
حەسەن کوردی و دۆسیەی گەندەڵیی وەزارەتی نەوت دەبنەوە بە ڕۆژەڤی گەرمی عێراق
هاوکات لەگەڵ پێشهاتە خێراکانی دۆسیەی گەندەڵی لەناو وەزارەتی نەوتدا، ناوی حەسەن کوردی دووبارە گەڕایەوە ناو چەقی مشتومڕەکانی عێراق. ئەمەش دوای بڵاوبوونەوەی چەند زانیارییەک کە باس لە هەڵاتنی ناوبراو دەکەن بەرەو تورکیا لە ڕێگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیلەوە؛ ڕاکردنێک کە تەنیا چەند کاتژمێرێک دوای دەستگیرکردنی عەدنان جومەیلی ، بریکاری وەزیری نەوت بۆ کاروباری پاڵاوتن، ئەنجام دراوە. جومەیلی لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوە لە چەندین گرێبەستی نەوتیی دەستگیر کراوە کە بەهاکەیان لە تریلیۆنێک دیناری عێراقی تێپەڕ دەکات.
ورووژاندنەوەی ناوی کوردی لە کاتێکدایە کە حکومەتی عێراق کەمپینێکی بەرفراوان بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی دەستپێکردووە. ئەم دۆخەش دەرگای بەڕووی کۆمەڵێک پرسیاردا کردووەتەوە سەبارەت بە ڕۆڵی ناوبراو لە بەڕێوەبردنی گرێبەستە نەوتییەکان، قەبارەی هەژموون و پێگەی لەناو دامەزراوە حکومی و ناوەندە سیاسییەکاندا، و سروشتی ئەو پەیوەندییە ئابوورییانەی کە چەندین چاودێر، چالاکوان و میدیاکار ئاماژەیان پێ کردووە.
دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی جومەیلی، هەڵات
بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، حەسەن کوردی، کە وەک کەسێکی نزیک لە سەرکردەیەکی سیاسیی پارێزگای سەڵاحەدین دەناسرێت، تەنیا چەند ساتێک دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنی بریکاری وەزارەت، خاکی عێراقی بەرەو تورکیا جێهێشتووە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژە بەوە دەکەن کە “حەسەن کوردی بەرپرسی یەکەمی بەڕێوەبردنی مەلەفی سەرانە و کۆمسیۆنەکان بووە لە گرێبەستی پاڵاوگەکاندا، هەروەها وەک نوێنەری باڵی ئابووریی یەکێک لە حیزبە سوننەکان کاری کردووە. هاوکات لە چەندین مەلەفی دارایی و بازرگانیدا شەریکی ڕاستەوخۆی عەدنان جومەیلی بووە و پەیوەندییەکی توندوتۆڵیشی لەگەڵ نووسینگە ئابوورییەکانی حیزبە دەسەڵاتدارەکانی تری ناو هەرەمی دەسەڵاتدا هەبووە.”
ئەڵقەی گرێدەرەوەی تۆڕەکە
شارەزایەکی یاسایی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە: “حەسەن کوردی ئەڵقەی سەرەکیی بەستنەوەی ئەو تۆڕە گەندەڵییەیە کە بە عەدنان جومەیلییەوە گرێ دراوە.” ئەو پێی وایە ڕۆڵی کوردی زۆر لەوە قورستر و گەورەترە کە لەسەر بریکارە دەستگیرکراوەکە دەوترێت، و دەڵێت: “ئەگەر حەسەن کوردی دەستگیر بکرێت، پرۆسەی سیاسی لە عێراق تووشی داڕمان دەبێت.”
ئەم شارەزایە دەڵێت: “کوردی کە لەدایکبووی ساڵی 1993یە، سەرپەرشتیی تۆڕێکی یەکجار بەرفراوانی دەکرد کە پەیوەندییان بە مەلەفەکانی گرێبەست و دابینکردنی دارایی سیاسییەوە هەبووە.” بە گوتەی ئەو، ئەو پارانە بۆ تەمویلکردنی کەمپینەکانی هەڵبژاردن و پشتگیریکردنی کەسایەتی و حیزبە سیاسییە جیاوازەکانی وڵات (لە سوننە، شیعە و کورد) بەکار هێنراون.
ناوبراو حەسەن کوردی وەک “عەرابی مافیا و دزینی سامانی گشتی و چینی سیاسی” وەسف کرد و ئاماژەی بەوە دا کە “دەستگیرکردنی – ئەگەر ڕووبدات – سندوقی ڕەشی تۆڕەکانی گەندەڵی دەکاتەوە، چونکە زانیاریی وردی لەسەر میکانیزمەکانی دابەشکردنی پارە و نەخشەی پەیوەندییە داراییەکانی نێوان جەمسەرە سیاسییە جیاوازەکان لایە.”
ئەو یاساناسە لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: “عەدنان جومەیلی تەنیا بەشێکی بچووکە لەم مەلەفە، لە کاتێکدا حەسەن کوردی دەروازەی سەرەکیی چوونەدەرەوەی پارەکان و شێوازی دابەشکردنیانە.” بەو پێیەش داوای لە سەرۆک وەزیران کرد کە تەنیا بە کەیسی جومەیلی نەوەستێت، چونکە مەلەفی نەوت “بیرێکی قووڵە و پێویستی بە پێداچوونەوەیەکی گشتگیر هەیە کە بەڕێوەبەرە گشتییەکان، خاوەن پلە تایبەتەکان و ئەو کەسایەتییانەش بگرێتەوە کە لە ناو جومگەکانی کەرتی نەوتدا ڕەگ و ڕیشەیان داکوتاوە.”
تۆمەتەکانی پەیوەست بە پاڵاوگەی بێجی
لەلایەکی دیکەوە، موئەیەد زامیل، ڕۆژنامەنووس، کۆمەڵێک تۆمەتی قورسی دژی حەسەن کوردی خستە ڕوو، کە زۆربەیان سەرنجیان لەسەر چالاکییەکانی ناوبراو بوو لەناو پاڵاوگەی بێجیدا و وەک “یەکێک لە بەڵێندەرە هەرە بەدەسەڵات و خاوەن هەژموونەکانی ناو پاڵاوگەکە” ناوی برد.
بەپێی گوتەی زامیل، “پەیوەندیی نێوان عەدنان جومەیلی و حەسەن کوردی لە یەکەم ڕۆژی دەستبەکاربوونی جومەیلی لە پۆستەکەی دەستی پێکردووە.” ئەو ڕۆژنامەنووسە بانگەشەی ئەوە دەکات کە “کوردی لە پشت کڕینی پۆستی بەڕێوەبەری کۆمپانیای پاڵاوگەکانی باکوور و بەڕێوەبەری پاڵاوگەکە خۆیەوە بووە، و وەک یەکێک لە ڕوکارە ئابوورییەکانی سەر بە حیزبی دەعوە کار دەکات.”
زامیل ئاماژەی بە بوونی ڕێککەوتنێکی ژێر بە ژێر کردووە کە تێیدا پڕۆژەکانی تایبەت بە کۆگا نەوتییەکان (خەزانەکان) و داواکارییەکان دەدرانە حەسەن کوردی، ئەمەش لەبەرانبەر تێپەڕاندنی گرێبەستەکان لە وەزارەتی نەوتەوە بۆ وەزارەتی پیشەسازی و کانزاکان، و دواتر سپاردنەوەیان بە کۆمپانیا حکومییەکان پێش ئەوەی بگەنە دەست خودی کوردی. ئەم فرتو فێڵەش بە وتەی ئەو، میکانیزمێکە بۆ دەربازبوون لەو کۆت و بەندە یاساییانەی کە ڕێگری دەکەن لە پێدانی ڕاستەوخۆی گرێبەستە زەبەلاحەکان بە کەرتی تایبەت.
چۆنیەتیی بردنەوەی گرێبەستەکان
بەپێی ئەو زانیارییانەی زامیل بڵاوی کردوونەتەوە، ڕێککەوتنەکە بە شێوازێک بووە کە پڕۆژەکان (کە بەهاکەیان لە نێوان 14 بۆ 15 ملیار دیناردایە) سەرەتا دەسپێردرێن بە کۆمپانیا حکومییەکانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی، ئەمەش لەبەرانبەر بڕینی ڕێژەی دارایی (کۆمسیۆن) بۆ بەرپرسان، پاشان لە قۆناغی کۆتاییدا کارەکان بە کرداری دەخرێنە ژێردەستی حەسەن کوردی وەک جێبەجێکاری ڕاستەقینەی پڕۆژەکان.
هەروەها باسی لەوە کردووە کە لێژنەی کڕین لە پاڵاوگەکانی باکوور ڕێنمایی کرابوون کە پۆستە و مەلەفەکانی تایبەت بە گرێبەست و پێداویستییەکان ڕاستەوخۆ تەسلیمی حەسەن کوردی بکەن. ئەو بانگەشەی ئەوەش دەکات کە ژمارەی داواکارییە ڕۆژانەییەکان دەگەیشتە نزیکەی 250 داواکاری، کە بەهای هەر یەکێکیان بە ئەنقەست لە خوار ئەو سنوورە داراییەوە دادەنرا کە پێویستی بە ڕێکارە یاسایی و گرێبەستییە ئاڵۆزەکان هەیە.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە پاڵاوگەکە ڕۆژانە لە نێوان 1000 بۆ 1100 داواکاریی “وەهمی و ساختە”ی دەردەکرد، کە پارەکانیان لەسەر بودجەی کارپێکردن و وەبەرهێنانی پاڵاوگەکە خەرج دەکرا.
گرێبەستی خەزانەکان (کۆگاکان)
بەشێکی تری تۆمەتەکان دەستکاریکردنی گرێبەستەکانی دروستکردنی کۆگا نەوتییەکانی گرتووەتەوە؛ زامیل ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهای تەنیا یەکێک لەو گرێبەستانە گەیشتووەتە 14 ملیار دینار، لە کاتێکدا تێچووی ڕاستەقینەی دروستکردنی کۆگاکە لە سێ ملیار دینار تێپەڕ ناکات.
ئەو ڕۆژنامەنووسە دەشڵێت: “حەسەن کوردی لەم دۆسیەیەدا هاوبەشی لەگەڵ کەسێکدا هەیە بە ناوی هۆکار کوردی”، و باسی لە بوونی ژمارەیەک پەیوەندیی خێزانی کردووە کە ناوبراو بە کەسایەتییە سیاسییە باڵاکانەوە دەبەستێتەوە، بێگومان ئەمانە هێشتا لە چوارچێوەی زانیاریدان و هیچ پشتڕاستکردنەوەیەکی فەرمییان لەسەر نییە.
داواکارییە دووبارە و وەهمییەکان
لە تەوەرێکی تری تۆمەتەکاندا، زامیل ڕایگەیاند: “هەندێک لە پێداویستی و داواکارییەکان تەنیا یەک جار دابین دەکران، بەڵام پرۆسەی خەرجکردنی پارە بۆ هەمان ماددە و بە هەمان بەروار و ژمارەی پسوڵە، چەندین جار دووبارە دەبووەوە.” ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەم کارە بە هەماهەنگیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ عەدنان جومەیلی و بەڕێوەبەری نووسینگەکەی ئەنجام دراوە.
جگە لەوەش، باسی لە بوونی تۆڕێکی ئاڵۆزی گواستنەوەی پارە بۆ دەرەوەی عێراق کردووە و دەڵێت بڕە پارەیەکی یەکجار زۆر لە ڕێگەی بانکەکانی ناوەوە و دەرەوەی عێراقەوە حەواڵە دەکران، و دواتر لەبەرانبەر پێدانی کۆمسیۆندا بۆ کەسانی نزیک لە حەسەن کوردی دەگەڕێنرانەوە، کە ئەمەش بە کرداری دەکەوێتە خانەی پرۆسەی سپیکردنەوەی پارەوە.
لە نێوان بازنەی تۆمەت و ڕاستیی لێکۆڵینەوەکاندا
سەرەڕای پەرەسەندنی شێلگیرانەی ئەم تۆمەتانەی ئاڕاستەی حەسەن کوردی دەکرێن، بەڵام دامەزراوە دادوەری و ئەمنییەکانی عێراق تا ئێستا هیچ ڕوونکردنەوە یان زانیارییەکی فەرمییان سەبارەت بە سروشتی ئەو تۆمەتانە یان ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان بڵاونەکردووەتەوە، تەنیا ئەوە نەبێت کە جەختیان لەسەر بەردەوامیی لێکۆڵینەوەکان لە مەلەفی گرێبەستەکانی وەزارەتی نەوت و دەستگیرکردنی چەند بەرپرسێک کردووەتەوە.
چاودێران پێیان وایە لێکۆڵینەوە بەردەوامەکان ڕەنگە لە قۆناغی داهاتوودا سەرەداوی نوێ و گەورەتر سەبارەت بە تۆڕەکانی گرێبەست و نێوەندگیری دارایی لەناو کەرتی نەوتدا ئاشکرا بکەن، بەتایبەت کە حکومەت چەندین جار ڕایگەیاندووە کەمپینی دژە گەندەڵی بەردەوام دەبێت و لەسەر هیچ ناو و کەسایەتییەک ناوەستێت.
لەکۆتاییدا، سەرجەم ئەو تۆمەت و زانیارییانەی لە دژی حەسەن کوردی بڵاوکراونەتەوە – وەک ئەوەی لە زاری یاساناس ئەمیر دەعمی و ڕۆژنامەنووس موئەیەد زامیلەوە هاتووە – وەک ئیدیعای یاسایی دەمێننەوە کە تا ئێستا هیچ بڕیار و حوکمێکی کۆتایی لەلایەن دادگاوە لەسەر نەدراوە. هاوكات، تا ئێستا نەتوانراوە وەڵام و کاردانەوەی حەسەن کوردی یان ئەو لایەنانە وەربگیرێت کە ناویان لەم کەیسەدا هاتووە، بۆیە یەکلاکردنەوەی تەواوی ئەم تۆمەتانە تەنیا لە تایبەتمەندیی دادگای عێراق و لایەنە لێکۆڵەرە پسپۆڕەکاندایە.





