کوردستانی عێراق لە دڵی گێژەلۆکەکەدا بێلایەنی لە نێوان سێ ئاڕاستەدا

سەرچاوە سیاسییە کوردییەکان ئەو فشارانەی ئەم دواییانە دەکرێنە سەر هەولێر بە “یەکجار گەورە و قورس” وەسف دەکەن؛ فشارگەلێک کە ڕاستەوخۆ لەلایەن ئێران و گروپە چەکدارەکانی عێراقی نزیک لە تارانەوە پەیڕەو دەکرێن. لە بەرامبەر ئەمەدا، هەرێمی کوردستان بژاردەی سەنگەرگرتن یان ڕووبەڕووبوونەوەی هەڵنەبژاردووە، بەڵکو پەنای بۆ بژاردەی سێیەم بردووە کە تێچووی زیاترە و زامنی کەمترە: بژاردەی “بێلایەنی”. هەڵوێستێکی بڕواپێکراو کە ڕەتیدەکاتەوە خاکی هەرێم ببێتە سەکۆیەک بۆ دەستپێکردنی هەر جووڵەیەکی چەکداری دژی ئێران، ئەمەش بە پاڵپشتی جووڵەیەکی دیپلۆماسیی چڕ لە سێ ئاڕاستەی جیاوازدا. بەڵام ئەو پرسیارەی کە بە هەڵپەسێردراوی دەمێنێتەوە ئەوەیە: ئایا ڕاگەیاندنی بێلایەنی بە تەنها بەسە؟ یاخود بێلایەنی پێشنیازێکە هیچی لەسەر بەند نییە تا ئەو کاتەی لایەنەکانی دیکە قبووڵی دەکەن؟

ئاڕاستەی یەکەم تاران بوو، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەشداری لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی خامنەییدا کرد، سەرەڕای زنجیرەیەک هێرشی ئێرانی کە بوونە هۆی گیانلەدەستدانی هاوڵاتییانی مەدەنی و ئەندامانی هێزی پێشمەرگە، و زیانی قووڵیان بە چالاکیی ئابووریی هەرێم گەیاند. لە جەرگەی سەردانەکەیدا، بارزانی لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئێران و ژمارەیەک لە کەسایەتییە دیارە پلە یەکەکان کۆبووەوە و “هاوسۆزیی قووڵی” خۆی بۆ کۆچکردوو و گەلی ئێران دەربڕی، و جەختی کردەوە کە “لێکتێگەیشتن، دیالۆگی بنیاتنەر، باشترین ڕێگەن بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا”.

لە پشت زمانی دروشم و پرۆتۆکۆڵەوە، ناوەرۆکی سەرەکیی سەردانەکە زنجیرەیەک دڵنیاکەرەوە بوو. بارزانی جەختی کردەوە کە هەرێم ناکرێتە مەیدانێک بۆ هیچ جووڵەیەک کە ئێران بکاتە ئامانج؛ نە لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە -دوای ئەو دەنگۆیانەی ئاماژەیان بە دامەزراندنی بنکەیەکی ئیسرائیلی لە ناو خاکی عێراقدا دەکرد- و نە لەلایەن گروپە چەکدارە کوردییەکانی ئێرانییەوە، کە بە دەیان هەزار کوردی ئێرانی لە ساڵانی هەشتاکانەوە لە کەمپ و جێگەکانیدا نیشتەجێن و بەم دواییانەش لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی ئاسایشی عێراق-ئێراندا لە ناوچە سنوورییەکان دوورخرانەوە. هەرێم ئەم ڕەتکردنەوەیەی وەک هەڵوێستێکی نەگۆڕ خستەڕوو کە بە گۆڕانی بارودۆخی جەنگ گۆڕانی بەسەردا نایەت. هەمان پەیام گەیاندرایە ئەنقەرەش، کە پێشتر واشنتن و تەلئەبیبی ئاگادارکردبووەوە لە ئامادەیی بۆ دەستوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ ئەگەر گروپە کوردە ئێرانییەکان بۆ شەڕی زەمینی پڕچەک بکرێن، کە ئەوەش شتێک بوو دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا چەندین جار ئاماژەی پێدابوو.

ئاڕاستەی دووەم بەغدا بوو. سەرکردەکانی هەرێم زنجیرەیەک سەردانیان بۆلای علی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و هێزەکانی “هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت” ئەنجامدا. خاڵی سەرنجڕاکێش پێشوازیکردنی هەرێم بوو لە محەمەد حەلبووسی سەرۆکی حزبی تەقەدوم، سەرکردەی گەورەترین کۆتلەی پەرلەمانیی سووننە، دوای دابڕانێکی سیاسیی توند کە چەندین ساڵی خایەند. لەم دیدارانەدا، هەرێم هەڵوێستێکی تەواو هاوشێوەی حکومەتی فیدراڵیی گرتەبەر: عێراق نابێت ببێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان هێزە بەڕەنگاربووەکان، چونکە ئەوە فشارێکی ئەمنی و ئابووریی گەورە دروست دەکات کە دەکرێت وەربگەڕێت بۆ ململانێی ناوخۆیی، کە عێراق لە ساڵانی ڕابردوودا باجێکی قورسی لەسەری داوە.

بەڵام یەک دۆسیە لە دەرەوەی ئەم ڕێککەوتن و هاوهەڵوێستییە مانەوە: گروپە چەکدارەکان. لە ڕوانگەی هەرێمەوە، ئەم گروپانە پابەندی ئاڕاستە ستراتیژییە ڕاگەیەندراوەکانی دەوڵەت نین و عێراق بەرەو ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا پاڵ پێوە دەنێن کە لە بەرژەوەندیی وڵاتدا نییە، هەروەها ڕێگە خۆش دەکەن بۆ سزادانی ئابووریی توند لەلایەن ئەمریکاوە کە زیانی گەورەی دەبێت. لەوەش گرنگتر، دەیان هێرش کە کەمپی پەنابەرانی کوردانی ئێران و بەرژەوەندییە دیپلۆماسی و ئابوورییەکانی هەرێمیان کردبووە ئامانج، لەو ناوچە عێراقییانەوە ئەنجامدرابوون کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئەو گروپانەدان، بێ ئەوەی حکومەتی فیدراڵی هیچ ڕێکارێکی توند لە بەرامبەریاندا بگرێتەبەر.

ئاڕاستەی سێیەم، کە پێشبینی نەکراو بوو، دیمەشق بوو. بارزانی لە گەرمەی پەرەسەندنی گرژییەکانی “حەشدی شەعبی” دژی سوریا و بڵاوبوونەوەی چڕیان لەسەر سنوورەکان، سەردانی سوریای کرد و جەختی لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاریی ئابووری، ئەمنی و سیاسی لەگەڵ سەرکردایەتییە نوێیەکەی کردەوە، و ئامادەیی دەربڕی بۆ گێڕانی ڕۆڵێکی ئەرێنی لە لێکتێگەیشتنەکانی نێوان دەسەڵاتی سوریا و “هێزەکانی سوریای دیموکرات”. سەرکردایەتیی سوریا لە ڕووی سیاسی و ڕەمزییەوە پێشوازیی گەرمی لە سەردانەکە کرد و دەستپێکردنی ڕێکارەکانی بۆ کردنەوەی کونسوڵخانەی گشتی سوریا لە هەرێم ڕاگەیاند.

“پێگەی پۆڵەندی”

لە پشت ئەم جووڵانەوە، بیرورایەکی سیاسی هەیە نەک راگوزەر و خێرا. سەرچاوەیەکی سیاسیی باڵای کورد بۆ گۆڤاری “مەجەلە” ڕوونی دەکاتەوە کە هەرێم، بەپێی قەبارەی سیاسی، توانای سەربازی و سنوورە دەستوورییەکانی، ناكرێت ڕابکێشرێتە ناو ململانێ هەرێمییە گەورەکانەوە کە دەکرێت هەموو ئەو دەستکەوتانە لەناو ببات کە لە دەیەکانی ڕابردوودا کۆیکردوونەتەوە.

زیاد لەوەش دەڵێت: “شاخ و باڵەکانی پرسی کورد لە ناوچەکەدا هەرچۆنێک بن، کاری لەپێشینە بۆ سەرکردایەتیی کورد پاراستنی دەستکەوتەکانە. ئەمە بژاردەی کوردانی عێراق بووە لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردووەوە بە سەرکردایەتیی مستەفا بارزانی، کە جەختی دەکردەوە پرسی کورد لە هەر وڵاتێکدا دەبێت ڕەچاوی بارودۆخی ناوخۆیی خۆی بکات و کاریگەریی ئەرێنی و ئاشتییانەی هەبێت. ڕەفتاری هەرێم لە ماوەی چارەکە سەدەیەکدا تەواو لەگەڵ ئەمەدا گونجاو بووە؛ کاتێک داوای لێکراوە هۆکارێکی ئەرێنی بووە لە لێکتێگەیشتنەکانی تورکیا لەگەڵ (پارتی کرێکارانی کوردستان)، و هەمان شتیش لەگەڵ کوردانی سوریا. ناکرێت جیاوازتر لەمە بێت لەگەڵ ئێران و کوردەکانیدا؛ کوردانی ڕۆژنهەڵاتئ کوردستان کە نیشتەجێی هەرێمی کوردستانن، ئێران ئەمە دەزانێت و لە کۆبوونەوە دووقۆڵییەکاندا دانی پێدا دەنێت. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دوو جۆر فشار پەیڕەو دەکات: لێدانی پێشوەختە بۆ ئیفلیجکردنی تواناکانی کوردانی ئێران، تەنانەت توانای سیاسییان، لە ترسی هەر گۆڕانکارییەکی ناوخۆیی داهاتوو؛ و هێشتنەوەی کوردستان لە ناو تابلۆی ئامانجەکاندا وەک لایەنێکی نزیک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەمە جەنگێکە لە یەک لایەنەوە، سەرەڕای هەموو هەوڵەکانمان بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییەکان”.

سەرچاوەکە وێنەیەکی مێژوویی دەهێنێتەوە بۆ وەسفکردنی پێگەکە: “ئێمە لە واقیعدا لە دۆخی دەوڵەتی پۆڵەندا دەچین لە کاتی جەنگە گەورەکاندا، کە دەکەوێتە بەردەم درزەکانی نێوان ئەو هێزە هەرێمیانەی خاوەن ڕەچەڵەکی ئیمپراتۆرییەکانن.

لە بەریەککەوتنی ئاوادا پارادۆکسی بێلایەنیی کوردی کورت دەبێتەوە. هەرێم پێگەی خۆی بەپێی جوگرافیا دەخوێنێتەوە، و لەسەر ئەو بنەمایە ڕەفتار دەکات کە کەمکردنەوەی بەریەککەوتن مەترسییەکان کەم دەکاتەوە. بەڵام تاران لە ڕووی وەزیفییەوە دەیبینێت، وەک جێپێیەکی ئەمریکی لە تەنیشتیدا دەیبینێ، کە ئەمە خوێندنەوەیەکە بە دڵنیایی پێدان بە ئێران ناگۆڕێت چونکە پەیوەندی بە ڕەفتاری هەرێمەوە نییە بەڵکو بە بوونیەوە هەیە. بێلایەنی سیاسەتێکە هەرێم دەتوانێت بگرێتەبەر، بەڵام ناتوانێت نەیارەکانی پێوە پابەند بکات؛ بەو بێلایەنییە کات دەکڕێت، نەک ئارامی و ئاسایش.

Back to top button