
تێگەیشتن لەوەی کە لە داهاتووی عێراقدا چی بۆ میلیشیاکانی نزیک لە ئێران چاوەڕوانکراوە، کاتێکی زۆری ناوێت، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا «تۆم باراک»ی وەک نێردەی تایبەتی سەرۆک بۆ سوریا و عێراق دەستنیشان کرد. تەنیا پێویستە ئەو پەراگرافە بخوێنیتەوە کە باراک تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای ڕاگەیاندنی دەستبەکاربوونی بڵاوی کردەوە. ئەو نووسیبووی: هاوسەنگیی هێز کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەسەر بناغەکەی کار دەکات، کاتێک باشتر بەڕێوەدەچێت کە هاوپەیمانان زیاتر پشت بەخۆیان ببەستن و بارەکە بە هاوبەشی هەڵبگرن، هەمیشە لە چوارچێوەیەکدا کە هەژموونی ئەمریکا، سەقامگیری و هەماهەنگیت لەگەڵ ئامانجە ستراتیژییە بنەڕەتییەکانی ئەمریکادا بپارێزێت.
ئەو ڕستەیە شتێکی زۆر ڕوون دەکاتەوە: واشنتن چیتر عێراق وەک دۆسیەیەکی سیاسی کە پێویستی بە بەڕێوەبردنی پەیوەندییەکان بێت نابینێت، بەڵکو وەک دۆسیەیەکی ئەمنی دەیبینێت کە پێویستی بە بەڕێوەبردنی بڕیارەکان هەیە.
پارادۆکسەکە لەوەدایە کە سەرنج خستنەسەر ناوی باراک، ئەو گۆڕانکارییە ڕاستەقینەیە دەشارێتەوە. کێشەکە لە گۆڕینی نێردەیەک بە نێردەیەکی دیکە نییە، نە ئەو خەیاڵەش کە میلیشیاکانی عێراق بۆ ماوەیەکی زۆر دەیانچاند، کە گوایە سیاسەتی ئەمریکا بە هەر گۆڕانکارییەک لە نێوان کاربەدەستە پلە ناوەندییەکانی واشنتن دەگۆڕێت. ئەو خەیاڵە بۆ ماوەی چەند ساڵێک هەستێکی هەڵەی سەرکەوتنی بە میلیشیاکان بەخشیبوو، وەک ئەوەی چارەنووسی عێراق بە میزاجی ئەم یان ئەو فەرمانبەرەوە بەسترابێتەوە. بەڵام باراک لەو جۆرە نییە. ئەو دیپلۆماسییەکی نەرم نییە. ئەو شتەکان بە ناوی ڕاستەقینەی خۆیانەوە ناودەبات. بە ئاشکرا سووکایەتی دەکات. بەبێ دەستکێشی ئاوریشمین قسە دەکات.
میدیاکانی ئەمریکا چەندین جار وەک پیاوی کارە قێزەونەکان لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا ناویان بردووە، یەکێکە لەو کەسە کەمانەی توانای ئەوەی هەیە ترەمپ قایل بکات و بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ دەست لە دۆسییە ئاڵۆزەکان وەربدات.
پێش دەستنیشانکردنی، هەردوو ماڵپەڕی پۆلیتیکۆ و ئەکسیۆس بڵاویان کردەوە، کە باراک گوشاری دەکرد بۆ نزیکبوونەوەی دۆسییە تێکەڵاوەکان بۆ ناوچەکە: واتە مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق، سوریا و لوبنان وەک یەک گۆڕەپانی یەکگرتوو، نەک وەک سێ کێشەی جیاواز. ئەمڕۆ، وەک ئەوەی لە جێبەجێکردنی بێدەنگەوە گواستبێتمانەتەوە بۆ جێبەجێکردن لەگەڵ زلـلەی دەنگدار. باراک ئەو دیپلۆماتە نییە کە بۆ کامێراکان پێدەکەنێت. ئەو پیاوێکە جارێک عێراقی بە تاقیکردنەوەیەکی سیاسیی شکستخواردوو، لوبنانی بە گاڵتەجاڕیی و ڕۆژنامەنووسانیشی بەو وشانە وەسف کردووە کە شایەنی نووسین نین. خەیاڵ بکە ئەو زمانە ببێتە بەشێک لە سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر بە ناوچەی سەوز و ئەو میلیشیایانەی دەوریان گرتووە.
ئەمە ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە ڕوون دەکاتەوە کە لەناو باڵە نزیکەکانی عێراق لە ئێران دروستبووە، بەتایبەت ئەو کاتەی ناوی باراک دەرکەوت. ئەو بەرجەستەکاری گۆڕانکارییەکە کە زۆر لەوە زیاترە بە هەڵە لێی تێبگەی، و زۆر لەوە زیاتر تیژە کە بکرێت لەپشت دروشمەکانی سەروەرییەوە بشاردرێتەوە.
ئەو میلیشیایانەی ڕاهاتوون لەسەر دیپلۆماسیی چرپە و نهێنی، ئێستا ڕووبەڕووی دیپلۆماسییەک دەبنەوە کە هاوار دەکات، لەلایەن پیاوێکەوە کە پەیامەکانی بە پیتی ئەستوور دەنووسێت و بە دەنگی بەرز دەیانخوێنێتەوە.
واشنتن ئێستا عێراق وەک بەشێک لە تۆڕێکی هەرێمی دەبینێت، نەک وەک دۆسیەیەکی جیاواز کە بتوانرێت لێی خۆش ببن یان بیبەخشین. لە چاوی ئیدارەی ئێستادا، عێراق ئەڵقەیەکە لەو زنجیرەیەی لە تارانەوە بۆ بەغدا دواتر بۆ بەیروت درێژ دەبێتەوە. هەرچەندە پێکەوەبەستنەوەکە چڕتر بێت، ئەگەری ئەوە زیاترە ئەو سێ دۆسیەیە بە یەک عەقڵ، یەک دەست، و بە یەک نێردە مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت کە نە ستایش دەکات و نە پێدەکەنێت.
بۆیە هاتنی باراک گۆڕانکارییەکی ئیداری نییە، بەڵکو ڕاگەیاندنی قۆناغێکی نوێیە کە تێیدا بڕیارەکان بە توانایان بۆ شکاندنی چەقبەستوویی دەپێورێن، نەک بە توانایان بۆ ڕازیکردنی ئەکتەرە ناوخۆییەکان.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ «زە ناسیۆناڵ» لە ئەبووزەبی، باراک تەنانەت بەشە کەمەکەی دیپلۆماسییشی فڕێدا. وتی: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، عێراق و سوریایان دابەش کردووە، و داگیرکردنی عێراق بوو بە نموونەیەکی ڕوونی ئەوەی کە نابێت هەرگیز دووبارە بکرێتەوە. ئەو هەوڵی ئەوەی نەدەدا ڕابردوو جوان بکات. بەڵکو حاڵەتەکەی دەستنیشان دەکرد: سێ تریلیۆن دۆلار خەرجکرا، بیست ساڵ مێژووی پڕ لە دابەشبوون، سەدان هەزار قوربانی، و بە وتەی خۆی، بە دەستی بەتاڵ لێی دەرچووین.
ئەمە ڕەخنەگرتن لەخۆ نییە. ئەمە بەیاننامەیەکی سیاسییە: چیتر خەرجکردن بەبێ ئەنجام نییە، چیتر پشوودرێژی بۆ دەسەڵاتی دووچەرخە لەنێوان دەوڵەت و میلیشیادا نییە.
عێراق دەچێتە قۆناغێکەوە کە هیچ ڕێزگرتنێکی تێدا نییە. واشنتن چیتر بەغدا وەک دۆسیەی بەڕێوەبردنی پەیوەندی نابینێت، بەڵکو وەک دۆسیەی بەڕێوەبردنی بڕیار دەبینێت. دووفاقیی دەسەڵات چیتر قابیلی قبووڵ نییە، و پشوودرێژیی ئەمریکا بەرامبەر بە دزەکانی دەوڵەت بەرەو کۆتایی دەچێت. زمانی داهاتوو دیپلۆماسی نابێت، بەڵکو ڕاستەوخۆ، ئاشکراکەر و ڕەنگە بریندارکەر بێت.
ئەگەر میدیاکانی عێراق ئاهەنگیان بۆ لابردنی مارک ساڤیا گێڕا، ڕەنگە پێویست بکات خۆیان ئامادە بکەن. ئەو پیاوەی جێگەی گرتووەتەوە، بە زمانی دیپلۆماسیی نەریتی قسە ناکات. ئەو بە زمانی شۆک قسە دەکات.
کەواتە پرسیارەکە ئێستا ئەوەیە: لەم دیمەنەی ئێستای عێراقدا، کێ دەتوانێت بە ئاسوودەیی بخەوێت؟
بێگومان میلیشیاکان نا. سەردەمی تێگەیشتنە خۆڵەمێشییەکان کۆتایی هات. سەردەمی بڕیارە تیژەکان دەستی پێ کرد.





