ئەو سێ دۆسیەیەی عێراق کە لە جانتاکەی تۆم باراکە

چاودێران و شارەزایانی کاروباری عێراق پێیان وایە، دیاریکردنی تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق و سووریا لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە، قۆناغێکی نوێیە لە شێوازی مامەڵەکردنی واشنتۆن لەگەڵ بەغدا، کە پشتی بەستووە بە خوێندنەوەی دۆسیەی عێراق لە چوارچێوەیەکی بەرفراوانی ناوچەییدا کە پەیوەستە بە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە.

پەیامەکەی ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکدا لە پێگەی “تروس سۆشیاڵ” هات، کە تێیدا جەختی لەوە کردەوە کە باراک لەگەڵ ئەرکە نوێیەکەیدا، لە پۆستی باڵیۆزی وڵاتەکەی لە تورکیا بەردەوام دەبێت. ئەم هەنگاوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئارەزووی کۆشکی سپی لێکدەدرێتەوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەدواداچوونی سیاسی و ئەمنی بۆ دۆسیەی عێراق و بەستنەوەی بە دۆسیەکانی سنوور، وزە، وەبەرهێنان، کۆنترۆڵکردنی چەک و هەژموونی ئێرانەوە.

دیاریکردنی تۆم باراک لە حیساباتەکانی ئەمریکادا وەک وردەکارییەکی سادە دەرناکەوێت، چونکە پیاوێکە سەر بە بازنەی نزیک لە ترەمپە و خاوەنی تۆڕێکی فراوانی پەیوەندییەکانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها لە قۆناغی ڕابردوودا ڕۆڵی هەبووە لە دۆسیەکانی سووریا و لوبنان، ئەمەش بە بڕوای چاودێران وادەکات تۆم باراک زیاتر لە نێردەیەکی ناوچەیی بچێت کە لە نێوان گۆڕەپانە جیاوازەکاندا جوڵە دەکات، نەک نێردەیەکی تەقلیدی کە تەنها لە عێراقدا قەتیس کرابێت.

عێراق لە سێ دەروازەوە

شارەزایان پێیان وایە کە واشنتۆن لە ئێستادا لە ڕێگەی سێ دۆسیەی سەرەکییەوە دەڕوانێتە عێراق، یەکەمیان دۆسیەی گروپە چەکدارەکان و چەکەکانیانە، دووەمیان کەمکردنەوەی هەژموونی ئێرانە لە ناو دامەزراوە سیاسی و ئابوورییەکاندا، سێیەمیان دووبارە بووژاندنەوەی پەیوەندییە ئابووری و وەبەرهێنانەکانە، بەتایبەتی لە کەرتەکانی وزە، غاز، کارەبا و بانکییەکاندا.

لای خۆیەوە، عەبدوڵڵا ڕەکابی توێژەری سیاسی ڕایگەیاند: “دیاریکردنی تۆم باراک وەک نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بۆ عێراق، ناکرێت جیابکرێتەوە لە ئارەزووی ئیدارەی ترەمپ بۆ گواستنەوەی دۆسیەی عێراق لە ئیدارەدانی دیپلۆماسی تەقلیدییەوە بۆ ئیدارەدانێکی سیاسیی ڕاستەوخۆ کە بەسترابێتەوە بە کۆشکی سپییەوە”.

هەروەها ڕایگەیاند: “باراک وەک پیاوی مامەڵەکان دێتە بەغدا و خاوەنی پەیوەندییەکی فراوانی ناوچەییە، ئەمەش بەو مانایە دێت کە واشنتۆن دەیەوێت لە گۆشەیەکی فراوانترەوە مامەڵە لەگەڵ عێراق بکات. چونکە ئەرکی سەرەکیی واشنتۆن تاقیکردنەوەی توانای حکومەتی عێراق دەبێت، لە دروستکردنی هاوسەنگییەکی نوێ، کە ڕاستەوخۆ پێکدادان لەگەڵ تاران دروست نەکات، بەڵام لە هەمان کاتدا ڕێگە نەدات عێراق وەک گۆڕەپانێکی کراوە بۆ گروپە چەکدارەکان بمێنێتەوە”.

بە وتەی ڕەکابی، “دیاریکردنی باڵیۆزی واشنتۆن لە ئەنقەرە بۆ ئەم ئەرکە، پەیامێکی ڕوون دەدات کە تورکیا ئامادەیی دەبێت لە خوێندنەوەی نوێی ئەمریکا بۆ عێراق، چ لە دۆسیەی سنوورەکان، یان پارتی کرێکارانی کوردستان، یان پەیوەندی لەگەڵ هەرێمی کوردستان، یان هێڵەکانی وزە و بازرگانی”. هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە “ئەم بابەتە ڕەنگە ببێتە هۆی نیگەرانی ئەو هێزە عێراقی و کوردییانەی کە پێیان وایە ڕۆڵی پەرەسەندووی تورکیا هۆکارێکی گوشارە بۆ سەر هاوسەنگییە ناوخۆییەکانیان”.

ئەم گۆڕانکارییەش دوای ئەزموونێکی کورتی مارک ساڤایا، نێردەی پێشووی ئەمریکا دێت، کە نەبووە کارەکتەرێکی مەیدانی لە ناوخۆی عێراق، و ئامادەییەکەی تە‌نها لە لێدوان و پەیوەندییەکاندا سنووردار مایەوە، سەرەڕای ئەوەی دۆسیەی هەستیاری وەک بانکەکان، دۆلار و گروپە چەکدارەکانی ورووژاند.

دۆسیەی کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە دیارترین تاقیکردنەوەیە کە چاوەڕێی نێردە نوێیەکە دەکات، بەتایبەتی دوای نوێبوونەوەی مشتومڕی ناوخۆیی عێراق سەبارەت بە تێکەڵکردنی هەندێک لە پێکهاتە چەکدارەکان بە ناو دامەزراوەکانی دەوڵەت و هەوڵەکانی حکومەت بۆ نیشاندانی بەرەوپێشچوون لەم بوارەدا، لە بەرامبەریشدا سوربوونی هەندێک هێزی چەکدار لەسەر مانەوەی چەکەکانیان لەژێر دەسەڵاتی خۆیاندا”.

دیدگایەکی نوێی ئەمریکی

لای خۆیەوە غازی فەیسەڵ، باڵیۆزی پێشووی عێراق لە فەرەنسا ڕایگەیاند: “دیاریکردنی تۆم باراک ڕەنگدانەوەی گرنگیدانی پەرەسەندووی ئەمریکایە بە عێراق لە ژێر سایەی گۆڕانکارییە خێراکانی ناوچەکەدا، و ئاماژەیە بۆ بوونی دیدگایەکی نوێی ئەمریکی کە عێراق وەک توخمێکی سەرەکی لە هاوکێشەی ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەبینێت”.

فەیسەڵ باسی لەوەشکرد: “واشنتۆن لە نزیکەوە چاودێری دۆسیە هەستیارەکانی ناوخۆی عێراق دەکات، لەوانەش کۆنترۆڵکردنی چەک بەدەست دەوڵەتەوە، وەبەرهێنان، وزە و ئاسایشی سنوورەکان، سەرباری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی و پەرەپێدانی هاریکاری ئەمنی و ئابووری نێوان هەردوو وڵات”. ئاماژەی بەوەشکرد “دیاریکردنی نێردەی تایبەتی سەرۆکایەتی بەو مانایە نایەت کە واز لە ڕۆڵی دیپلۆماسی تەقلیدی هێنرابێت، بەڵکو جەخت لە گرنگیدانێکی ناوازەی کۆشکی سپی دەکاتەوە بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدادا”.

داتاکان ئاماژە بەوە دەکەن کە باراک هەوڵدەدات گوشاری سیاسی و ئابووری پێکەوە کۆبکاتەوە، چونکە واشنتۆن درک بەوە دەکات کە هەژموونی چەکداری لە عێراق تەنیا لەسەر چەک ناوەستێت، بەڵکو پەیوەستە بە تۆڕێکی فراوانی دارایی، بانکی، بازرگانی و دامەزراوەییەوە. ئەمەش وادەکات دۆسیەی دۆلار، بانکەکان و حەواڵە داراییەکان ببێتە بەشێک لە شەڕی هەژموون، شانبەشانی دۆسیەی چەک و بڕیاری ئەمنی.

بەڵام سەرکەوتنی باراک لە عێراق مسۆگەر نابێت، بە بڕوای شارەزایان بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە گۆڕەپانی عێراق زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە بە لۆژیکی سەودا (مامەڵە) خێراکان بەڕێوە ببرێت. حکومەت ڕووبەڕووی هاوسەنگییەکی هەستیاری ناوخۆیی بووەتەوە، گروپە چەکدارەکانیش خاوەنی پاشکۆیی سیاسی، ئابووری و ئەمنین، و هێزە کوردییەکانیش بە وریاییەوە چاودێری هەر نزیکبوونەوەیەکی نوێی ئەمریکا دەکەن کە ڕەنگە پێناسەی پەیوەندی نێوان بەغدا و هەولێر دابڕێژێتەوە.

Back to top button