
زۆربەیان دوای چەند مانگێک لە کردنەوەیان داخران؛ قەیرانی ئابووری لە کوردستان کەرتی چێشتخانەکان پەکدەخات
توێژەرانی ئابووری، حاڵەتەکانی داخرانی دووکان و شوێنە بازرگانییەکان، بە چێشتخانە و کافێیەکانیشەوە دوای ماوەیەکی کەم لە کردنەوەیان، بە “دیاردە” وەسف دەکەن. ئەوان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە تەنیا پەیوەندی بە کەرتێکی دیاریکراوەوە نییە، بەڵکو هەموو کەرتە بازرگانییەکانی وەک دووکانی خۆراک، کەلوپەلی ناوماڵ، مۆبیلیات و کارەبایی گرتووەتەوە. ئەمەش نیشاندەری دۆخی نالەباری ئابووریی گەورەترین چینی کۆمەڵگەیە، لە پاڵ هەڵکشانی ڕێژەی بێکاریی درێژخایەن و کەمیی مووچە.
ماوەی پێنج ساڵە، گەنجێکی تەمەن 27 ساڵ بە ناوی محەمەد عەلی کە خەڵکی پارێزگای دهۆکە لە هەرێمی کوردستان، ناتوانێت لەو کارانەدا جێگیر بێت کە لە چێشتخانەکانی شارەکەیدا دەستی دەکەون؛ چونکە زۆربەیان بەهۆی نەبوونی قازانج و بەهۆی بوونی قەیرانێکی ئابووریی قورسەوە دادەخرێن. دواجار لە تشرینی دووەمی 2025 بڕیار دەدات لە چێشتخانەیەکی میللیی لە دەرەوەی هەرێم کار بکات.
محەمەد بە بزەیەکی بچووکەوە کە زوو لەسەر ڕوخساری لادەچێت، دەڵێت: “تەنیا چل ڕۆژ لە چێشتخانەیەک لە پارێزگای بەسرە کارم کرد.” پاشان دەڵێت: “واتە لە دووریی زیاتر لە هەزار کیلۆمەتر لە ماڵەکەمەوە!” دواتر لە کاتێکدا بە دەستەکانی دەموچاوی دادەپۆشێت، دەڵێت: “تەنانەت ئەو چێشتخانەیەش کە هەزار کیلۆمەتر دوور بوو، داخرا! ئەمجارەیان بەهۆی هۆکاری تەندروستییەوە، و هەموو کرێکارەکانیان دەرکرد.”
محەمەد لە قۆناغی سەرەتایییەوە وازی لە خوێندن هێناوە و سەرەتا بەکرێی ڕۆژانە و پاشان بە مانگانە لە چەندین چێشتخانەی دهۆک کاری کردووە، تاوەکو ئەمە بووەتە پیشەی: “چەندین ساڵ لە چێشتخانەیەک لە بازاڕی کۆن کارم کرد، لە کۆتاییدا داخرا، ئەوە پێش دوو ساڵ بوو. دواتر داواکارییم پێشکەش بە چێشتخانەیەکی تری نزیک ئەوێ کرد و یەکسەر وەریانگرتم، بەڵام لە بەدبەختی من ئەویش دوای چەند مانگێک داخرا، هەمان شت بەسەر چێشتخانە و کافتریاکانی تریشدا هات کە دواتر کارم تێدا کردن.”
کارمەندانی بازاڕ و توێژەرانی ئابووریی، حاڵەتەکانی داخرانی شوێنەکان دوای ماوەیەک لە کردنەوەیان، بە دیاردە ناوزەد دەکەن و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەمە تەنها کەرتی چێشتخانە و کافێکان ناگرێتەوە، بەڵکو هەموو کەرتە بازرگانییەکانی وەک خۆراک، کەلوپەلی ناوماڵ، مۆبیلیات، کارەبایی و تەنانەت فڕنی سەموون و نانیش دەگرێتەوە، کە بە هیوایەکی گەورەوە دەکرێنەوە و دوای چەند مانگێک دادەخرێن.
لە یەکێک لە مۆڵە ناسراوەکانی دهۆک، خاوەنی کۆشکێکی فرۆشتنی شەربەت، بە دەست ئاماژە بۆ ڕیزێک لە دووکانەکان دەکات و دەڵێت: “لە دوو مانگی ڕابردوودا دوو دووکان داخران و ئەم مانگەش دانەیەکی تر چووە پاڵیان. لە هەندێک نهۆمدا نیوەی دووکانەکان داخراون، ئەمەش تەنیا پەیوەندی بە چێشتخانەکانی خواردنی خێراوە نییە، بەڵکو چالاکییەکانی تریش دەگرێتەوە.” ئەو باس لەوەش دەکات: “ئەوەی ڕوودەدات نائومێدمان دەکات، دۆخەکە قورسە. دەبێت بجەنگیت بۆ ڕاکێشانی کڕیار و بەردەوامبوونی کارەکەت بە کەمترین قازانج، و هەندێک جاریش بە قبوڵکردنی هەندێک زیانەوە.”
محەمەد هۆکارەکە بۆ پاشەکشەی ئابووریی و هەڵاوسان دەگێڕێتەوە کە نرخەکان بە خێرایی بەرز دەکاتەوە، ئەمەش لە ژێر سێبەری کێشەی دواکەوتنی پێدانی مووچەی حکومیی لە هەرێمدا کە کاریگەری کردووەتە سەر هەموو کەرتەکان بە چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەکانیشەوە، وەک نموونەیەک دەڵێت: “ئەو کەسەی پێش چەند ساڵێک هەفتانە سەردانی چێشتخانەی دەکرد، ئێستا بە زەحمەت مانگی جارێک لە دەرەوەی ماڵەوە نان دەخوات.”
ڕاکردن لە واقیعی ئابووریی کوردستان، کە تێیدا دەرفەتی کار و کرێی کارمەندان پاشەکشەی کردووە، محەمەدی ناچار کردووە لە پارێزگاکانی تری عێراق بەدوای ئەو تاکە کارەدا بگەڕێت کە لێی شارەزایە، کە دوایینیان نەینەوا بوو. لەم بارەیەوە دەڵێت: “هەندێک جار بەهۆی پێداویستییەکانی کارەوە بۆ چەندین هەفتە لە کەسوکارم دادەبڕێم، بەڵام هیچ ڕێگەیەکی ترم نییە. دایک و باوک و خوشک و براکانم پشت بەو پارەیە دەبەستن کە پەیدای دەکەم، و ئەو مووچەیەی لە دەرەوەی دهۆک وەریدەگرم زۆر باشترە.”
ئەو ئێستا لە چێشتخانەیەک لە “گەڕەکی موهەندیسین” لە شاری مووسڵ کار دەکات، و بەپێی ئەزموونە جۆراوجۆرەکانی، پێی وایە “خرۆشاوی و بێپلانیی” هەندێک لە خاوەن پڕۆژەکان لە کەرتی چێشتخانەدا، لە پشت ئەوەوەیە کە پێی دەڵێت “دیاردەی کردنەوەی خێرا و داخران دوای چەند مانگێک یان تەنانەت چەند هەفتەیەک” لە سایەی واقیعێکی ئابووریی شێواودا.
“لە خاوەن و بەڕێوەبەرانی ئەو چێشتخانانەی کارم تێدا کردوون دەبیستم، کە زۆربەیان بەبێ لێکۆڵینەوەیەکی ڕاستەقینە بۆ بازاڕ یان کێبرکێی بەردەوام دەکرێنەوە. ئەوان پێشبینی دەکەن بە خێرایی قازانج بەدەستبهێنن، کاتێکیش لە مانگەکانی یەکەمدا ڕووبەڕووی زیان دەبنەوە، بڕیاری داخرانی دەدەن، لەجیاتی ئەوەی پەرەی پێبدەن یان هەڵسەنگاندن بۆ پلانە کارگێڕییەکانیان بکەن.” ئەوەش بە گوتەی محەمەد.
دلێر ئەحمەد، کە مامۆستایە لە بواری بازاڕی کاردا، ئاماژە بە چەند کەم و کوڕییەک دەکات لە کردنەوەی پڕۆژەکاندا، کە دیارترینیان بێپلانییە وەک هەڵبژاردنی شوێنی نەگونجاو کە تێیدا کێبرکێیەکە لە بەرژەوەندی شوێنەکانی تر یەکلا بووەتەوە، لە پاڵ نەخوێندنەوەی پێداویستییەکانی چینی فراوانتر و توانای کڕینیان.
وەبەرهێنەران جەخت دەکەنەوە کە دیاردەی شکستهێنانی پڕۆژەکان سەرەڕای خەرجکردنی پارەیەکی زۆر، بەتایبەت لە کەرتی چێشتخانەکاندا، نیشاندەری نەبوونی تێگەیشتنە لە بازاڕ و دۆخی دارایی چینی بەئامانجگیراو. ئەمەش ڕەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر دەیان کارمەندی ئەو شوێنانە دەبێت کە خۆیان لەناو بێکاریدا دەبیننەوە و دەبێت دووبارە لە شوێنێکی تر بەدوای دەرفەتدا بگەڕێن.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ژمارەی ئەو چێشتخانانەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە عێراق کراونەتەوە بە زیاتر لە 24 هەزار چێشتخانە دەخەمڵێنێت، کە 500 دانەیان لە پارێزگای بەغدایە و 65٪ی چالاکیی بازرگانیی ناوخۆیی کۆنتڕۆڵ دەکەن.
محەمەد سەیف، پسپۆڕی ئابووری دەڵێت، کۆتاییهاتنی قۆناغی تێکچوونی باری ئەمنی لە عێراق، بەتایبەت دوای ڕزگارکردنی ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕێکخراوی داعشدا بوون لە هاوینی 2017دا، دیاردەی “دروستکردن و کردنەوەی چێشتخانە و مۆڵەکان”ی لێکەوتەوە، کە مۆڵەکان زۆرجار زنجیرە چێشتخانەی تایبەت بە خواردنە خێراکان لەخۆدەگرن.
ئەو دەڵێت: “لە ڕواڵەتدا، بابەتەکە وەک بوژانەوە و گەشەسەندنی ئابووری و کرانەوەی ئارەزووی چێشتخانەی عێراقی بۆ خواردنە جیهانییەکان دەردەکەوێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەمە هەموو یان زۆربەی ئەم پڕۆژانە ناگرێتەوە، چونکە لە ڕاستیدا ئەوانە تەنیا ڕوومەتێکن بۆ سپیکردنەوەی پارە و هیچی تر.”
ئەو بۆ سەلماندنی ئەمە پشت بە چەند تێبینییەک دەبەستێت، لەوانە: “هەندێک چێشتخانە یان شوێنی پێشکەشکردنی خواردن سەدان هەزار دۆلار و هەندێک جار زیاتریشیان تێدا خەرج کراوە، بەڵام بە سەرنجدانێکی خێرا بۆ ئەو شتەی پێشکەشی دەکەن و خەمڵاندنی داهاتی ڕۆژانەیان، دەبینین کە لە ڕووی ئابوورییەوە بەهیچ شێوەیەک بەسوود نین. هەندێکیان بۆ ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵ یان تەنانەت چەند مانگێک بەردەوام دەبن و پاشان دادەخرێن، بۆ ئەوەی بە وەبەرهێنەرێکی نوێ بفرۆشرێن یان چالاکییەکەیان بە تەواوی بگۆڕدرێت.”
لە هەمان کاتدا، ئەو نکوڵی لەوە ناکات کە زۆرێک لە چێشتخانە و کافتریا و پڕۆژەکانی تر بە ڕاستی “یاسایی و ڕەوان” کە خاوەنەکانیان چانسی خۆیان تێدا تاقی دەکەنەوە لە بازاڕێکی گەورەی وەک عێراقدا، و هەندێکیان سەرکەوتوو بوون لە چەسپاندنی پێگەی خۆیان و ساڵانێکە بەردەوامن.
ئەو شارەزایە دەڵێت: “بەڵام پڕۆژە هەن شکست دەهێنن و دەرگاکانیان دادەخەن بەهۆی خراپیی بەڕێوەبردن یان نەبوونی بەخت لەو کاڵا و خزمەتگوزارییەی پێشکەشی دەکەن، ئەمەش بە شێوەیەکی ڕوون لە هەرێمی کوردستاندا دەردەکەوێت.”
عەممار، کە ناسراوە بە (عەممار باریستا) و لە چێشتخانە و کافێی (99) کاری کردووە کە یەکێکە لە پڕۆژە لوکسەکان و لە ساڵی 2023 لە شاری دهۆک کرایەوە، دەڵێت: “ئەزموونی چێشتخانەکە نموونەیەکی ڕوون بوو لەسەر ئەو بۆشاییەی لە نێوان سەرکەوتنی ڕاگەیاندن و سەرکەوتنی بازرگانیی ڕاستەقینەدا هەیە.”
ئەو چێشتخانەیەی لە کاتی کردنەوەیدا پێشوازییەکی بەرفراوانی کڕیار، کەسایەتییە ناسراوەکان و دروستکەرانی ناوەڕۆکی بەخۆیەوە بینی، کە دەهاتن بۆ تاقیکردنەوەی شوێنە نوێیەکە و گرتنی وێنە و بڵاوکردنەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، “ئەمەش سەرنجێکی سەرەتایی دروست کرد کە پڕۆژەکە بەرەو سەرکەوتنێکی گەورە هەنگاو دەنێت، تا وای لێهات لە ماوەیەکی کەمدا ببێتە باسی کۆڵان و بازاڕی دهۆک.”
عەممار جەخت دەکاتەوە کە دیمەنی سەرەتای کردنەوەکە دوای شەش مانگ بە تەواوی گۆڕا، ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان و کەمبوونەوەی نەختینە لای هاووڵاتیان، کە تێیدا ژمارەی کڕیارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەی کرد.
دەڵێت: “زۆر کەس بۆ مەبەستی وێنەگرتن و هاوشانبوون لەگەڵ ترێندەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕوویان لە چێشتخانەکە دەکرد، نەک بە مەبەستی تاقیکردنەوەی خواردنە ناوازەکانیان. هەندێک جار کڕیارەکە تەنیا ئاوێک یان شەربەتێکی داوا دەکرد و کاتێکی زۆری بە وێنەگرتن بەسەر دەبرد، لە کاتێکدا تێچووی بەڕێوەبردنی چێشتخانەکە لە مووچە و کارەبا و شتی تر زۆر بەرز بوو.”
ئاماژە بەوە دەکات کە ئیدارەی چێشتخانەکە هەوڵی داوە خۆی لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا بگونجێنێت لە ڕێگەی دابەزاندنی نرخی چەندین جۆری خواردنەوە و ژەمەکان بۆ ڕاکێشانی ڕێژەیەکی زیاتری کڕیار، بەڵام ئەمە بەس نەبوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە لەگەڵ بەرزبوونەوەی خەرجییەکانی بەڕێوەبردن و جێگیریی پابەندبوونە داراییەکانی پڕۆژەکە.
عەممار پێی وایە ئەوەی ڕوویداوە ڕەنگدانەوەی کێشەیەکە کە ڕووبەڕووی زۆرێک لە پڕۆژە نوێیەکان دەبێتەوە، کە تێیدا هەندێک لە وەبەرهێنەران سەرنج دەخەنەسەر مەراسیمی گەورەی کردنەوە و کەمپینە ریکلامییەکان، لە کاتێکدا ئاڵنگارییە ڕاستەقینەکان پەیوەستن بە توانای پڕۆژەکە بۆ بەردەوامبوون.
خاوەنی (چێشتخانە و کافێی 99) کە بە پارێزەر بەشیر ناسراوە و زیاتر لە 600 هەزار دۆلاری لە دروستکردن و ئامادەکردنی چێشتخانەکەیدا وەبەرهێناوە بەو هیوایەی ببێتە یەکێک لە پڕۆژە پێشەنگەکان لە شاری دهۆک، بەڵام خۆی لەبەردەم بێ کڕیاریدا بینیوەتەوە و پاساوەکەشی ئەوەیە، نەبوونی مووچە و قەیرانی دارایی لە پشت ئەو کێشەیەوەن.
ئیحسان عیسا، سەرۆکی کۆمەڵەی چێشتخانە و هۆتێلەکان لە دهۆک دەڵێت، کەرتی چێشتخانەکان “بە قۆناغێکی قورسدا تێپەڕ دەبێت بەهۆی پاشەکشەی جوڵەی ئابووری و ژمارەی ئەو گەشتیارانەی دێنە هەرێمەوە،” و ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو پاشەکشەیە کاریگەری دەکاتە سەر تەواوی جوڵەی بازاڕ.
جەخت دەکاتەوە کە “دابەزینی ژمارەی گەشتیاران، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی هەبووە لەسەر قەبارەی ڕوودەکردنە چێشتخانەکان، ئەمەش بووەتە هۆی پاشەکشەی داهاتەکان و زیادبوونی فشارەکان لەسەر خاوەنەکانیان،” و دەڵێت کە پاشەکشەی توانای کڕین بووەتە هۆی لاوازبوونی چالاکیی بازرگانی چێشتخانەکان و کاریگەری کردووەتە سەر توانایان بۆ بەردەوامبوون و بەدەستهێنانی قازانج.
شێف موراد، چێشتلێنەرێکی بەڕەچەڵەک ئێرانییە و ساڵانێکی درێژ لە کەرتی چێشتخانەکاندا لە ئێران کاری کردووە پێش ئەوەی لە ساڵی 2024دا بگوێزێتەوە بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق، دەڵێت کە سەرکەوتنی کەرتەکە: “هێشتا گونجاوە سەرەڕای ئاڵنگارییەکان.”
- ئەم ڕاپۆرتە لەژێر سەرپەرشتی تۆڕی “نێریج” بۆ بنکۆڵکاریی ڕۆژنامەوانی ئامادەکراوە.





