بۆچی چاپکردنی 25 ترلیۆن دینار لەلایەن عێراقەوە مەترسیدارە؟

کاتێک دەوڵەتێک بڕێکی زۆر لە دراوی نوێ چاپ دەکات، بەهای ئەو دراوە بەرامبەر بە کاڵاکان و دراوە بیانییەکان دادەبەزێت. ئەمە سادەترین ڕوونکردنەوەیە لەبارەی چاپکردنی دراو، چونکە ئەم دیاردەیە لە ئابووریدا پەیوەندی بە چەند یاسایەکی بنەڕەتییەوە هەیە.

یاسای خستنەڕو و داواکاری

کڕین و فرۆشتنی پارەش وەک هەر کاڵایەکی ترە، کاتێک بانکێکی ناوەندی بڕێکی زۆر پارە چاپ دەکات و دەیخاتە بازاڕەوە، خستنەڕووی پارە زۆر زیاد دەکات. ئەگەر لە بەرامبەردا بەرهەمهێنانی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان لە وڵاتەکەدا وەک خۆی مابێتەوە و زیاد نەبووبێت، ئەوا بەهای هەر یەکەیەکی ئەو دراوە کەم دەبێتەوە، چونکە پارەیەکی زۆر بەدوای کاڵایەکی کەمەوەیە.

هەڵاوسانی ئابووری

کاتێک پارە لەدەستی خەڵکدا زۆر دەبێت، هێزی کڕین بۆ ماوەیەکی کاتی زیاد دەکات و خەڵک زیاتر داوای کاڵا دەکەن. کاتێک داواکاری لەسەر کاڵاکان لە توانای بەرهەمهێنانی کارگەکان و بازاڕ زیاتر دەبێت، بازرگانان و خاوەنکاران ناچارن نرخی کاڵاکانیان بەرز بکەنەوە. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵاوسان. لەم دۆخەدا، ئەگەر پێشتر بە 10 هەزار دینار سێ کیلۆ گۆشتت کڕیبێت، دوای چاپکردنی پارە و بەرزبوونەوەی نرخەکان، ڕەنگە هەمان بڕە پارە تەنها یەک کیلۆ گۆشتی پێ بکڕێت. ئەمەش واتای دابەزینی بەهای ڕاستەقینەی دراوەکەیە.

لە ئابووری هاوچەرخدا، بەهای دراو بەهۆی قەبارەی بەرھەمی ناوخۆیی خاو، یەدەگی زێڕ، دراوە بیانییە بەهێزەکان (وەک دۆلار)، و متمانەی وەبەرهێنەران بە ئابووری ئەو وڵاتە دیاری دەکرێت. چاپکردنی پارە بەبێ ئەوەی گەشەی ئابووری یان یەدەگی نیشتمانی زیادی کردبێت، وەک ئەوە وایە کێکێک کە بۆ پێنج کەس بێت، بیکەیت بە 20 لەتەوە، قەبارەی کێکەکە وەک خۆیەتی، بەڵام پشکەکانی هەر کەسێک زۆر بچووک دەبنەوە.

مێژووی چاپکردنی دراو لە عێراق

مێژووی دراو و چاپکردنی پارە لە عێراقدا پرۆسەیەکی بەردەوامە و ناتوانرێت بە ژمارەیەکی دیاریکراو بۆ نموونە بگوترێت پێنج یان 10 جار ئەنجامدراوە. بانکە ناوەندییەکان، لەوانەش بانکی ناوەندیی عێراق، ساڵانە و بە شێوەیەکی خولی پارەی نوێ چاپ دەکەن بۆ جێگرتنەوەی ئەو پارە کۆن و دڕاوانەی کە لە بازاڕدا تێکدەچن، یان بۆ هاوتەریببوون لەگەڵ گەشەی دانیشتوان و ئابووری.

بەڵام عێراق لەمێژووی خۆیدا بەهۆی قەیرانی داراییەوە بەمشێوەیە دراوی نوێی چاپکردووە:

قەیرانی گەمارۆی ئابووری (1991- 2003) گەورەترین و درێژترین ماوەی چاپکردن، ئەمە قورسترین و مێژوویترین قەیران بوو کە عێراقی ناچار کرد پارە بە لێشاو چاپ بکات.

دوای داگیرکردنی کوەیت و سەپاندنی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، هەناردەکردنی نەوتی عێراق بە تەواوی ڕاوەستا. حکومەت چیدی هیچ داهاتێکی دۆلاری نەبوو، لە هەمان کاتدا یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندی بلۆک کرا و وڵاتانیش ڕێگەیان نەدا عێراق لە دەرەوە (لە سویسرا و بەریتانیا) پارە چاپ بکات.

حکومەتی عێراق بۆ بژێوی ڕۆژانە و دابینکردنی مووچەی سوپا و فەرمانبەران، ئامێری چاپی هێنایە ناوخۆی بەغدا و دەستی کرد بە چاپکردنی دینار لەسەر کاغەزی ئاسایی و بێ کوالێتی کە بە چاپی سەدام ناسرا.

بەهۆی ئەم چاپکردنە بێسەروبەرەوە، بازاڕ نوقمی پارەی بێ بەها بوو. بەهای دینار بە شێوەیەکی ترسناک داڕما؛ بۆ نموونە لە ساڵی 1995دا، نرخی یەک تۆن تەماتە گەیشتە نیو ملیۆن دینار، لە کاتێکدا پێش قەیرانەکە بە کەمتر لە دینارێک بوو.

قەیرانی دارایی و شەڕی داعش (2014- 2016) و چاپی ناوخۆیی سنووردار

لەم قۆناغەدا عێراق تووشی دوو قەیرانی هاوکات بوو: داگیرکردنی سێیەکی خاکی عێراق لەلایەن داعشەوە کە خەرجییەکی سەربازی یەکجار زۆری دەویست، لەگەڵ داڕمانی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا کە داهاتی عێراقی بە ڕێژەی زیاتر لە 50٪ کەمکردەوە.

عێراق بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە و خەرجییەکانی شەڕ، پەنای برد بەشێک لە چاپکردنی ناوخۆیی لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە، بەڵام ئەمجارەیان بە شێوازێکی تەکنیکی و کۆنترۆڵکراوتر.

ئەگەرچی بەهای دینار وەک ساڵانی نەوەدەکان دانەڕما چونکە یەدەگی دۆلاری بانکی ناوەندی تا ڕادەیەک پشتیوانی دەکرد، بەڵام بازاڕ تووشی سستی بو و حکومەت ناچار بوو پاشەکەوت و سیاسەتی سکهەڵگوشین جێبەجێ بکات.

قەیرانی کۆرۆنا و داڕمانی نرخی نەوت (2020) قەرزکردنی ناوخۆیی بە چاپی نوێ

ئەمە نوێترین قەیران بوو کە عێراقی خستە بەردەم مەترسی نەبوونی نەختینە بۆ مووچە. لە ساڵی 2020دا بەهۆی کەرەنتینەی جیهانییەوە نرخی نەوت بۆ خوار 25 دۆلار دابەزی و عێراق نەیدەتوانی مووچەی مانگانەی فەرمانبەران دابین بکات.

پەرلەمانی عێراق یاسای کورتهێنانی دارایی (قەرزی ناوخۆیی) پەسەند کرد. حکومەت ناچار بوو بە ملیاران دیناری نوێ لە ڕێگەی بانکی ناوەندییەوە چاپ بکات و بیخاتە بازاڕەوە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی مانگەکانی کۆتایی ساڵی 2020 بدات.

ئەم چاپکردنە و زیادبوونی بڕی دینار لە بازاڕدا، وای لە حکومەت و بانکی ناوەندی کرد کە لە کۆتایی ساڵی 2020دا بڕیارێکی مێژوویی بدەن، ئەویش دابەزاندنی فەرمی بەهای دینار بوو بەرامبەر دۆلار نرخی دۆلاریان لە 120 هەزارەوە بەرزکردەوە بۆ 145 هەزار دینار، بۆ ئەوەی بتوانن هاوسەنگییەک لە نێوان ئەو هەموو دینارە چاپکراوە و یەدەگی دۆلارەکەیاندا دروست بکەن.

ئەگەر حکومەتەکەی زەیدی دینار چاپ بکات چی ڕوودەدات؟

هەرچەندە تا ئەم ساتە هیچ بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە کە دیناری نوێیان چاپکردووە، بەڵام ئەگەر بڕیارەکە درابێت و پارەکە چاپکرابێت، کۆمەڵێک سیناریۆی مەترسیدار چاوەڕێی ئابووریی عێراق دەکات:

عێراق وڵاتێکی بەرهەمهێنەر نییە؛ نزیکەی هەموو شتێک لە خۆراک و دەرمانەوە تا ئۆتۆمبێل و کەرەستەی بیناسازی بە دۆلار لە دەرەوە هاوردە دەکات.کاتێک داهاتی دۆلار دەبڕێت، بانکی ناوەندیی ناتوانێت بەردەوامیی بە مەزادی دراو بدات یان دۆلاری پێویست بخاتە بازاڕەوە.

خستنەبازاڕی 25 ترلیۆن دیناری نوێ، واتە بازاڕ نوقمی دینار دەبێت، لە کاتێکدا دۆلار یەکجار کەم و دەگمەن دەبێت.

لە دەرئەنجامدا، نرخی دۆلار لە بازاڕی ڕەشدا بە شێوەیەکی خێرا بەرز دەبێتەوە بۆ ژمارەی پێوانەیی (رەنگە بگاتە 200 هەزار دینار)، چونکە هەموو کەسێک دەیەوێت دینارە نوێیەکانی بکاتە دۆلار یان زێڕ، ئەوەش بۆ پاراستنی بەهاکەی.

کڕینی کاڵای هاوردەکراو پێویستی بە دۆلارە. کاتێک دۆلار گران دەبێت، نرخی هەموو شتێک لە بازاڕدا (خۆراک، سووتەمەنی، کرێی خانوو، دەرمان) بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. هاووڵاتیان دەبینن کە ئەگەرچی مووچەکەیان بە دینار وەرگرتووە، بەڵام ئەو مووچەیە نیوەی یان چارەکی پێشوو کاڵای پێ ناکڕدرێت. ئەمەش هێزی کڕین بە تەواوی لاواز دەکات.

بانکی ناوەندی عێراق بۆ ڕێگریکردن لە داڕمانی تەواوەتی دینار، ناچار دەبێت دەستبکات بە بەکارهێنانی ئەو یەدەگە ستراتیژییەی کە لە دۆلار و زێڕ هەیەتی (کە لە ئێستادا لە ئاستێکی باش دایە). بەڵام بەهۆی چاپکردنی ئەو 25 ترلیۆنە و نەبوونی داهاتی نوێی نەوت، ئەم یەدەگە بە خێراییەکی مەترسیدار دادەبەزێت. ئەگەر قەیرانی گەرووی هورمز درێژە بکێشێت، یەدەگەکە بە تەواوی وشک دەبێت و وڵات بەرەو ئیفلاسبوونی فەرمی دەچێت.

بازرگانان ناتوانن لە دۆخی ئاوا ناسەقامگیردا سەرکێشی بە سەرمایەکانیانەوە بکەن. هاوردەکردن کەم دەبێتەوە، زۆرێک لە کۆمپانیاکان و پڕۆژەکانی بیناسازی و وەبەرهێنان دەوەستن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی بێکاری لە نێو گەنجاندا.

حکومەتە هۆشیارەکان لە کاتی داخرانی دەروازە نەوتییەکاندا، پێش ئەوەی بازاڕ نوقمی پارەی بێ بەها (چاپکراو) بکەن، پەنا دەبەنە بەر گەڕان بەدوای قەرزی بەپەلە لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی (IMF) یان بانکە جیهانییەکان بۆ دابینکردنی دۆلار.

کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان و ڕاگرتنی هەموو پڕۆژە و خەرجییە نا سیادییەکان و تەرخانکردنی داهاتە ناوخۆییەکان تەنها بۆ کەرتی تەندروستی، خۆراک و مووچە.

چاپکردنی 25 ترلیۆن دینار لەم دۆخەدا، تەنها کێشەی نەبوونی پارە بۆ چەند مانگێک چارەسەر دەکات، بەڵام لە بەرامبەردا دینار لە ڕووی هێزی کڕینەوە هێندە بێهێز دەکات کە زیانەکەی زۆر گەورەتر دەبێت لە سوودەکەی.

Back to top button