بەهای ستراتیژیی غازی کوردستان بۆ ئاسایشی وزەی ئەوروپا

نوسینی: دکتۆر کامەران یەگانەگی
ئەوروپا بەرەوپێشچوونێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە غازی سروشتیی ڕووسیا لەدوای هەڵگیرسانی جەنگی ئۆکرانیاوە. ئەوەش لە ڕێگەی زیادکردنی هاوردەی غازی سروشتیی شل، فراوانکردنی کڕین لە نەرویج، و پشتبەستنی زیاتر بە ڕێڕەوی غازی باشوور، حکومەتەکانی ئەوروپا توانیویانە کەمێک لەو لاوازییانە کەم بکەنەوە کە پێشتر لە کیشوەرەکە هەبووە.

بەڵام ئەو بۆچوونەی کە دەڵێت ئاڵنگاریی ئاسایشی وزەی ئەوروپا چارەسەر کراوە، چەواشەکارانەیە. هەمەچەشنکردن سەرچاوەکان دەستکەوتێکی یەکجارەکی نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی ستراتیژیی بەردەوامە. لە کاتێکدا گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان بەردەوامن لە داڕشتنەوەی بازاڕەکانی وزەی جیهانی، دەبێت ئەوروپا سەرچاوەی نوێی دابینکردن بدۆزێتەوە کە توانای بەهێزکردنی خۆڕاگری و کەمکردنەوەی پشتبەستنیان هەبێت بە ژمارەیەکی سنووردار لە بەرهەمهێنەران و ڕێڕەوەکانی گواستنەوە.

لەو چوارچێوەیەدا، یەکێک لە بەشداربووە چاوەڕوانکراوەکان تا ڕادەیەکی زۆر لە گفتوگۆکانی وزەی ئەوروپادا پشتگوێ خراوە: هەرێمی کوردستانی عێراقە.

هەرێمی کوردستان کە دەکەوێتە خاڵی یەکتربڕینی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تورکیا، و بازاڕەکانی وزەی ئەوروپا، خاوەنی سامانی غازی سروشتیی بەرچاوە کە دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە ستراتیژیی وزەی درێژخایەنی ئەوروپادا بگێڕێت.

بۆچی غازی کوردستان گرنگە؟

هەرێمی کوردستان خاوەنی هەندێک لە پڕهیواترین یەدەگی غازی پەرەنەسەندووە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کێڵگەی کۆرمۆر لە ئێستادا بەشداری لە بەرهەمهێنانی وزەی ناوچەییدا دەکەن، لە کاتێکدا پڕۆژەکانی تری وەک کوردە میران و تۆپخانە-کوردەمیر توانای ئەوەیان هەیە لە ساڵانی داهاتوودا بەرهەمهێنان بە ڕێژەیەکی بەرچاو زیاد بکەن.

بەپێچەوانەی زۆرێک لە بەرهەمهێنەرانی وزە لە کەنداو، کە هەناردەکردنیان بە توندی پشت بە ڕێڕەوە دەریاییەکان دەبەستێت کە لە بەرامبەر ناسەقامگیریی ناوچەییدا مەترسییان لەسەرە، هەرێمی کوردستان سوودمەندە لە تایبەتمەندییەکی جوگرافیی بێوێنە. نزیکییەکەی لە تورکیاوە دەرفەتی بەستنەوەی ڕاستەوخۆی بۆرییەکان بە ژێرخانی وزەی هەبوو دەڕەخسێنێت کە خزمەت بە بازاڕەکانی ئەوروپا دەکات.

بۆ ئەوروپا، گرنگیی غازی کوردستان تەنها لە قەبارەی دابینکردنی زیاتردا کورت نابێتەوە. هەر سەرچاوەیەکی نوێی وزە، پشتبەستنی ستراتیژی بە دابینکەرانی ئێستا کەم دەکاتەوە و نەرمی و گونجاندنی سیستەمی فراوانتری وزە بەهێزتر دەکات. وانەکانی قەیرانی ئۆکرانیا ئەوەیان سەلماند کە پشتبەستنی لەڕادەبەدەر بە یەک دابینکەر، دەتوانێت بە خێرایی لە کێشەیەکی ئابوورییەوە بگۆڕێت بۆ خاڵێکی لاوازیی جیۆپۆلەتیکی.

غازی کوردستان دەرفەتێک بە ئەوروپا دەبەخشێت بۆ بەهێزکردنی هەمەچەشنکردن بەر لەوەی قەیرانێکی دیکە سەرهەڵبدات.

خواستەکانی تورکیا و ڕێڕەوە تازە دەرکەوتووەکەی وزە

هیچ گفتوگۆیەک لەسەر غازی کوردستان ناتوانرێت جیا بکرێتەوە لە ڕۆڵی گەشەسەندووی تورکیا لە جیۆپۆلەتیکی وزەی ناوچەییدا.

ژێرخانی وزە لە ئێستادا سەرچاوەکانی دەریای قەزوین بە بەکاربەرانی ئەوروپاوە دەبەستێتەوە ئەوەش لە ڕێگەی تورکیاوە، لە کاتێکدا دەستپێشخەرییە نوێیەکان بەردەوامن لە فراوانکردنی گرنگیی ئەو وڵاتە لە ناو تۆڕەکانی وزەی ناوچەییدا.

ڕێڕەوی غازی باشوور بووەتە یەکێک لە گرنگترین ڕێڕەوەکانی وزەی نائەوروپی بۆ یەکێتیی ئەوروپا. بە گواستنەوەی غازی سروشتی لە ئازەربایجانەوە بەناو تورکیادا بەرەو بازاڕەکانی ئەوروپا، ئەم ڕێڕەوە هەم گونجاویی تەکنیکی و هەم گرنگیی جیۆپۆلەتیکیی خۆی سەلماندووە.

بەڵام کاریگەریی داهاتووی ئەم ڕێڕەوە، پشت بە هەمەچەشنکردن لە ناو خودی ڕێڕەوەکەدا دەبەستێت. زیادکردنی غازی کوردستان خۆڕاگریی ئەم تۆڕە بەهێزتر دەکات لە ڕێگەی زیادکردنی دابینکردنی بەردەست و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە ژمارەیەکی دیاریکراو لە سەرچاوەکان. لەبری ئەوەی کێبڕکێ لەگەڵ هەناردەی ئازەربایجان بکات، بەرهەمهێنانی کوردی دەتوانێت تەواوکەری بێت، بەمەش پێکهاتەیەکی بەهێزتری وزە دروست دەکات کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە تا ئەوروپا درێژ دەبێتەوە.

بۆ تورکیاش، سوودەکان بە هەمان شێوە ڕوونن. غازی کوردستان دەتوانێت بەشداری بکات لە ئاسایشی وزەی ناوخۆیی، ڕۆڵی ئەنقەرە وەک ناوەندێکی گواستنەوە بەهێز بکات، و پشتبەستنی ئابووریی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی کوردستان قوڵتر بکاتەوە. ئەم یەکگرتنەی بەرژەوەندییەکان، هاوتەریبییەکی دەگمەن لە نێوان هاندانە ئابوورییەکان و ئامانجە جیۆپۆلەتیکییەکاندا دروست دەکات.

کۆسپە سیاسییەکان: بەغدا و هەولێر

سەرەڕای تواناکانی لەڕووی ستراتیژییەوە، داهاتووی هەناردەکردنی غازی کوردستان لە کۆتاییدا بەندە بە سیاسەتەوە.

ململانێی لەمێژینەی نێوان بەغدا و هەولێر لەسەر بەڕێوەبردنی نەوت و غاز (هایدرۆکاربۆن)، یەکێکە لە گەورەترین بەربەستەکان لە بەردەم گەشەپێدانی بەرفراوانی وزە. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق جەختیان لەوە کردووەتەوە کە دەبێت گرێبەستەکانی وزە لە ڕێگەی دامەزراوە فیدراڵییەکانەوە بەڕێوە ببرێن، لە کاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بەرگری لە دەسەڵاتی خۆی کردووە بۆ ئەنجامدانی گرێبەست بە شێوەیەکی سەربەخۆ. دەرئەنجامەکەشی ساڵانێک لە نادڵنیایی یاسایی بووە.

بۆ وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان، زۆرجار نادڵنیایی زیانی زیاترە لە خودی مەترسی. کۆمپانیاکانی وزە ئامادەن لە ژینگەیەکی پڕ ئالەنگاریدا کار بکەن، بەڵام پێویستیان بە چوارچێوەیەکی یاسایی پێشبینیکراو هەیە پێش ئەوەی ملیاران دۆلار بۆ پڕۆژە درێژخایەنەکان تەرخان بکەن. بەبێ ڕێککەوتنێکی سیاسیی بەردەوام لە نێوان بەغدا و هەولێر، ڕەنگە زۆرێک لە پڕۆژە پڕهیواکانی غازی هەرێمەکە، تووشی کێشە ببن لە ڕاکێشانی ئەو وەبەرهێنانەی کە پێویستە بۆ گەشەپێدانی بەرفراوان و ژێرخانی هەناردەکردن.

ئەم ئاڵنگارییە لە سیاسەتی ناوخۆیی عێراق تێدەپەڕێت. داڕێژەرانی سیاسەتی ئەوروپی کە بەدوای دابینکردنی وزەی هەمەچەشندا دەگەڕێن و بەرپرسانی تورکیاش کە هەوڵی بەستنەوەی وزەی ناوچەیی دەدەن، ناتوانن کۆدەنگییەکی ناوخۆیی لە عێراق دروست بکەن. هاوکاریی بەردەوامی وزە، پێویستی بە چوارچێوەیەکی بەڕێوەبردنە کە لەلایەن هەردوو دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێمییەوە پەسەند کرابێت.

ناکۆکییە سیاسییەکان تەنها خەمی بەردەم ئەم پرسە نین. هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر دامەزراوەکانی وزە لە هەرێمی کوردستان، لاوازیی ژێرخانە هەستیارەکانی خستەڕوو. ئەو ڕووداوانەی کاریگەرییان لەسەر دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی غاز هەبووە، ئەوەیان دەرخستووە کە چۆن تێکچوونی ئاسایش دەتوانێت کاریگەری لەسەر هەم دابینکردنی وزە و هەم متمانەی وەبەرهێنەر هەبێت.

ئاڵنگارییەکانی ئاسایش و ژێرخان

ڕێڕەوەکانی وزە پێویستیان بە سەقامگیریی درێژخایەن هەیە. بۆرییەکان پڕۆژەی کورتخایەن نین؛ بەڵکو وەبەرهێنانی ستراتیژین کە چاوەڕوان دەکرێت بۆ چەندین دەیە کار بکەن. لە ئەنجامدا، وەبەرهێنەرە نێودەوڵەتییەکان تەنها هەڵسەنگاندن بۆ بەردەستبوونی سەرچاوەکان ناکەن، بەڵکو سەقامگیریی سیاسی، ئاسایشی ژێرخان، و جێی متمانەیی دامەزراوەکانیش هەڵدەسەنگێنن.

نابێت ئەم نیگەرانییانە بە کەم سەیر بکرێن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێویستە لە دیدگایەکی واقیعییەوە لێیان بڕوانرێت.

زۆرێک لە ڕێڕەوە سەرکەوتووەکانی وزەی ئەمڕۆ، سەرباری ئاڵنگارییە جیۆپۆلەتیکییە گەورەکان سەریان هەڵداوە. خودی ڕێڕەوی غازی باشوور، سەردەمانێک وەک پڕۆژەیەکی گەورە تەماشا دەکرا کە ڕووبەڕووی کۆسپێکی زۆری سیاسی و تەکنیکی ببووەوە. بەڵام پابەندبوونی بەردەوامی سیاسی، ئەو دیدگایەی کرد بە واقیع. هەمان شت دەکرێت بۆ غازی کوردستانیش ڕاست بێت، ئەگەر لایەنە پەیوەندیدارە ناوچەییەکان ئیرادەیەکی ستراتیژیی تەواو پیشان بدەن.

دەرفەتێکی ستراتیژی بۆ ئەوروپا

زۆرجار سیاسەتی وزەی ئەوروپا تیشک دەخاتە سەر ئاڵنگارییە هەنووکەییەکان. بەڵام پلاندانانی ستراتیژی پێویستی بە ئاسۆیەکی دوورتر هەیە. دوورە لە ڕاستییەوە کە هەرێمی کوردستان لە شەو و ڕۆژێکدا ببێتە دابینکەرێکی سەرەکی بۆ ئەوروپا. گەشەپێدانی ژێرخان، ڕێککەوتنە سیاسییەکان و بڕیارەکانی وەبەرهێنان کاتیان دەوێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بنەما سەرەکییەکان لە ئێستادا بوونیان هەیە: یەدەگێکی گەورەی غاز، نزیکیی جوگرافی لە تورکیا، هاوکاریی چەسپاوی وزە، و زیادبوونی ئارەزووی ئەوروپا بۆ فرەچەشنکردنی زنجیرەکانی دابینکردن.

پرسیاری بەردەم داڕێژەرانی سیاسەتی ئەوروپا ئەوە نییە کە ئایا غازی کوردستان دەتوانێت جێگەی دابینکەرانی ئێستا بگرێتەوە یان نا. چونکە ناتوانێت. پرسیارە گونجاوەکە ئەوەیە کە ئایا ئەوروپا دەتوانێت چاوپۆشی لە سەرچاوەیەک بکات کە توانای بەهێزکردنی خۆڕاگریی درێژخایەنی وزەی هەیە؟

سیستەمی وزەی پاش-ئۆکرانیا هێشتا لە قۆناغی بونیاتناندایە. لە کاتێکدا ئەوروپا پشتبەستنی بە غازی ڕووسیا کەم کردووەتەوە، گەڕان بەدوای دابینکردنی پارێزراو و هەمەچەشندا بەردەوامە. دووربینیی ستراتیژی وا دەخوازێت کە دەرفەتەکانی سبەینێ دەستنیشان بکرێن پێش ئەوەی ببنە پێداویستییەکی بەپەلە. لەو ڕووەوە، هەرێمی کوردستان شایستەی سەرنجێکی زۆر زیاترە لەوەی کە ئێستا پێی دەدرێت.

دەرەنجام

داهاتووی ئاسایشی وزەی ئەوروپا تەنیا پشت بە کەمکردنەوەی پشتبەستن نابەستێت، بەڵکو پشت بە فراوانکردنی بژاردە ستراتیژییەکانیش دەبەستێت.

هەرێمی کوردستانی عێراق یەکێک لەو بژاردانە پێشکەش دەکات. یەدەگە زۆرەکەی غاز، جوگرافیا لەبارەکەی، و نزیکییەکەی لە ژێرخانی گواستنەوەی هەبوو، بنەمایەک دابین دەکەن بۆ ڕێڕەوێکی وزەی چاوەڕوانکراوی گرنگ کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بازاڕەکانی ئەوروپاوە دەبەستێتەوە.

کۆسپەکان حاشاهەڵگر نین. ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، نیگەرانییە ئەمنییەکان، پێداویستییەکانی ژێرخان و ئالەنگارییەکانی وەبەرهێنان، هەموویان وەک بەربەستی گەورە دەمێننەوە. بەڵام مێژوو ئەوەمان پێشان دەدات کە ڕێڕەوە گەورەکانی وزە دەگمەن لە بارودۆخێکی نموونەییدا دروست دەبن. ئەوان کاتێک سەرهەڵدەدەن کە سەرکردە سیاسییەکان درک بە بەرژەوەندییە ستراتیژییە درێژخایەنەکان دەکەن و هەنگاو دەنێن پێش ئەوەی دەرفەتەکان لەدەست بچن.

بۆ ئەوروپا، نابێت غازی کوردستان تەنیا وەک سەرچاوەیەکی ناوچەیی سەیر بکرێت. بەڵکو دەبێت وەک سەرمایەیەکی ستراتیژیی چاوەڕوانکراو لێی تێبگەین لە نێو دیمەنێکی وزەدا کە تا دێت نادڵنیایی تیایدا زیاتر دەبێت. پرسیارە ڕاستەقینەکە ئەوەیە کە ئایا ئەوروپا، تورکیا، بەغدا و هەولێر، ئەو دیدگا سیاسییەیان هەیە کە پێویستە بۆ گۆڕینی ئەم توانا شاراوەیە بۆ واقیع؟

Back to top button