
ڕاپۆرتێکی ئەمریکی، هەڵمەتەکەی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دژی گەندەڵی بە “ساتەوەختی مایکڵ کۆرلیۆنی” لە فیلمی “باوکی ڕۆحی – The Godfather” ناساندووە، و پرسیاری ئەوەی وروژاندووە کا ئایا ڕێوشوێنە بەردەوامەکان سەرەتایەک دەبن بۆ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سیستمی گەندەڵیی لە عێراق، یان تەنیا کورتدەبنەوە لەسەر لادانی نەیارە سیاسییەکان.
پەیمانگای کوینسی ئەمریکی لە ڕاپۆرتەکەیدا بە ناونیشانی “سەرۆک وەزیرانی عێراق باوەش بە مایکڵ کۆرلیۆنی ناوخۆی خۆیدا دەکات” دیمەنێکی نێو فیلمی (باوکی رۆحی) بەبیرهێناوەتەوە و وەک یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین دیمەنەکانی سینەما لەسەر دەسەڵات و چەسپاندنی کۆنتڕۆڵ و چۆنیەتی داڕشتنەوەی سیستمێکی نوێ لە ڕێگەی تێکدانی سیستمی کۆن وەسفی کردووە.
دوای زیاتر لە نیو سەدە بەسەر فیلمی “باوکی ڕۆحی”، ڕاپۆرتەکە پێی وایە عێراق شایەتی ساتەوەختی “باوکی ڕۆحی”ی تایبەت بە خۆیەتی، و ڕوونی کردووەتەوە کە زەیدی لەو کاتەوەی لە مانگی ئایاری ڕابردوودا پۆستەکەی وەرگرتووە، هەڵمەتێکی بێپێشینەی دەستپێکردووە کە کەسایەتییەکانی ناو جومگە جیاوازەکانی دامەزراوەی سیاسی و کارگێڕی کردووەتە ئامانج، لەوانەش لێکۆڵینەوە لە ملیۆنان دۆلاری ئەو پارانەی گومانی خراپ بەکارهێنانیان لێدەکرێت، کە ئەمەش گەیشتووەتە قووڵایی تۆڕی بەرپرسان، بیرۆکراتەکان و لایەنە سیاسییە چالاکەکان کە سوودمەند بوون لە سیستمی پشکپشکێنە و لاوازی چاودێری لە عێراقدا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هێزە دەرەکییەکان تا ڕادەیەکی زۆر پاڵپشتی پرۆسەی “هێرشی بەرەبەیان”یان کردووە، چونکە بەرپرسانی ئەمریکی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەک نیشانەیەک سەیری دەکەن کە ڕەنگە دواجار بەغدا بڕیاری دابێت ڕووبەڕووی ئەو گەندەڵییە ببێتەوە کە بۆ ماوەی دوو دەیە حوکمڕانییەکەی پەکخستووە. ئاماژەی بەوەش کردووە کە چینیش، وەک یەکێک لە گەورەترین هاوبەشە ئابوورییەکانی عێراق، هۆکاری هەیە بۆ پێشوازیکردن لە بەدیهێنانی سەقامگیریی زیاتری دامەزراوەیی.
ڕاپۆرتەکە لە درێژەدا دەڵێت تەنانەت نووری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتریش، کە مێژوویەکی درێژی هەیە لەگەڵ ئەو سیستمە سیاسییەی دوای ساڵی 2003 هاتە کایەوە، ستایشی هەڵمەتەکەی زەیدی کردووە دژی “ئەوانەی پارەی گەلی عێراقیان بەفیڕۆ داوە”، لە کاتێکدا موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، پشتگیری خۆی بۆ “هەڵمەتی چاکسازیی پاڵەوانانە” دەربڕیوە، وەک ئەوەی باسیکردووە.
دوای ئەوەی ڕاپۆرتەکە ئەوەی زەیدی ئەنجامی داوە وەک سەرکەوتنێکی سیاسی گەورە بۆی وەسف کرد، ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنگرانی هەڵمەتی دژە گەندەڵییان بە شەڕێکی نیشتمانیی گەورە شوبهاندووە، هاوشێوەی شەڕی دژی ڕێکخراوی داعش، بە جۆرێک کە شبل زەیدی، ڕێبەری هاوپەیمانی خەدەمات ڕایگەیاندووە “شەڕی دژ بە گەندەڵی هیچی کەمتر نییە لە گرنگی و مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر”.
لە کاتێکدا ڕاپۆرتەکە باسی لە گەشەکردنی سیستمی گەندەڵی لە عێراق دوای ساڵی 2003 کردووە، کە چۆن گۆڕاوە بۆ سیستمێکی چاودێریی ئاڵۆز و لە ڕێگەی ملیارەها دۆلاری ئەمریکییەوە کە بۆ دووبارە ئاوەدانکردنەوە تەرخانکرابوو گەشەی سەندووە، گوتەیەکی ئەبو بەکر جامعی، توێژەر لە کۆلێژی ئەمریکی بۆ دەریای ناوەڕاست (کە بنکەکەی لە مەغریبە) گواستووەتەوە کە دەڵێت: “گەندەڵی لە نەبوونی جێبەجێکردنی یاساوە سەرچاوە دەگرێت”، و دەشڵێت گەندەڵی لەم ڕووەوە دەبێتە هۆی داخورانی سەروەریی یاسا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بۆ حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق، کاتێک خۆپیشاندانی ناڕەزایەتیی هاووڵاتیان دروستبوون، ئەم خۆپیشاندانانە شەرمەزارییەکی گەورە بوون، بەتایبەت کە ڕێکخراوی داعش شانازیی بە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەباوە دەکرد لە شاری مووسڵ، لە کاتێکدا عەبادی بە دەستپێکردنی زنجیرەیەک دەستپێشخەریی دژە گەندەڵی وەڵامی دایەوە، لەوانەش دامەزراندنی کۆمسیۆنێکی باڵا بۆ بنبڕکردنی گەندەڵی.
بەڵام ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە سەیری ئەو ڕێوشوێنانە دەکرا وەک چاکسازیی جوانکاریی (ڕووکەشی)، کە چینێکی تری بیرۆکراسییان زیاد کرد بەبێ ئەوەی چارەسەری کێشە پێکهاتەییە ڕەگداکوتاوەکان بکەن.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، شێوازی زەیدی بە شێوەیەکی بەرچاو جیاوازە، و ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو تەحەدایەی کە بریتییە لە چاکسازیی سیستمێکی سیاسی کە لەسەر بنەمای پاداشتکردنی سیاسییە عێراقییەکان بە پێدانی پۆست دامەزراوە.
لە درێژەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە کاتێکدا حکومەتی زەیدی ڕکابەرە سیاسییەکانی دەکاتە ئامانج، لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی گوشار بووەتەوە لەلایەن تۆم باراک، نێردراوی تایبەتی ئەمریکا ، کە ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە خۆیشی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان ڕووبەڕووی تۆمەت بووەتەوە، بەڵام وای داناوە کە باراک نوێنەرایەتی نموونەی نێوەندگیری ئەمریکی دەکات بۆ دەسەڵات، کە دەزانێت کایەی کاریگەریی دارایی لە کوێدایە.
بەپێی ڕاپۆرتی پەیمانگا ئەمریکییەکە، هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە هەواڵگریی نێودەوڵەتی و میکانیزمەکانی چاودێریی دارایی ڕۆڵیان هەبووە لە ئاشکراکردنی تۆڕە داراییە نایاساییەکان لە عێراق، چونکە گواستنەوەی دۆلار بەبێ جێهێشتنی شوێنپێ کارێکی قورسە، هەروەها ئەگەری هەیە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا و سیستمەکانی بەدواداچوونی دارایی بەشدار بووبن لە دیاریکردنی مامەڵە گوماناوییەکاندا.
بەڵام ڕاپۆرتەکە پێی وایە گەورەترین تەحەدا کە ڕووبەڕووی زەیدی دەبێتەوە ئەوەیە کە گەندەڵی لە ناو پێکهاتەی خودی دەوڵەتدا چێنراوە، و سیستمی عێراق لە سیستمی پشکپشکێنەی تائیفی لە لوبنان دەچێت، و ڕوونی کردووەتەوە کە ئەم مۆدێلە بۆ ڕێگریکردن لە نوێبوونەوەی ململانێکان لە ڕێگەی دەستەبەرکردنی نوێنەرایەتیکردنەوە داڕژاوە، بەڵام تا ڕادەیەکی زۆر لە بەدیهێنانی حوکمڕانییەکی کارادا شکستی هێناوە.
لە کۆتایدا، ئەو پرسیارەی کە ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە ئەوەیە کە ئایا زەیدی دەبێتە مایکڵ کۆرلیۆنی، واتە سەرکردەیەک کە دەسەڵاتی خۆی لە ڕێگەی لەناوبردنی ڕکابەرەکانییەوە بەهێز دەکات لە کاتێکدا هاوپەیمانەکانی بەبێ دەستکاری دەهێڵێتەوە، یان دەبێتە سەرکردەیەک کە ئامادەیە تەحەدای تەواوی سیستمەکە بکات، بەوانەشەوە کە لە لووتکەدا وەستاون.





