قومارەکەی سەدر و قەتەر

  • ئەگەر واشنتۆن لە سەدر تێنەگات چی ڕوودەدات؟

له کانوونی دووەمی 2003دا، موقتەدا سەدر و لایەنگرانی، عەبدولمەجید ئەلخوئی، کەسایەتی دیاری ئاینییان لە نەجەف کوشت، ئەمەش بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی مەزارگە پیرۆزەکان و داهاتە زۆرەکانیان. سەدر خێرا بوو بە هێمای خراپترین جۆری سیاسەتی میلیشیایی، هەژموونی ئێران و پارچەپارچەبوونی دەوڵەتی عێراق.

کەچی ئێستا، پلاتفۆرم و میدیاکانی سەر بە قەتەر بە نمونە کەناڵی جەزیرە، سەدر وەک نەتەوەپەرستێکی عێراقی، چاکسازێکی دژە گەندەڵی و کارەکتەرێکی شیعەی سەربەخۆ نیشان دەدەن، کە توانای بەرەنگاربوونەوەی ئەو میلیشیا پاڵپشتیکراوانەی ئێرانی هەیە کە لە بنەڕەتدا لەناو میلیشیاکەی خۆیەوە سەریان هەڵداوە.

ئەڵقەیەکی ئەم دواییەی بەرنامەی “هەوڵی تێگەیشتن” لە کەناڵی جەزیرە، ئەم ئاراستەیە بەڕوونی نیشان دەدات. هەرچەندە بەرنامەکە سەرنجی لەسەر گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران بوو لە کاتی ئۆپەراسیۆنی (داستانی توڕەیی)، بەڵام توێژەرانی کەناڵە قەتەرییەکە هەوڵیان دا وێنەی سەدر سپی بکەنەوە. میوانانی ئەڵقەکە پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە “سوپای مەهدی”ی موقتەدا سەدر وەک وەڵامێک بۆ داگیرکاریی ئەمریکا سەری هەڵداوە و لە دەرەوەی پێکهاتەی سەربازی و ئەمنیی ئێران کاری کردووە.

بەڵام ڕاستییەکان لەسەر زەوی پێچەوانەی ئەمە دەسەلمێنن. هەر کاتێک سەدر لەلایەن هێزەکانی ئەمریکا و دەسەڵاتدارانی عێراقەوە ڕووبەڕووی شکستێکی سەربازیی حەتمی یان دەستگیرکردن بووبێتەوە، بەتایبەتی لە کاتی شەڕی نەجەف لە ساڵی 2004 و ئۆپەراسیۆنی تۆڵەی شوڕشگێڕان لە بەسرە لە ساڵی 2008، لە ناوخۆی ئێراندا شوێنی خۆحەشاردانی پێدراوە. سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی و تۆڕەکانی حزبوڵای لوبنانی بە چاوی بێگانە سەیری سەدریان نەکردووە؛ ئەوان چەکدارکردن، مەشقپێکردنی هێزەکانی سەدریان لە ئەستۆ گرتبوو.

عەبدولڕەزاق ئەلحەیالی، ئەندامی پێشووی ڕێکخراوی بەدر شایەتیی داوە کە قاسم سولەیمانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس و ئەبو مەهدی موهەندیس، سەرۆکی حەشدی شەعبی، لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا سوپای مەهدییان ڕێکخستووە. لە ساڵی 2004دا، ڕۆژنامەی (ئەلحەوزە)ی سەر بە ڕەوتی سەدر، وتارێکی بڵاوکردەوە کە تێیدا ستایشی سەرکردایەتیی ئێرانی دەکرد کە شۆڕشی ئیسلامی لە گەڕەکە هەژارنشینەکەی بەغدا، واتە “سەدر سیتی”یەوە سەر هەڵدەدات. هیچ کام لەم ڕاستییانە لە گفتوگۆکەی ئەلجەزیرەدا دەرنەکەوتن، کە لە جیاتی ئەوە بڕیاری دابوو ڕەوتی سەدر وەک کارەکتەرێکی عێراقی نیشان بدات کە بە ناهەق لەگەڵ هێزەکانی سەر بە ئێراندا ناوی دەهێنرێت.

ستراتیژیی هەرێمایەتیی دەوحە پشت بە داڕشتنەوەی گوتاری سیاسی دەبەستێت لە ڕێگەی پلاتفۆرمە میدیاییەکان، تۆڕە ڕۆشنبیرییەکان و پەیوەندیی لەگەڵ کارەکتەرە نادەوڵەتییەکان لە سەرانسەری دەوڵەتە عەرەبییە پارچەپارچەبووەکاندا. دووبارە نیشاندانەوەی سەدر وەک کەسایەتییەکی نەتەوەیی سەربەخۆ و دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی میلیشیاکان، داواکارییەکە بۆ ڕاکێشانی بێزاریی شەقامی عێراقی لە گەندەڵی و هەژموونی دەرەکی، ئەمەش لەوانەیە لایەنگرانی سەدر بکاتە هاوبەشێکی قبوڵکراوتر لە ڕێککەوتنە سیاسییەکانی داهاتووی ناوچەکەدا.

لاوازیی سیاسیی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق، کە سەرچاوەکەی نەبوونی پێگەی جەماوەری و مشتومڕە داراییەکانیەتی، وایکردووە مانەوەی سیاسیی ئەو بەند بێت بە پاڵپشتی دەرەکی و شەرعییەت لە لایەنە دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان. پاڵپشتیی سەدر هەم توانای جوڵاندنی جەماوەر و هەم شەرعییەتی سیاسیی دەرەوەی سندوقەکانی دەنگدانی پێدەبەخشێت.

لێدوانەکانی ئەم دواییەی سەدر، لەوانەش پاڵپشتییە ئاشکراکانی بۆ زەیدی، ئاماژە بەوە دەکەن کە پێدەچێت ئەم هاوپەیمانییە لە ئێستاوە شێوەی گرتبێت. ئەگەر ئەمە ڕاست بێت، ئەوا چاکسازیی سیاسیی سەدر لەلایەن قەتەرەوە دوو ئامانج دەپێکێت: پێگەی سیاسیی سەدر سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە و دەبێتە هۆی قبوڵکردنی فراوانتری ڕێککەوتنێکی حوکمڕانی کە تێیدا هەژموونی سەدر لە پشت پەردەوە کار دەکات، لە کاتێکدا خودی سەدر وەک دروستکەری پاشاکان ڕۆڵ دەگێڕێت.

ئەگەر واشنتۆن ــ لەژێر کاریگەریی دەوحەدا بە هەڵە لە سەدر تێبگات، ڕەنگە ببێتە پاڵپشتی ڕێککەوتنە سیاسییەکەی کە حوکمرانیی میلیشیاکان بەهێزتر دەکات.

ڕەوتی سەدر لە ساڵی 2003وە بەشدارە لە سیستمی دابەشکردنی دەستکەوتە نەتەوەیی-مەزهەبییەکانی عێراقدا. سەدرییەکان هێشتا دەسەڵاتی گرنگی بیرۆکراتییان لەدەستدایە، لەوانەش سکرتاریەتی گشتیی ئەنجومەنی وەزیران. کۆنترۆڵی سەدرییەکان بەسەر سەرمایە پڕداهاتەکانی دەوڵەتدا، وەک پڕۆژەی بەندەری گەورەی فاو، ڕووبەڕووی تۆمەتی گەندەڵی، خراپ بەڕێوەبردن و سەپاندنی هەژموون لە ڕێگەی توندوتیژی سیاسییەوە بووەتەوە.

واشنتۆن نابێت دژایەتی نێوان سەدر و میلیشیا ڕکابەرەکانی سەر بە ئێران بە پابەندبوون بە بنەما دیموکراتییەکان یان سەروەریی دەوڵەت تێبگات، چونکە سەدر نایەوێت سیستمی گەندەڵی عێراق هەڵوەشێنێتەوە؛ بەڵکو دەیەوێت قۆرخی بکات. سەرەڕای ئەوەش، وەدەرنانی هەندێک لە هێزەکانی سەر بە ئێران بەبێ چارەسەرکردنی بیرۆکەی هەبوونی میلیشیاکان، دەکرێت ببێتە هۆی سەرهەڵدانەوەی ململانێی ناوخۆیی شیعە، وەک چۆن پێکدادانەکانی ساڵی 2022ی ناوچەی سەوز نیشانیاندا کە چۆن ئەم ڕکابەرییانە دەکرێت پەرەبسێنن بۆ توندوتیژیی.

Back to top button