
ئایا کوردستان دەتوانێت بە پێشەنگایەتیی ئیسرائیل ببێتە «نەتەوەی ستارت-ئەپ»ی داهاتوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
پێویست ناکات کوردستان کۆپییەکی ئیسرائیل بێت، بەڵام دەتوانێت لە ئەزموونی ئەو وڵاتەوە فێربێت کە چۆن توانی لە ژینگەیەکی بچووک و پڕ لە ناسەقامگیریی سیاسییەوە، ببێتە زلهێزێکی تەکنەلۆژیا و کۆمپانیا داهێنەرەکان.
هەرێمی کوردستان هەوڵ دەدات وێنەی خۆی لە جیهاندا بگۆڕێت
بۆ چەندین دەیە، تێڕوانینی جیهان بۆ ئەم ناوچەیە تەنها لە ڕێگەی سەددام حوسێن، جینۆساید، داعش، نەوت و ململانێی ئەمنییەوە بووە. ئەگەرچی ئەمانە بەشێکی گرنگن لە ڕابردوو و ئێستای کوردستان، بەڵام ئەگەر ناوچەیەک تەنها وەک هێمایەکی «هەوڵدان بۆ مانەوە لەژیاندا» بناسرێت، زۆر زەحمەت دەبێت بتوانێت ئەو وەبەرهێنانە دەرەکییە ڕابکێشێت کە داهاتوویەکی گەشاوەی بۆ دەستەبەر دەکات.
باشترین نموونە بۆ بەراوردکردن، ئەزموونی ئیسرائیلە. ئیسرائیل سەرەڕای گوشارە جیۆپۆلەتیکییە بەردەوامەکان و کەمیی سەرچاوە سروشتییەکانی، توانی یەکێک لە ئابوورییە هەرە پێشەنگەکانی بواری ستارت-ئەپ لە جیهاندا بونیاد بنێت.
دیارە ئەو بەربەستانەی لە بەردەم کوردستاندان ئاڵۆزتر و جیاوازن لە هی ئیسرائیل؛ کوردستان لە چوارچێوەی سیستمێکی فیدراڵیدا کار دەکات، هەناردەی نەوتەکەی بەستراوەتەوە بە هاوکێشە سیاسییەکانەوە کە خۆی کۆنترۆڵیانی لەدەستدا نییە، سیستمی بانکییەکەی هێشتا لە قۆناغی چاکسازیدایە، وە نە ئەو هێڵە بەهێزەی بەستنەوەی کەرتی سەربازی بە تەکنەلۆژیای هەیە و نە دەستیشی بە سەرمایەی سەرکێشی ئەمریکی دەگات.
سەرەڕای ئەوەش، ئەم بەراوردکارییە لەو ڕووەوە بەسوودە کە ئیسرائیل سەلماندی تەنانەت ئابوورییەکی بچووک و فشۆڵی سیاسیش دەتوانێت سەرنجی جیددیی وەبەرهێنەران ڕابکێشێت؛ ئەمەش نەک تەنها لە ڕێگەی ڕیکلام و براندسازییەوە، بەڵکو بەهۆی داڕشتنی سیاسەتی گشتیی درێژخایەن، پەرەپێدانی دامەزراوەی توێژینەوە، بەکارهێنانی تۆڕەکانی دیاسپۆرا، ڕەخساندنی سەرمایەی سەرکێش و ئامادەکردنی ژینگەیەک کە متمانەی وەبەرهێنەرانی تێدا فەراهەم بێت.
بۆ کوردستان، وانە سەرەکییەکە تەنها هێنانەناوەوەی پارە نییە، بەڵکو دروستکردنی ئەو دامەزراوانەیە کە دەتوانن ئەو سەرمایەیە بگۆڕن بۆ ئابوورییەکی داهێنەرانە.
مەترسییە سیاسییەکان وایانکردووە هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات ببێتە پێویستییەکی بەپەلە.
ئەگەرچی سەرچاوە سروشتییەکان هێشتا وەک بڕبڕەی پشتی ئابووریی هەرێمی کوردستان دەمێننەوە، بەڵام ئەم کەرتە هەمیشە لەژێر ڕەحمەتی گرژییە سیاسییەکاندا بووە. بۆ نموونە، هێڵی بۆریی عێراق-تورکیا کە پێشتر ڕۆژانە نزیکەی 450 هەزار بەرمیل نەوتی باکووری عێراقی دەگواستەوە، لە ساڵی 2023دا بەهۆی بڕیارێکی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتییەوە ڕاگیرا و بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو بە داخراویی مایەوە و تەنها دوای دانوستانە ئاڵۆزەکانی نێوان بەغدا، ئەنقەرە و هەولێر دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت کرایەوە. کەواتە کوردستان پێویستی بە سەرچاوەی تری گەشەی ئابووری هەیە بۆ ئەوەی بەرگەی ئەم جۆرە گوشارە سیاسییانە بگرێت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر هەنگاوی بۆ کەمکردنەوەی پشتپەستن بە نەوت ناوە. بەپێی ئامارەکانی فەرمانگەی «وەبەرهێنانی کوردستان»، لە ساڵی 2006ەوە مۆڵەت بە زیاتر لە 1.650 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە، کە بەهای گشتییان دەگاتە 80 ملیار دۆلار، لەو نێوەندەشدا 14 ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی بیانی و پڕۆژەی هاوبەش بووە. ئەم پڕۆژانە بوارەکانی پیشەسازی، خانوبەرە، گەشتوگوزار، بازرگانی و کشتوکاڵ دەگرنەوە.
هەنگاوی داهاتوو بریتییە لە ڕوکردنە کەرتی داهێنان و تەکنەلۆژیا. پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون یان دروستکردنی هوتێلێک ڕەنگە هەلی کار برەخسێنێت، بەڵام بونیادنانی ئیکۆسیستمێکی ستارت-ئەپ هاوشێوەی ئیسرائیل، پێویستی بە پڕکردنەوەی یەک بە یەکی کەلێنەکان هەیە: وەک دابینکردنی سەرمایەی سەرکێش، دروستکردنی پردی پێوەندی نێوان زانکۆ و پیشەسازی، پەرەپێدانی ژێرخانی بانکی، ڕێکخستنی سەرمایەی ڕەوەند و هاندانی وەبەرهێنەرە بیانییەکان بۆ هاتوونە ناو بازاڕێک کە پێویستە متمانەی پێبکەن.
متمانەی کەرتی تایبەت بە وەبەرهێنان لە ستارت-ئەپەکانی ئیسرائیلدا
ژینگەی ستارت-ئەپی ئیسرائیل لە ژێر سایەی دەوڵەتێکدا گەشەی کرد کە توانی مەرج و زەمینەیەک بخوڵقێنێت متمانە بە کەرتی تایبەت ببەخشێت. بۆ نموونە، بەرنامەی (Yozma) کە لە ساڵی 1993دا ڕاگەیەندرا، سەرمایەی حکومی بەکارهێنا بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنەرە دەرەکییەکان و دروستکردنی سندوقی ناوخۆیی بۆ سەرمایەی سەرکێش. لە سەرەتای ساڵانی 2000دا، ئیتر بازاڕی سەرمایەی سەرکێشی ئیسرائیل بە تەواوی کەوتە دەست کەرتی تایبەت.
ئەو داتایانەی لەم سەرکەوتنەوە سەرچاوە دەگرن سەرنجڕاکێشن؛ ئیسرائیل ساڵانە زیاتر لە 6٪ی بەرهەمی ناوخۆیی خاو (GDP) لە بواری توێژینەوە و پەرەپێداندا (R&D) خەرج دەکات. کەرتی تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو (Hi-tech) نزیکەی 12٪ی هێزی کار و پێنجەکی بەرهەمی ناوخۆیی وڵاتەکە پێکدەهێنێت، هەروەها پشکی زیاتر لە نیوەی هەناردەکردنی هەیە. لە ساڵی 2025دا، کۆمپانیاکانی های-تەکی ئیسرائیل توانیان 15.6 ملیار دۆلار لە ڕێگەی دارایی تایبەتەوە کۆبکەنەوە. سەرەڕای جەنگ و ئاڵۆزییە سیاسییەکان، وەبەرهێنەران متمانەیان بەم سیستمە هەبوو چونکە لەسەر بنەمای دامەزراوەیی جێگیر بوبوو.
بێگومان، هەر ستراتیژێکی داهێنان لە کوردستاندا جیاواز دەبێت لە دۆسیەی ئیسرائیل، چونکە کوردستان خاوەنی پێکهاتە و تایبەتمەندیی سیاسی و ئابووریی خۆیەتی. لە ڕووی کردارییەوە، حکومەت دەتوانێت پارەی گشتی بۆ هاندانی کەرتی تایبەت بەکاربهێنێت، بۆ نموونە لە ڕێگەی دروستکردنی سندوقی وەبەرهێنانی هاوبەشەوە. لێرەدا ئەرکی دەوڵەت دیاریکردنی جۆری پڕۆژەکان نییە، بەڵکو هاوبەشیکردنە لە سەرکێشی و ڕیسکەکاندا لەگەڵ وەبەرهێنەران، بەتایبەت ئەو کوردانەی تاراوگە کە دەیانەوێت لە ڕووی سۆزداری یان بازرگانییەوە لە نیشتمانەکەی خۆیاندا وەبەرهێنان بکەن.
ئەرکی زانکۆ تەنها پێشکەشکردنی خوێندن نییە، بەڵکو دەکرێت وەک بزوێنەرێکی ئابووریش کار بکات. بۆ نموونە، ناوەندی (Ramot)ی سەر بە زانکۆی تەلئەبیب، داهێنانە زانستییەکانی ناو زانکۆ دەستنیشان دەکات و دەیانکاتە پڕۆژەی بازرگانی، بەمەش پردێکی پتەو لە نێوان ئەکادیمیا و پیشەسازیدا دروست دەکات. زانکۆکانی کوردستان دەتوانن سوود لەم جۆرە پێکهاتانە وەربگرن.
لەم ڕووەوە، هەرێمی کوردستان لە خاڵی سفرەوە دەست پێناکات. لە ساڵی 2003ەوە تا ئێستا، ژمارەی زانکۆ و پەیمانگاکان لە چوار دامەزراوەوە بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 50 زانکۆی حکومی و تایبەت، کە ئەمەش دەستکەوتێکی نیشتمانیی گەورەیە.
بەپێی توێژینەوەیەکی ئەنجومەنی بەریتانی (British Council)، 76٪ی گەنجانی هەرێمی کوردستان ئارەزوو دەکەن کار و بازرگانیی تایبەت بە خۆیان دەستپێبکەن، بەڵام لە بەرامبەردا تەنها 51٪یان پێیان وایە کە سیستمی خوێندنەکەیان بە باشی بۆ بازاڕی کار ئامادەی کردوون.
کوردستان کێشەی نەبوونی حەز و خولیای گەنجانی نییە، بەڵکو کێشەی نەبوونی ئەو ڕێگە یاسایی و داراییانەی هەیە کە وا دەکەن ئەم خولیایانە ببنە واقیع.
ئێستا هەندێک دەستپێکی باش هەن، وەک دامەزراوەی (Five One Labs) کە لە ڕێگەی ڕاهێنان، ڕاوێژکاری و دابینکردنی داراییەوە پاڵپشتیی کارسازان دەکات. هەروەها پڕۆژەی (Orange Corners KRI) کە یارمەتیی گەنجان دەدات بازرگانییەکانیان گەشە پێبدەن و بگەنە بازاڕەکانی کار. پێویستە لەمەودوا سەیری ئەم جۆرە ناوەندانە بکرێت وەک بەشێکی بنەڕەتی لە ژێرخانی ئابووریی داهاتووی هەرێم.
توێژینەوە ئەکادیمییەکانیش تیشک دەخەنە سەر ئەو بەربەستانەی کە گەشەکردنیان پەکخستووە. بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی 2019 لەسەر پەرەپێدانی کارسازی لە هەرێمی کوردستان، دەرکەوتووە کە ئەم کەرتە دەتوانێت کێشەی بێکاری و لاوازیی کەرتی تایبەت چارەسەر بکات، بەڵام بە مەرجێک ڕێگرە پێکهاتەییەکان لابرێن. لێکۆڵینەوەکە دەستنیشانی چەند کێشەیەک دەکات کە ڕێک ڕێگرن لە دروستبوونی ئابووریی ستارت-ئەپ، لەوانە: نەبوونی سەرمایەی پێویست، لاوازیی ژێرخانی بانکی، نەبوونی یاسای توند بۆ پاراستنی مافی خاوەندارێتی فیکری، ناڕوونیی ڕێساکانی بازرگانیی ئەلیکترۆنی و لاوازیی پێوەندی نێوان زانکۆکان و بازاڕی کار.
ئەمەش واتای ئەوەیە کە گەنجانی داهێنەر و سەنتەرەکانی پێگەیاندنی پڕۆژەکان لەژێر گوشاری بەربەستە پێکهاتەییەکاندا گیریانی خواردووە. بۆیە پێویستە ئیکۆسیستمێک بونیاد بنرێت کە تێیدا کەرتی دارایی، یاسا و زانکۆکان پێکەوە کار بکەن بۆ ڕەخساندنی گەشەیەکی ڕاستەقینە.
چاکسازیی بانکی و دارایی کە ئێستا دەستی پێکردووە، هەنگاوێکی یەکجار گرنگ و چارەنووسسازە. ئابوورییەکی سەر زەمینەیی و پشت بەستوو بە پارەی نەختینە (کاش) تەنها دەتوانێت بازرگانیی بچووک و دکان داریی پێ بەڕێوە بچێت، لە کاتێکدا کۆمپانیا نوێکان پێویستیان بە سیستمی دیجیتاڵی، پارەدانی ئەلیکترۆنی و شەفافییەتی دارایی هەیە.
پڕۆژەی «هەژماری من»ی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئامانجی گواستنەوەی مووچەی کەرتی گشتییە بۆ سیستمی بانکی دیجیتاڵی، دەکرێت ببێتە چەقی ئەم گۆڕانکارییە.
لە ئایاری 2026دا، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند کە زیاتر لە 900 هەزار فەرمانبەر لەم سیستمەدا تۆمار کراون و زیاتر لە 800 هەزار کارتی بانکییش دابەش کراون. بەبێ بەردەوامبوونی ئەم جۆرە چاکسازییە بانکییانە، گەیشتن بە ئابوورییەکی داهێنەرانە تەنها وەک خەونێک دەمێنێتەوە.
(دیاسپۆرا) خاڵێکی تری بەراوردکاریی یەکجار گرنگە لە نێوان دۆسیەی ئیسرائیل و کورددا
ئیسرائیل لە مێژووی خۆیدا هەمیشە ڕەوەندی جولەکەی لە دەرەوەی وڵات وەک چەکێکی ستراتیژیی ئابووری بەکارهێناوە؛ بە جۆرێکی گەورە سوودی لێ بینیون بۆ دابینکردنی سەرمایە، پێشکەشکردنی ڕاوێژ، لۆبی سیاسی و کردنەوەی دەرگا بەڕووی بازاڕە جیهانییەکاندا. ئەمەش هاوکێشەیەکی هاوبەشی دروستکرد؛ هاوکارییەکانی ڕەوەند کەرتی ستارت-ئەپی ناوخۆی دەبووژاندەوە و سەرکەوتنی کۆمپانیا ناوخۆییەکانیش متمانە و بەشداریی زیاتری بە ڕەوەند دەبەخشییەوە.
کوردیش خاوەنی کۆمەڵگەی گەورە و بەهێزە لە ئەوروپا و ئەمریکای باکوور، بەڵام جیاوازییەکە لەوەدایە کە ئەم تۆڕە نیشتمانییە هێشتا نەبەستراوەتەوە بە ستراتیژێکی ئابووریی فەرمییەوە لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە.
ئێستا پشکی شێری پارەی ڕەوەندی کوردی تەنها بۆ هاوکاریی خێزانی بەکار دێت. ستراتیژێکی گونجاو بۆ ستارت-ئەپ دەتوانێت ڕێڕەوی ئەم پارانە بگۆڕێت بۆ وەبەرهێنانی فەرمی. بۆ نموونە، دەکرێت تۆڕەکانی وەبەرهێنانی فریشتەی کوردی (Angel Investor Networks) لە لەندەن، بەرلین، واشنتۆن و کەنداو ڕاستەوخۆ ببەسترێنەوە بە گەنجانی داهێنەر لە ناوخۆی کوردستاندا. بەرنامەکانی ڕاوێژکاری دەتوانن پسپۆڕانی کورد لە دەرەوە ببەستنەوە بە خوێندکاران و خاوەنکارانی ناوخۆ. ڕەخساندنی دەرفەت بۆ ناساندنی ستارت-ئەپە کوردییەکان بە وەبەرهێنەرانی جیهانی، وێنەی کوردستان لە «ناوچەیەکی جێی بەزەیی و هاوسۆزیی سیاسی»یەوە دەگۆڕێت بۆ «ناوچەیەکی پڕ لە توانای ئابووری».
لێرەوە دەردەکەوێت کە پەرەپێدانی هێزی نەرمی کوردی (Soft Power) نەک تەنها گرنگە، بەڵکو پێویستییەکی گەورەیە. مەترسییە سیاسییەکانی سەر ئیسرائیل هیچ کات کەم نەبوونەتەوە، بەڵام وەبەرهێنەرانی جیهانی لە کولتوور، زانکۆ و جیددییەتی کارەکەیان تێگەیشتبوون. کوردستان پێویستی بە دروستکردنی ئاشنایەتییەکی لەو شێوەیە هەیە لەسەر ئاستی جیهان.
دامەزراندنی «کۆمەڵەی کوردستان» لە لەندەن، ئەگەرچی هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدایە، بەڵام نموونەیەکی زۆر باشی ئەم هەوڵانەیە. ئەم کۆمەڵەیە وەک پلاتفۆرمێک بۆ بەهێزکردنی پێوەندییە کولتووری، ئەکادیمی و ئابوورییەکانی نێوان گەلی کورد و بەریتانیا دامەزراوە. پلاتفۆرمی لەم شێوەیە دەتوانن دەرگا بۆ گەنجانی کورد بکەنەوە تا بگەنە ئەو هۆڵ و کۆبوونەوانەی کە تێیدا بڕیاری وەبەرهێنان و متمانەی بازرگانی چێ دەکرێت.
ئیسرائیل و چەمکی «نەتەوەی ستارت-ئەپ» پێوەرێکی زۆر باڵایان داناوە. پێویست ناکات کوردستان کۆپییەکی ئیسرائیل بێت، بەڵام دەکرێت وانە لە گەشتەکەی وەربگرێت کە چۆن لە ناوچەیەکی بچووک و پڕ لە نادڵنیایی سیاسییەوە، بوو بە زلهێزێکی بواری تەکنەلۆژیا.
هەرێمی کوردستان سەرچاوەی پێویستی لەبەردەستدایە؛ هێزی کار و گەنجی خوێندەوار، چەند سەنتەرێکی سەرەتایی پێگەیاندنی پڕۆژەکان، کەرتی وەبەرهێنانی ڕوو لە گەشە و ڕەوەندێکی دەوڵەمەند بە کارامەیی و سەرمایە. ئێستا تەنها تەحەددییەکە بریتییە لە ڕێکخستنی هەموو ئەم بەشانە لە چوارچێوەی سیستمێکی یەکگرتوودا کە پاڵپشتیی خاوەن پڕۆژەکان بکات و سەرنجی وەبەرهێنان ڕابکێشێت.
ئامارەکانی کۆچبەری هێندەی تر مەترسییەکە نیشان دەدەن؛ بەپێی توێژینەوەی (Next Generation Iraq)ی سەر بە ئەنجومەنی بەریتانی، 59٪ی گەنجانی هەرێمی کوردستان بیر لە کۆچکردن بۆ دەرەوەی وڵات دەکەنەوە. ئەم ژمارەیە پێویستە زەنگی مەترسیی توند بێت بۆ داڕێژەرانی سیاسەت لە وڵاتدا.
ئەگەر دەرفەتەکان بەم شێوەیە سنووردار بمێننەوە، گەنجە بەهرەمەند و خاوەن خولیاکانمان بەردەوام ڕوو لە دەرەوە دەکەن. بەڵام ئەگەر زەمینەیان بۆ بڕەخسێت کۆمپانیاکانیان لە ناوخۆدا دابمەزرێنن و گەشەی پێبدەن، بێگومان ئابووریی هەرێمەکە و سەقامگیریی درێژخایەنی بەهێزتر دەکەن.
کوردستان ئیسرائیل نییە و کێشەکانیشی جیاوازن. بەڵام بۆ هەردوولا، پرسی پاراستنی قەوارە و مانەوە لەژیاندا بنەمای سەرەکیی هەموو بڕیار و گفتوگۆیەکی ئابوورییە. داهێنانی تەکنەلۆژی و ئابووری توانی کۆنترۆڵێکی زیاتر بە ئیسرائیل ببەخشێت بەسەر داهاتووی خۆیدا.
کەرەسەی خاو بۆ دروستکردنی «نەتەوەی ستارت-ئەپ» لە کوردستاندا ئامادەیە؛ تەنها ئەوەی کەمە، بەستنەوەی وایەرەکانە بە یەکترەوە بۆ ئەوەی پڕۆژەکە دابگیرسێت.
نوسینی: یۆسی هۆرست
نووسەری ئەم بابەتە لە دواساڵی خوێندنی دایە لە بەشی مێژووی نێودەوڵەتی و سیاسەت لە زانکۆی لیدز.





