مانگی داهاتوو کارەسات لە عێراق ڕوودەدات

  • فوتوشی ماتسوموتو

سێ مانگ بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە 28ی شوباتدا تێپەڕیوە، عێراق کە دراوسێی ڕاستەوخۆی ئێرانە، وەک گەورەترین قوربانیی ئەم ململانێیە دەرکەوتووە. ئەمڕۆ، ئەم وڵاتە کە لە سەردەمی کارکردنم لە بەغدا لە نێوان ساڵانی 2022 بۆ 2024 تا ڕادەیەک سەقامگیرییەکی ڕێژەیی بەدەستهێنابوو، خۆی لەبەردەم قەیرانێکی نوێدا دەبینێتەوە کە هەڕەشە لە مانەوەی خودی دەوڵەتەکە دەکات.

پێکهێنانی حکومەتە نوێیەکەی زەیدی

مانگی ئایاری ڕابردوو لە تۆکیۆ چاوم بە سیاسەتمەدارێکی کوردی هەرێمی کوردستان کەوت، کە یەکێکە لە ناسیاوە کۆنەکانم و لێرەدا بە (بەڕێز هـ) ناوی دەبەم، ئەو لە ڕێگەی گەڕانەوەیدا بوو بۆ وڵاتەکەی دوای بەشداریکردنی لە سیمینارێک سەبارەت بە عێراق کە لەلایەن ناوەندێکی لێکۆڵینەوەی ئەمریکییەوە ڕێکخرابوو. هەڵسەنگاندنەکەی زۆر توند و ڕاستەوخۆ بوو کاتێک پێی گوتم: “ئیتر ناکرێت بڵێین عێراق وەک دەوڵەت کار دەکات. لە ڕاستیدا میلیشیا عێراقییەکانن کە بە شێوەیەکی کرداری کۆنتڕۆڵی حکومەتیان کردووە، و لە پشت ئەم میلیشیایانەشەوە (سوپای پاسداران)ی ئێران وەستاوە.”

سەبارەت بە حکومەتە نوێیەکەی عەلی زەیدی، کە جێگەی ئیدارەی محەمەد سوودانی گرتەوە، بەپێی گوزارشتەکەی بەڕێز هـ: “هیچ شتێک نییە جگە لە سازشێک لە نێوان ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا”. هەرچەندە هاوپەیمانییەکەی سوودانی لە هەڵبژاردنە گشتییەکانی مانگی تشرینی دووەمدا زۆرترین پشکی کورسییەکانی بەدەستهێنا، بەڵام ئەوەی پێی دەوترێت چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە، کە گروپێکە لە دوازدە سیاسەتمەداری دیاری شیعە پێکهاتووە و ناوەندی ڕاستەقینەی هێزە لە بەغدا، سەرەتا سەرۆک وەزیرانی پێشوو نووری مالیکییان کاندید کرد. بەڵام واشنتۆن فشارێکی زۆری کرد، کە تەنانەت هەڵپەساردنی کاتیی حەواڵەی دۆلاریشی گرتەوە، تا ئەوکاتەی “چوارچێوەکە” زەیدییان لە جێگەی مالیکی دانا. زەیدی بازرگانێکی تەمەن چل ساڵەیە و هیچ ئەزموونێکی سیاسیی نییە، بەڵکو ناوەکەی لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی گرێبەستە حکومییەکان بۆ دابینکردنی خۆراک دەرکەوتووە.

سیاسەتی عێراق هەمیشە زیاتر لە سیاسەتی گروپ و باڵەکان چووه‌، چونکە پرسە گەورەکانی دەوڵەت بە ڕێککەوتنی دوازدە سەرکردەی باڵادەستی گروپەکان یەکلایی دەکرێنەوە نەک لە ڕێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە. پرسیاری سەرەکیی ئەمڕۆ ئەوەیە کە ئایا زەیدی، کە هیچ نفوزێکی کرداریی بەسەر هیچ یەکێکیاندا نییە، دەتوانێت کەشتیی دەوڵەتی عێراق ئاراستە بکات لە کاتێکدا لە نێوان داواکارییەکانی ئەمریکا و ئێراندا گەمارۆ دراوە؟

هاوکاتبوونی ناسەقامگیریی حکومەت لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئێران؛ کارەسات لەسەر کارەسات

کێشە پێکهاتەییەکە زۆر سەختە. دەسەڵاتی جێبەجێکردنی ڕاستەقینە لە عێراقدا، پێش هەموو شتێک، پشت بە کۆنتڕۆڵکردنی وەزارەتە ئەمنییەکان دەبەستێت؛ ناوخۆ و بەرگری و هەواڵگری. لەم ئیدارە نوێیەدا، هێشتا دابەشکردنی ئەم پۆستە هەستیارانە هەڵپەسێردراوە، لە کاتێکدا ململانێ شاراوەکەی لەسەر ئەم پۆستانە پەیوەستە بە پرسیارێکی زۆر بنەڕەتییەوە: کێ خاوەنی دەسەڵاتی سەپاندنی هێزە لە دەوڵەتدا؟

هێزەکانی “حەشدی شەعبی” لە چەقی ئەم گرێیەدان، کە لە ساڵی 2014 وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ڕێکخراوی “داعش” دامەزران و دواتر لە ڕووی یاساییەوە وەک دەزگایەکی سەر بە دەوڵەت چەسپێندران. بەڵام لە ڕاستیدا، ئەوان زۆر دوورن لەوەی یەک کوتلەی یەکگرتوو بن. ئەو هێزانە چەندین گروپی توندڕەوی سەر بە ئێران لەخۆدەگرن، لەوانە “کەتائیبی حزبوڵڵا” کە ڕاستەوخۆ بە “سوپای پاسداران”ی ئێرانەوە گرێدراون، لە پاڵ چەندین گروپی تر کە ئاراستەیەکی نیشتمانیی عێراقییان زیاتر پێوە دیارە. سەرۆک وەزیرانی نوێ ڕایگەیاندووە کە کۆنترۆڵکردنی چەک بە دەست دەوڵەتەوە سیاسەتی بنەڕەتییەتی، ئەمەش ئاراستەیەکە واشنتۆن پێشوازیی لێ دەکات، بەڵام توندڕەوەکانی نێو “حەشدی شەعبی” ئەمە وەک داواکارییەک بۆ هەڵوەشاندنەوەی خۆیان دەبینن. بەم شێوەیە حکومەتەکەی زەیدی ڕووبەڕووی گرفتێکی پێکهاتەیی دەبێتەوە: ئەگەر سەرکوتکردنی حەشدی شەعبی هەڵبژێرێت، مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆی لەگەڵ سوپای پاسداراندا دەبێت، و ئەگەر چاوپۆشیشی لێ بکات ئەوا تووڕەیی واشنتۆن بۆ خۆی ڕادەکێشێت. تا ئێستا هیچ حکومەتێکی پێشووی عێراق نەیتوانیوە ئەم مەتەڵە چارەسەر بکات.

میلیشیاکان لە دەرەوەی چنگی حکومەتی عێراقدان

هاوکاتبوونی ناسەقامگیریی حکومەت لەگەڵ هەڵگیرسانی جەنگی ئێراندا قەیرانەکەی ئاڵۆزتر کرد، کارەسات لەسەر کارەسات. چەند میلیشیایەکی توندڕەو وەک “کەتائیبی حزبوڵڵا”، هێرشی یەک لە دوای یەکیان بۆ سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا و دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدا، کە بە شێوەیەکی کرداری بە ڕێنمایی ئێران بوون. ئەوان مووچەکانیان لە دەوڵەتی عێراق وەردەگرن، بەڵام بە شێوەیەک دەجووڵێنەوە کە بە تەواوی پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتە.

بەپێی وتەی “بەڕێز هـ”، لە سەرەتای جەنگەکەوە عێراق ڕووبەڕووی نزیکەی هەشت سەد هێرش بووەتەوە کە لەلایەن ئێران و ئەو میلیشیایانەی پشتیوانییان لێ دەکات ئەنجامدراون، کە 80٪ی ئەو هێرشانە هەرێمی کوردستانیان کردۆتە ئامانج. لە 17ی ئایاردا، وێستگەی وزەی ناوەکیی ‘بەرەکە’ لە ئیمارات ڕووبەڕووی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووەوە، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێیان وایە لە خاکی عێراقەوە هەڵدراوە. لە هەمان ڕۆژدا، سعودیە ڕایگەیاند کە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانیان تێکشکاندووە کە لە دیوی عێراقەوە نزیک دەبووەوە. گومانەکانی وڵاتانی کەنداو و واشنتۆنیش تا دێت زیاتر دەبن لەوەی کە نەک تەنیا حکومەتی عێراق توانای کۆنترۆڵکردنی ئەم میلیشیایانەی نییە، بەڵکو لەوانەیە ڕەزامەندییەکی شاراوەشی بە چالاکییەکانیان دابێت.

ئەمەیە لۆژیکە ستراتیژییەکەی ئێران: هێرشکردنە سەر ژێرخانی وڵاتانی کەنداو دەخرێتە پاڵ گروپە عێراقییەکان، بەمەش دەرفەتی ئینکاریکردن بۆ تاران دەهێڵێتەوە و لە هەمان کاتیشدا ڕێگەی پێدەدات زیان بگەیەنێت. بەڵام بۆ عێراق، دەرئەنجامەکە زۆر تاریکترە، چونکە وڵاتەکە ڕووبەڕووی مەترسیی گۆڕان بۆ سەکۆیەک بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆ سەر کەنداو، و گۆڕان بۆ گۆڕەپانێکی جەنگی ڕاستەقینە دەبێتەوە. ئیدارەکەی زەیدی هێشتا دەتوانێت ڕێگری لە فراوانبوونی ململانێکان بکات، بەڵام لەوانەشە خۆی ببێتە ئەو چەخماخەیەی کە ئاگرەکە دەگوازێتەوە بۆ کەنداو.

وەستانی سێ لەسەر چواری بەرهەمهێنانی نەوت

شۆکی دووەم ئابوورییە. گەمارۆی کەنداوی عەرەبی، عێراقی لە هەر هۆکارێک بۆ هەناردەکردنی نەوتەکەی بێبەش کردووە. پێش جەنگەکە، عێراق ڕۆژانە زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیلی بەرهەم دەهێنا، بەڵام ئێستا بەرهەمهێنانی سێ ملیۆن بەرمیل لەم بڕە وەستاوە. تەنیا بۆری نەوتی جەیهان لە تورکیا، لەگەڵ قەبارەیەکی سنوورداری گواستنەوەی وشکانی بە بارهەڵگر ماوەتەوە، کە ڕێگە نادات لە نزیکەی 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا زیاتر هەناردە بکرێت.

دەرئەنجامەکان زۆر سەختن. داهاتی نەوت نزیکەی 85٪ی داهاتی حکومەتی عێراق پێکدەهێنێت، و عێراق دەوڵەتێکی ڕیعیی نموونەییە کە کەرتی گشتی تێیدا زۆرینەی ڕەهای هێزی کار لەخۆدەگرێت. “بەڕێز هـ” لە هەڵسەنگاندنەکەیدا ڕاستەوخۆ بوو: “ئەگەر جەنگی ئێران بەردەوام بێت، و هەناردەکردنی نەوت هەر بە مەحاڵی بمێنێتەوە، ئەوا ئابووریی عێراق تا هاوین لە کار دەکەوێت. کەمترین بڕی پێویست، واتە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی حکومەت، پێویستی بە شەش ملیار دۆلار هەیە لە مانگێکدا، لە کاتێکدا ئێستا داهاتەکان بۆ تەنیا نزیکەی یەک ملیار دۆلار دابەزیون”. داهاتی حکومەت لە مانگی شوباتی ڕابردوودا گەیشتە 6.8 ملیار دۆلار، بەڵام تا مانگی نیسان هەرەسی هێنا بۆ 1.08 ملیار دۆلار. ئاژانسی “ستاندارد ئاند پوورز” پۆلێنی قەرزی سەروەریی عێراقی خستۆتە سەر لیستی چاودێریی نەرێنی، و شرۆڤەکاران پێیان وایە کە وڵاتەکە تا مانگی تەمموز دەگاتە خاڵێکی قەیراناوی.

سەبارەت بە کۆمپانیا ژاپۆنییەکانی خاوەن بەرژەوەندیی نەوتی لە عێراق، لە نێویاندا “جاپێکس” و “ئیتۆچۆ”، وەبەرهێنانەکانیان پەکیکەوتووە، هەروەک چۆن پاڵاوگەی بەسرە کە بە هەماهەنگی ژاپۆن دروستکرابوو، هێشتا بەتەواوی نەکەوتبووە کار کاتێک جەنگەکە هەڵگیرسا.

هاوینێکی گەرم لە ئارادایە

هەڵە لە خەمڵاندنی جەنگی عێراق لەوێدا دەردەکەوێت کە واشنتۆن بۆی دەرکەوت زۆرێک لەو هێزە سیاسییە شیعەیانەی گەیشتوونەتە دەسەڵات، لە ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی شیعەدا لەگەڵ “کۆماری ئیسلامی” لە ئێراندا هاوبەشن. “فەیلەقی قودس”ی سەر بە “سوپای پاسداران”ی ئێران بووەتە دەسەڵاتێکی سێبەر لە پشت بەغداوە، چونکە بە درێژایی ساڵانی شەڕی ناوخۆیی عێراق و دواتر لە کاتی شەڕی دژ بە “داعش”دا کاری بۆ سەرپەرشتیکردنی میلیشیاکان کردووە. تەنانەت پێش جەنگی ئێرانیش، سیاسەتی عێراق لە نێوان فشاری ئەمریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و پشتیوانیی ئێرانی بۆیاندا لە دۆخێکی هەڵبەز و دابەزدابوو. بەڵام ئێستا، ئەم میلیشیایانە هێرش دەکەنە سەر وڵاتانی کەنداو و خودی دەوڵەتی عێراقیش.

ژمارە و حیساباتە هەنووکەییەکان تا ڕادەیەکی بێبەزەییانە سەختن. حکومەتی عێراق مانگانە پێویستی بە شەش ملیار دۆلار هەیە، لە کاتێکدا کەمتر لە یەک لەسەر شەشی ئەم بڕە بەدەست دەهێنێت.

دابەشبوونەکانی بەغدا لە کوردستانیش دووبارە دەبنەوە، کە تێیدا “پارتی دیموکراتی کوردستان” و “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” هێشتا لە بنبەستێکی توونددا ماونەتەوە. زیاتر لە ساڵێک و حەوت مانگە هیچ حکومەتێکی نوێی هەرێمی پێکنەهێنراوە، لە کاتێکدا ئێران پشتگیری لە “یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان” دەکات کە زیاتر کراوەیە بۆ لێکتێگەیشتن لەگەڵیدا. کاتێکیش سەرۆک دۆناڵد ترەمپ پشتگیریی خۆی بۆ گروپە کوردییە ئێرانییەکان ڕاگەیاند کە لە کوردستانی عێراقەوە کار دەکەن، ئێران بە توندی هێرشە مووشەکی و درۆنەکانی بۆ سەر هەرێمەکە چڕکردەوە، وەک تۆڵەسەندنەوەیەکی ناهاوسەنگ لەگەڵ سیاسەتێکی ڕاگەیەنراودا کە لە واقیعدا نەبووەتە هۆی هیچ گواستنەوەیەکی کرداریی چەک بۆ ئۆپۆزیسیۆنی کوردی ئێران.

عێراق و ئێران لە ڕێگەی ئیسلامی سیاسیی شیعەوە زیاتر لە یەکتر نزیک بوونەتەوە، و ئەم پەیوەندییەش هەمان ئەو شتەیە کە ئەمڕۆ جەنگی ئێران دژی دەوڵەتی عێراق بەکاریدەهێنێتەوە. ئەگەر ڕژێمی ئێران بڕووخێت، پێشبینی دەکرێت ژمارەیەکی زۆر لەو ئێرانیانەی کە پەیوەندییان پێوەی هەیە بڕژێنە ناو شارەکانی نەجەف و کەربەلا، کە دوو شاری پیرۆزی شیعەن. کاتێک پرسیار لە “بەڕێز هـ” کرا دەربارەی ئەوەی عێراق بە چی دەگات لە ئەگەرێکی لەم شێوەیەدا، هەڵسەنگاندنەکەی ڕوون بوو: “تەنانەت ئەگەر ڕژێمی ئێستای ئێرانیش بڕووخێت، کێشەی میلیشیا شیعەکان لە عێراق بەردەوام دەبێت”.

ئەگەر گەمارۆی کەنداوی عەرەبی تا دوای مانگی تەمموز بەردەوام بێت، ئەوا ڕاگرتنی پێدانی مووچە، داڕمانی دینار، و سەرهەڵدانی پشێویی کۆمەڵایەتی بەرفراوان، هەموویان ئەگەرگەلێکی تاریک، بەڵام چاوەڕوانکراون. لەو حاڵەتەشدا، سەرکردە توندڕەوەکانی میلیشیاکان بۆشایی دەسەڵات پڕدەکەنەوە. ئەگەر دۆخەکە بەم ئاراستەیەی ئێستای بەردەوام بێت، ئەوا عێراق بەڕاستی بەرەو هاوینێکی زۆر گەرم و سەخت هەنگاو دەنێت.

مامۆستا لە زانکۆی هیتۆتسوباشی و باڵیۆزی پێشووی ژاپۆن لە عێراق.

Back to top button