عێراق؛ ئەو وڵاتەی هەموو شتێک تیایدا دەگۆڕێت مافی ژن نەبێت

لەگەڵ ئەوەی لە عیراق و هەرێمی کوردستان نەوەیەکی نوێ حوکمرانن، لەگەڵ ئەوەی ڕووخسارە سیاسییەکان گۆڕاون و بەراورد بە دەیەکانی ڕابردوو شێوازی حوکمکردن هەم لە عێراق هەم لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییان بەسەردا هاتووە، بەلام چەسپاندنی دابونەریت بەسەر ژناندا هێشتا لە نێو خێڵ و عەشیرەتەکاندا بوونی هەیە و ئەوەی نەگۆڕاوە مافەکانی ژنە.

هاوسەرگیریی لە دەرەوەی دادگاکان

عێراق یەکێکە لەو وڵاتانەی هاوسەرگیری تیایدا لە دەرەوەی دادگاکان لە هەڵکشاندایە، بەڵام ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی مافەکانی ژنان، کە سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر هاوسەرگیرییەکەیاندا، لە ناسنامەی باری شارستانیدا هێشتا بە “کچ” دەناسێنرێت. ئەم دیاردەیە کە لە عێراقدا لە تەشەنەسندندایە، کاریگەریی نەرێنی لەسەر منداڵانیش دروست دەکات؛ چونکە بەهۆی نەبوونی بڕوانامەی لەدایکبوونەوە (بیان ولادة) ناتوانن لە قوتابخانەکاندا وەربگیرێن.

ئەو کوڕ و کچە گەنجانەی پەیوەندیی دەرەکییان هەیە و نایانەوێت خێزانەکانیان پێی بزانن، پەنا دەبەنە بەر پیاوانی ئایینی بۆ بەستنی گرێبەستێکی شەرعی، بەمەش هاوسەرگیرییەکە بە نهێنی دەمێنێتەوە. ئەم دۆخە بۆ ژنی دووەمیش ڕاستە، کە پیاوان بۆ خۆدوورخستنەوە لە ئاشکرابوونی هاوسەرگیرییەکەیان و ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان پەنای بۆ دەبەن، بەهۆی ئەو کێشانەی بە گشتی لەگەڵ ژنی یەکەمدا دروست دەبن.

ڕێزان شێخ دلێر، ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی عێراق و یەکێک لە پارێزەرە دیارەکان لە باشووری کوردستان پێیوایە گۆڕانی نەوەی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی لەسەر دۆخی ژنان نەبووە، ئەو سەرەتای قسەکانی بە نمونەیەک دەستپێکرد و گوتی: لەو 12 وەزارەتەی حکومەتی عێراق کە تا ئێستا پێکهێنراوە، تەنیا یەک وەزیریان ژنە.

پەیوەست بە ڕۆڵی دادگاکان لە پڕۆسەی هاوسەرگیریی، ڕێزان شێخ دلێر بە بێهیواییەوە باسی لەوەکرد، دوای هەموارکردنی یاسای باری کەسێتی لە عێراق، ئێستا دادگاکان ڕۆڵەکەیان لە تۆمارکردنی ئەو هاوسەرگیرییانەدا بچووک بووەتەوە، کە لەدەرەوەی دادگاکان ئەنجامدەدرێن و بۆ بە یاسایکردنیان دەبرێنە دادگاکان، لەکاتێکدا پێشتر ئەو جۆرە هاوسەرگیرییانە لە دەرەوەی دادگاکان قەدەغە بوو.

یاسا بە زنجیرەیەک ڕێککار ژنی خستوەتە دواوەوە، بۆ نمونە ژنێک ئەگەر لە هاوسەرەکەی جیاببێتەوە، دوای حەوت ساڵ منداڵەکەی دەگەڕێتەوە بۆ باوکەکە، ئەگەر هاوسەرەکەی کۆچی دوایی کردبێت، منداڵەکە دەگەڕێتەوە بۆ باپیر، یان کەسوکاری باوکەکەی، کەواتە یاسا ڕۆڵی بەرچاوی بینیوە لە زوڵمکردن لە ژن، ئەوەش بە گوتەی ڕێزان شێخ دلێر.

عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی بۆ کورد مۆنیتەر ئاماژە بەوە دەکات، لە یاسای باری کەسیی ژمارە 188ی ساڵی 1995دا، ئەحکامەکانی هاوسەرگیری لە چوارچێوەی ماددەکانی (سێیەم تا یازدەیەم) لە بەشی یەکەمی یاساکەدا هاتوون، کە مافەکانی هاوسەرگیریی دەستەبەر دەکەن و هیچ بڕگەیەکیان تێدا نییە لەگەڵ شەریعەتی ئیسلامیدا ناكۆك بێت، بەڵکو جەختیان لەسەر مافەکانی هەردوو لا کردووەتەوە.

تەمیمی دەشڵێت، تەواوی ئەو مافە هاوسەرگیرییانەی لە شەریعەت و یاسادا هاتوون، زیان بە ژن ناگەیەنن، بەڵکو چەسپاندنی مافەکانی کۆمەڵگە بە گشتی و ژن بە تایبەتییە. بەڵام هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگا (واتە لەبەردەم پیاوی ئایینیدا)، مافە شەرعییەکانی ژن پێشێل دەکات. سەرەڕای ئەمەش، زۆرێک لە ژنان لە سەرەتادا ئەم جۆرە هاوسەرگیرییەیان بە کەم سەیر کردووە و وەک کارێکی ئاسایی و باو مامەڵەیان لەگەڵ کردووە، ئەمەش وای کردووە ببنە قوربانی.

تەمیمی چیرۆکی یەکێک لەو حاڵەتانە دەگێڕێتەوە کە هاوسەرگیرییان لە دەرەوەی دادگا کردووە، ئەویش چیرۆکی ژنێکە بە ناوی (هـ. ع) کە باسی لە کاریگەرییەکانی دواکەوتنی تۆمارکردنی هاوسەرگیرییەکەی لە دادگادا کردووە و دەڵێت:

“کاتێک هاوسەرگیریم کرد تەمەنم لە 15 ساڵ تێنەدەپەڕی، لەو کاتەشدا دادگا ڕێگەی بە بەستنی گرێبەستی هاوسەرگیریی لەو تەمەنە نەدەدا، مەگەر بگەنە تەمەنی یاسایی (18ساڵ). لەبەر ئەوە بە (ماره‌بڕینی ئایینی) هاوسەرگیریم کرد. دوای ساڵێک منداڵێکم بوو، بەڵام من و هاوسەرەکەم نەمانتوانی بڕوانامەی لەدایکبوونی بۆ دەربکەین، چونکە لە ناسنامەی باری شارستانیدا هێشتا وەک کچ تۆمارکرابووم.”

“بەڵام زلـلەی دووەم کاتێک بوو کە هاوسەرەکەم ونبوو (بێسەروشوێن بوو). ئەو کاتە تەمەنی کوڕەکەم ببووە سێ ساڵ. ئەو ماوەیە لە ڕێگەی سەردانیکردنی لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگەکانەوە بەدوای هاوسەرەکەمدا گەڕام، بەڵام بێسوود بوو. هەوڵمدا کۆچی دوایی هاوسەرەکەم بسەلمێنم بۆ ئەوەی قەرەبووی ئەو زیانانە وەربگرم کە بەهۆی ونبوونی ئەوەوە بەسەرمدا هاتبوون، بەڵام یاسا هاوکارم نەبوو؛ چونکە یاسا دەڵێت دەبێت چوار ساڵ بەسەر ونبوونی کەسەکەدا تێپەڕێت ئینجا کۆچی دواییەکەی بسەلمێنرێت. تەمەنی کوڕەکەم بووە شەش ساڵ کە تەمەنی یاسایی بوو بۆ چوونە قوتابخانە، لە کاتێکدا دۆخی دارایی من بەردەوام بەرەو خراپتر دەچوو. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، من هێشتا لە ناسنامەکەمدا بە کچ مابوومەوە و کوڕەکەشم بڕوانامەی لەدایکبوونی نەبوو.”

“دوای ئەوەی هەموو دەرگایەکم لێ داخرا، بڕیارمدا کارێک بۆ خۆم بدۆزمەوە، کاتم بە پاککردنەوەی هەندێک خانوو بەرامبەر بە کرێیەکی کەم بەسەر دەبرد. پاشان زلـلەی سێیەم هات؛ کاتێک خێزانی هاوسەرەکەم دوای تێپەڕبوونی چوار ساڵ، کۆچی دوایی کوڕەکەیان (هاوسەرە ونبووەکەم) چەسپاند و ‘قەسامی شەرعی’ (دابەشکردنی میرات)یان بۆ کرد، بەبێ ئەوەی ناوی من یان ناوی کوڕەکەم بهێنن! هۆکارەکەش ئەوە بوو کە من هاوسەرگیرییەکی یاساییم نەکردبوو تا بتوانم مافە شەرعییەکانی خۆم و کوڕەکەم بسەلمێنم.”

ڕێزان شێخ دلێر هاوشێوەی عەلی تەمیمی باس لەوە دەکات، لەسەر مەزهەبی جەعفەری و بە پاڵپشتی یاسا و لەدەرەوەی دادگا، منداڵی 9 ساڵ دەدرێت بە شوو، هاوسەرگیریی “سیغە و متعە” ڕێگەپێدراوە، هەموو ئەمانە لە وڵاتێکدا ڕوودەدات کە بڕیاربوو دوای ساڵی 2003 وێنەیەکی مەدەنیتر نیشانی جیهان بدات، نەك دوای زیاتر لە 20 ساڵ یاسای باری کەسێتی هەموار بکرێتەوە.

ژنان قوربانی دەستی دیوەخان و عەشیرەتەکانن

لە نێو بەشێک لە خێڵ و عەشیرەت و خێزانەکانی عێراق هێشتا ژنان مافی بڕیاردانی هاوسەرگیریان نیە، زۆرجار دیاریکردنی هاوسەر لە تەمەنێکی منداڵیەوە دەکرێت بۆ نمونە [کچێک کە تەمەنێکی زۆر منداڵی هەیە لەلایەن خێزان یان عەشیرەتەوە دیاری دەکرێت بۆ کوڕێکی خزم یان کەسێک لە هۆزەکە،کاتێک کچەکە گەورە دەبێت ڕازی نابێت بەو هاوسەرگیریە، ئیتر کچەکە دەکەوێتە بەر سزای پیاوانی هۆز و خێڵ] کە سزای کەسەکە کوشتنە بە بیانووی پاککردنەوەی شەرەف.

کەوسەر و چیرۆکە تراژیدییەکەی عێراقی نەهەژاند

کەوسەر بەشار حەسێجاوی (تەمەن 15 ساڵ) لە ناوچەی نەهرەوان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی بەغدا دەژیا، و لە تەمەنی 13 ساڵیدا ناچار کراوە واز لە خوێندن بهێنێت بۆ ئەوەی شوو بە پیاوێک بکات کە لە خۆی گەورەتر بووە و ئالوودەی کحوول بووە.

بەپێی گێڕانەوەی خزمەکانی، چیرۆکەکەی بەوە کۆتایی هاتووە کە پیاوانی عەشیرەتەکەی 10 فیشەکیان پێوە ناوە و تەرمەکەیان فڕێداوەتە نێو چاڵێکەوە، پاشان بە تەور سەریان پەڕاندووە، دواتر ئەندامانی خێزانەکە بانگهێشتی کەسانی دیکەیان کردووە بۆ ئەوەی بێنە سەر شەقامەکان بۆ سەماکردن و ئاهەنگگێڕان بەبۆنەی کوشتنییەوە.

دوای ساڵێک لە ڕووبەڕووبوونەوەی بەردەوامی توندوتیژی و مامەڵەی خراپ، کەوسەر هەڵاتووە بۆ لای خێزانەکەی، کە سەرەتا ناچاریان کردووە لە ماڵەوە دەستبەسەر بێت و فشاریان خستووەتە سەری بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە لای مێردە توندوتیژەکەی، بەڵام بەپێی وتەی خزمەکانی، هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە ژیانی خۆی لێ کردوون، تا سەرئەنجام لە کۆتاییەکانی ساڵی 2025 بە فەرمی لە دادگا جیابوونەوەی وەرگرتووە.

ماوەیەکی کورت دوای ئەوە، ئامۆزایەکی لە زیندان ئازاد کراوە و داوای لە دایک و باوکی کەوسەر کردووە هاوسەرگیری لەگەڵ کچەکەیاندا بکات، بەڵام کەوسەر ڕەتی کردووەتەوە چونکە هەمووان دەیانزانی کە زاوا نوێیەکە مامەڵە بە ماددە هۆشبەرەکان و کحوولەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەش خێزانەکەی گوێیان بە ڕەتکردنەوەکەی نەداوە و ڕەزامەندییان داوە، چونکە بەپێی دابونەریتە باوەکان “کچ بۆی نییە قسەی پیاو بشکێنێت”.

دایکی و خزمە ژنەکانی نەیانوێراوە پاڵپشتی بکەن و زاوای پێشنیارکراوەکە ڕەت بکەنەوە. لە سەرەتای مانگی ئایاردا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە و هەستکردنی کەوسەر بەوەی کە ڕووبەڕووی قۆناغێکی نوێی توندوتیژی دەبێتەوە، لە ماڵی خێزانەکەی هەڵاتووە، لە کاتێکدا هیچ سەرچاوەیەکی نەبووە بۆ پەیداکردنی پارە دوای ئەوەی لە خوێندن بێبەش کرابوو.

کەوسەر دوای هەڵاتنی لە ماڵەوە، لەلایەن یەکێک لە دراوسێکانیانەوە بینراوە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دەستبەسەری کردووە، و وەک خزمەکانی دەڵێن “ڕووبەڕووی شتی ترسناکی کردووەتەوە” بێ ئەوەی سروشتی ئەو شتانە ئاشکرا ببێ، بەڵام کەوسەر بە خێزانەکەی ڕاگەیاندووە کە بە ڕەزامەندی خۆی لەگەڵیدا هەڵنەهاتووە، لە کاتێکدا دیمەنی کامێراکانی چاودێری پشتڕاستی گێڕانەوەکەی ئەو دەکەنەوە کە دەردەکەوێت بە زۆر ڕایكێشاوە، لەگەڵ ئەوەشدا خێزانەکەی ئامادە نەبوون باوەڕی پێ بکەن.

چیرۆکی کوشتن و پارچە پارچەکردنی کەوسەر، پاشان ئاهەنگێڕانی خێزانەکەی بەبۆنەی کوشتنەکەیەوە عێراقی نەهەژاند، جگە لە چەند ڕێکخراوێکی ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی، زۆرینەی کۆمەڵگەی عێراقیی بەرامبەر ئەو تاوانە بێدەنگییان هەڵبژارد.

ئامارەکانی کوشتنی ژنان لە عێراق زۆرجار ئاشکرا ناکرێت چونکە زۆربەی ئەو تاوانانەی بەرامبەر بە ژنان دەکرێت لە پەڕاوی لێکۆڵینەوە کە ئەگەر بکرێت بە جۆرێکی دیکە دەنوسرێتەوە، بۆیە کوشتنی ژن بەبیانووی شەرەف ئامارێکی ورد و ڕاستەقینەی بەردەست نیە. ئەو ژنانەی کە ڕزگاریان بووە لەدەست سزای هۆز و خێڵ دەبێت بۆ هەمیشە بە نهێنی و بێ ناونیشان بژین، زۆرجار هاوسەرگیری دەکەن و پاش چەندین ساڵیش بدۆزرێنەوە دەکەونە بەر نەفرەتی حوکمی پیاوانی عەشیرەت.

ڕێزان شێخ دلێر بۆ کورد مۆنیتەر باسی لەوەشکرد، کێشەی قوڵی ئەو ژنانەی لەدەرەوەی ڕەزامەندیی خێزانەکانیان هاوسەرەکانیان هەڵدەبژێرن دەکەونە دۆخێکی هاوشێوەی دۆزەخەوە، ژنەکە لەلای کەسوکاری پیاوەکەی بە چاوێکی جیاواز تەماشا دەکرێت، تەنانەت لەلای ئەو پیاوەش کە هاوسەرگیریی لەگەڵدا کردووە هەر بە چاوێکی جیاواز تەماشا دەکرێت، چونکە پیاوەکە پێیوایە ژنەکەی جگە لە ئەو کەسی تری نییە، بۆیە بە چاوێکی کەم تەماشای دەکات.

Back to top button