کۆماری “پارە بدە و بڕۆ”.. حکومەتی عێراق دانوستان لەگەڵ دزەکان دەکات

ئەو بەرپرسە گەندەڵانەی کە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بەهۆی دۆسیەی”شاڵاوی بەرەبەیان” بوبوونە باسی گەرمی شەقام، ئێستا خۆیان بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ژیانی گشتی ئامادە دەکەن؛ چونکە لەمەودوا دەتوانن حزب دابمەزرێنن و لە میدیاکاندا دەربکەون، تەنیا لە وەرگرتنی پۆستە جێبەجێکارییەکان بێبەش دەکرێن.

ئەم بڕیارە شۆک و بێهیواییەکی گەورەی لە شه‌قامدا دروستکردووە؛ چونکە ئەگەری ئازادکردنی “حوتەکانی گەندەڵی” زیاد بووە، بەوەش هەموو هەوڵێکی ڕاستەقینە بۆ بنبڕکردنی هەژموونی ئەو گرووپە چەکدارانەی بەرژەوەندیی هاوبەشیان لەگەڵیاندا هەیە و سنووردارکردنی دەستێوەردانی ئێران، لەباردەبات.

لە زیندانەوە بۆ پشتی پەردەی سیاسەت

سەرچاوە سیاسییە ئاگادارەکان بە ڕۆژنامەی (مەدا)یان ڕاگەیاندووە کە کەلێنێکی یاسایی گەورە هەیە و ڕەنگە ببێتە هێڵی ڕزگارکردن بۆ دەستگیرکراوانی “شاڵاوی بەرەبەیان”. بەوتەی سەرچاوەکان، یاسای لێبوردنی گشتی کە هەموارکردنی دووەمی زیاتر لە ساڵ و نیوێک لەمەوبەر پەسەندکرا، دەرفەت دەداتە ڕاگیراوان دوای یەکلاکردنەوەی دۆسیە دادوەرییەکانیان، ژیانی گشتیی خۆیان دەستپێبکەنەوە.

بەپێی ئامارەکان، لە ساڵی 2025 زیاتر لە 40 هەزار تۆمەتبار ئازادکراون کە ڕێژەیەکی بەرچاویان لە دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیدا تێوەگلاون.

سەرچاوەکان جەخت دەکەنەوە لەوەی، ئەم تۆمەتبارانە بەپێی ئەم “ڕێککەوتنە دادوەری-سیاسییەی” کە تەواو بەپێی یاساکە داڕێژراوە، مافی تەواویان دەبێت بۆ ئەنجامدانی کاری حزبی و دروستکردنی کاریگەری لە پشت پەردەی سیاسەتەوە، تەنیا بە یەک مەرج کە ئەویش قەدەغەکردنی خۆکاندیدکردنیانە بۆ هەڵبژاردنەکان یان وەرگرتنی پۆستە جێبەجێکارییەکانی دەوڵەت.

له‌بەر ئەوە، نەیارانی ڕێککەوتنەکە تەنها وەک ڕێکارێکی دادوەری بۆ گەڕاندنەوەی پارەکان سەیری ناکەن، بەڵکو وەک دەروازەیەک بۆ گەڕانەوەی “حوتەکانی گەندەڵی” بۆ ناو کایەی کاریگەری سیاسی دەیبینن.

عەممار حەکیم، سەرۆکی “ڕەوتی حیکمە” هەر جۆرە نەرمییەکی لەگەڵ تێوەگلاوانی دزینی پارەی گشتی ڕەتکردەوە و داوای کرد گەورە گەندەڵکاران بە ئاشکرا دادگایی بکرێن، جەختیشی کردەوە کە نابێت لایەنگری یان پێگەی سیاسی ببێتە هۆی دەربازبوون لە سزا.

لە لایەکی دیکەوە، محەمەد خەفاجی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە دۆسیەی هەموارکردنی یاسای لێبوردنی گشتی هێنایەوە بەرباس و ناڕەزایەتییەکانی کاتی پەسەندکردنی یاساکەی بیرهێنایەوە، بەتایبەت ئەو تانەیەی کە دژی بیرۆکەی “ڕێککەوتن لەگەڵ گەندەڵکاران” و ڕەتکردنەوەی دووبارە دادگاییکردنەوە پێشکەشکرابوو، کە ڕێگەی دەدا دۆسیەکە بێ لێپرسینەوەی ڕاستەقینە دابخرێت. خەفاجی ئاماژەی بەوەش کرد کە ماددەی (19) لە یاسای دەستەی دەستپاکی تەنها بە سزای زیندانیکردن ناوەستێت، بەڵکو تۆمەتبار پابەند دەکات بە گەڕاندنەوەی پارە نایاساییەکان و سەپاندنی غەرامەی دارایی کە هاوتای دوو ئەوەندەی ئەو بڕە پارەیە بێت کە دەستی بەسەردا گیراوە.

ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ئەنجومەنی باڵای دادوەری ڕایگەیاند کە میکانیزمێک پێڕەو دەکەن بۆ سووککردنی سزای ئەو کەسانەی لە دۆسیەکانی گەندەڵی دارایی و کارگێڕیدا تێوەگلاون، ئەمەش لە بەرامبەر گەڕاندنەوەی خۆبەخشانەی پارە دزراوەکان بۆ گەنجینەی دەوڵەت. دەسەڵاتی دادوەری ڕوونیکردەوە کە میکانیزمە نوێیەکە سەرەتا لەسەر بەناوبانگترین دۆسیە جێبەجێ دەکرێت کە بە “دزینی سەدە” ناسراوە، دواتریش دۆسیە گەورەکانی دیکەی گەندەڵی دەگرێتەوە کە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی ئێستا و پێشووی تێدا تێوەگلاون.

دەوڵەتی قووڵ

ئەحمەد یاسری، سەرۆکی “سەنتەری عەرەبی-ئوسترالی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان” پێیوایە زەیدی هەوڵدەدات هاوسەنگییەکی ورد ڕابگرێت بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ناوخۆیی و دەرەکی. یاسری بە (مەدا)ی راگەیاندووە، کە لەسەر ئاستی ئەمریکا، ئیدارەی ترەمپ دەیەوێت هەنگاوەکانی زەیدی بەکاربهێنێت بۆ پێدانی شەرعییەت و پاڵپشتی، تاوەکو عێراق لە سزا مادییەکان دووربخاتەوە، بەو مەرجەی بەغدا هەڵوێستێکی “بێلایەن” بگرێتەبەر و وەک دەوڵەتێک کاربکات کە ڕێگری لە دزەکردنی پارە دەکات.

یاسری ئاماژە بەوەش دەکات کە ئەم ڕێڕەوە لە سەردەمی حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانییەوە دەستیپێکرد، ئەویش لە ڕێگەی هێنانی کۆمپانیاکانی چاودێری سەر بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا کە سەرکەوتووبوون لە “وشککردنەوەی” سەرچاوەکانی قاچاخچێتی پارە بۆ دەرەوە، بەڵام لە ناوخۆدا شکستیان هێنا؛ ئەمەش وای لە گەندەڵکاران (وەک عەدنان جومەیلی) کرد پارەکان لە ناوخۆدا بشارنەوە، لەبری ئەوەی لە وڵاتانی دراوسێدا وەبەرهێنانی پێوە بکەن وەک ئەوەی لە سەردەمی حکومەتەکەی مالیکیدا دەکرا.

یاسری ڕوونی دەکاتەوە کە عێراق تەنها بەدەست یەک دەوڵەتی قووڵەوە ناناڵێنێت، بەڵکو چەندین “دەوڵەتی قووڵ”ی تێدایە کە خاوەنی پارەن و سەر بە لایەنە حزبی و تایفییەکانن. هەوڵەکەی زەیدی بۆ سنووردارکردنی ڕۆڵی ئەم قەوارانە و گەڕاندنەوەیان بۆ ژێر ڕکێفی دەوڵەت لە ڕێگەی ڕێککەوتنێکی ئەمنییەوە، خزمەت بە واشنتۆن دەکات، چونکە ئەو گرووپە داراییانە لاواز دەکات کە سەرچاوەی دارایی گرووپە چەکدارەکانن.

Back to top button