
لە ماڵی عەممار حەکیم، سەرکردەی “ڕەوتی حیکمە” لە گەڕەکی جادریە، کۆدەنگییەک لە ناوخۆی چوارچێوەی هەماهەنگی لەسەر دیدگای ئابووریی حکومەتی عێراق دروستبووە، کە لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشکەش کرابوو؛ دیدگاکە ڕێوشوێنێک لەخۆدەگرێت کە بە بوێرانەترین هەنگاو لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا وەسف دەکرێت.
بەڵام ڕێگای گەیشتن بەم گۆڕانکارییانە تەنها بە وەزارەتی داراییدا تێپەڕ نابێت، بەڵکو بە چەندین دۆسیەی هەستیارتردا دەڕوات: چەکی بێسەروبەر، وەبەرهێنانی بیانی، و ڕاوەدووڕانی تۆمەتبارانی گەورەی گەندەڵی. ئەم دۆسیانە لە مێشکی حکومەتە نوێیەکەدا بە یەکەوە بەستراونەتەوە، کە هەوڵ دەدات ناسنامەیەکی ئابووری جیاواز بۆ عێراق دابڕێژێت.
ڕۆژنامەی مەدا بڵاویکردوەتەوە، زەیدی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە بانگەوازەکەی بۆ “دەرچوون لە عەقڵیەتی سۆسیالیستی” مشتومڕێکی بەرفراوانی نایەوە، هەوڵ دەدات خۆی وەک خاوەن پڕۆژەیەکی ئابووری گشتگیر نیشان بدات، لە کاتێکدا نەیار و لایەنگرانی بە یەک دەنگ بە “سەرۆک وەزیرانی ملیاردێر” وەسفی دەکەن، بەهۆی خاوەندارێتییکردنی تۆڕێکی بەرفراوان لە دامەزراوە دارایی و بازرگانییەکان کە هاوبەشییان لەگەڵ دەوڵەتدا هەیە.
ڕزگاربوون لە قەرزەکان.. فرۆشتنە یان گواستنەوەی خاوەندارێتی؟
بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان کە قسەیان بۆ (مەدا) کردووە، ئەو پلانەی سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەی ئێوارەی دووشەممەدا خستیە ڕوو، لە قۆناغی یەکەمیدا جەختی لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیەی قەرزی گشتی کردووەتەوە کە لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکیدا زیاتر لە 83 ملیار دۆلارە.
زەیدی پێشنیاری گواستنەوەی خاوەندارێتی ئەو دامەزراوە حکومییە بەرهەمهێنەرانە دەکات کە قەرزیان لەسەر کەڵەکە بووە، ئەمەش وەک یەکێک لە ڕێڕەوە سەرەکییەکان بۆ سووککردنی بارگرانی دارایی سەر شانی دەوڵەت دەبینێت، بێ ئەوەی وردەکاری زیاتر دەربارەی ئەم خاڵە بخرێتە ڕوو، چونکە ناڕوونی و شاردنەوەی زانیارییەکان لەمبارەیەوە زۆرە.
نوێترین زانیارییەکانی وەزارەتی دارایی تا کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوو ئاشکرای دەکەن کە کۆی قەرزی ناوخۆیی 96 تریلۆن و 629 ملیار دیناری تێپەڕاندووە (واتە هاوتای نزیکەی 73.3 ملیار دۆلار)، لە کاتێکدا قەرزی دەرەکی زیاتر لە 10 ملیار دۆلارە.
زەیدی لەم دواییانەدا ڕایگەیاندبوو کە لە کاتی دەستبەکاربوونیدا لە گەنجینەی دەوڵەتدا تەنها یەک تریلۆن دینار هەبووە، لە کاتێکدا مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتر جەختی کردبووەوە کاتێک گەنجینەکەی ڕادەستی حکومەتی دوای خۆی (حکومەتی سودانی) کردووە و نزیکەی 100 تریلۆن دیناری تێدا بووە.
پسپۆڕانی ئابووری پێشبینی دەکەن، کە لەژێر فشاری قەیرانی داراییدا، دۆخەکە بە فرۆشتنی دارایی و موڵکەکانی دەوڵەت کۆتایی بێت، ئەمەش ڕێڕەوێکە کە مەترسی بەرفراوان سەبارەت بە شەفافیەت و بەهای ڕاستەقینەی ئەو موڵکانە دروست دەکات.
لەم چوارچێوەیەدا، نەبیل مهرسومی، مامۆستای ئابووریی لە زانکۆی مەعقەل لە بەسرە، هۆشداری دەدات لەوەی کە فرۆشتنی موڵک و سەرمایەکانی حکومەت، لەبری ئەوەی ببێتە ئامرازێک بۆ ڕزگارکردنی دارایی، بەهۆی بەردەوامیی ئاستی بەرزی گەندەڵی و لاوازی چاودێری بەسەر پرۆسەکانی هەڵسەنگاندن و فرۆشتندا، ڕەنگە ببێتە دەروازەیەکی نوێ بۆ بەفیڕۆدان.
مەرسومی بە (مەدای) وتووە: “ئەم بژاردەیە لە سەردەمی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانیشدا خرایە ڕوو، لەو کاتەشدا هەمان ئەو هۆشدارییانە دران”، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم کێشەیە تەنها تایبەت نییە بە عێراق، بەڵکو لە ئەزموونی وڵاتانی تریشدا کە گەندەڵییان تێدابووە دەرکەوتووە و ئەنجامەکانی باش نەبوون.
ناوبراو دەشڵێت مەترسییەکە لەو بۆشاییە دایە کە لە نێوان بەهای ڕاستەقینەی موڵکەکان و ئەو نرخانەی پێی دەفرۆشرێن هەیە، ئاماژەی بەوەش کرد کە دامەزراوەیەکی حکومی ڕەنگە بە 25 ملیۆن دۆلار بفرۆشرێت لە کاتێکدا بەهای ڕاستەقینەی 100 ملیۆن دۆلار تێدەپەڕێنێت، ئەم جیاوازییەش لەبری ئەوەی ببێتە بەشێک لە چارەسەر، دەکرێت بگۆڕێت بۆ سەرچاوەیەکی نوێی گەندەڵی.
شایەنی باسە حکومەتەکەی حەیدەر عەبادی لە ساڵی 2016دا تاوتوێی فرۆشتنی نزیکەی 600 هەزار خانو و موڵکی حکومی کردبوو، کە لە نێوانیاندا زیاتر لە هەزار کۆشكی سەر بە ڕژێمی پێشوو هەبوون، ئەمەش بۆ پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە داراییەی کە بەهۆی داڕمانی نرخی نەوتەوە دروستبووبو.
لەو سەردەمەدا، لیژنەی دارایی پەرلەمان بۆ (مەدا) مەزندەی کردبوو کە دەکرێت تا 150 ملیار دۆلار لەو پرۆسەیە بەدەست بهێنرێت.
بەهای دۆلار دەگۆڕێت
سەرچاوەکان باس لە پێشنیارێک دەکەن بۆ بەرزکردنەوەی دووبارەی نرخی دۆلار، بێ ئەوەی ئەو نرخە ئاشکرا بکەن کە سەرۆک وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا خستوویەتیە ڕوو.
محەمەد شیاع سودانی لە ساڵی 2023دا بڕیارێکی دابوو بۆ دابەزاندنی نرخی گۆڕینەوەی دۆلار بۆ 1300 دینار بۆ هەر دۆلارێک و جێگیرکردنی لەو ئاستەدا.
بەپێی مەزندەکانی ئەو کاتە، ئەو بڕیارە ساڵانە نزیکەی 15 تریلۆن دینار لەسەر گەنجینەی دەوڵەت کەوتووە، کە ئەمەش خرایە سەر ئەو کورتهێنانە داراییەی کە لە ڕێگەی قەرزکردنەوە دابین دەکرا، ئەمەش بەشداربوو لە زیادبوونی قەرزەکاندا.
لە کۆتایی ساڵی 2020دا، حکومەتەکەی مستەفا کازمی نرخی فەرمی دۆلاری لە 1180 دینارەوە بۆ 1450 دینار بەرزکردبووەوە.
وا دیارە گەڕانەوە بۆ دۆسیەی نرخی گۆڕینەوەی دۆلار بەهۆی توندبوونی فشارە داراییەکانەوە چاوەڕوانکراو بووبێت، بەتایبەت دوای لێدوانەکانی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە، کە تێیدا باسی لە ناچاربوونی دەوڵەت کردبوو بۆ چاپکردنی 25 تریلۆن دینار بە مەبەستی دابینکردنی پابەندبوونی داراییەکان، کە لە پێشەنگیاندا مووچە هەیە.
ڕیتز کارڵتۆن.. وەشانە نوێیەکە
پلانی چارەسەرکردنی کورتهێنان تەنها لە فرۆشتنی موڵکەکان یان دەستکاریکردنی نرخی گۆڕینەوەی دۆلاردا ناوەستێت.
دزەپێکردنی زانیارییەکان باس لە ڕێڕەوێکی سێیەم دەکەن کە لەسەر بنەمای گێڕانەوەی پارە دزراوەکان لە تۆمەتبارانی گەورەی گەندەڵی بنیات نراوە، لە ئەزموونێکدا کە هاوشێوەی ئەو ڕووداوانەیە کە لە سعودیە لە کاتی کەمپینی “ڕیتز کارڵتۆن”دا پێش چەند ساڵێک ڕوویدا.
یەکەمین ئاماژەکانی ئەم ڕێڕەوە بە دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی دەستی پێکرد، کە دەسەڵاتداران ڕایانگەیاند لە کاتی پرۆسەکەدا دەستیان بەسەر دەیان خانوو، موڵک، پارە و چەکدا گرتووە.
له پێشهاتێکی بەرچاودا کە پەیوەندی بە دۆسیەی پارە و ململانێ داراییەکانەوە هەیە، دادگای بەرایی کەرخ لە بەغدا، دوێنێ بڕیارێکی دەرکرد کە تێیدا پەرلەمانتاری پێشوو جەمال کەربولی پابەند دەکات بە پێدانی بڕی 4.5 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی بە سەرۆکی کۆمەڵەی مانگی سووری عێراقی بە سیفەتی وەزیفی خۆی.
زەیدی لە سەرەتای دەستبەکاربوونیدا ئەنجومەنێکی باڵای دەستپاکی پێکهێنا، سەرەڕای ئەوەی کە خودی دەستەی دەستپاکی خۆی بوونی هەیە.
ئەم هەنگاوە پرسیاری گەلێکی دروستکرد سەبارەت بەوەی ئایا ئەمە هۆکار دەبێت بۆ خێراکردنی هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، یان چینێکی نوێی بیرۆکراسی بۆ دیمەنە کارگێڕییە ئاڵۆزەکە زیاد دەکات.
نەخێر بۆ چەک.. خوداحافیز سۆسیالیزم
بەڵام ئەوەی زیاتر لەم دیدگا نوێیەدا سەرنج ڕادەکێشێت، بەستنەوەی ڕاستەوخۆی نێوان ئابووری و ئاسایشە.
حکومەت گرەو لەسەر ڕاکێشانی وەبەرهێنانی ئەمریکی و کەنداوی دەکات، کە هی دواییان بە نزیکەی 50 ملیار دۆلار مەزندە دەکرێت، بەڵام ئەم ئامانجە، بەپێی زانیارییە باوەکان، مەرجدارکراوە بە سەپاندنی کۆنترۆڵی تەواو بەسەر چەکدا و قەتیسکردنی لە دەستی دەوڵەتدا.
حکومەت ڕووبەڕووی ڕێگرییەک دەبێتەوە کە بریتییە لە ڕەتکردنەوەی هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بەشداریکردن لەو پلانانەی تێکەڵکردن کە ئێستا خراونەتە ڕوو.
لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پارێزگارەکان لە هەفتەی ڕابردوودا، زەیدی جەختی لەسەر گرنگی بەردەوامبوون لە پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دامەزراوەکانی دەوڵەتدا کردەوە، و ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هەنگاوە دەروازەیەکی سەرەکییە بۆ پاڵپشتیکردنی گەشەپێدانی ئابووری و هاندانی وەبەرهێنان.
زەیدی لە وتارەکەیدا لە کاتی پشووی جەژندا، هەنگاوێکی زیاتری نا لە ڕێوشوێنە داراییە ڕاستەوخۆکان، کاتێک ڕایگەیاند کە حکومەتەکەی کار لەسەر “داڕشتنی ناسنامەیەکی ئابووری نوێ بۆ عێراق و دەرچوون لە عەقڵیەتی سۆسیالیستی” دەکات.
وا دیارە زەیدی ئابوورییەکی دەوێت کە زیاتر کراوە بێت بەڕووی وەبەرهێنانی جیهانیدا، و زیاتر پشت بە کەرتی تایبەت ببەستێت، و کەمتر بەستراو بێتەوە بە دەوڵەتی کرێخۆری تەقلیدی (پشتبەستوو بە نەوت).
بەڵام ئەم تێڕوانینە بێ ناڕەزایەتی سیاسی و ئابووری نییە، چونکە ڕەخنەگران پێیان وایە کێشەکە لە “سۆسیالیستی”بوونی ئابووری عێراقدا نییە، هێندەی لە سستی دامەزراوەکانی دەوڵەت و لاوازی کەرتی تایبەت و بڵاوبوونەوەی گەندەڵیدایە.
ڕاپۆرتەکانی بانکی جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن کە عێراق لە دۆخی “سەرمایەدارییەکی شێوێندراو”دا دەژیت، چونکە هێشتا نەوت زیاتر لە 90٪ی بوودجەی گشتی دابین دەکات، لە کاتێکدا کەرتی تایبەت بەدەست بیرۆکراسی و لاوازی سیستەمی بانکییەوە دەناڵێنێت، و لە هەمان کاتدا ئاوسانی کەرتی گشتی بەردەوامە لە بەفیڕۆدانی سەرچاوەکان.





