مایکڵ رۆبن: دەبێت ئیسرائیل دەست بکات بە پڕچەککردنی پەکەکە

مایکڵ ڕۆبن، نوسەر و ڕۆژنامەنووسی ناوداری ئەمریکی لە نوسینێکدا دەڵێت: پێویستە ئیسرائیل ستراتیژی خۆی بەرامبەر بە تورکیا بەپێی ئەو تاکتیکانە ڕێکبخات کە تورکیا دژی ئیسرائیل بەکاریان دەهێنێت.

دەشڵێت: پێویستە ئیسرائیل چەک و پارە بۆ پەکەکە دابین بکات و دەبێت ئامەد (دیاربەکر) وەک پایتەختی دەوڵەتی داهاتووی کوردستان بناسێنێت. لە کاتێکدا تورکیا هەوڵدەدات پەکەکە وەک تیرۆریست وێنا بکات، پێویستە ئیسرائیل هاوکارییەکانی خۆی مەرجدار بکات بەوەی کە پەکەکە وەک بزووتنەوەیەکی چەکداری یاخیبوو ڕەفتار بکات کە بە پێچەوانەی حەماسەوە، ڕەتیبکاتەوە هاووڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج. ئەوەی کە بەرپرسانی ئیسرائیل پێشتر دانیان بە چارەسەری دوو دەوڵەتیدا ناوە و تەنها چاوەڕێی دانپێدانانی فەلەستینییەکانن بەوەی کە یەکێک لەو دوو دەوڵەتە جوو دەبێت، باڵادەستییەکی ئەخلاقی دەداتە قودس.

ڕژێمەکەی ئەردۆغان، بەهۆی ئەو هەستکردنە بە پارێزبەندی و لێنەپرسینەوەیەی کە لە ڕێگەی دۆستایەتی دۆناڵد ترەمپ و مامەڵە بازرگانییەکانی تۆم باراکی باڵیۆزی ئەمریکاوە دەستی کەوتووە، هێرشە زارەکی و دژایەتیەکانی بۆ ئیسرائیل، گەیاندووەتە ئاستێکی نوێ.

تۆرگۆت ئۆزال، سەرۆک وەزیران و دواتریش سەرۆک کۆماری تورکیا لە نێوان ساڵانی 1983 بۆ 1993، داڕێژەر و ئەندازیاری پەیوەندییە سەربازی و دیپلۆماسییە توندوتۆڵەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا بوو. هەمیشە هاوپشتی لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەبوو. لە ساڵی 1949دا، تورکیا یەکەم وڵاتی زۆرینە موسڵمان بوو کە دانی نا بە ئیسرائیلدا. تورکەکان لە مێژوودا ڕێزیان لە جووەکان دەگرت، چونکە لەنێو هەموو ئەو کەمینانەی کە لەژێر سایەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا دەژیان، جووەکان تاقە پێکهاتە بوون کە لە دژی دەسەڵاتی تورکەکان ڕاپەڕینیان نەکرد.

ئۆزال پێی وابوو ئیسرائیل و تورکیا ڕووبەڕووی هەڕەشەی هاوبەش دەبنەوە، چ لەلایەن تێرۆریزمەوە و چ لەلایەن دەوڵەتە عەرەبییەکانەوە (ئەوانەی دژی ئاشتی بوون لەگەڵ ئیسرائیل). ئەو ئیسرائیلی وەک هاوبەشێکی سروشتی دەبینی چونکە پێی وابوو، هاوشێوەی ئیسرائیل، داهاتووی تورکیا بەستراوەتەوە بە ئەوروپاوە نەک بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرفراوان یان جیهانی ئیسلامییەوە. ئیسرائیل —کە ئێستا کاتێک سەیری ڕابردوو دەکەین، مایەی شەرمەزارییە— یارمەتی تورکیای دا لە دۆزینەوە و شوێنپێهەڵگرتنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، و هێزە تایبەتەکانی تورکیای ڕێنوێنی کرد کە لە وڵاتی کینیا دەستگیری بکەن و ڕادەستی بکەنەوە.

پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیسرائیل دوای ئۆزالیش بەردەوام بوون، کە سەرۆکایەتییەکەی بەهۆی جەڵتەیەکی دڵەوە کورتکرایەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، نیشانەی (دژایەتی جوو) و گەشەکردنی ئاراستەی ئیسلامی لای تورکەکانی ئەنادۆڵ دەرکەوتن، کاتێک لە ساڵی 1997دا، نەجمەدین ئەربەکان، مامۆستای ڕۆحی ئەردۆغان، هەوڵیدا ئاراستەی پەیوەندییە دەرەکییەکانی تورکیا لە ئەوروپا و ئیسرائیلەوە بەرەو ئێران، سووریا و لیبیا بگۆڕێت.

لە کۆتاییدا، پێشێلکارییەکانی ئەربەکان بەرامبەر بە دەستووری تورکیا بووە هۆی لادانی لە دەسەڵات، و لە کاتێکدا پارتە سەرەکییەکانی تورکیا هەوڵیان دەدا سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بۆ دۆخی پێشوو بگێڕنەوە، ئەوەش بە سەرکەوتنی ئەردۆغان کۆتایی هات. کاتێک سەیری ڕابردوو دەکەین، گوتارەکانی سەرۆکی تورکیا بۆ هێورکردنەوە و دڵنیاکردنەوەی هاوبەشە ڕۆژئاواییەکانی تورکیا ناڕاستگۆیانە بوون، ئەو وەک “گەمژەی بەسوود” لە سەرکردەکانی ڕێکخراوە جووەکانی ئەمریکای دەڕوانى، کە ساویلکەیی ئەوان یارمەتیدەر دەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگەی جوو لە ئەمریکا تا ئەو کاتەی ئیتر زۆر درەنگ دەبێت بۆ گۆڕینی ئاراستە ئیسلامییە نوێیەکەی تورکیا.

دابڕانە ڕاستەقینەکە لە ساڵی 2006دا ڕوویدا، کاتێک ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەوروپا و دەوڵەتە عەرەبییە میانڕەوەکان هەوڵیان دا حەماس ناچار بکەن پابەندی ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆ بێت لە بەرامبەر داننان بە سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانی فەلەستیندا. ئەردۆغان بەڵێنی بە ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا دا کە پابەندی ئەم کۆدەنگییە دەبێت، بەڵام تەنها دوو هەفتە دواتر سەرکردەکانی حەماسی هێنایە ئەنقەرە. لە ماوەی دەیەکانی دواییدا، ئەستەمبوڵ بوو بە بنکەیەکی گرنگ بۆ حەماس هاوشێوەی تاران.

لە ناوخۆی تورکیادا، بابەتەکە تەنها وەرچەرخانێکی دیپلۆماسی نەبوو. ئیسلامییەکان دژایەتی جوو، هەروەها دژەزایۆنیزمیان گەشەپێدا. لە کاتێکدا ئەردۆغان ئەمڕۆ فەتحوڵڵا گولەنی کۆچکردوو، وەک کەسێکی یاخی و دەرکراو وێنا دەکات و هەموو ئەوانەی کە چوونەتە قوتابخانەکانی یان شوێنی فێرکارییە تەسەوفە ئەنادۆڵییەکەی کەوتوون زیندانی دەکات، بەڵام پێش ساڵی 2013، ئەردۆغان و گولەن هاوڕێ و هاوبەشی نزیکی یەکتر بوون. گولەن بەشدار بوو لە تیۆرییە پیلانگێڕییەکانی ئەردۆغاندا، کاتێک یەکێک لە یاریدەدەرەکانی لە تویتێکدا پشتگیری لە کتێبی پیلانگێڕیی “لۆبی ئیسرائیل” کرد. بە پاڵپشتی دارایی تورکیا، کتێبی “خەباتی من” (نوسینی هیتلەر) بوو بە یەکێک لە پڕفرۆشترین کتێبەکان.

ئەردۆغان و یاریدەدەرەکانی، جووەکان یان ئیسرائیلییەکانیان بە بەرپرسیار دەزانی لە هەموو شتێک؛ لە خۆپیشاندانەکانی گەزی پارکەوە تا شۆڕشی گەل دژی دەسەڵاتی ئیخوان موسلیمین لە میسر. ڕۆژنامەکانی تورکیا دەیانگوت جووەکان تەلەکینێسس (توانای جوڵاندنی شتەکان بە مێشک) بەکاردەهێنن بۆ لاوازکردنی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی، وە ئەردۆغان و هاوسەرەکەی پشتگیرییان لەو فیلمانە کردووە کە جووەکان وەک کۆمەڵەیەک نیشان دەدەن کە ئەندامانی جەستەی عێراقییەکان دەدزن بۆ بازرگانیی لە بازاڕی ڕەش. کاتێک ئەردۆغان سەبارەت بە ڕێگەدان بە هاوبەشەکانی بۆ گەشەپێدانی زەوییە سەوزاییەکان ڕووبەڕووی خۆپیشاندان بووەوە، ئەو بانگەشەی ئەوەی دەکرد دار زەیتوونەکان لایەنگری جووەکانن و بۆیە دەبێت لەناو ببرێن.

لە 2ی تەممووزی 2026دا، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کە پێشتر وەک سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا هەماهەنگیکاری پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ قاعیدە و دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) دەکرد، بووە مانشێتی هەواڵەکان کاتێک ئیسرائیلی بە “بارگرانی سەر شانی مرۆڤایەتی” ناوبرد. ئەردۆغانیش بەدوای ئەودا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە چاوچنۆکە و هەڕەشەیە بۆ سەر تەواوی ناوچەکە. لە بنەڕەتدا، ئەردۆغان ئێستا پیلانگێڕی ناسیۆنالیستی عەرەبی “لە نیلەوە تا فوڕات” وەردەگرێت و لە بورساوە تا بەغدا فراوانی دەکات.

بەڵام هیچ کام لەمانە نوێ نین. ئەردۆغان پێشتریش بووونی ئیسرائیلی بە “تاوان دژی مرۆڤایەتی” ناوبردبوو. وەزیری پێشووی گواستنەوەی تورکیا ئیسرائیلی بە چەتەکانی دەریای سۆماڵی شوبهاندبوو. تۆمەتی خوێناوی، پیلانگێڕی و دژەسامایەتی بوونە خۆراکی سەرەکی و ڕۆژانەی میدیا ئیسلامییەکان. تەنها دوو شت گۆڕاون؛ یەکەمیان ئامادەیی زۆرێک لە دیپلۆماتکاران، بەرپرسان و ڕۆژنامەنووسان بوو بۆ پشتگوێخستنی ئەم بابەتە، و دووەمیشیان توندی و یەکلاییکەرەوەبوونی هێرشەکان بوو. لە کاتێکدا ئەردۆغان تەمەنی تێپەڕ دەبێت و تەندروستی بەرەو خراپی دەچێت، ئەو درک بەوە دەکات کە کاتەکەی بۆ بەدیهێنانی خەونە ئیسلامییەکەی —کە بریتییە لەوەی ئەوەی پێشینەکانی بەسەر ئەرمەن و یۆنانییەکاندا هێنایان، ئەمیش بەسەر ئیسرائیل و جووەکاندا بهێنێت— بەرەو کۆتایی دەچێت. ئەوەی کە ترەمپ و باراک چاوپۆشی لە دژایەتیەکەی بۆ جوولەکە دەکەن، دەرفەتی جوڵانەوەی پێدەدات.

ئەمڕۆ تورکیا سپۆنسەری تیرۆرە، دەوڵەتێکە خوازیاری بەدەستهێنانی توانای ئەتۆمییە، و بە ڕادەیەک گۆش کراوە بە ڕق و کینە دژی جوو و ئیسرائیل، کە پێدەچێت دوژمنکاری تورکیا بەرامبەر بە جووەکان و ئیسرائیل لە خودی ئەردۆغان زیاتر تەمەنی درێژ بێت. بە دەربڕینێکی تر، ڕێک وەک چۆن ئیسرائیل لە شەڕێکی چەند دەیەییدا بوو لەگەڵ ئێران و بریکارەکانیدا، ئەمڕۆ قودس (ئۆرشەلیم) لە شەڕێکی چەند دەیەیدایە لەگەڵ ئەنقەرە و بریکارەکانیدا.

رەنگە پیاوانی دەوڵەت بخوازن بگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشوو، و ناوەندەکانی بیرکردنەوە کە پەرۆشی پاراستنی دەستڕاگەیشتن یان بەخشینەکانی خۆیانن لەلایەن کۆمپانیاکانی نزیک لە ئەردۆغانەوە، زیانبەخشی و مەترسیی تورکیا کەم نیشان بدەن، بەڵام ئیسرائیل ناتوانێت سەرکێشی بەو جۆرە وەهمانەوە بکات.

لەبەر ئەوە، پێویستە ئیسرائیل ستراتیژی خۆی بەرامبەر بە تورکیا هاوتای ئەو تاکتیکانە بکاتەوە کە تورکیا دژی ئیسرائیل بەکاریان دەهێنێت. لە کاتێکدا کورد شایستەی پشتگیرین تەنها لەسەر بنەمای ئەخلاقی و مێژوویی، پێویستە ئیسرائیل بە ئاشکرا و بە شێوەیەکی چالاک پشتگیری لە جوداخوازیی کورد لە تورکیا بکات. کورد شایستەی دەوڵەتە، نەک ویلایەتێکی پاشکۆ، کە وەک کوردستانی عێراقی لێهاتبێت و وەڵامدەرەوەی ئەردۆغان بێت، لە کاتێکدا مەسرور و ئارین بارزانی تەواوی تەماحە نەتەوەییەکانی کوردیان بە ئۆتۆمبێلی بوگاتی و کاتژمێری پاتیک فیلیپ فرۆشتووە. لە کاتێکدا پەکەکە بە فەرمی هەڵوەشاوەتەوە (پێکهاتەی خۆی گۆڕیوە)، بەڵام ڕەتکردنەوەی ڕاکێشانەی ئەردۆغان بۆ بردنەپێشەوەی پڕۆسەی ئاشتی پاش ئەو قۆناغە، بەواتای گەڕانەوەیەکی پێشبینیکراو دێت بۆ شەڕ. زۆرجار ئیسرائیل وەک هێنری کیسینجەر مامەڵەی لەگەڵ کورد کردووە: وەک ئامرازێک بۆ بەکارهێنانی ناڕاستگۆیانە و پاشان فڕێدانی. پێویستە ئەوە کۆتایی بێت.

پێویستە ئیسرائیل چەک و پارە بۆ پەکەکە دابین بکات و دەبێت ئامەد (دیاربەکر) وەک پایتەختی دەوڵەتی داهاتووی کوردستان بناسێنێت. لە کاتێکدا تورکیا هەوڵدەدات پەکەکە وەک تیرۆریست وێنا بکات، پێویستە ئیسرائیل هاوکارییەکانی خۆی مەرجدار بکات بەوەی کە پەکەکە وەک بزووتنەوەیەکی چەکداری یاخیبوو ڕەفتار بکات کە بە پێچەوانەی حەماسەوە، ڕەتیبکاتەوە هاووڵاتیانی مەدەنی بکاتە ئامانج. ئەوەی کە بەرپرسانی ئیسرائیل پێشتر دانیان بە چارەسەری دوو دەوڵەتیدا ناوە و تەنها چاوەڕێی دانپێدانانی فەلەستینییەکانن بەوەی کە یەکێک لەو دوو دەوڵەتە جوو دەبێت، باڵادەستییەکی ئەخلاقی دەداتە قودس.

لە قۆناغێکدا، کاتێک یاخیبوونی چالاک زیان بە پیشەسازی گەشتیاری لە ئەستەمبوڵ، بۆدروم و ئەنتاڵیا دەگەیەنێت، ڕەنگە تورکەکان دانوستان بۆ ڕێککەوتن بکەن. پێویستە ئیسرائیل و ڕۆژئاوا داوای هیچ شتێک نەکەن کەمتر لەوەی کە ئیسرائیل لە ڕێککەوتننامەکانی ئۆسلۆدا لەسەری ڕێککەوتووە: دەسەڵاتێکی کوردستان و نەخشەی ڕێگا بەرەو دەوڵەتبوون. بە کورتی، تورکیا مافی مانەوەی بە شێوازی ئێستای لەدەستداوە، و کوردەکان شایستەی ئازادی و ڕزگاربوونیانن لە ژێر دەسەڵاتی ئیمپریالی تورکیا.

Back to top button