاتەدا ناونرا ئابووری سەربەخۆ، لەو کاتەوە فەرمانبەران زیاتر لە 50 مووچەی مانگانەیان بە ناتەواوی وەرگرتووە، بەڵام دەزگا میدیاییە پارەدارکراوەکان لەلایەن حیزبەوە ژمارەیان لە زیادبووندایە.

بەپێی قسەی چوار ڕۆژنامەنووس کە پەیوەندییان پێوە کراوە، قەیرانی دارایی بە شێوەیەکی گشتی کاریگەری نەکردووەتە سەر پارەدارکردنی میدیا حیزبییەکان یان ئەوانەی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لەلایەن حیزبە دەسەڵاتدارە کوردییەکانەوە پارەدار دەکرێن، بەپێچەوانەوە دامەزراوەی گەورەی دیکە دەرکەوتن، و دامەزراوە تەقلیدییەکان زۆربەی کادیرەکانی خۆیان هێشتەوە، بەم شێوەیەش ئاستی تەرخانکراوە داراییەکان بۆ میدیای حیزبی بەرزکرایەوە، کە ژمارەکان و سەرچاوەی ڕاستەوخۆی پارەدارکردنەکەی بە نهێنی تایبەت دادەنرێت و ئاشکرا ناکرێت تەنانەت بۆ ئەو دەزگایانەش کە خۆیان بە پێشەگەر دەزانن و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان کاردەکەن.

بەپێی سەرچاوە میدیاییەکان، تێکڕای مووچەی کارمەندان لە زۆرێک لە دامەزراوە میدیاییەکانی سەر بە هەردوو حیزبی دەسەڵاتدار لە کوردستان، بەتایبەتی کەناڵە ئاسمانییەکان، لە نێوان 2000 بۆ 7000 دۆلاری ئەمریکیدایە، و هەندێک جار دەگاتە 10 هەزار دۆلار یان زیاتر.

کاروان ئەنوەر، سکرتێری لقی سلێمانی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، هاوڕایە لەسەر ئەوەی ئەو ژمارانە دروستن بەتایبەتی بۆ کادیرانی ئەو دامەزراوانەی لەلایەن سەرکردە باڵاکانی هەرێمەوە پارەدار دەکرێن، و ئاماژە بەوە دەکات کە هەندێک دەزگای میدیایی کە لە “سێبەردا” کاردەکەن، تێکڕای مووچە کە دەیدەنە فەرمانبەرانیان دەگاتە 3000 دۆلار. بەڵام دۆخەکە بۆ کادیرانی میدیا حیزبییە فەرمییەکان جیاوازە، کە تێیدا تێکڕای مووچە دەگاتە نزیکەی 600 دۆلار.

ئاماژەش بەوە دەکات کە ئەو ڕاگەیاندنکارانەی لە دەزگا میدیاییە حیزبییەکان کاردەکەن، کە پۆلێن دەکرێن وەک پارەدارکراو لەلایەن حیزبەکانەوە، مووچەی کەمتر وەردەگرن بەراورد بە هاوپیشەکانیان کە لەو دامەزراوانە کاردەکەن کە دروشمی “میدیای ئازاد و سەربەخۆ” بەرزدەکەنەوە و لەلایەن حیزبەکانەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پارەدار دەکرێن.

و ئەمەی دواییان بەپێی وتەی کاروان ئەنوەر: “ڕووبەڕووی ڕەخنەی توند دەبێتەوە لە سایەی نەبوونی پێوەرێکی یەکگرتووی مووچە”. ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ “جێبەجێنەکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان”، و ئاماژە بەوە دەکات کە هەر دامەزراوەیەکی میدیایی خشتەیەکی مووچەی تایبەت بە خۆی پەیڕەو دەکات کە جیاوازە لەوانی دیکە.

ڕۆژنامەنووسان دەڵێن، ئەم کەناڵانە سەرەڕای ئەوەی کادیرەکانیان خۆیان وەک ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکاری پیشەیی و شارەزا پۆلێن دەکەن، بەڵام وەک ئەوانی دیکە بۆ ئاڵوگۆڕی هێرشی سیاسی بەکاردەهێنرێن و هەندێک جار ئەوانن سەرکردایەتی هەڵمەتەکانی هاندان و ناوزڕاندن دەکەن، هەروەها بە شێوەیەکی بەرفراوان ڕیکلامی سیاسی و تەنانەت بازرگانی لە گەشتە هەواڵەکانیاندا تێدەپەڕێنن، و دەگۆڕێن بۆ پلاتفۆرمێک بۆ بەئامانجگرتنی نەیارەکان.

سەدان ملیۆن دۆلار

بەپێی سێ سەرچاوە لە ناوخۆی دامەزراوە ناسراوەکانەوە، تێکڕای بودجەی کەناڵە ئاسمانییەکان و کەناڵە گەورە کوردییەکان لە نێوان 20 بۆ 30 ملیۆن دۆلاری ساڵانەدایە، لەکاتێکدا بودجەی هەندێک کەناڵی زەبەلاح دەگاتە نزیکەی 40 ملیۆن دۆلاری ساڵانە، و بەشە هەرە گەورەکەی بودجەکە بۆ کاروباری هونەری و تەکنیکی کەناڵەکە دەڕوات، جگە لە مووچەی پێشکەشکاران و بێژەرەکان، سەرباری شارەزایانی هونەری و تەکنیکی.

هەمان ئەو سەرچاوانەش جەخت لەوە دەکەنەوە کە تێکڕای بودجەی هەندێک ماڵپەڕی هەواڵی ئەلیکترۆنی دەگاتە نزیکەی 350 هەزار دۆلاری ساڵانە، و تێکڕای ژمارەی کارمەندان لەو ماڵپەڕانەدا نزیکەی 30 کەسە، و لە هەندێکیاندا ژمارەکە بەرزدەبێتەوە بۆ 50 کەس.

ئەو سەرچاوانەش هیچ ژمارەیەکی دیاریکراویان لەسەر ژمارەی کارمەندان لە دەزگا میدیاییە گەورەکاندا نەخستەڕوو، بەڵام ئاماژەیان بەوە کرد کە هەندێکیان سەدان کارمەندیان هەیە بە گرێبەستی کاری جیاواز، بەتایبەتی ئەوانەی خاوەنی ئۆفیس و پەیامنێرن لە سەرجەم ناوچەکانی هەرێم و لە بەغدا و هەندێک پارێزگای عێراقی، لەگەڵ تورکیا و ئێران و سووریا و هەندێک وڵاتی ئەوروپی.

پاڵاوگەی نەوت و دەروازەی ساختە پارەدارکردنی میدیای کوردی دەکەن

فەرمان حوسێن، شارەزای ئابووری پێیوایە زۆربەی دامەزراوە میدیاییە حیزبییە گەورەکان لە دەرەوەی چوارچێوەی چاودێری دارایی و ڕێکخستن کاردەکەن.

هەروەها دەڵێت کە ئەو دامەزراوانە ملکەچی ئەو یاسایانە نین کە کارەکانیان ڕێکدەخەن “و سەرچاوەی پارەدارکردنیشیان ملکەچی وردبینی و چاودێری نییە”، بە گومانەوە لە سەرچاوەی پارەدارکردنی زۆرێک لە دامەزراوەکان دەڕوانێت کە “ڕوون نین، لەبەر نەبوونی دامەزراوەی چاودێری ڕاستەقینە لە کوردستان کە کار بکات لەسەر وردبینیکردنی سەرچاوەکانی دارایی و دڵنیابوون لە پاکییان، لەگەڵ نەبوونی پەرلەمانێک کە کاری خۆی لە چاودێری و لێپرسینەوەدا بکات چونکە چەندین ساڵە پەکخراوە”.

حوسێن هۆکاری کاریگەرنەبوونی دەزگا میدیاییە گەورەکان کە لەلایەن حیزبە سیاسییەکانەوە پارەدار دەکرێن، بەو قەیرانە داراییەی کە لە ساڵی 2014وە هەرێمی گرتووەتەوە، دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو دامەزراوانە پڕۆژەی بنەڕەتین بۆ حیزبە دەسەڵاتدارەکان و بۆ پڕوپاگەندە و ململانێی سیاسی و هێرشکردنە سەر یەکتر بەکاردەهێنرێن “بۆیە بودجەی زەبەلاحیان لە ڕێگەی گرێبەستی تایبەتەوە بۆ تەرخان دەکرێت”.

ڕوونیشیدەکاتەوە: “بۆ نموونە حیزبەکان ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت یان پاڵاوگەکان دەکەن بۆ پارەدارکردنی ئەو دامەزراوانە یان لەگەڵ کۆمپانیاکانی پەیوەندیکردن یان غاز. و لە ئەنجامدا، مووچەی فەرمانبەرانیان بەرز دەبێت، و کاریگەری قەیرانە داراییەکانیان لەسەر دروست نابێت” هەروەها ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەمە یەکێکە لە ڕووەکانی گەندەڵی چونکە ئەو دامەزراوانە لە کۆتاییدا باسی سروشتی گرێبەست و پڕۆژەکانی ئەو کۆمپانیایانە ناکەن.

هاوکات جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە، ئەو دامەزراوە میدیاییە زەبەلاحانەی کە مووچەی کارمەندانیان دەگاتە هەزاران دۆلار و بودجەی ساڵانەیان دەگاتە ملیۆنان دۆلار، پەیوەستن بە ئەڵقەکانی “پڕۆژەکانی گەندەڵی”یەوە، چونکە پارەدارکردنەکە لە پاڵاوگە یان دەروازە سنوورییە نافەرمییەکان، یان کارگە نایاساییەکان، یان لەلایەن بانک و مووچەخانەکانی سەر بە حیزبەکانی دەسەڵاتەوە دێت کە پرسیاریان لەسەر کارەکانیان هەیە، لەبەرئەوە حیزبەکان بە شێوەیەک لە شێوەکان “پارە لەدەست نادەن لە پارەدارکردنی ئەو دامەزراوە میدیاییانە”.

(أ، أ) بە سیفەتی وێنەگر، لە دەزگایەکی میدیایی کوردی سەربەخۆ بە مووچەی مانگانەی 300 هەزار دینار کاردەکات، و بە زەحمەت مانگانە دەستی دەکەوێت بەهۆی ئەوەی ئەو دامەزراوەیەی کاری تێدا دەکات، هیچ پارەدارکردنێکی حیزبی نییە.

ئەو وێنەگرە دەڵێت کە سەرچاوەی سەرەکی ئەوان بۆ پارەدارکردن بریتییە لە ڕیکلامی بازرگانی کە ئەوەش لە بنەڕەتدا لە ژینگەیەکی نابەرهەمهێنی وەک کوردستان سەرچاوەیەکی کەمە، هەروەها دەڵێت: “تەنانەت ئەو ڕیکلامانەش دەگەڕێنەوە بۆ کۆمپانیاکان کە بەرپرسانی حیزبی یان سەرمایەداران کە سەر بە حیزبەکانن خاوەندارێتییان دەکەن، بۆیە دەبنە قۆرخکراو لە بەرژەوەندی دامەزراوە میدیاییە حیزبییەکان”.

ئەو پێیوایە، ساڵە زێڕینەکانی ڕۆژنامەگەری ئازاد لە کوردستان تێپەڕی و ناگەڕێتەوە، و لەگەڵیشیدا کاریگەری دەسەڵاتی چوارەم لە دروستکردنی چاودێری و لێپرسینەوە کۆتایی هات، هەروەک چۆن لە سایەی ئەوەشدا کۆمەڵگەی مەدەنی لەناوچوو، و “لێپرسینەوە بووەتە خەیاڵ”.

ئەم ڕاپۆرتە لەژێر سەرپەرشتی تۆڕی نیرج بۆ لێکۆڵینەوەی بنکۆڵکاری ئامادە کراوە

Back to top button