
لە وتارێکی تێروتەسەلدا لە گۆڤاری «فۆرین ئەفێرز»ی ئەمریکی، مارک لینچ، مامۆستای زانستە سیاسییەکان و کاروباری نێودەوڵەتی لە زانکۆی جۆرج واشنتن، پێیوایە ئەو سیستەمە هەرێمییەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە دوای جەنگی کەنداو لە ساڵی 1991ەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دایڕشتبوو، گەیشتووەتە کۆتاییەکەی. بە بڕوای لینچ، جەنگی غەززە و دواتریش جەنگی ئەمریکی-ئیسرائیلی لەگەڵ ئێران، نەک تەنیا سنوورەکانی هێزی سەربازیی ئەمریکایان دەرخست، بەڵکو ئەو ڕێککەوتنە ئەمنییەشیان لە بنەڕەتەوە هەڵتەکاند کە هەژموونی ئەمریکا لە ناوچەکە بۆ زیاتر لە سێ دەیە پشتی پێ بەستبوو.
نووسەر لە پێداچوونەوەیەکی مێژوویییەوە بۆ پێکهاتەی ئەم سیستەمە و پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل، وڵاتانی کەنداو، ئێران و ڕژێمە عەرەبییەکان دەست پێدەکات، پێش ئەوەی باس لەو وەرچەرخانانە بکات کە پێیوایە ناوچەکە بەرەو سیستەمێکی ئاڵۆزتر، فرەجەمسەرتر و کەمتر ملئۆکە بۆ ئیرادەی ئەمریکا دەبەن. لە بەرامبەر ئەمەشدا، پێشنیازی ڕێڕەوێکی بەدیل دەکات کە لەسەر دیپلۆماسی، بەرگریی بەکۆمەڵ و پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکانی واشنتن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا—لە سەرووی هەمووشیانەوە ئیسرائیل—و دەستبەرداربوون لە سیاسەتی مۆڵدانی سەربازی (containment) وەک ئامرازی سەرەکی بۆ بەڕێوەبردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بونیاد نرابێت.
ئێران و دوا هەناسەکانی سیستەمێکی شکستخواردوو
«ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکی» کۆتایی هات. ئەو سیستەمە هەرێمییەی لە ساڵی 1991ەوە باڵادەست بوو، بووە یەکێک لە قوربانییەکانی جەنگی ئەمریکی-ئیسرائیلی لەگەڵ ئێران. شکستی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ڕووخاندنی دەسەڵاتی تاران، مایەپووچیی چەندین دەیە لە سزاکان و توندوتیژیی ئاشکرا کرد. هەروەها بێدەسەڵاتیی ئەمریکا لە پاراستنی هاوپەیمانەکانی لە کەنداو لە هێرشەکانی ئێران، یان بە کراوەیی هێشتنەوەی گەرووی هورمز، بە شێوەیەکی کوشندە ناوەرۆکی ئەو مامەڵە ئەمنییەی لەناوبرد کە پاساوی بە بوونی بنکە سەربازییەکانی لە ناوچەکەدا دەدا. لە لایەکی ترەوە ئیسرائیل، بە هەڵوێستە توندڕەوەکانی و دەستبەرداربوونی تەنانەت لە نواندنی خواستی گەیشتن بە سازش لەگەڵ فەلەستینییەکان، کۆتایی بەو ئەرکەی چەندین دەیەی واشنتن هێنا کە بریتی بوو لە کۆکردنەوەی هاوپەیمانە عەرەبەکانی و ئیسرائیل لە چوارچێوەی هاوبەشییەکی ئەمنیی هەمیشەییدا.
بۆ ماوەی سێ دەیە و نیو، ئامانجی بنەڕەتیی ئەمریکا جێگیرکردنی کۆمەڵە هاوپەیمانە جیاوازەکانی بوو لە ناو سیستەمێکدا کە لەسەر پاراستنی ئیسرائیل و مۆڵدانی سەرەتایی ئێران و عێراق، و دواتریش ئێران و هاوپەیمانە نادەوڵەتییەکانی بونیاد نرابوو. جەنگەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ لادان نەبوو لەم ستراتیژە، بەڵکو گەیاندنی بوو بە ئەنجامە لۆژیکییەکەی: هەوڵدان بۆ لەناوبردنی هەڕەشەی ئێران بە زەبری هێز و لە ڕێگەی لێدانێکی یەکلاکەرەوەوە.
هەروەک چۆن سەرکردە ئەمریکییەکان پێش داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 کردیان، وەک ئەوەی ئیسرائیل لە جەنگەکانیدا دژی حزبوڵڵا و حەماس کردی، ئەندازیارانی ئەم جەنگەش بە شێوەیەکی لەڕادەبەدەر زێدەڕۆیییان لەوەدا کرد کە هێزی سەربازی دەتوانێت چی بەدەست بهێنێت، توانای خۆگونجاندنی نەیارەکانیان کەم نرخاند، پێشبینیی ئەوەیان کرد کە هاوپەیمانەکانیان خۆبەخۆ لە پشتیان ڕیز دەبن، و بە بێباکییەوە مامەڵەیان لەگەڵ گیانی هاووڵاتییانی مەدەنیدا کرد. کەواتە، سەرکێشییەکەی واشنتن هێندەی دەرکەوتەی کۆتایی ئەو کەموکوڕییە بوو کە لە جەوهەری ستراتیژەکەیدا مابووەوە، هێندە لادان نەبوو لە ستراتیژەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
لە سەیرکردنی یەکەمدا، ڕەنگە وا دەربکەوێت کە جەنگەکە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە تۆڕی هاوپەیمانییەکاندا دروست نەکردووە کە سیستەمی ئەمریکی پشتی پێ دەبەستێت. لە بەرامبەر جەنگێکی بێ دەرەنجامی یەکلاکەرەوە و ئێرانێک کە بە بوێرییەکی زیاترەوە لێی هاتووەتە دەرەوە، ڕەنگە دەوڵەتانی کەنداو کڕینی چەک زیاد بکەن و داوای گەرەنتیی ئەمنیی نوێکراوەی ئەمریکی بکەن، بە جۆرێک کە وەهمی بەردەوامیی سیستەمە کۆنەکە دروست بکات.
بەڵام لە ڕاستیدا، ئەو سیستەمە ڕێگە بۆ شتێکی نوێ چۆڵ دەکات.
ئەمڕۆ قەیرانی سوێس لە ساڵی 1956 وەک دوا ساتەوەختی دەسەڵاتی ئیمپراتۆریی بەریتانیا و فەرەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە یاد دەکرێت، بەڵام گەیشتن بە کۆتاییە کردەیییەکە چەندین ساڵی خایاند. هەژموونی ئەمریکاش دەستبەجێ بە یەکجار دیار نامێنێت، بەڵام ئەو گومانە کەڵەکەبووانەی چەندین ساڵە لەبارەی هێزی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئامانجەکانی هەن، ئێستا خاڵی وەرچەرخانیان تێپەڕاندووە. جەنگی ئێران و پێشتریش جەنگی ئیسرائیل لە غەززە، لە بنەڕەتدا هاوکێشە و حیساباتی هاوپەیمانان و نەیارانی واشنتنیان گۆڕیوە. نە خولێکی دیکەی شەڕ و نە هەڵبژاردنی سەرۆکێکی جیاوازی ئەمریکاش ناتوانن ئەم درز و کەلێنە چاک بکەنەوە.
ساڵانی داهاتوو زەنگی ئاڵۆزی و پشێویی زیاتر لێدەدەن. ئیسرائیل و ئێران بەرژەوەندییەکی هاوبەشیان لەوەدایە کە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخی پشێوی و توندوتیژیدا بهێڵنەوە، لە کاتێکدا ئەمریکا تەنیا ئامرازی سنوورداری بۆ ڕاگرتن و کۆنترۆڵکردنی هەردوکیان لە دەستدا ماوە. ئیسرائیل هەوڵ دەدات سنوورە کردەیییەکانی خۆی فراوان بکات، لەوانەش لکاندنی زۆرترین ڕووبەری فەلەستینی مێژوویی، و سەپاندنی ئیرادەی خۆی بە زەبری هێز بەسەر ناوچە فراوانەکانی ناوچەکەدا.
ئێرانیش، بەو گریمانەیەی کە ڕژێمەکەی بەم زووانە ناڕووخێت—کە ئەگەرێکی زۆر دوورە—بە متمانەیەکی زیاترەوە هەوڵ دەدات بەرگری لە هەژموونی هەرێمیی خۆی بکات و لە ڕێگەی ڕاکێشانی واشنتن بۆ ناو ئەو ململانێ خۆڵەمێشییە کراوە و بێ سنوورانەی کە ڕژێمی ئێران هەمیشە شارەزایانە لە ناویاندا کاری کردووە، فراوانی بکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە کۆتاییدا ئامادە بێت دەستبەرداری ستراتیژە شکستخواردووەکەی بێت، ئەوا ڕووخانی سیستەمێکی هەرێمی ڕەنگە دەرفەتێک بێت بۆ بونیادنانی سیستەمێکی نوێ و باشتر. ڕاستە کە بارودۆخەکە لە نموونەییەوە زۆر دوورە؛ زۆربەی سەرکردە و گەلانی ناوچەکە بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی پشوویەکن لە لێدانە سەربازییەکان و قەیرانە ئابوورییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا هەست بە ناڕەزایەتییەکی قووڵ لە بەرامبەر واشنتن دەکەن دوای ئەوەی ڕایکێشانە ناو ئەم کارەساتەوە.
بەڵام دەستبەرداربوون لە سیاسەتی پشتیوانیکردنی ڕژێمە سەرکوتکەرەکان، بەخشینی پارێزبەندی بە هاوپەیمانان لە بەرامبەر لێکەوتەکان، و پشتبەستن بە مۆڵدانی سەربازی بۆ نەیاران، دەکرێت دەرفەت بە ئەمریکا بدات بە شێوازێکی تەندروستتر لەگەڵ ناوچەکەدا مامەڵە بکات؛ شێوازێک کە لە کۆتاییدا بتوانێت ببێتە مایەی ئەو سەقامگیرییە بەردەوامەی کە واشنتن هەمیشە بانگەشەی بۆ دەکرد.
درز لە بناغەکاندا
بۆ ماوەی چەندین دەیەی دوای جەنگی جیهانیی دووەم، خواستەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی ڕکابەرییە جیهانییەکەیدا لەگەڵ یەکێتیی سۆڤیەتدا پێناسە دەکران. ئەمەش لە لایەک بایەخێکی ناوازەی بە واشنتن سەبارەت بە سیاسەتی ناوچەکە دەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا لە دەستێوەردانی سەربازیی ڕاستەوخۆ دەیتۆقاند و هۆشیاری دەکردەوە.
سیستەمی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سەردەمی ئیدارەی جۆرج بوشی باوکدا شکڵی گرت، دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت و ئازادکردنی کوێت لە داگیرکاریی عێراق لە جەنگی کەنداودا (1990-1991). جەوهەری ئەم سیستەمە بریتی بوو لە باڵادەستیی ئەمریکا بەرامبەر بە دەرفەتێکی مێژوویی بۆ سەپاندنی هەژموونێکی بێ ڕکابەر لە ناوچەیەکدا کە هەمیشە گۆڕەپانی ململانێی نێودەوڵەتی بووە. واشنتن لە ڕێگەی دامەزراندنی بنکەی سەربازی و ڕێکخستنی ئەمنییەوە کە ئامانجیان مۆڵدانی عێراق و ئێران بوو، خۆی کردە هێزێکی حەتمی و لەپێویست نەهاتوو. پشتگیریی سەربازی و سیاسیی ئەمریکاش بووە یەکێک لەو کۆڵەکانەی کە مانەوەی زۆربەی ڕژێمەکانی ناوچەکەی لەسەر وەستابوو.
بۆ بەخشینی شەرعییەت بەم ڕۆڵە، تاکو وەک هەژموونێکی تاڵانکارانە دەرنەکەوێت، واشنتن پرۆسەی ئاشتیی عەرەبی-ئیسرائیلیی دەست پێکرد، بەو هیوایەی هاوپەیمانە عەرەبەکانی و ئیسرائیل لە چوارچێوەی چەترێکی ئەمنیی هاوبەشدا کۆبکاتەوە.
ئەنجامەکەش دابەشبوونی ناوچەکە بوو بۆ دوو بەرە: بەرەیەک بە سەرکردایەتیی ئەمریکا کە ئیسرائیل، تورکیا و نزیکەی تەواوی وڵاتانی عەرەبی لەخۆدەگرت، و بەرەیەکی دژبەر کە کەمتر ڕێکخراوبوو و ئێران و سووریای سەردەمی بنەماڵەی ئەسەد، لەگەڵ بکەرە نادەوڵەتییەکانی وەک حەماس، حزبوڵڵا و حوسییەکانی لەخۆدەگرت.
سەرنجڕاکێشە کە ئەم پێکهاتەیە سەرەڕای گۆڕانکارییە گەورەکان لە سیاسەتی جیهانی، هەرێمی و ناوخۆیی ئەمریکادا، بۆ ماوەی سێ دەیە بە شێوەیەکی نەگۆڕ مایەوە.
لە گێڕانەوەی ئەمریکیدا، ئەم سیستەمە تا ڕادەیەک سەقامگیریی دابین کرد و بەرژەوەندییە سەرەکییەکانی ئەمریکای وەک بازرگانیی نەوت، ئاسایشی ئیسرائیل و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری پاراست. لە زۆر ڕووەوە، ئەمە بەڕاستی وابوو؛ ئیسرائیل ڕووبەڕووی هیچ هەڕەشەیەک لەلایەن دەوڵەتێکەوە نەبووەوە و لە ساڵی 1973ەوە نەچووەتە هیچ جەنگێکەوە لە دژی نەیارێکی هاوتای لە هێزدا، کە ئەمەش ڕەنگە هۆکارێک بووبێت بۆ ئەوەی دواتر قەبارەی ئەو ئاستەنگە کەم بنرخێنێت کە جەنگ لە دژی ئێران دروستی دەکات.
هەروەها دەوڵەتانی عەرەبی سەرەڕای نەبوونی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی فەلەستین، لە دژی نەیارە هاوبەشەکان لەگەڵ ئیسرائیل هاوکارییان کرد. نەوتیش لە زۆربەی کاتەکاندا بە نرخێکی گونجاو بەردەوام بوو لە ڕژان. هیچ زلهێزێکی ڕکابەریش بە شێوەیەکی جدی هەڕەشەی لە هەژموونی ئەمریکا نەکرد، تەنانەت چینیش کە تەنیا بە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە ئابوورییانە ڕازی بوو کە لە سایەی ئاسایشی دابینکراوی ئەمریکادا ڕەخسابوون.
بۆ واشنتن، دەستکەوتە ستراتیژییەکانی ئەم سیستەمە ئەوەندە بەس بوون کە تێچووی ئەو جەنگانە پڕ بکەنەوە کە بۆ پاراستنی پێویست بوون. بەڵام باجەکە بۆ خودی دانیشتووانی ناوچەکە زۆر قورستر بوو.
لەماوەی 35 ساڵی ڕابردوودا، ئیسرائیل چووە نێو زنجیرەیەک جەنگی بچووکترەوە لە دژی دراوسێ زۆر بێهێزەکانی، پرۆسەی ئاشتیی نێوان ئیسرائیل و فەلەستین بە تەواوی هەرەسی هێنا، و دواتر هێرشی 7ی ئۆکتۆبەری حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و لە دوای ئەوەش دەستپێکردنی وێرانکردنی کەرتی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە ڕوویاندا.
لە عێراقدا، پێش داگیرکاری و کاولکارییە کارەساتبارەکەی ساڵی 2003، ئەمریکا بۆ ماوەی 12 ساڵ سزای توند و بۆردومانی پچڕپچڕ و هەوڵی گۆڕینی ڕژێمی سەپاند، کە هەموو ئەمانە تێچوویەکی مرۆیی یەکجار گەورەیان لێکەوتەوە. لە ژێر چەتری سیستەمی ئەمریکیدا، جەنگە وێرانکەرەکان لوبنان، لیبیا، سوودان، سووریا و یەمەنیان پارچەپارچە کرد.
بەڵام سیستەمە هەرێمییەکە تەنیا پشتی بە گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا بۆ وڵاتانی عەرەبی نەدەبەست؛ بەڵکو بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە، پشتی بە مسۆگەرکردنی مانەوەی خودی فەرمانڕەوا ستەمکارەکان دەبەست. ڕاگرتنی خواستە دیموکراسییەکان لە ژێر کۆنترۆڵدا بەشێکی گرنگی ئەم مامەڵەیە بوو کە لە پاراستن لە هێرشی سەربازیی ئێران کەمتر نەبوو.
بۆ ساتێکی کورت لە کاتی ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبیدا لە 2010–2011، وا دەردەکەوت کە شەپۆلی گۆڕانکاری ڕاناگیرێت. بەڵام ڕێکخستنە کۆنەکە توانی بمێنێتەوە؛ نزیکەی تەواوی ئەو ڕژێمانەی لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی ئەمریکادا بوون دەسەڵاتیان پاراست، بگرە زۆربەیان دوای ناڕەزایەتییەکان کۆنترۆڵی خۆیان توندتر کرد.
پشتگیریی ئەمریکا بۆ چاکسازییە ئابوورییە نیولیبراڵییەکان، ئەم ڕژێمانەی هاندا بەرنامەکانی کەرتی تایبەت (تایبەتکردن) جێبەجێ بکەن، کە ئەمەش گەندەڵیی نوخبەکانی خێراتر کرد و زۆرینەی خەڵکیشی بەرەو هەژاریی زیاتر برد. هەروەها هەڵمەتی واشنتن دژی تیرۆر، هاوپەیمانەکانی هاندا بۆ گرتنەبەری شێوازی پێشکەوتووی چاودێری و سەرکوتکردنی ئۆپۆزسیۆنی ئەگەری بە ناوی پاراستنی ئاسایشەوە.
لە کاتێکدا کە دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو و بەشێکی بچووک لە نوخبە عەرەبەکان لە ناو ئەم سیستەمەدا دەگەشانەوە، «سیستەمی ئەمریکی» بۆ زۆرینەی دانیشتووان جگە لە توندوتیژی، بێهیوایی و بێبەشبوون هیچی دیکە نەبوو. بەپێی نزیکەی هەموو پێوەرە ئابووری، سیاسی و گەشەپێدانەکان، ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ژێر هەژموونی ئەمریکادا زۆر خراپتر بوو لە هەموو ناوچەکانی دیکەی جیهان.
لە شێوازێکی پارادۆکسیدا، گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا هاوپەیمانەکانی واشنتنی هاندا کە چاوپۆشی لە بەرژەوەندییە سیاسییەکانی بکەن. زۆربەیان هەستیان بە پارێزراوی لە داگیرکاری یان هێرشی دەرەکی دەکرد، ئەمەش جۆرێک لە «مەترسیی ئەخلاقی» (Moral Hazard)ی دروست کرد: ئیتر دەیانتوانی پرۆژە ئایدیۆلۆژی و سیاسییە تایبەتەکانی خۆیان بەبێ ترس لە لێکەوتەی مەترسیدار جێبەجێ بکەن.
سەرقاڵبوونی واشنتن بە سیاسەتی ناوخۆیی خۆی، کەمیی سەرنجی بۆ ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، و ترسی لەڕادەبەدەری لە پێشڕەویی چین و ڕووسیا، ئەمریکای کردە نێچیرێکی ئاسان بۆ مانۆڕی هێزە ناوخۆیییەکان. هەر بۆیە لە کاتە هەستیارەکاندا بە شێوەیەکی کاریگەر نەیتوانی سنوورێک بۆ ئیسرائیل دابنێت، یان ڕێگری لە هاوپەیمانە عەرەبەکانی بکات لە گرتنەبەری سیاسەتگەلێک کە ئامانجە ڕاگەیەندراوەکانی ئەمریکا تێکدەدەن.
ئەم هاوپەیمانانە ڕەخنەکانی ئەمریکایان سەبارەت بە دەستێوەردانە وێرانکەرەکانیان لە لیبیا، سوودان، سووریا و یەمەن پشتگوێ خست. هەروەها زۆربەیان دژی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران بوون، کە ئیدارەی ئۆباما هیوای دەخواست سەقامگیری بۆ ناوچەکە بهێنێت. لە ساڵی 2017شدا، ئەو گەمارۆیەی بە سەرۆکایەتیی ئیمارات و سعودیە خرایە سەر قەتەر، ئەو بەرە یەکگرتووەی دژی ئێران لاواز کرد کە هەڵمەتی «فشاری ئەوپەڕی» ترەمپ پێویستی پێی بوو.
ڕاپەڕینەکانی 2010–2011 حکومەتە عەرەبییەکانیشی پاڵپێوەنا بۆ گرتنەبەری شێوازی نوێی دەستێوەردانی دەرەکی، کە بەشێکی دەگەڕایەوە بۆ لەدەستدانی متمانەیان بە توانا و ئامادەیی ئەمریکا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسانەی وەک هەڕەشەی بەپەلە دەیانبینی.
ڕژێمە سەرکوتکەرەکان کە لە بنەڕەتدا لە کودەتا و ڕاپەڕینی جەماوەری دەترسان، لەناکاو بینییان ئەو مەترسییانە بوونەتە ئەگەرێکی واقیعی، هاوکات لەگەڵ ئاستەنگییەکانی گرووپە پشتیوانیکراوەکانی ئێران، بزووتنەوە ئیسلامییەکان، جیهادییەکان و گەنجانی چالاکوانی داواکاری دیموکراسی.
کاتێک خێرایی بڵاوبوونەوەی ناڕەزایەتییەکانیان بینی، تێگەیشتن کە هەڕەشەی ناوخۆیی دەکرێت لە هەر شوێنێکەوە دەست پێبکات، تەنانەت لە دەرەوەی سنوورەکانی خۆیانەوە. کاتێکیش ڕووخانی حوسنی موبارەکیان لە میسر لە ساڵی 2011 بینی، گەیشتنە ئەو ئەنجامەی کە ناتوانن پشت بە ویلایەتە یەکگرتووەکان ببەستن بۆ ڕزگارکردنیان لە تەنگژە ناوخۆیییەکان. ئەگەر بیانەوێت مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن، دەبێت خۆیان دەستپێشخەری بکەن بۆ ڕێگریکردن لە مەترسییەکان. بەڵام دەستێوەردانەکانیان چەندین جار ئەنجامی وێرانکەری لێکەوتەوە و بەشداریی کرد لە کودەتایەکی سەربازی لە میسر و چەندین شەڕی ناوخۆیی.
سەبارەت بە ئێران و ئیسرائیل، هەمان سیستەم هەردووکیانی هاندا سیاسەتی ناسەقامگیرکەر بگرنەبەر، هەرچەندە بە شێوازی جیاواز بوو.
دەسەڵاتی ئێران وەک ڕاستییەکی نەگۆڕ مامەڵەی لەگەڵ دوژمنایەتیی دەرەکیدا دەکرد، و ستراتیژی مانەوەی خۆی لەسەر ئەم بنەمایە داڕشت. سزا نێودەوڵەتی و ئەمریکییەکان زۆر حکومەتیان هەراسان نەکرد؛ ڕاستە خەڵکەکەی هەژار کرد، بەڵام هاوکات پێگەی دەستڕۆیشتووانی نزیک لە دەسەڵاتی بەهێز کرد کە کۆنترۆڵی بازاڕە ڕەشەکانیان دەکرد.
بە درێژایی دەیان ساڵ، ئێران تۆڕێک لە هاوپەیمانە نادەوڵەتییەکانی دروست کرد و پڕچەکی کردن، کە لە نێو ئەو وێرانکارییانەدا گەشەیان کرد کە جەنگەکانی ئەمریکا، ئیسرائیل و سعودیە بەجێیان هێشتبوون. هاوکات لەگەڵ بێبەشبوونی لە تەکنەلۆژیای سەربازیی ئەمریکی و ئەوروپی، تاران وەبەرهێنانی لە بەرهەمهێنانی کەمتێچوودا کرد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) و مووشەکی بالیستیی هەرزانی پەرەپێدا کە توانای بەرەنگاربوونەوەی سیستەمە تەکنەلۆژییە پێشکەوتوو و زۆر گرانبەهاکانی نەیارەکانیان هەبوو.
ئیسرائیلیش لە پتەوترین گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا سوودمەند بوو. سەرەڕای ئەوەی دەوڵەتێکی دیموکراسییە—لانیکەم بۆ هاووڵاتییە جووەکانی—سەرۆکوەزیرانەکانی چەندین جار کەوتنە هەمان ئەو تەڵەیەی کە هاوپەیمانە سەرکوتکەرەکانی واشنتن تێیکەوتبوون.
باڵادەستیی سەربازیی ئیسرائیل و متمانە بە پشتیوانیی ئەمریکا، ڕێگەی بە سەرکردە ئیسرائیلییەکان دا کە لەبری چارەسەرکردنی بنەڕەتیی پرسی فەلەستین یان کارکردن بۆ کەمکردنەوەی ناسەقامگیریی هەرێمی، ئەولەویەت بدەن بە پاراستنی ئیئتیلافە حوکمڕانەکانیان و ڕووبەڕووبوونەوەی نەیارە ناوخۆیییەکانیان.
بەڵام کاتێک هێرشەکانی 7ی ئۆکتۆبەر ئەو هەستی دڵنیایییەیان تێکشکاند، کاردانەوەی ئیسرائیل بریتی بوو لە چوون بەرەو ئەوپەڕی پەرەسەندنی سەربازی. بەکارهێنانی زێدەڕۆیانەی هێز لەلایەن ئیسرائیلەوە لە سەرانسەری ناوچەکەدا زیادی کرد، لە کاتێکدا داگیرکارییە سەربازییەکەی لە کەرتی غەززە و کەناری ڕۆژئاوا، و تەنانەت لە بەشێک لە لوبنان و سووریاشدا چەسپاند.
یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامیی سیستەمی ئەمریکی بۆ ئەم ماوە درێژە ئەوە بوو کە مامەڵە ئەمنییەکانی کە لەسەری وەستابوو، هەرگیز نەکەوتبوونە بەر تاقیکردنەوەیەکی ڕاستەقینە. سەرکردەکانی ناوچەکە بەردەوام سکاڵایان لەوە دەکرد کە هەست دەکەن ئەمریکا ڕەنگە پشتیان تێبکات، بەڵام هەرگیز بە جۆرێک ڕەفتاریان نەدەکرد کە ئەوە ئەگەرێکی جدی بێت.
ئەم متمانەیە لە ساڵی 2019دا دەستی بە لەرزین کرد، کاتێک ئەمریکا وەڵامی ئەو هێرشەی نەدایەوە کە کرایە سەر دامەزراوە نەوتییەکانی سعودیە و خرایە ئەستۆی ئێران، دواتریش لە ساڵی 2022دا جارێکی تر لەرزەی لێکەوت کاتێک درۆنەکانی حوسییەکان لە ئیماراتیان دا.
هاوکات، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هەوڵی دەدا سیستەمە هەرێمییەکەی بگۆڕێت بۆ دامەزراوەیەکی دامەزراوتر لە ڕێگەی دروستکردنی هاوکاریی سەربازی و سیاسیی ئاشکرا لە نێوان هاوپەیمانە عەرەبەکانی و ئیسرائیلدا.
ئەم ئامانجە نوێ نەبوو؛ پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی دژە ئێران لە ژێر سەرکردایەتیی ئەمریکادا ئامانجی هەموو ئیدارەیەکی ئەمریکی بووە لە ساڵی 1991ەوە. بەڵام ترەمپ لەوەدا لە پێشینەکانی جیاواز بوو کە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی عەرەب-ئیسرائیلی بەرەوپێش برد بەبێ ئەوەی بەستراوە بێت بە پێشکەوتن لە پرسی فەلەستیندا.
لە ساڵی 2020دا، ئیدارەکەی نێوەندگیریی «ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام»ی لە نێوان ئیسرائیل و هەریەک لە بەحرەین و ئیماراتدا کرد، دواتریش مەغریب پەیوەندیی پێوە کرد و سوودانیش ڕێککەوتنێکی سەرەتایی واژۆ کرد کە بە فەرمی تەواو نەکرا.
بەڵام کاتێک ئیدارەی بایدن هەوڵی دا سعودیەی قەناعەت پێبهێنێت بۆ پەیوەندیکردن، هەڵەی کرد لە خەمڵاندنی گرنگیی پرسی فەلەستین لەلای ڕای گشتیی سعودیە، هەروەک چۆن لە خوێندنەوەی ڕکابەرییە پەرەسەندووەکەی نێوان ڕیاز و ئەبوزەبیشدا هەڵەی کرد. نە پەرەسەندنی دوژمنایەتیی جەماوەری بۆ ئاساییکردنەوەی بینی، نە ئەو کارەساتەی کە لە غەززە نزیک دەبووەوە.
لێدانی دووسەرە
سیستەمی هەرێمیی ئەمریکی پێشتریش تووشی لەرزەی گەورە ببوو، چ لە کاتی داگیرکارییە کارەساتبارەکەی عێراق لە ساڵی 2003 و چ لە ڕاپەڕینە جەماوەرییەکانی ساڵی 2011دا، بەڵام هەر جارێک خۆی ڕێکدەخستەوە.
داڕێژەرانی سیاسەتی ئەمریکاش هێندەی هێزە هەرێمییەکان، دیلی ئەو پێکهاتەیە بوون کە خۆیان دروستیان کردبوو. لە بیل کلینتۆنەوە، هەموو سەرۆکێکی ئەمریکی بە بەڵێنی کەمکردنەوەی دەستێوەردانی وڵاتەکەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەچووە کۆشکی سپییەوە، پاشان خۆی دەبینییەوە کە جارێکی تر ڕاکێشراوەتە ناو هەمان سیاسەت و جەنگەکان.
ڕەنگە دوو قەیرانەکە—وێرانکردنی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە و جەنگی ئەمریکی-ئیسرائیلی لەگەڵ ئێران—تەنیا وەک ئەڵقەیەکی نوێ لەم خولە دەربکەون. بەڵام لە ڕاستیدا، پێکەوە لێدانێکی کوشندەیان لە «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکی» دا.
پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بەتایبەتی لە سەردەمی سەرۆک جۆ بایدندا، ئەو کەمە دەسەڵاتە ئەخلاقییەشی نەهێشت کە ئەمریکا دەیتوانی بانگەشەی بۆ بکات. تەنگژەکەی ترەمپیش لە ئێران، وەهمی توانای سەربازیی بێسنووری ئەمریکای تێکشکاند. هەردوو قەیرانەکە بۆ دەوڵەتانی عەرەبییان دەرخست کە چەندە دەسەڵات و کاریگەریی ڕاستەقینەیان لە ناو سیستەمە هەرێمییەکەدا کەمە، و چەندە بەهای گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا دابەزیوە.
بەرپرسانی ئەمریکی لە هەردوو سەردەمی بایدن و ترەمپدا درکیان بە قەبارەی ئەو بوومەلەرزە سیاسییە نەکرد کە جەنگی ئیسرائیل لە غەززە دروستی کردبوو. ئەوان لەو گریمانەیەوە دەستیان پێکردبوو کە تەنیا بۆچوونی سەرکردەکانی ناوچەکە گرنگە، و ئەو سەرکردانەش لەمێژە فەلەستینییەکانیان لەبیر کردووە و پەرۆشن بۆ پەیوەندیی نزیکتر لەگەڵ ئیسرائیلێکی بەهێز و بەتوانا لە بەرامبەر گەرەنتیی ئەمنیی پتەوتری ئەمریکادا.
ڕەنگە ڕوونترین نموونەی ئەم کورتبینییە، پێداگریی بایدن بووبێت لەسەر هەوڵدان بۆ نێوەندگیری لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و سعودیە، تەنانەت دوای ئەوەی بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوان لە غەززە ئەم جۆرە هاوکارییەی لە ڕووی سیاسییەوە لای جەماوەری عەرەب ژەهراوی کردبوو، ئەو جەماوەرەی کە ڕیاز خوازیار بوو ڕابەرایەتییان بکات.
لێکەوتە تەواوەکانی کارەساتی ئێران کاتی دەوێت
فشاری بەردەوامی ئەمریکا بۆ پاڵنانی عەرەب بەرەو هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، بووە هۆی دروستبوونی لێکترازانی زیاتر.
ئیمارات، وەک یەکێک لە دوو دەوڵەتی یەکەم کە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامیان واژۆ کرد، لە کاتی جەنگی غەززەدا بەردەوام بوو لە هاوکاری لەگەڵ ئیسرائیل، لە کاتێکدا ئیسرائیل هێرشی سەربازیی لە عێراق، لوبنان، سووریا، یەمەن و تەنانەت قەتەریش ئەنجام دەدا. لە کاتی جەنگ لەگەڵ ئێرانیشدا، بەپێی ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، ئیمارات بۆ لێدانی ئامانجە ئێرانییەکان هەماهەنگیی لەگەڵ ئیسرائیل و ویلایەتە یەکگرتووەکان کردووە.
لە بەرامبەردا، سعودیە بە نیگەرانییەوە چاودێریی نزیکبوونەوەی ئیمارات و ئیسرائیلی دەکرد. ڕیاز و ئەبوزەبی پێشتریش لەسەر پرسی سووریا و یەمەن ناکۆک بوون، و سعودیە بە شێوەیەکی فراوانتر هاوبەشیی نێوان ئیمارات و ئیسرائیلی وەک هەڕەشەیەک بۆ پێگەی پێشەنگایەتیی خۆی لە ناوچەکەدا دەبینی. ئەم درزەش هەر دەرفەتێکی کە واشنتن هەیبوو بۆ کۆکردنەوەی هێزە هەرێمییە گەورەکان لە پشتی هەڵمەتەکەی بۆ تێکشکاندنی ئێران ئاڵۆز کرد.
ئەگەر جەنگی غەززە داهاتووی سەرکردایەتیی ئەمریکای لە ناوچەکەدا خستبێتە ژێر گومانەوە، ئەوا جەنگ لەگەڵ ئێران هات بۆ ئەوەی کۆتاییهاتنی سیستەمەکە دووپات بکاتەوە.
سەرکردەکانی کەنداو تووڕە بوون لەبەر ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل بەبێ ڕاوێژکردن لەگەڵیان جەنگەکەیان دەستپێکرد، سەرەڕای ئەوەی دەیانزانی دژی وەستاونەتەوە، و لە کاتێکدا بوو کە دانوستان لەگەڵ ئێراندا بە نێوەندگیریی عومان بەڕێوەدەچوو. بەم شێوەیە دەوڵەتانی کەنداو خۆیان لە بەرامبەر وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆی ئێراندا بینییەوە بۆ جەنگێک کە هیچ دەسەڵاتێکیان لە بڕیاری هەڵگیرساندنیدا نەبوو.
سەرەڕای ئەوەی سیستەمی بەرگریی مووشەکیی ئەمریکا کەنداوی لە خراپترین لێدانەکان پاراست، بەڵام ژمارەیەکی پێویست لە مووشەکەکانی ئێران توانییان لە بەرگرییەکان تێپەڕن و زیانی گەورە بگەیەنن، هەروەها وێنەی ئەو سەقامگیرییەشیان هەژاند کە مۆدێلی ئابووری و کۆمەڵایەتیی کەنداو لەسەری وەستاوە.
ئێران هەموو دەوڵەتانی کەنداوی کردە ئامانج، لەوانەش ئەو دەوڵەتانەی کە پەیوەندیی باشتر لەگەڵیدا دەپارێزن وەک عومان و قەتەر، بەڵام ئاگرەکەی لەسەر ئەو دەوڵەتانە چڕکردەوە کە ڕێککەوتنەکانی ئەبراهامیان واژۆ کردبوو: بەحرەین، و بە شێوەیەکی گەورەتر ئیمارات.
لە ماوەی چەند هەفتەیەکی کەمدا، ئێران توانی زیان بگەیەنێت، وێران بکات، یان بەشێکی فراوان لەو کۆمەڵە بنکە سەربازییە بێسوود بکات کە هەژموونی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پشتی پێ دەبەست.
متمانەی هاوپەیمانە کەنداوییەکانی واشنتن زیاتر داڕما کاتێک هەڵمەتی ئەمریکی-ئیسرائیلی نەیتوانی ڕژێمی ئێران بڕووخێنێت.
بۆ ماوەی چەندین دەیە، لایەنگرانی بۆردومانکردنی ئێران دەیانووت کە جەنگێکی لەو شێوەیە ڕەنگە پشێوی بەدوادا بێت، بەڵام لە کۆتاییدا هەڕەشەی ئێران لەناو دەبات. بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل، بە هەموو ئەو هێزە سەربازییەی هەیانبوو، نەیانتوانی ئەو ئامانجە بپێکن.
سەرباری ئەوەش، ئەمریکا دەستەوەستان وەستا لە کاتێکدا ئێران گەرووی هورمزی داخست و تەواوی ئابووریی کەنداوی خستە مەترسییەوە.
جارێکی تر، شۆکی کەنداو تەنیا بەهۆی پشتگوێخستنی هەڵوێستی هاوپەیمانەکانی لەلایەن واشنتنەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی دەرکەوتنی سنوورەکانی تواناکانی بوو.
دواتر سەرسوڕمانەکە گۆڕا بۆ تووڕەیی کاتێک ئەمریکا دامەزراوەکانی کۆگاکردنی ئاوی ئێرانی بۆردومان کرد، لە کاتێکدا ئیسرائیل لە کۆگاکانی نەوتی ئێرانی دا. واشنتن قوماری بە داهاتووی هاوبەشەکانیەوە دەکرد؛ ئەگەر تاران بە لێدانی دامەزراوەکانی ئاوی کەنداو یان پێگە ئەتۆمییەکان وەڵامی بدابایەوە، ئەوا پەرەسەندنی دوولایەنە دەیتوانی دەوڵەتانی کەنداو بەرەو کارەساتی ئابووری و وێرانکاریی ژینگەیی ببات کە ڕەنگە بەشێکیانی بۆ ژیان نەگونجاندبایە.
دەرەنجامی سەرەکیی کەنداو ڕوون بوو: گەرەنتییە ئەمنییەکانی ئەمریکا، کە دڵی ڕێککەوتنە هەرێمییەکەن، ئیتر جێی متمانە نین.
ناوچەکە لە ساڵی 2011ەوە فێر ببوو کە واشنتن ناتوانێت ڕژێمەکان لە هەڕەشە ناوخۆیییەکان بپارێزێت. بەڵام ئەگەر ئەمڕۆ تەنانەت نەتوانێت پێش جەنگ ڕاوێژ لەگەڵ هاوپەیمانەکانی بکات، یان نەیارەکانی ببەزێنێت، یان هاوبەشەکانی لە ئەنجامی سەرکێشییە هەرێمییەکانی بپارێزێت، ئیتر بەڵێنەکانی چ بەهایەکیان هەیە؟
ئەو مامەڵە سەرەکییەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشکەشی ناوچەکەی کردبوو هەرەسی هێناوە، و دووبارە بونیادنانەوەی ئاسان نابێت.
ئەمجارەیان جیاوازە
چواندنی جەنگی ئێران بە «ساتەوەختی سوێس»ی ئەمریکی بووەتە شتێکی باو. لە ڕاستیدا لێکچوون لە نێوان کارەساتی ئەمڕۆ و پیلانە شکستخواردووەکەی بەریتانی-فەرەنسی-ئیسرائیلی بۆ دەستبەسەرداگرتنی کەناڵی سوێس لە میسر لە ساڵی 1956دا هەیە، کە بە سەرکەوتنێکی سیاسیی گەورە بۆ جەمال عەبدولناسر، سەرۆکی میسر کۆتایی هات.
سوێس دواتر بووە هێمایەک بۆ داڕمانی ئیمپراتۆرییەتە ئەوروپییەکان و گواستنەوە لە جیهانێکی فرەجەمسەرەوە بۆ سیستەمی دووجەمسەری لە جەنگی سارددا.
بەڵام قەیرانی سوێس دەستبەجێ کۆتایی بە ئیمپراتۆرییەتەکانی بەریتانیا و فەرەنسا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەهێنا. فەرەنسا شەش ساڵی تر جەنگەکەی بۆ هێشتنەوەی جەزائیر درێژە پێدا، و بەریتانیاش بۆ نزیکەی دەیەیەک و نیو وەک هێزی باڵادەست لە کەنداودا مایەوە و لە دژی بزووتنەوە یاخیبووەکان لە عومان و یەمەنی ئێستادا شەڕی کرد، پێش ئەوەی لە ساڵی 1971 بە یەکجاری لە ناوچەکە پاشەکشە بکات.
ڕووداوە گەورەکان پێویستیان بە کاتە تا هەموو دەرەنجامەکانیان دەربکەون. بە هەمان شێوە، لێکەوتە تەواوەکانی کارەساتەکەی ئەمریکا لە ئێران کاتی دەوێت تا دەردەکەون.
لە کورتخایەندا، ئەو سیستەمە هەرێمییەی کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات دیار نامێنێت. ڕەنگە واشنتن لە هەندێک بنکەی سەربازی بکشێتەوە کە لەلایەن ئێرانەوە وێران کراون، بەڵام بەردەوام دەبێت لە گێڕانی ڕۆڵێکی سەرەکی لە بەرگریی هەرێمیدا.
دوورە لە ڕاستییەوە کە دەوڵەتانی کەنداو دەستبەجێ لە واشنتن داببڕێن. لەبەر ترسیان لە داهاتوویان و نەبوونی بەدیلی ڕوون، ڕەنگە پەیوەندییەکانیان لەگەڵیدا بەهێزتر بکەن. هەروەها نابنە هەڕەشەی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل، و زیاتر لەوەی پێویستە لە ئێران نزیک نابنەوە.
درز و کەلێنی ئەمریکا لەگەڵ ئیسرائیلیش، هەرچەندە ڕاستەقینەیە و ڕەنگە بۆ نەوەیەکی دیکە درێژ بێتەوە، بەڵام لەم نزیکانەدا نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانیی نێوانیان. دەوڵەتە عەرەبییەکانیش پەیوەندیی کاری لەگەڵ ئیسرائیل دەپارێزن، و بەردەوام دەبن لە سوودوەرگرتن لە تەکنەلۆژیای سەربازی و تەکنیکەکانی چاودێریی ئیسرائیلی.
ڕەنگە ئەو گۆڕانکارییە بچووکانەی کە هێزە هەرێمییەکان دەیکەن لە سەرەتادا گرنگ دەرنەکەون. دەوڵەتەکان هەمیشە تەنانەت لە لووتکەی هەژموونی ئەمریکاشدا ئەجێندای خۆیان پەیڕەو کردووە. تەنانەت ئەو هاوپەیمانانەی کە زۆرترین پشتبەستنیان بە ئەمریکا هەبووە، لە هونەری دواخستن، خۆدزینەوە لە بەربەستەکان و دروستکردنی فشار لە ناوخۆی واشنتندا شارەزا بوون.
ئەوان بەردەوام دەبن لە بەڕێوەبردنی ڕکابەرییە ناوخۆیییەکانیان، پێشینەدان بە مانەوەی دەسەڵاتەکانیان و هەوڵدان بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشیان. لە هەندێک کاتدا ئەمە بە واتای هاوکاری لەگەڵ واشنتن دێت، لە هەندێک کاتی تردا وا نابێت.
بەڵام نابێت بەردەوامی لە کورتخایەندا لەگەڵ توانای مانەوە لە درێژخایەندا تێکەڵ بکرێت.
کاتێک قەیرانی سوێس ڕوویدا، هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆرییەتە ئەوروپییەکان ببووە شتێکی حەتمی، نە بەهۆی تەنیا یەک شکستی سیاسی، بەڵکو لە ئەنجامی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزم و دژایەتیکردنی ئیستعمار، لە پاڵ شەکەتبوونی ئابووری و سیاسیی مۆدێلی ئیمپراتۆریی ئەوروپی.
سیستەمی ئەمریکیش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەمێژە لەگەڵ کەڵەکەبوونی شکستە سیاسی و ستراتیژییەکاندا لە داخورپاندابوو، تا گەیشتە لەدەستدانی ئامانجی هاوبەش و دەرکەوتنی بێدەسەڵاتیی سەربازی لە قەیرانەکانی دواییدا.
ڕەنگە واشنتن ئارەزووی ئەوە بکات دەست بەو سیاسەتانەوە بگرێت کە بۆ چەندین دەیە ڕێبازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دیاری کردبوو، و پشت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەو سەرکردە توند، نیگەران و سەرکوتکەرانە ببەستێت کە دیمەنی ناوچەکەیان پڕکردووەتەوە و خۆی دیزاینی کردوون. بەڵام ئەگەر سەرکردە ئەمریکییەکان لەسەر هەمان ڕێڕەو بەردەوام بن، دەبێت چاوەڕوانی هەمان ئەنجام بن لە ناوچەیەکدا کە لە ناسەقامگیریی بەردەوام، شکستی ئابووری و سیاسی و تەقینەوەی بەردەوامی ململانێ توندوتیژەکاندا دەژی.
ڕەنگە ئەم ململانێیانە تەنیا لە هەندێک کاتدا پێویستیان بە هێزەکانی ئەمریکا بێت، بەڵام بەردەوام خۆیان بەسەر ئەجێندای واشنتندا دەسەپێنن و سەرچاوەکانی بەبێ سوود بەفیڕۆ دەدەن.
بەردەوامیی «جەنگە هەمیشەیییەکان»
ڕەنگە ئەم ئەنجامە بۆ ئەو داڕێژەرە سیاسییە ئەمریکییانە پەسەند بێت کە ڕاهاتوون لەسەر بەڕێوەبردنی قەیرانەکان و مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە خراپەکان. بەڵام واشنتن ناتوانێت تەنیا بە نواندنی ئەوەی کە هیچ شتێک نەگۆڕاوە، ڕێگری لە گواستنەوە بەرەو سیستەمێکی نوێی هەرێمی بکات.
ئەو هاوپەیمانە عەرەبانەی متمانەیان بە ئەمریکا نەماوە، بە شێوەیەکی زیاتر سەربەخۆییی خۆیان بەکاردەهێنن. ڕەنگە ئەمە هەندێک جار بە واتای دانوستان لەگەڵ ئێران و فراوانکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ چین و ڕووسیا بە پێچەوانەی ویستی واشنتن بێت، لە کاتەکانی تردا ڕەنگە بە واتای دەستێوەردان لە لیبیا، سوودان و شاخی ئەفریقا، یان هەڵگیرساندنی ململانێی نوێ لە عێراق، لوبنان، سووریا و یەمەن بێت. ئەو هێزانەی کە تا ڕادەیەکی زۆر لە دەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمریکادان، بەشداری دەکەن لە داڕشتنی سیستەمە نوێیەکەدا.
ئیسرائیل، بۆ نموونە، سوورە لەسەر بەردەوامبوون لە دەستێوەردانە سەربازییەکانی بەبێ گوێدانە ویستی ئەمریکا. جەنگی خۆی لەگەڵ حزبوڵڵا درێژە پێدا سەرەڕای یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئەمریکی-ئێرانی کە لە مانگی حوزەیراندا پێی گەیشتن، و هیچ ئامادەیییەکی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە باشووری لوبنان پێشان نەداوە. بەرپرسانی ئیسرائیلیش دووپاتی دەکەنەوە کە وڵاتەکەیان بوونی سەربازی لە سووریادا دەپارێزێت.
لەگەڵ نەبوونی فشارێکی جدیی ناوخۆیی کە بەرەو سیاسەتی کەمتر توندڕەو پاڵ بنێت، ڕێگرییەکی ئەوتۆ لە بەردەم لکاندنی کەناری ڕۆژئاوا بە ئیسرائیلەوە یان بەردەوامبوون لە وێرانکردنی غەززەدا نییە.
ئێرانیش، هاوشێوەی ئیسرائیل، هەموو هۆکارێکی هەیە بۆ بەردەوامبوون لەسەر سیاسەتگەلێک کە ناوچەکە بە ناسەقامگیری بهێڵنەوە. ململانێی بەردەوام یارمەتیی ڕژێم دەدات کە بەرپرسیارێتیی دۆخە سەختەکان بخاتە ئەستۆی دەرەوە، و ستراتیژی «بەرگری» لە پێش چاوی جەماوەری ئێراندا پاساو بداتەوە.
هەروەها ئێران توانای خۆی بۆ دروستکردنی توندوتیژی پاراستووە. سەرەڕای ئەو زیانە گەورانەی بەهۆی جەنگەوە پێی گەیشت، دەسەڵاتەکەی مایەوە و هەژموونی هەرێمیی فراوانتر بوو. توانای خۆی لە کۆنترۆڵکردنی کردەییی گەرووی هورمز و لێدانی هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نیشاندا.
سەبارەت بەو نسکۆیانەی کە ڕووبەڕووی هاوپەیمانەکانی وەک حزبوڵڵا بوونەتەوە، دوورە لە ڕاستییەوە کە بە شێوەیەکی هەمیشەیی کۆتایی بە توانای تاران بهێنن لە بەکارهێنانی بریکارەکانیدا بۆ بڵاوکردنەوەی هەژموونی خۆی.
فشاری ئەمریکا لەسەر حکومەتە بێهێزەکان لە عێراق و لوبنان بۆ چەککردنی ئەو گرووپانەی لایەنگری ئێرانن، دەکرێت ململانێی زیاتر هەڵبگیرسێنێت، کە لە کۆتاییدا تەرازووەکە لە بەرژەوەندیی هاوپەیمانەکانی تاران دەشکێتەوە.
ڕیزبەندییە هەرێمییەکان زیاتر لەو هاوپەیمانییە دژە ئێرانە دووردەکەونەوە کە بەرپرسانی ئەمریکی وێنای دەکەن.
لەبری پشتبەستن بە پاراستنی ئەمریکی، ڕەنگە چەندین دەوڵەتی کەنداو هەوڵ بدەن لە ڕێگەی لێکتێگەیشتنی تاکەکەسییەوە لەگەڵ ئێراندا دڵنیا ببنەوە لەوەی ناخرێنە لیستی ئامانجەکانی تارانەوە.
لەبری پەیڕەویکردنی سەرکردایەتیی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت سیاسەتی هەرێمی لە دەوری ڕکابەرییەکی پەرەسەندووی نێوان ئیمارات و سعودیە بۆ سەرکردایەتی بسوڕێتەوە.
پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران لە کۆتایییەکانی مانگی شوباتدا، ڕیاز دەستی کردبوو بە کۆکردنەوەی هاوپەیمانییەک کە میسر، پاکستان، قەتەر و تورکیای لەخۆدەگرت تا هاوسەنگی لەگەڵ هاوپەیمانیی ئیماراتی-ئیسرائیلیی بە پشتیوانیی ئەمریکا دروست بکات. پێدەچێت ئەم ڕکابەرییە بە تەنیا کەمبوونەوەی شەڕ بگەڕێتەوە، بە جۆرێک کە دەکرێت ناسەقامگیری بۆ ئەو دەوڵەتانە دروست بکات کە خۆیان لە بنەڕەتدا شەکەتبوون، و مەودای ململانێ لە سەرانسەری ناوچەکەدا فراوان بکات، و قەیرانی یەک لە دوای یەک بهێنێتە ئاراوە کە واشنتنی سەرقاڵ بە زەحمەت بتوانێت بەڕێوەیان ببات.
لە کۆتاییدا، زۆربەی ڕژێمەکان ڕووبەڕووی فشاری زیاتری ناوخۆیی دەبنەوە لە کاتێکدا لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگی ئێران لە نێو ئابوورییە شەکەتبووەکانی ناوچەکەدا بڵاودەبنەوە.
کاریگەرییەکان تەنیا لەو وڵاتانەدا قەتیس نابن کە لێدانەکانی ئێران ژێرخانەکانیانی وێران کردووە. لە میسر، بۆ نموونە، بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخی سووتەمەنی و خۆراک، لەگەڵ زیانە گەورەکانی داهاتی کەناڵی سوێس بەهۆی تێکچوونی گەشتە دەریایییە جیهانییەکان، هاوکاتن لەگەڵ قەیرانە دارایییەکان و بێکاریی پێشینە.
هەروەها ئەو دەوڵەتانەی کە لە کەمکردنەوەی هاوکارییەکانی ئەمریکا زیانیان بەرکەوتووە، ڕەنگە سەرچاوەیەکی تری گرنگی وەبەرهێنانی دەرەکی لەدەست بدەن، لە کاتێکدا دەوڵەتە دەوڵەمەندەکانی کەنداو ڕووبەڕووی کێشە ئابوورییە تایبەتەکانی خۆیان دەبنەوە.
کاتێک ناڕەزایەتییە ناوخۆیییەکان لەگەڵ تووڕەیی جەماوەری سەبارەت بە غەززە تێکەڵ دەبن، تێکەڵەیەکی زۆر تەقینەوەیی پێکدەهێنن. ڕەنگە ناوچەکە لە بەردەم شەپۆلێکی نوێی ناڕەزایەتیدا بێت کە هاوشێوەی ڕاپەڕینەکانی 15 ساڵ لەمەوبەر بێت.
دوایین دەرفەت
داڕمانی توندوتیژانەی سیستەمە هەرێمییە کۆنەکە دەکرێت ببێتە هۆی پەکخستن، یان تەنانەت لەباربردنی هەر هەوڵێک بۆ بونیادنانی سیستەمێکی نوێ کە توانای کارکردنی هەبێت.
بەڵام لە هەمان کاتدا ساتەوەختی ئێستا دەرفەتێکیش بە ئەمریکا دەدات بۆ داڕشتنەوەی ئەو مامەڵە بنەڕەتییانەی کە ئەم هەموو دەرەنجامە وێرانکەرانەیان لێکەوتەوە.
بونیادنانی سیاسەتێکی نوێ بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە دووبارە بیرکردنەوە هەیە لەو بڕیارە کۆنەی ئەمریکا کە بە ناوی «واقیعبینی»یەوە پێشینەی دەدا بە پەیوەندی لەگەڵ هاوپەیمانە سەرکوتکەرەکان کە لە دەرەوەی یاسا ڕەفتاریان دەکرد.
بۆ ماوەی چەندین دەیە، واشنتن وای دادەنا کە ناچار نییە بایەخێکی زۆر بە ڕای گشتیی عەرەب بدات، چونکە دەتوانێت پشت بە فەرمانڕەوا عەرەبەکان ببەستێت بۆ لەناوبردنی هەر ناڕەزایەتییەک.
هەروەها وای دادەنا کە دووبارەکردنەوەی دەستەواژەی بێناوەڕۆک لەسەر پشتیوانیکردنی «چارەسەری دوو دەوڵەت»، لە کاتێکدا ئیسرائیل بەردەوامە لە لکاندنی پلەبەپلی خاکی فەلەستین و خۆدزینەوە لە دانوستانی ئاشتیی ڕاستەقینە، بەس دەبێت بۆ ئەوەی هاوپەیمانە عەرەبەکانی لە ڕیزەکەدا بهێڵێتەوە.
مانای ئەمەش ئەوە بوو کە ئەمریکا هەرگیز بیری لە پەیڕەوکردنی سیاسەتگەلێک نەکردەوە کە بتوانێت ڕەزامەندیی گەلانی ناوچەکە بەدەستبهێنێت، چ جای پشتیوانییان. هەروەها بۆ واشنتن نەدەکرا بە شێوەیەکی جدی بەشداری لە پشتیوانیکردنی دیموکراسی یان بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤدا بکات، چونکە ستراتیژەکەی لە بنەڕەتدا پشتی بە نەبوونی ئەوان دەبەست.
ئیدارەی ترەمپ، کە بە چاوی سووکایەتییەوە لە ناوخۆ و دەرەوەدا دەڕوانێتە دیموکراسی و سەروەریی یاسا، ئەم دۆخە ناگۆڕێت. بە لەبەرچاوگرتنی هەڵبەزودابەزی توندی لە نێوان ستراتیژەکاندا، زەحمەتە بتوانرێت وێنای ترەمپ بکرێت لە کاتی داڕشتنی هەر جۆرە سیستەمێکی نوێی هەرێمیدا.
بەڵام جێگرەوەکەی دەرفەتێکی ڕاستەقینەی بۆ دەڕەخسێت تا لەگەڵ دۆخی هەنووکەییدا داببڕێت و ستراتیژێکی گونجاوتر و کاریگەرتر بەرامبەر بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بونیاد بنێت.
ئەمەش بە دەستبەرداربوون لە بەکارهێنانی دەستێوەردانی سەربازی وەک یەکەم بژاردە، و کۆتاییهێنان بە پراکتیزەکردنی «دیپلۆماسی لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانییەوە» دەست پێدەکات.
پێویستیە بەرگری ئەولەویەتی واشنتن بێت، نەک هێرش
یەکێک لەو ڕێگایانەی کە دەتوانێت ئەم ئاڕاستەیە بسەلمێنێت، بریتییە لە خۆبەدوورگرتن لە دووبارە بونیادنانەوەی بنکە سەربازییە زیانپێکەوتوو یان وێرانکراوەکانی ئەمریکا لە کەنداو، و لە جیاتی ئەوە تیشک خستنە سەر وەبەرهێنان لە ئاڵوگۆڕی زانیاریی هەواڵگری، سیستەمی بەرگریی مووشەکی بۆ هاوبەشە کەنداوییەکان، و دڵنیابوون لە ئازادیی کەشتیوانی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە.
پێویستە ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی دیپلۆماسی و بەرگریی بەکۆمەڵەوە بەدوای سەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگەڕێت، نەک لە ڕێگەی مۆڵدانی سەربازییەوە.
کارەساتی ئێران بە تەواوی پووچیی بانگەوازە توندڕەوەکانی بۆ جەنگ و بەڵێنەکانی بەدەستهێنانی سەرکەوتنی یەکلاکەرەوەی ئاشکرا کرد.
کاتی ئەوە هاتووە واشنتن پابەند بێت بە پرۆسەیەکی دیپلۆماسییەوە کە بتوانێت ئێران وەک هاوبەشێک کە بەرژەوەندیی لە سەقامگیریدا هەیە، بخاتە ناو سیستەمی ئاسایشی هەرێمییەوە.
ڕەنگە دەوڵەتانی کەنداو سەرەڕای تووڕەیییان لە هێرشەکانی دواییی ئێران، کراوە بن بەرامبەر بەم جۆرە نزیکبوونەوەیە. لە کۆتاییدا، سعودیە و ئێران لە ساڵی 2023دا دوای قۆناغێکی پێشووی دەستدرێژیی ئێران گەیشتنە ئاشتەوایی.
ئیدارەی ئۆباما لە کاتی دانوستان لەسەر ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ساڵی 2015دا وێناکردنێکی هاوشێوەی خستبووە ڕوو، تەنانەت جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆک، باسی لە ئامادەیی کرد بۆ «دروستکردنی وەرچەرخانێکی بنەڕەتی» لە پەیوەندییەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێراندا دوای گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی نوێ.
خواستەکە هەیە؛ بەڵام پێویستە لەسەر ئیدارەی داهاتووی ئەمریکا کە بە خێرایی و یەکلاکەرەوەیی بیسەلمێنێت کە بەنیازی گۆڕینیەتی بۆ سیاسەتێکی کردەیی.
واشنتن بە زەحمەت وێنای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک دەکات کە هەژموونی بەسەردا نەسەپێنێت
پێویستە ڕێکخستنەوەی سیاسەتی ئەمریکا بۆ ئەو شێوازەش درێژ بێتەوە کە واشنتن لەگەڵ هاوپەیمانەکانیدا مامەڵەی پێدەکات. ئەمەش ئیسرائیلیش دەگرێتەوە.
بارودۆخەکە لەبار بووە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل. بەپێی ڕاپرسییەکی زانکۆی کوینیپیاک کە لە مانگی حوزەیراندا بڵاوکرایەوە، نزیکەی دوو لەسەر سێی دیموکراتەکان و زیاتر لە نیوەی سەربەخۆکان پێیان وایە کە ئەمریکا پشتگیرییەکی لەڕادەبەدەر پێشکەش بە ئیسرائیل دەکات. لە ناوەڕاستی مانگی تەمموزیشدا، زیاتر لە نیوەی دیموکراتەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگیان لە بەرژەوەندیی پڕۆژەیاسایەک دا کە ئامانجی ڕاگرتنی هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا بوو بۆ ئیسرائیل.
پێویستە ئیدارەی داهاتوو ئەم دەرفەتە بقۆزێتەوە بۆ ئەوەی ئەو جۆرە فشارە لەسەر ئیسرائیل دروست بکات کە حکومەتەکانی ئەمریکا لەمێژە خۆیان لە بەکارهێنانی بەدوور گرتووە.
داوا لە واشنتن ناکرێت دەستبەرداری هاوپەیمانەکەی بێت، بەڵکو دەبێت داوا لە ئیسرائیل بکات ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ لە هەموو ئەو ناوچانەدا بگرێت کە لە ژێر کۆنترۆڵیدان، و لکاندنی پلەبەپلی کەناری ڕۆژئاوا ڕابگرێت، و کۆتایی بە دەستێوەردانە ناسەقامگیرکەرەکانی لە لوبنان و سووریادا بهێنێت.
لە ئاستێکی فراوانتردا، سەقامگیریی هەرێمی پێویستی بەوەیە کە ویلایەتە یەکگرتووەکان پابەندبوونی خۆی بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ نوێ بکاتەوە، دژی بزووتنەوە جیابوونەوەخوازەکان لە وڵاتانی وەک سووریا و یەمەندا بوەستێتەوە، و دەستێوەردانە سەربازییەکان و شەڕە بە وەکالەتەکان کە هاوبەشەکانی لە وڵاتانی وەک سوودان و لیبیادا دەیکەن، ڕابگرێت.
هەروەها پێویستە دەست لە فشار خستنە سەر حکومەتەکانی عێراق و لوبنان هەڵبگرێت بۆ چەککردنی گرووپە عێراقییەکان و حزبوڵڵا پێش ئەوەی بە تەواوی ئامادەبن بۆ ئەنجامدانی ئەوە.
سەقامگیریی ناوخۆیی، پێویستی بە وەرچەرخانی دیموکراسی هەیە
بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان، ئەمە بە واتای هاندانی چاکسازی دێت، لەوانەش پاراستنی مافەکانی مرۆڤ، و کۆتاییهێنان بەو مامەڵەیەی کە ڕێگەی بە هاوپەیمانە سەرکوتکەرەکانی دەدا بەبێ لێپێچینەوە سەرکوتی توند ئەنجام بدەن.
پێشوازی لەم پەیامە لە قاهیرە یان ڕیاز، و لە زۆر پایتەختی تردا ناکرێت. بەڵام گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لە سیستەمی هەرێمیدا ڕوونادات بەبێ چارەسەرکردنی کەموکوڕییە پێکهاتەیییەکان لە سیستەمە سیاسییەکانیدا.
سیاسەتە نوێیەکانی ئەمریکا لە شەو و ڕۆژێکدا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێکی سەقامگیر و ئاشتیخواز دروست ناکەن. لە سەرەتادا چەپڵەلێدانی جەماوەریی زۆر بەدەستناهێنێت لە ناوچەیەکدا کە بەوە ڕاهاتووە نووسەر وەک دووڕوویی و دەستدرێژیی ئەمریکا وەسفی دەکات.
لە قۆناغێکی دواتردا، ڕەنگە دەرکەوتنی حکومەتگەلێک کە لە ڕووی دیموکراسییەوە زیاتر وەڵامدەرەوەی گەلەکانیان بن، سەرئێشەیەکی گەورە بۆ واشنتن دروست بکات، بەو پێیەی سیاسەتمەدارە تەماحکارەکان لە ڕەخنەگرتن لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و سەرکۆنەکردنی سیاسەتەکانیدا کێبڕکێ دەکەن.
بەڵام لە درێژخایەندا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک کە لەلایەن ڕژێمگەلێکەوە بەڕێوەببرێت کە کەمتر ئامادەبن لە سیاسەتە نەویستراوەکاندا شوێن واشنتن بکەون، و کەمتر ئامادەبن ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆیی سەرکوت بکەن، بە ئەگەرێکی زۆرەوە سەقامگیرتر دەبێت لە ناوچەی ئێستا.
واشنتن بە زەحمەت وێنای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستێک دەکات کە هەژموونی بەسەردا نەسەپێنێت، هەروەک چۆن بە زەحمەتیش دەتوانێت بەدیلی ڕاستەقینە بۆ سیستەمی هەرێمیی ئێستا بخەمڵێنێت، هەرچەندە شکستی هێنابێت.
بەڵام ئەم سیستەمە لە کۆتایییەکەی نزیک دەبێتەوە، و ڕەنگە ئەمە دوایین دەرفەت بێت لە بەردەم سەرکردە ئەمریکییەکاندا بۆ گۆڕینی ڕێڕەوەکەیان.
ئەگەر لەوەدا بێدەسەڵات بن، ئەوا تەماشای «ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکی» دەکەن کە چۆن کاڵ دەبێتەوە و لەناودەچێت، هەروەک چۆن ئیمپراتۆرییەتە ئەوروپییەکانی پێش ئەو لەناوچوون.
دەربارەی نووسەر:
مارک لینچ مامۆستای زانستە سیاسییەکان و کاروباری نێودەوڵەتییە لە زانکۆی جۆرج واشنتن، و نووسەری کتێبی America’s Middle East: The Ruination of a Region («ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ئەمریکا: وێرانبوونی هەرێمێک»).





