
ڕۆژنامەی “گاردیان”ی بەریتانی چیرۆکی کوژرانی کچێکی عێراقی لەلایەن ئەندامانی خێزانەکەیەوە بڵاوکردەوە، ئەوەش بەهۆی ڕەتکردنەوەی ئەو هاوسەرگیرییەی بەسەریدا سەپێنرابوو. ئەمەش بەپێی گێڕانەوەی یەکێک لە خزمەکانی ئەو کچە.
بەپێی گێڕانەوەی ڕۆژنامە بەریتانییەکە، کەوسەر بەشار حەسێجاوی (تەمەن 15 ساڵ) لە ناوچەی نەهرەوان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا دەژیا، و لە تەمەنی 13 ساڵیدا ناچار کراوە واز لە خوێندن بهێنێت بۆ ئەوەی شوو بە پیاوێک بکات کە لە خۆی گەورەتر بووە و ئالوودەی کحوول بووە.
بەپێی گێڕانەوەی خزمەکەی، چیرۆکەکەی بەوە کۆتایی هاتووە کە پیاوانی عەشیرەتەکەی 10 فیشەکیان پێوە ناوە و تەرمەکەیان فڕێداوەتە نێو چاڵێکەوە، پاشان بە تەور سەریان پەڕاندووە، دواتر ئەندامانی خێزانەکە بانگهێشتی کەسانی دیکەیان کردووە بۆ ئەوەی بێنە سەر شەقامەکان بۆ سەماکردن و ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی کوشتنییەوە.
دوای ساڵێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی توندوتیژی و مامەڵەی خراپ، کەوسەر هەڵاتووە بۆ لای خێزانەکەی، کە سەرەتا ناچاریان کردووە لە ماڵەوە دەستبەسەر بێت و فشاریان خستووەتە سەری بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لای مێردە توندوتیژەکەی، بەڵام بەپێی وتەی خزمەکەی، هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی لێ کردوون، تا سەرئەنجام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 بە فەرمی لە دادگا جیابوونەوەی وەرگرتووە.
ڕاپۆرتەکە دەڵێت، ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، ئامۆزایەکی لە زیندان ئازاد کراوە و داوای لە دایک و باوکی کەوسەر کردووە هاوسەرگیری لەگەڵ کچەکەیاندا بکات، بەڵام کەوسەر ڕەتی کردووەتەوە چونکە هەمووان دەیانزانی کە زاوا نوێیەکە مامەڵە بە ماددە هۆشبەرەکان و کحوولەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەش خێزانەکەی گوێیان بە ڕەتکردنەوەکەی نەداوە و ڕەزامەندییان داوە، چونکە بەپێی دابونەریتە باوەکان “کچ بۆی نییە قسەی پیاو بشکێنێت”.
دایکی و خزمە ژنەکانی نەیانوێراوە پاڵپشتی بکەن و زاوای پێشنیارکراوەکە ڕەت بکەنەوە. لە سەرەتای مانگی ئایاردا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە و هەستکردنی کەوسەر بەوەی کە ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێی توندوتیژی دەبێتەوە، لە ماڵی خێزانەکەی هەڵاتووە، لە کاتێکدا هیچ سەرچاوەیەکی نەبووە بۆ پەیداکردنی پارە دوای ئەوەی لە خوێندن بێبەش کرابوو.
ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە کەوسەر دوای هەڵاتنی لە ماڵەوە، لەلایەن یەکێک لە دراوسێکانیانەوە بینراوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەستبەسەری کردووە، و وەک خزمەکەی دەڵێت “ڕووبەڕووی شتی ترسناکی کردووەتەوە” بێ ئەوەی سروشتی ئەو شتانە ئاشکرا بکات، بەڵام کەوسەر بە خێزانەکەی ڕاگەیاندووە کە بە ڕەزامەندی خۆی لەگەڵیدا هەڵنەهاتووە، لە کاتێکدا دیمەنی کامێراکانی چاودێری پشتڕاستی گێڕانەوەکەی ئەو دەکەنەوە کە دەردەکەوێت بە زۆر ڕایكێشاوە، لەگەڵ ئەوەشدا خێزانەکەی ئامادە نەبوون باوەڕی پێ بکەن.
هەروەها دەڵێت، دایک و باوکی و مامی و دەزگیرانەکەی خستوویانەتە ژێر لێکۆڵینەوە سەبارەت بەوەی لەو سێ ڕۆژەدا چی ڕوویداوە، پێش ئەوەی بیبەن بۆ ناوچەیەکی کراوە لە دەوروبەری بەغدا.
ڕاپۆرتەکە لە زاری خزمەکەیەوە گواستوویەتیەوە: “هەوڵم دا خەیاڵی ئەوە بکەم کە هەستی بە چی کردووە لەو ئۆتۆمبێلەدا لەگەڵ سێ پیاوی ئەو خێزانەی کە بڕیار وابوو بازنەی ئارامیی بن بۆی، ئایا چارەنووسەکەیان پێ ڕاگەیاندووە؟ وە کۆتا پاڕانەوەکانی چی بوون؟ ئایا هاواری دەکرد بەو هیوایەی ویژدانیان بەئاگا بێتەوە؟ یان پرسیاری ئەوەی دەکرد کە چۆن باوکی دەتوانێت کارێکی وا بەرامبەر کچەکەی بکات؟”.
هەروەها ڕوونی کردەوە کە “لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا ڕووخسارە منداڵانەکەیم بینی، کە جلوبەرگی قوتابخانەی پۆشیبوو، وێنەیەکی کۆن کە هەموو جوانییەکانی ڕووخساری دەرناخات”، و ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆری نەخایاند ڤیدیۆی ئەندامانی عەشیرەتەکە بڵاوبووەوە کە لە خۆشیدا بەهۆی کوژرانییەوە سەمایان دەکرد.
خزمەکەی وتیشی: “نەمبینی کەس لەناو خێزانەکەدا خەمبار بێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە پیاوەکان ئاهەنگیان دەگێڕا”.
و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: “کاتێک هەواڵەکەم بیست، دوای نیوەڕۆ لە ماڵەوە بووم، باوکم هەواڵی دیارنەمان و کوژرانی هێنا”، و وتیشی: “ئەگەر ئەم چیرۆکەم لە کەسێکی بێگانەوە لە پۆستێکی ئینستاگرامدا ببیستایە، لەوانەبوو باوەڕم پێنەکردایە، چونکە چۆن کەسێک دەتوانێت ئەو هەموو قێزەونییە لە دڵیدا حەشار بدات و بەرامبەر کچەکەی ئەنجامی بدات؟ بەڵام ئەمە لێرە بەسەر کچێکدا هات کە دەمناسی و ڕۆژێک لە ڕۆژان لەگەڵیدا دانیشتبووم”.
جەختیشی کردەوە: “هەوڵم دا ئارام بم و پێم وابوو کە پۆلیس لانی کەم لەسەر کارەکەیان سزایان دەدات، بەڵام لەبری ئەوە دەوترێت کە یەکێک لە ئەفسەرەکان داوای بەرتیلی کردووە بۆ ئەوەی بڵێت کە ڕفێندراوە و نەکوژراوە”.
خزمەکەی کەوسەر ڕوونیشی کردەوە: “لە کۆتاییدا، ئەمە بوو کە پاڵی پێوە نام قسە بکەم، من و چەند ژنێکی تری خێزانە گەورەکەمان، بێ هیچ هەماهەنگییەک چونکە هەستمان دەکرد ناتوانین متمانە بە هیچ کەسێک بکەین، دەستمان کرد بە ناردنی ناو و وێنەی خۆی و وێنەی بکوژەکانی بۆ پەیج و پلاتفۆرمە میدیاییەکان بەو هیوایەی دادپەروەريی بۆ ئەم منداڵە بەدیبێت، و لانی کەم ڕێگەی پێ بدرێت بە شەرەفمەندانە بنێژرێت”، و ئاماژەی بەوەش کرد کە “دەترسا کەیسەکەی ون بکرێت و بنێژرێت وەک سەدان چیرۆکی تریش کە تێیاندا ژنان و کچانی گەنج دەمرن لەپێناو هیچ شتێکدا جگە لە هەوڵدان بۆ مانەوە لە ژیاندا”.
بەپێی وتەکانی خزمەکەی کەوسەر: “ئەوەی لە هەموو شتێک زیاتر دەمترسێنێت ئەوەیە کە کوشتن چەندە ئاسانە بۆ هەندێک پیاو لە عێراقدا، ئەوان چیتر لە یاسا یان دەوڵەت ناترستن چونکە گەندەڵی لە هەموو شوێنێکدا دەبینن، و هەمووان ئەوەی ڕوویدا شاردوویانەتەوە، دیارە کە پارێزەرێک کەیسەکە دەگرێتە ئەستۆ، و شوێنی تەرمەکە دەستنیشان دەکرێت، و براکەشی خۆی ڕادەست دەکات وەک تاکە تاوانبار تاوەکو کەیسەکە دابخرێت وەک ئەوەی تاوانێکی شەرەف بێت”.
ڕاپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو، هەرچەندە یاسای عێراقی بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەستەواژەی “شەرەف” لە تاوانەکانی کوشتندا ناهێنێت، بەڵام لە هەندێک حاڵەتی پەیوەست بەوەی کە پێی دەوترێت تاوانەکانی شەرەف بیانووی سووککردنی سزا هەن، کە تێیدا ئەو کەسەی ژنەکەی یان خزمێکی ژنی دەکوژێت لە کاتی زینادا، بە زیندانیکردن سزادەدرێت کە لە سێ ساڵ تێپەڕ نەکات.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە زۆر حاڵەتدا تاوانەکە وەک کوشتنێکی تەواو بەئەنقەست سەیر ناکرێت، بەڵکو وەک ڕووداوێکی خێزانی مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت کە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە.
هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە یاسا نوێیەکان ڕێگە دەدەن بە بەشوودانی منداڵان کە تەمەنیان لە نۆ ساڵ تێپەڕ ناکات، و ئەوەشی بە “شتێکی ترسناک” وەسف کرد، “چونکە ئەو منداڵەی لە قوتابخانە دەردەهێنرێت و بۆ هاوسەرگیری پێشوەختە هان دەدرێت، لاوازتر دەبێت و توانای کەمتر دەبێت بۆ پاراستنی خۆی یان ڕەتکردنەوەی ئەو توندوتیژییەی کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە”.
ڕاپۆرتەکە بەوە کۆتایی هاتووە و دەڵێت: “کەوسەر هێشتا نەگەیشتبووە تەمەنێک کە ڕێگەی پێ بدات لە ژیان تێبگات، لەگەڵ ئەوەشدا هەمووان وەک ژنێک مامەڵەیان لەگەڵ دەکرد کە دەبێت ملکەچ بکرێت و چاودێری بکرێت و سزا بدرێت.”





