
ئەگەر 28 ساڵ لەمەوپێش بەرپرسێکی ئەمریکی بە دیدێکی “نا بازرگانیی” هەوڵی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی دابێت، ئەمڕۆ تۆم باراک، ئەو ڕۆڵە دەبینێت، کە 180 پلە تێڕوانینی لە ئۆڵبرایت جیاوازترە، یەکەمیان بڕوای بە دامەزراوەکان هەبوو، بەڵام دووەمیان بروای بە کەسی بەهێز هەیە.
لەمێژووی خۆیاندا پارتی و یەکێتی بەبێ نێوەندگیرێکی دەرەکی نەیانتوانیوە بەستەڵەکی نێوانیان بتوێننەوە، بەهێزترین نێوەندگیریش کە قسەکانی ڕەتنەکراوە بووە ئەمریکییەکان بوون، پارتی و یەکێتی مێژوویەکی درێژیان لە گوێگرتن لە وڵاتانی جیهان هەبووە کاتێک لەگەڵ یەکدا لە کێشەدا بوون. تۆم باراک کە ئێستا وەک نێردەی سەرۆکی ئەمریکا لە بەغدایە، هەوڵی تواندنەوەی بەستەڵەکی نێوان پارتی و یەکێتی دەدات.
مادلین ئۆلبرایت، ئەندازیاری ئاشتی نێوان پارتی و یەکێتی 1998
دیارترین و مێژووییترین نێوەندگیری، دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی ئەمریکا بوو بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ناوخۆی پارتی و یەکێتی. بە سەرپەرشتی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئەمریکا مادلین ئۆلبرایت، جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لە واشنتۆن ڕێککەوتنامەی ئاشتییان واژۆ کرد. ئەمە بنەمای ئەو “ڕێککەوتنی ستراتیژی”یە بوو کە دواتر حکومەتی پێ پێکهێنرا.
لە ناوەڕاستی ساڵانی نەوەدەکاندا، واشنتۆن ترسی گەورەی هەبوو لەوەی ناکۆکی نێوان جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ببێتە هۆی ئەوەی ڕژێمی سەدام حسێن یان کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیا کۆنتڕۆڵی تەواوی هەرێمی کوردستان بکەن.
ئۆلبرایت وەک یەکەم ژن لە پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکادا، دۆسیەی کوردی وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ هەژموونی دبلۆماسی ئەمریکا دەبینی. ئەو تێگەیشتبوو کە بێ سەقامگیری لە کوردستان، ستراتیژی ئەمریکا بۆ گەمارۆدانی سەدام سەر ناگرێت.
تەکتیک و شێوازی کارکردنی ئۆلبرایت لە دانوستانەکاندا
ئۆلبرایت لەم نێوەندگیرییەدا تێکەڵەیەکی لە “دبلۆماسیەتی نەرم” و “فشاری توندی دەوڵەتێکی زلهێز” بەکارهێنا. ئۆلبرایت پێداگریی کرد لەسەر ئەوەی دانوستانەکان لە واشنتۆن و دوور لە پایتەختەکانی ناوچەکە وەک تاران، بەغدا و ئەنکەرە ئەنجام بدرێن، بۆ ئەوەی هۆڵی کۆبوونەوەکە لە ژێر کاریگەریی و دەستێوەردانی هەواڵگریی وڵاتانی دراوسێ دوور بێت.
شایەتحاڵەکانی ئەو کاتە دەڵێن ئۆلبرایت زۆر ڕاشکاو بووە؛ بە ڕوونی بە هەردوو سەرکردەکەی ڕاگەیاندووە کە هاوکارییە دارایی و مرۆییەکانی ئەمریکا، و پاراستنی ئاسمانی کوردستان لە هێرشەکانی سەدام حسێن بەردەوام نابێت ئەگەر شەڕ ڕانەگرن و ڕێک نەکەون.
ئۆلبرایت تەنها بە تەوقەکردن و بەڵێنی زارەکی ڕازی نەبوو. تیمی یاسایی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای ڕاسپارد کە دەقێکی چڕ بنووسنەوە کە تێیدا خاڵ بە خاڵ باسی دابەشکردنی داهاتی گومرگەکان، گەڕانەوەی ئاوارەکان، و ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنێکی یەکگرتوو بکرێت.
لەژێر چاودێری ڕاستەوخۆی ئۆلبرایتدا، لە تەلاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی ڕێککەوتننامەکەیان واژۆ کرد. وێنەی کچە دبلۆماتکارە جولەکەکەی ئەمریکا لە نێوان دوو سەرکردە سەرەکییەکەی کورد، بووە یەکێک لە بەناوبانگترین وێنەکانی مێژووی هاوچەرخی کوردستان.
ئۆلبرایت و قوتابخانەی “لیبرال ئینتەرناشناڵیزم”
ئۆلبرایت کاتێک لە ساڵی 1998دا جەلال تاڵەبانی و مەسعود بارزانی لەسەر مێزی دانوستان کۆکردەوە، لەژێر کاریگەریی فەلسەفەی دیموکراتەکان و دبلۆماسیەتی نەریتیی ئەمریکادا بوو، بە دیاریکراویش بڕوابوون بە “لیبرالیزمی نێودەوڵەتی”، واتە ئەمریکا بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و سیاسی هەیە بۆ پاراستنی سەقامگیریی، دیموکراسی و مافی مرۆڤ لە جیهاندا. ئەو پێی وابوو کە کێشەکان لە ڕێگەی “بە دامەزراوەیکردن” و ڕێککەوتنی یاسایی درێژخایەنەوە چارەسەر دەبن.
تۆم باراک و قوتابخانەی “ڕیالیزمی بازرگانی”
تۆم باراک، وەک ملیۆنێرێک و هاوڕێیەکی نزیکی ترەمپ، لە گۆشەنیگایەکی تەواو جیاواز لەوەی ئۆلبرایت تەماشای ململانێ سیاسییەکان دەکات، کە زیاتر بە قوتابخانەی “ئەمریکا لە پێشینەیە”و ڕیالیزمی بازرگانی ناسراوە.
باراک بڕوای بە”سیاسەتی مامەڵە” هەیە. لەم دیدگایەدا، سیاسەتی دەرەوە بەپێی “قازانج و زیانی کورتخایەن” و “ڕێککەوتنی ڕاستەوخۆی نێوان سەرکردە بەهێزەکان” بەڕێوە دەچێت، نەک لە ڕێگەی دامەزراوە و بنەما دیموکراتییەکانەوە.
باراک کێشەکانی پارتی و یەکێتی وەک ململانێی نێوان دوو “بلۆکی هێز یان خێزانی سیاسی” دەبینێت کە بەرژەوەندیی هاوبەشیان لە پاراستنی سەقامگیریدا هەیە. دیدی ئەو بۆ چارەسەر پشت بەم خاڵانە دەبەستێت:
ئەو زیاتر گرنگی بە پاراستنی بەرژەوەندییە ئابوورییەکان (نەوت، غاز، وەبەرهێنان) و هاوسەنگی ئەمنی دەدات. لای ئەو گرنگ نییە سیستمی حوکمرانی چەند دیموکراتییە، بەڵکو گرنگ ئەوەیە “سەقامگیر بێت و کێشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا دروست نەکات”.
لە جیاتی فشار لە ڕێگەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانەوە، ئەو بڕوای بە دانیشتنی ڕاستەوخۆی پشتی پەردە و دۆزینەوەی خاڵی سازشی مادی هەیە لە نێوان سەرکردەکاندا.





