
لە 11ی تەممووزی 2025دا، کڵپەی ئاگری مەراسیمی چەک سوتاندن لە ئەشکەوتی جاسەنە، نزیک قەزای دوکانی سەر بە پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستانیایەک بوو بۆ پێداگری لەسەر کۆتاییهێنان بە نزیکەی نیو سەدە لە خەباتی چەکداریی کورد. لە یەکەمین ساڵیادی ئەم ڕووداوەدا، سەرکردایەتیی بزووتنەوەکە جارێکی دیکە جەختی لەسەر پێداگریی خۆی بۆ “ستراتیژی خەباتی سیاسیی دیموکراتی” کردەوە.
گرووپێک کە لە 30 گەریلا بە سەرۆکایەتیی بەسێ هۆزات پێکهاتبوون، لە وەڵامی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتی کە لە 27ی شوباتی 2025دا ڕایگەیاندبوو، بە شێوەیەکی گشتی چەکەکانی خۆیان سووتاند. ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە بانگەوازی چەکدانانەکەیدا گوتبووی: “دەبێت هەموو گرووپەکان چەکەکانیان دابنێن و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.”
پەکەکە لە وەڵامی بانگەوازەکەی ئۆجەلاندا کۆنگرەی خۆی بەست، لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەکە ڕێککەوت و کۆتاییهاتنی خەباتی چەکداریی خۆی ڕاگەیاند. لەو کاتەوە بزووتنەوەی کورد، هاوتەریب لەگەڵ ئەو ڕاگەیەندراوانە، تا ڕادەیەکی زۆر هەنگاوە ڕێکخراوەیی و سەربازییەکانی خۆی تەواو کردووە. لە ئێستادا چاوەڕوانییەکان لەسەر ئەوە چڕبوونەتەوە کە دەوڵەتی تورکیا لە بەرامبەر ئەم پابەندبوونە، چ هەنگاوێکی یاسایی و سیاسی دەنێت؟
ڕۆژنامەنووس توغچە تاتاری کە ساڵی ڕابردوو ئامادەی مەراسیمەکە ببوو دەڵێت: بەهێزترین یادەوەریی ئەو لەو ڕووداوە، فرمێسک و ههلههلهی دایکانی ئاشتی بووە؛ گرووپێک لەو دایکانەی کە دوای گیانلەدەستدانی کوڕ و کچەکانیان لە ململانێ چەکدارییەکاندا، کەمپین بۆ چارەسەری ناتوندوتیژانە دەکەن.
کاتێک دایکانی ئاشتی سەیری 30 شەڕڤانی گەریلایان دەکرد کە بەرەو مەراسیمەکە دەهاتنە خوارەوە، وەک ئەوەی منداڵی خۆیان بن کاردانەوەیان هەبوو؛ شینیان بۆ دەکردن و باوەشیان پیا دەکردن. تاتاری گوتی: “هیچ کام لەوان خزمایەتییان لەگەڵ ئەو 30 کەسەدا نەبوو، بەڵام هەر یەکێکیان بە جۆرێک سەیری دەکردن وەک بڵێی منداڵی خۆی دەبینێت.”
تاتاری ئەوەشی خستە ڕوو کە بڕیاری پەکەکە نەک تەنها بۆ دانانی چەک، بەڵکو بۆ لەناوبردنی چەکەکانیان لە ڕێگەی سووتاندنیانەوە، هێمایەک بوو بۆ ئەوەی چۆن قۆناغی نوێ بە ئیرادەی ئازاد ڕاگەیەندراوە، کە ئەمەش یادەوەریی کاوەی ئاسنگەر، وەک کەسایەتییەکی کاریگەر لە بیرەوەریی سیاسیی کورددا دەهێنێتەوە یاد.
لە ماوەی ساڵێکدا چی گۆڕاوە؟لە ماوەی ساڵێکدا چی گۆڕاوە؟
دوای دەستپێکردنی قۆناغی سیاسیی پرۆسەکە، “کۆمیسیۆنی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی” لەناو کۆمەڵەی نیشتمانیی تورکیا (پەرلەمان) دامەزرا.
بەر لە ئۆکتۆبەری 2025، بزووتنەوەی ئازادیی کورد ڕایگەیاند کە “هێزەکانی خۆی کە لەژێر مەترسیی ململانێدابوون” لە ناوو سنوورەکانی تورکیاوە بۆ هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا کشاندووەتەوە و داوای خێراکردنی چاکسازییە یاساییەکانی کرد، کە ڕێگا بۆ سیاسەتی دیموکراتی خۆش دەکەن.
گرنگترین هەنگاوی کۆمیسیۆنەکە لە 24ی تشرینی دووەمی 2025دا بوو، کاتێک شاندێکی پەرلەمانی تورکیا لە دوورگەی ئیمراڵی لەگەڵ ئۆجەلان کۆبوونەوە، کە لە ساڵی 1999ەوە لەوێ لە گۆشەگیریدا ڕاگیراوە. ئەم کۆبوونەوەیە یەکەمین جار بوو کە ڕۆڵی کارای ئۆجەلان لە پرۆسەکەدا بە فەرمی لەسەر ئاستی پەرلەمان دانی پێدانرا. ڕاپۆرتی کۆمیسیۆنەکەش لە 18ی شوباتدا، دوای ئەو کۆبوونەوەیە پەسەند کرا.
دەکرێت بگوترێت لە کاتێکدا بزووتنەوەی کورد لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زۆربەی بەڵێنە ڕێکخراوەیی و سەربازییەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، بەڵام تورکیا بە هەمان خێرایی هەنگاوی نەناوە. بەردەوامبوونی دانانی قەیوم لەلایەن حکومەتەوە، ئۆپەراسیۆنە سیاسییەکان و دواخستنی دەستپێشخەرییەکانی چاکسازیی گشتگیری دیموکراتی، وەک دیارترین دژایەتییەکانی ناو پرۆسەکە دەرکەوتوون.
لە مانگەکانی ڕابردوودا، گفتوگۆکانی دەوروبەری پرۆسەکە زیاتر لەسەر ئەو یاسایە چڕبوونەتەوە کە پێی دەوترێت “یاسای چوارچێوە” یان “یاسای بنەڕەتی”. جیاوازییەکی ڕوون لە نێوان ڕوانگەی حکومەت و بزووتنەوەی کورددا هەیە سەبارەت بە ئامانج و مەودای یاسای پێشنیازکراو.
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی نزیک لە حکومەت، تورکیا خەریکی ئامادەکردنی ڕێکخستنێکی یاسایی یەکجارەکی و سنووردارە لە ڕووی کاتەوە، کە دوای ئەوەی دامەزراوە ئەمنییە پەیوەندیدارەکان پرۆسەی هەڵوەشاندنەوە و چەکدانانەکەیان پشتڕاستکردەوە، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، پێشنیارەکەی وەک “یاسایەکی جیاواز و کاتی” وەسف کردووە، کە ئامانجی سەرەکی لێی ڕێکخستنی گەڕانەوەی شەڕڤانانی گەریلا و دیاریکردنی پێگەی یاساییانە.
بەڵام پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کە پارتێکی لایەنگری کوردە لە تورکیا، دژایەتی کورتکردنەوەی پرۆسەکە دەکات بۆ ڕێسایەکی تەکنیکیی سنووردار سەبارەت بە گەڕانەوە یان سزادان. پارتەکە پێی وایە کە دەبێت یاساکە تەواوی چوارچێوەی یاسایی بۆ گواستنەوە لە خەباتی چەکدارییەوە بۆ سیاسەتی دیموکراتی دابڕێژێت، نەک تەنها دیاریکردنی پێگەی یاسایی ئەوانەی چەک دادەنێن. بە بڕوای پارتەکە، پێویستە ئەم یاسایە ببێتە بنەمایەک بۆ هەموارکردنەوەکانی داهاتوو لە یاسای سزادانی تورکیا، یاسای دژە تیرۆر و یاساکانی جێبەجێکردنی سزادا.
تاتاری ئاماژەی بەم نادڵنیاییەش کرد. ئەو گوتی کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا، ڕای گشتی تا ڕادەیەکی زۆر ناچار بووە لە ڕێگەی ڕاپۆرتەکانی پشت پەردە و پێشبینییە سیاسییەکانەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەکە بکات. ئەو هۆشدارییەکیشی دا کە سەرنەکەوتن لە داڕشتنی یاسایەکی کۆنکرێتی کە هەموو لایەنەکان لەسەری ڕێککەوتبێتن، وەک “تاکتیکی دواخستن” لەلایەن حکومەتەوە ئەژمار دەکرێت.
نادڵنیایی نوێ سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئیمراڵی
لەو کاتەی کە دەوترێت ئامادەکارییە یاساییەکان لە نزیکەوە بەستراونەتەوە بە هەڵسەنگاندنەکانی ئۆجەلانەوە، بەردەوامبوونی ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بۆ زیندانی ئیمراڵی بووەتە ئاستەنگێکی گەورە لەبەردەم پرۆسەکەدا.
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی دواجار لە 24ی ئایاری 2026دا لەگەڵ ئۆجەلان کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە، شاندەکە ڕایگەیاند کە ئۆجەلان جەختی لەوە کردووەتەوە سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتایی هاتووە و هیچ گەڕانەوەیەک لەم ڕێڕەوەدا نییە.
بەڵام لە سەرەتای مانگی تەممووزدا، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی ڕایگەیاند کە شاندەکە نزیکەی 40 ڕۆژە نەیتوانیوە دووبارە سەردانی ئیمراڵی بکاتەوە. ئەو گوتی دەنگۆی ئەوە هەیە کە ئۆجەلان ڕەشنووسی یاسای چوارچێوەی پەسەند کردووە، بەڵام شاندەکە دەقێکی لەو شێوەیەی نەبینیوە و پشتڕاستی نەکردووەتەوە.
هاوکات لێدوانێکی هاوشێوە لەلایەن هاوسەرۆکایەتیی ئەنجومەنی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە)وە بڵاوکرایەوە کە تێیدا هاتبوو، حکومەت نە پەیوەندیی لەگەڵ ئیمراڵیدا نوێ کردووەتەوە و نە دوای هەڵسەنگاندنی پێشنیازەکانی ئۆجەلان بزووتنەوەکەی ئاگادار کردووەتەوە. کەجەکە ئەوەشی خستە ڕوو کە هەر ناوەڕۆکێکی یاسایی بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵ ئۆجەلان یان بزووتنەوەکە بۆ ڕای گشتی بڵاو بکرێتەوە، وەک هەوڵێک بۆ “سەپاندن” و “یاریپێکردن” سەیر دەکرێت.
کەجەکە ڕایگەیاند: “دەمانەوێت ئەمە بە ڕوونی جەخت لێ بکەینەوە؛ نە ڕێبەر ئاپۆ و نە بزووتنەوەی ئازادیمان ڕووداوی پێشوەختە و سەپێندراو قبوڵ ناکەن.
لە ئەنجامدا، یەکێک لە بابەتە سەرەکییەکان کە لە سەرەتای پرۆسەکەوە مشتومڕی لەسەر دەکرێت، جارێکی دیکە هاتەوە پێشەوە. لایەنی کوردی پەیوەندیی بەردەوامی شاندی ئیمراڵی، پارێزەرانی و نوێنەرانی چینوتوێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگە بۆ لای ئۆجەلان، بە یەکێک لە مەرجە بنەڕەتییەکان بۆ کارکردنی پرۆسەی دانوستان دەزانێت.
تاتاری جەختی لەوەش کردەوە کە پچڕانی زانیاری و نەبوونی شەفافیەت کاریگەری لەسەر تێڕوانینی گشتی بۆ پرۆسەکە دروستکردووە. ئەو پێی وابوو کە ڕێگەدان بە ڕۆژنامەنووسان بۆ دەستڕاگەیشتنی یەکسان بە سەرجەم لایەنە بەشداربووەکان، بۆ دروستکردنی پشتگیرییەکی بەرفراوان زۆر پێویستە.
پشوودان و ڕاگرتنی سەردانەکان بۆ ئیمراڵی، پرسیاری لەسەر میکانیزمی دانوستانەکەش دروستکردووە کە یاسای چوارچێوەی تێدا ئامادە دەکرێت. لە کاتێکدا چاوەڕوان دەکرێت ڕوانگەکانی ئۆجەلان ببنە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی یاساکە، ڕەخنەکان توندتر بوونەتەوە لەوەی کە دەوڵەت هەوڵ دەدات پرۆسەکە بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو و تاکلایەنە بەڕێوە ببات.
ئایا بێدەنگکردنی چەکەکان بەسە بۆ هێنانی ئاشتی؟
مشتومڕی سەر یاسای چوارچێوە لە کۆتاییدا پرسیاری سەرەکی پرۆسەکە بە ڕوونی دەخاتە ڕوو: ئایا کۆتاییهاتنی ململانێی چەکداری دەتوانێت بەبێ وەرچەرخانی دیموکراتی ئاشتییەکی بەردەوام بەرهەم بهێنێت؟
بە بڕوای بزووتنەوەی کورد، وەڵامەکە ڕوونە. ئاشتی بەردەوام نایەتە دی مەگەر پرۆسەکە هاوشانی چاکسازییە یاساییەکان بێت کە ڕێگا بۆ سیاسەتی دیموکراتی خۆش دەکەن، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕێکخراوەیی مسۆگەر دەکەن و دەرفەتێک دەڕەخسێنن بۆ ئەوەی پرسی کورد لە چوارچێوەیەکی سیاسیی دیموکراتیی شەرعیدا چارەسەر بکرێت. لەبەر ئەم هۆکارە، پرۆسەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک تاقیکردنەوەیەک بۆ پابەندبوونی تورکیا بە دیموکراسی سەیر دەکرێت.
تاتاریش قۆناغی ئێستای وەک وەرچەرخانێکی هەستیار بۆ سیاسەت و کۆمەڵگە بینی. ئەو گوتی ئەگەر نەوەکانی داهاتوو هیوا بەم پرۆسەیە لەدەست بدەن، ڕەنگە ئەم قۆناغەی ئەمڕۆ وەک “دواهەمین دەرفەتی گەورە بۆ ئاشتی” یاد بکرێتەوە. لەبەر ئەوە، جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ڕێگە بدرێت پرۆسەکە بە ناڕوونی بمێنێتەوە، بەڵکو دەبێت بەبێ دواکەوتن لە ڕێگەی ڕێوشوێنی یاسایی کۆنکرێتییەوە بەهێز بکرێت.
ئەو چەکانەی کە ساڵی ڕابردوو لە جاسەنە سووتێنران، نیشانەی ڕاگەیاندنی بڕیارێکی ستراتیژیی وەرچەرخێنەر بوو لە مێژووی بزووتنەوەی ئازادیی کورددا. ئێستا پرسیارە یەکلاکەرەوەکە ئەوەیە کە ئەو پابەندبوونە لە ئەنقەرە چۆن وەڵام دەدرێتەوە؟ ئەمڕۆ سەرنجی ڕای گشتی کەمتر لەسەر چیاکانە و زیاتر لەسەر پایتەختە، کە تێیدا چاوەڕوانییەکان لەسەر مەودای ئەو یاسایە چڕبوونەتەوە کە پێشکەشی پەرلەمان دەکرێت، هەروەها باشترکردنی دەستڕاگەیشتن بە ئیمراڵی و ئامادەیی دەوڵەت بۆ هەنگاونان بەرەو دیموکراسی.





