هەشت مووشەکی بالیستی لە عێراق کێشەی بۆ عەلی زەیدی دروستکردووە

بەرپرسانی عێراق پێیان وایە بەڕێکردنی تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران لە عێراق ڕووداوێکی وەرچەرخانە کە ڕەنگە دیمەنی سیاسی وڵاتەکە دابەش بکات بۆ قۆناغی پێش بەڕێکردنەکە و دوای ئەوە.

ڕۆژی چوارشەممە لە کاتێکدا وڵاتانی ڕۆژاوا ئاستی گرژییەکانیان دژی ئێران زیاتر دەکرد، هەزاران عێراقی لە شاری نەجەف بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمی ماڵئاواییدا کۆبوونەوە. سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان لە زاری بەرپرسانی حکومەتەوە ئاشکرایانکرد، کە ئەم مەراسیمە لێکەوتەی سیاسی دەبێت، بەتایبەت بەهۆی ئامادەبوونی مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران.

ئەم سەرچاوانە لە زاری بەرپرسانی حکومەتەوە دەڵێن: “واشنتۆن پەیامێکی سیاسی ڕوونی لەم مەراسیمەوە پێگەیشت؛ پەیامەکە ئەوەیە عێراق هێشتا وەک ناوەندێکی جێنفوزی ئێران ماوەتەوە، ئەمەش ڕێک پێچەوانەی ئەو ئامانجەیە کە ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتە نوێیەکەی عێراقدا هەوڵی بۆ دەدات”.

عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت لە مەراسیمی پێشوازیکردن لە تەرمی خامنەیی و چەند ئەندامێکی خێزانەکەیدا لە نەجەف ئامادە بوو، پاشان بە خێرایی گەڕایەوە بەغدا. لە بەرامبەردا، سەرکردەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” لە فڕۆکەخانەی نەجەف پاڵەپەستۆیان بوو بۆ ئەوەی خۆیان بگەیەننە لای تابووتی تەرمەکەی خامنەیی.

حکومەتی عێراق تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی مەراسیمەکە، ڕۆژی چوارشەممەی کردە پشووی فەرمی. سەرچاوەکان پێیان وایە کە ئەم دواکەوتنە لە ڕاگرتنی دەوامدا، ئاماژەکانی ئەو مشتومڕە بەهێز دەکات کە لە پشت پەردەوە لەسەر سازکردنی مەراسیمەکە لە ئارادا بووە، لە کاتێکدا چەند پارێزگایەک چەند ڕۆژێک پێشتر پشوویان ڕاگرتبوو.

بەپێی ئەو زانیارییانەی پێش ڕۆژی مەراسیمەکە دزەیان کردبوو، ڕەزامەندیدانی حکومەت لەسەر سازکردنی ئەم مەراسیمە لە عێراق بڕیارێکی ئاسان نەبووە، بەڵکو دوای دوودڵی و گفتوگۆیەکی زۆر هاتووە، سەرەنجام لەژێر فشاری ئێران و بە پاڵپشتی هێزەکانی “چوارچێوەی هەماهەنگی” و گرووپە چەکدارەکان، کێشەکە بەو ئاراستەیە یەکلا بووەتەوە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زەیدی دەزانێت ئەم دۆسیەیە لەوانەیە لەبەردەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بیخاتە دۆخێکی شەرمەزارکەرەوە، ئەوەش لەمیانی ئەو سەردانە فەرمییەی کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بۆ واشنتۆن سازی بکات.

هەروەها لە ناوەندە سیاسییەکاندا باس لەوە دەکرێت کە بەرنامەی مەراسیمەکە گۆڕانکارییەکی بەرچاوی تێدا کراوە؛ بە جۆرێک کە شاری بەغدا لە خشتەکە سڕاوەتەوە، دوای ئەوەی بڕیار بوو مەراسیمەکە لە ناوچەی کازمیە بەڕێوە بچێت، بەمەش بەرنامەکە تەنیا لە شارەکانی نەجەف و کەربەلا کورت کراوەتەوە.

بەپێی خەمڵاندنەکان، سازکردنی مەراسیمێکی لەو شێوەیە لە پایتەخت، لەوانە بوو ببێتە هۆی سەرهەڵدانی خۆپێشاندانی دژ بە ئەمریکا و گوتنی دروشم دژی سەرۆکی ئەمریکا، هاوشێوەی ئەو دیمەنانەی لە ناوخۆی ئێراندا بینران.

پێشتر ترەمپ لەبارەی بەشداربووانی مەراسیمەکەی ناوخۆی ئێرانەوە گوتبووی کە بە بینینی قەبارەی کاردانەوە جەماوەرییەکە سەرسام بووە، بەڵام دواتر گوتی: “ڕەنگە ئەوانە فرمێسکی ساختە بن”.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هەفتەی ڕابردوو لە یەکەم سەردانی فەرمیی خۆیدا لە دوای کۆتاییهاتنی شەڕی دوایی ناوچەکە، گەیشتە بەغدا.

بەپێی زانیارییە دزەپێکراوەکان، عێراقچی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باسی لە وردەکارییەکانی بەڕێکردنی تەرمەکە کردووە و سەرەتا بەغدا وەک یەکێک لە وێستگە سەرەکییەکان پێشنیاز کرابوو، بەڵام دواتر بەرنامەکە سەرلەنوێ داڕێژرایەوە و تەنیا بۆ نەجەف و کەربەلا سنووردار کرا.

“تەنانەت یەک پۆستیش بۆ چەکدارەکان نییە!”

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە عەلی زەیدی هەوڵ دەدات لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بکاتەوە و هەڵەکانی بیست ساڵی ڕابردوو تێپەڕێنێت.

بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا لە واشنتۆن، زەیدی واژۆ لەسەر یاداشتنامەیەک بکات کە بە “ڕێککەوتنی حوزەیران” ناسراوە؛ بەپێی ئەم ڕێککەوتنە، واشنتۆن وەبەرهێنانی بەرفراوان پێشکەشی بەغدا دەکات، لە بەرامبەردا عێراق هەژموونی ئێران کۆتایی پێدەهێنێت و پێکهاتەی سەربازیی گرووپە چەکدارەکان هەڵدەوەشێنێتەوە.

سەرکردەیەکی ناو “چوارچێوەی هەماهەنگی” بە ڕۆژنامەی (مەدا)ی ڕاگەیاندووە: “هیچ چەکدارێکی سەر بە گروپەکان، یان هەر کەسێک کە بەشداری لە شەڕی دوایی نێوان واشنتۆن و تاراندا کردبێت، هیچ پۆستێکی جێبەجێکردن وەرناگرێت، تەنانەت ئەگەر پۆستی بەڕێوەبەری گشتیش بێت”.

ئەم سەرکردەیە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، دەڵێت: “ئەبو ئالا الولائی، ڕێبەری کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا، بە تەواوی لە وەرگرتنی هەر پۆستێک بێبەش کراوە، سەرەڕای ئەوەی هێزەکەی 7 کورسی لە پەرلەماندا بەدەستهێناوە”.

هەروەها ئاشکرای دەکات کە “هەڵمەتێکی بەرفراوانی پاکتاوکردن دژی هەموو ئەو چەکدارانەی کە پۆستیان لە پێکهاتەی کارگێڕی فەرمیی دەوڵەتی عێراقدا هەیە لە ڕێگادایە.

گرێکوێرەی موشەکە بالیستییەکان

28ی حوزەیرانی ڕابردوودا، زەیدی شۆکێکی سیاسی و سەربازیی گەورەی دروستکرد کاتێک تانکەکانی لە ناوچەی سەوزدا بڵاوەپێکرد؛ ئەمەش بە مەبەستی ڕاوەدوونانی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی تۆمەتبارن بە گەندەڵی، و بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو پارانەی کە پێدەچێت پەیوەندییان بە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە هەبێت.

سەرچاوەکان دەڵێن سەرۆک وەزیران دەیەوێت پێش گەیشتنی بۆ واشنتۆن پێگەیەکی سیاسیی بەهێز بۆ خۆی دروست بکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە حکومەتەکەی هێشتا لەبەردەم کۆسپی تەواوکردنی کابینەی وەزاری و دۆسیەی چەکداماڵین دایە.

سەرچاوەکانی ناو “چوارچێوەی هەماهەنگی” ئاشکرای دەکەن کە “8 موشەکی بالیستی گەورەترین گرێکوێرەی دۆسیەی هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکانن، جگە لە بوونی سەدان فڕۆکەی بێفڕۆکەوان”.

ئەم سەرچاوانە ئاشکرایانکردووە”پڕۆسەی ڕادەستکردنی چەکەکان تەنیا شتێکی ڕواڵەتی بووە؛ چونکە تەنیا موشەک و درۆنی کۆن و پەککەوتە ڕادەست کراون، بەڵام چەکە قورسەکان کە واشنتۆن پێداگری لەسەر دەکات، هێشتا بە شاراوەیی ماونەتەوە.

بەپێی هەمان سەرچاوە، گرووپە چەکدارەکان جەخت دەکەنەوە کە هەموو چەکەکانیان ڕادەست کردووە و دەڵێن ئەگەر ئەمریکا پێی وایە چەکی شاراوە هەیە، با خۆی شوێنەکەیمان نیشان بدات. سەرچاوەکان دەشڵێن، ئەو موشەکە بالیستییانە پێشتر لە ئێرانەوە بۆ ئەم گرووپانە لە ناوخۆی عێراق گواستراونەتەوە، تاران لەژێر هیچ بارودۆخێکدا ڕازی نییە ڕادەستیان بکات.

قەیرانی عەسائیب

سەبارەت بە دۆسیەی دووەم کە تایبەتە بە تەواوکردنی کابینەی حکومەت، سەرچاوەکان ئاماژە بە ناڕەزایەتی و دژایەتیی توندی ئەمریکا دەکەن بەرامبەر بە پێدانی هەر پۆستێکی وەزاری بە “عەسائیبی ئەهلی حەق”.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەم کێشەیە هۆکاری سەرەکیی دواخستنی دانیشتنی پەرلەمان بووە بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت، کە بڕیار بوو لە 5ی تەمموزدا بەڕێوە بچێت.

سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە کە “عەسائیب لەدەرەوەی وەرگرتنی وەزارەتە، هیچ ڕێککەوتن و سازشێکی دیکە قبووڵ ناکات”، چونکە بەپێی سیستمی پشک پشکێنە دەبێت وەزارەتی کاری پێبدرێت.

بەڵام ناڕەزایەتی ئەمریکا لەوکاتەدا تووندتر بوو کە باسی وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران کرا لەلایەن لەیس خەزعەلی، برای قەیس خەزعەلی کە کاندیدێکی سەرەکییە بۆ ئەو پۆستە.

مالیکی پێداگری دەکات و کارەکانی حکومەت پەکدەکەون

لە لایەکی دیکەوە، پێداگریی نووری مالیکی لەسەر کاندیدەکەی (قاسم عەتا) بۆ وەزارەتی ناوخۆ، گرێکوێرەیەکی نوێی خستووەتە بەردەم تەواوکردنی کابینەی حکومەت.

پەرلەمانی عێراق لە مانگی ئایاری ڕابردوودا دەنگدانی لەسەر قاسم عەتا ڕەتکردەوە، بەڵام ئێستا لە ناو جەرگەی ناکۆکییە توندە سیاسییەکاندا، هەوڵ هەیە بۆ دووبارە ناساندنەوە و دەنگدان بە ناوبراو بۆ وەرگرتنی جانتای وەزارەتی ناوخۆ.

لە بەرامبەردا، سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان دەڵێن چانسی گەڕانەوەی عەبدولئەمیر شەمەری بۆ ئەو پۆستە تەنیا وەک “خەونێک” دەبینرێت.

فەهد جبووری، سەرکردە لە ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتی عەممار حەکیم، ڕایگەیاند کە حەکیم هیوادار بوو پێش گەشتەکەی سەرۆک وەزیران بۆ واشنتۆن حکومەت تەواو بکرێت، “بەڵام ئێستا ئەو هیوایە زۆر دوورە”.

جبووری لە لێدوانەکەیدا بۆ (مەدا) ئاماژەی بەوە کرد کە قەیرانی پێکهێنانی حکومەت بەهۆی چەندین کێشەوە درێژە دەکێشێت، کە لە سەرووی هەموویانەوە ناڕەزایەتییەکانە بەرامبەر بە پشکی هێزە سیاسییەکان لە دابەشکاریی وەزارەتەکاندا.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ڕۆژنامەی (مەدا) کەوتوون، هێزە سیاسییەکان فشار دەکەن بۆ کەمکردنەوەی پشکی هاوپەیمانی “دەوڵەتی یاسا”، بەو پێیەی پێیان وایە ئەو قەوارەیە لە بەرامبەر 30 کورسیی پەرلەماندا، نابێت شایستەکەی لە دوو وەزارەت زیاتر بێت.

بەپێی ئەم پێشنیازانە، پشکی دەوڵەتی یاسا تەنیا لە وەزارەتەکانی ناوخۆ و تەندروستیدا کورت دەبێتەوە، کە وەزارەتی تەندروستیش دراوە بە حزبی فەزیلە، ئەمەش بە شێوەیەکی کرداری واتای کێشانەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەگەیەنێت لە پشکی ئەو هاوپەیمانییە.

سەبارەت بە پشکی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو، کە قەبارەی کوتلە پەرلەمانییەکەی لە زیاتر لە 50 کورسییەوە بۆ 24 کورسی کەمبووەتەوە، پێدەچێت پشکی ئەویش گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.

بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هاوپەیمانییەکەی سوودانی لە سەرەتادا ڕازی ببوو بەوەی لە بەرامبەر 28 کورسیدا وەزارەتی نەوتی پێبدرێت، بەڵام دواتر لە ڕێککەوتنەکە پاشەکشەی کرد. بەپێی تێگەیشتنە کۆنەکە، لەوانەیە ئەم هاوپەیمانییە لە داهاتوودا وەزارەتی کارەبایش لەدەست بدات، ئەگەرچی ئەمە لە مەودایەکی نزیکدا ڕوونادات.

وەزارەتی سێیەمیش کە پێشتر لەسەر پشکی ئەو ئەژمار دەکرا وەزارەتی کشتوکاڵ بوو، کە دواجار درایە فالح فەیاز، دوای ئەوەی لە سوودانی جیا بووەوە.

Back to top button