چۆن ژن و پیاوی سوریا دەبنە قوربانی “فرۆشیارانی وەهم” کە بە ناوی کۆمپانیاکانی دامەزراندن، دەڵاڵ، قاچاخچییەکان، خاوەن وەرشەکان، چێشتخانەکان، ساڵۆنەکان و بەڕێوەبەرانی لەشفرۆشی ژنان فریو دەدەن؟ لە ڕێگەی شایەتحاڵی قوربانییەکان و ئەوانەی بەشدارن، ڕۆشنایی دەخاتە سەر شێوازەکانی ئیستغلالکردن و سود وەرگرتن لە چاودێری لاوازی بازاڕی کار. هەروەها ڕێگاکانی گەشتی ڕاکێشان و قاچاخ لە هەولێرەوە بۆ بەغدا ڕوون دەکاتەوە لە ئەنجامی بۆشایی بازگەکان یان بەهۆی “ڕێگای دەوروبەرەوە”.
غەدا (ناوێکی خوازراوە) لە گۆشەی ڕێکخراوێکی ناوخۆیی تایبەت بە بەهێزکردنی ژنان و ڕزگارکردنی قوربانیانی توندوتیژی لە بەغدا دانیشتووە، بەرامبەر تیمی ژنە ڕۆژنامەنووسەکان سەرەڕای ئەو ماندوێتییەی لە چاوەکانیدا چەسپاوە، بەڵام وردەکارییەکانی گەشتێکی پڕ لە ئازار و زۆرەملێ و ئیستغلالکردن بە یەک دەستەواژە کورت باسدەکات: “ئەوەی ویستم تەنها ئەوەبوو هەڵبێم.”
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە سوریا، هەلومەرجەکان ڕێگرییان لە غەدا کردبوو، کە خەونی تەواوکردنی خوێندنی یاسا لە زانکۆی دیمەشق بەدیبهێنێت. بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئابورییەوە، ڕیکلامێکی فەیسبووک لە دەزگایەکی دامەزراندنەوە کە هەلی کار لە عێراق پێشکەش دەکرد بە مووچەیەکی سەرنجڕاکێش کە 1000 دۆلار بوو، لەگەڵ شوێنی مانەوە و ژەمەکان بەخۆڕایی، وەک چانسێک بۆ ژیانێکی باشتر دەهاتە بەرچاو. ئەو نەیدەزانی ئەو دەزگایە کە بەڵێنی پێدابوو کارێکی شایستە و پڕ شکۆی لە هەولێر بۆ دەستەبەر بکات، داوێک بوو بۆ تۆڕێکی ئیستغلالکردن.
لە هۆتێلێکی قەرەباڵغی کۆمەڵگەی سوری لە بازاڕی هەولێر، شەوەکەی بە چاوەڕوانی ڕێکخستن بۆ گواستنەوەی بۆ بەغدا، بەسەر برد: “سەرەتا هەموو شتێک ئاسایی دەرکەوت، “+بەڵام دواتر بە ئۆتۆمبێلێکی قاچاخ بەرەو بەغدا ڕۆیشتم”. سەرچاوەیەک لە کەرتی هۆتێلەکان تیمەکەی ئاگادار کردەوە کە هەماهەنگی لە نێوان هۆتێلەکە و ئەوانەی لە ژێر ناوی دامەزراندن خەڵک دەهێنن و ئەو قاچاخچیانەی کە بە بەردەوامی ئۆتۆمبێلەکانیان لەبەردەم هۆتێلەکە ڕادەگرن هەبووە.
غەدا، عەبایەک لەبەریدا لەگەڵ چاویلکەیەکی خۆر، لەناو ئۆتۆمبێلێکدا لەگەڵ ئەندامانی خێزانی شۆفێرەکە دانیشتبوو، کە لە بازگەی پشکنینەکەدا ناسنامەی لێوەردەگیرێت، ناسنامەی هاوسەری براکەیەتی: “لە بازگەی پشکنینەکە، هەستیان پێنەکرد، و مۆڵەتی مانەوەیان بەناوی ناسنامەکەوە تۆمارکرد بەبێ ئەوەی بیپشکنن، ئەفسەرەکە پەسەندی کرد و مۆڵەتی مانەوەم لەسەر کۆمپیوتەرەکە پرۆسێس کرد، ئێمەش بەردەوام بووین لە ڕێگاکەمان.”
ئیستغلالکردن و کاری زۆرەملێ
لەبری دەزگایەکی دامەزراندن، خۆی لە شوقەیەکدا بینیەوە
بەبێ هیچ پشتڕاستکردنەوەی ناسنامەکەی، غەدا گەیشتە بەغدا. بەڵام لەبری دەزگایەکی دامەزراندن، خۆی لە شوقەیەکدا بینیەوە. ئەو دەڵێت: “هەموو کاغەزەکانمیان بردووە”. لەوێشدا زانیویەتی کە “کارەکە یان لەشفرۆشیە، یان لە یانە شەوانەکاندا، یان وەک خزمەتکار کاردەکات.”
غەدا ئەو بژاردانەی ڕەتکردەوە کە پێچەوانەی بیروباوەڕی ئەو بوون و کاری ناوماڵی قبوڵ کرد: “هەستم دەکرد دەفرۆشرێم”. لە فرۆشگایەکی جوانکاریدا کارێکی پێشکەش کرا، بەڵام خاوەنکارەکە دوو هێندە نرخی ڕێککەوتنی لەسەر بوو بۆ گواستنەوەی بۆ خاوەن فرۆشگاکە لەگەڵ کاغەزی ناسنامەکەی.
غەدا دەڵێت: “هەوڵیاندا بە سێ هەزار دۆلار بمفرۆشن، بەڵام گرێبەستەکە شکستیهێنا، ئەوە بوو لێیدام و لوتی شکا”، ئاماژەیە بۆ خاوەنکارەکە.
دوای ئەم خراپ بەکارهێنانە، غەدا چاوی بە ئەفسەرێکی ئەمنی کەوت کە ڕێکخستنی کرد بۆ ئەوەی بە قاچاخ بگوازرێتەوە بۆ باقوبە لە پارێزگای دیالە، لەوێ لە نێوان چێشتخانە و کافێ و ئارایشتگاکاندا لە ژێر بارودۆخێکی سەخت و ماوەی کارکردنی درێژدا دەجووڵایەوە، لەژێر هەڕەشەی ئەوەی هەرکاتێک ناڕەزایەتی دەرببڕێت بەرامبەر بە بارودۆخی کارکردن بیگەڕێنێتەوە بۆ خاوەنکارەکەی.
غەدا دەورەدرابوو بە توندوتیژی، ئیستغلال، فێڵ و لەشفرۆشی زۆرەملێ. بۆ وەرگرتنەوەی ئازادییەکەی، دەبوو پێنج ملیۆن دینار کە بەهای “ڕەهنەکەی” بوو بداتە “سەرۆکە گەورەکە”.
سورییەکان لەسەدا 90ی پەنابەران و پەناخوازان لە عێراق پێکدەهێنن و زۆربەیان بە پلەی یەکەم لە هەرێمی کوردستان دەژین. ئەوەی غەدا ئەزموونی کرد، لەگەڵ پێوەرەکانی کاری زۆرەملێ یان بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەگونجێت، چ لە ڕووی کردار و شێوازەکانی بەکارهێنراوەوە، کە بریتین لە ساختەکاری، زۆرەملێی دەروونی، هەڕەشەی هێز، دەستبەسەرداگرتنی بەڵگەنامەی ناسنامە، دەستکاریکردنی قەرز و پارەدان. ئەم تاوانە دەتوانێت لە کەرت و پیشەی جۆراوجۆردا ڕووبدات، زۆرجار لە چێشتخانە و هۆتێل و مەساجخانە و ئارایشتگا و دوکانەکاندا ڕووبدات.
یاسای کاری عێراقی ژمارە (37)ی ساڵی 2015 بە ڕاشکاوی کاری زۆرەملێ یان ناچاری بە هەموو شێوەکانیەوە قەدەغە دەکات، لەوانە کۆیلایەتی، کۆیلایەتی قەرز، بازرگانیکردن بە نهێنی کەسەکان و کرێکارانی کۆچبەر، و کاری ناوماڵ کە هۆکاری زۆرەملێی تێدایە.
چیرۆکی نەسمە
نوسینگەکانی دامەزراندن ئەو سوریانە دەکەنە ئامانج کە بەدوای کاردا دەگەڕێن، بەهۆی بارودۆخی ئەمنی و ئابوورییەوە، بەڵام ژنان تووشی جۆرە ئیستغلالێکی دیاریکراو دەبن، چ لەڕووی ئەو کارانەی کە ناچار دەکرێن بچنە ناوی و چ لەڕووی بارودۆخی کارکردنەوە.
نەسمە (ناوێکی خوازراو) کە بەرپرسە لە دۆسیەی ژنانی سوریا لەو ڕێکخراوەی کە غەدا پەنای بۆ بردووە، ڕوونی دەکاتەوە کە ئەو ڕێگایانەی کە بۆ ڕاکێشانی ژنان بەکاردەهێنرێن جیاوازن، لەوانە گرێبەستی ساختە، بەڵێنی کاری ڕاکێشان، یان ساختەکاران کە خۆیان وەک خێرخواز پیشان دەدەن و دزە دەکەنە ناو گروپەکانی واتسئەپەوە. بەم شێوەیە دەبنە قوربانی جۆرەها ئیستغلالکردن، لەوانە کاری زۆرەملێ، هاوسەرگیری زۆرەملێ و بازرگانی سێکسی. ئەوان وەک کاڵایەک لە ژێر هەڕەشەی بەردەوامدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت: “تۆ سوورییت، بەهاکەت فیشەکێکە… و کەس نازانێت، تەنانەت کەسیش پرسیار لەبارەی تۆوە ناکات”، هەموو ئەمانە لەکاتێکدا ئەو کچانە پارێزگاری یاسایییان نییە.
نەسمە جەختی لە ڕۆڵی پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیا لە بەبازاڕکردنی هەلی کار و پەرەپێدانی جۆرێکی چەواشەکارانەی “ژیانێکی لوکس” لە عێراق دەکات، هەروەها لە دووبارە بەرهەمهێنانەوەی وێنەی ژنە سورییەکە وەک کەسێکی ناسک و ئاسان ئیستغلالکراو”.
حەنادی (ناوی خوازراوی)، ژنێکی گەنجی سوری کە بە ڤیزەی گەشتیاری بە بەڵێنی کار لە ئارایشتگایەکی جوانکاری لە شاری ڕومادی گەیشتە هەولێر، دەڵێت: “وێنەیەکی سەرنجڕاکێشی ژیانیان بۆ نەخشاندم”. خاوەن ساڵۆنەکە خۆی بە قاچاخ بردمیە ڕومادی. “ئەو و کوڕەکەی و هاوسەرەکەی لە هەولێرەوە بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە منیان برد، عەبا و حیجابیان لەبەر کردم، لە بازگەی پشکنین کەس لێپرسینەوەی لێ نەکردم… ڕوخسارم شاراوە بوون.”
خاوەن ساڵۆنەکە سوودی لەوە وەرگرتووە کە کاغەزی نیشتەجێبوونی لەلایەن پارێزەرێکەوە لە هەولێر بۆ کراوە دەکرا، سەرەتا هەوڵیدا مامەڵە لەسەر مووچەکەم بکات، دواتریش بە زۆر لەشفرۆشیم پێوە بکات ئەوەش بە پەیوەندیکردن بە واتسئەپەوە لە شەواندا. بەڵام کۆڵم نەدا، بە یارمەتی هاوڕێیەکی توانیم هەڵبێم بۆ بەغدا.
پێیان وتم: ڕووخسارت جوان نییە، دەبێت دەموچاوت بگۆڕیت
لە بەغدا هەڕەشەی ئیستغلالکردنی سێکسی بەردەوام بوو لە هێرشکردنە سەر حەنادی لەکاتێکدا لە نێوان ئارایشتگاکاندا هاتووچۆی دەکرد. گوێی لە کۆمێنتەکانی وەک “سوپاس بۆ خوا کارت لەسەر نەکردم” بوو، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەکرا لە ڕووی سێکسییەوە ئیستغلال بکرێت. لە یەکێک لە ساڵۆنەکان کە لەلایەن ژنێکەوە بەڕێوەدەبرێت کە هاوسەرەکەی کاریگەری سیاسی هەیە، وەک حەنادی دەڵێت، زۆر بەدەست ئیستغلالکردنی کار و ماوەی کارکردنی درێژخایەن و جیاکاری لە مووچە و هەوڵدان بۆ بەکاڵاکردن دەناڵێنێت. “پێیان وتم، “ڕووخسارت جوان نییە، دەبێت دەموچاوت بگۆڕیت بۆ ئەوەی بتوانین وێنەکەت بگرین و وێنەکانت لە لاپەڕەی ساڵۆنەکەدا بڵاوبکەینەوە” بەڵام بە توندی ڕەتمکردەوە.
لە کاتی گەڕانی بەردەوامی کارەکەیدا، حەنادی پۆستێکی لە فەیسبووک لە دەزگایەکی دامەزراندنەوە بە ناوی “کۆمپانیای مەلەک” بینی کە بەدوای کەسێکدا دەگەڕا لە ئارایشت بزانێت. لەگەڵ گەیشتن بەو شوێنەی کە ڕیکلامی بۆ کراوە، بۆی دەرکەوتووە کە شوقەیەکە بۆ بازرگانیکردن بە ژنان بەکاردێت. حەنادی دواتر توانی پەیوەندی بە هەمان ڕێکخراوەوە بکات کە نەسمە تێیدا کار دەکات و ئەوانیش هاوکاریان بۆ غەدا کرد. لەوێ یارمەتی وەرگرت بۆ ڕێکخستنی پێگەی یاسایی خۆی و وەرگرتنی بەڵگەنامەی فەرمی لە UNHCR.
دامەزراوەکان تۆمار نەکراون و گرێبەستی دامەزراندنی ساختە دەکەن
بە چاودێریکردنی هەندێک گروپ و ئەکاونت لە سۆشیال میدیادا دەرکەوت کە قەبارەیەکی زۆر لە پۆستەکان کە خۆیان وەک ڕیکلامی کار لە دەزگاکانی دامەزراندنی کارمەند یان کۆمپانیا بازرگانییەکان دەناسێنن. بەشێک لەم چالاکییانە دەکەوێتە ژێر ئەو کارەی کە جوان ئەلحەمدانی، بەڕێوەبەری پڕۆژەی “ئامان” بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و بەشداربوو لە پەرەپێدانی ستراتیژی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە، بە “دامەزراندنی ئەلیکترۆنی” وەسفی کردووە.
قوربانییەکان لە ڕێگەی پۆستە ساختەکانەوە ڕادەکێشرێن کە هەلی کاری سەرنجڕاکێش پێشکەش دەکەن. ژمارەیەکی زۆر سکاڵا لەسەر ساختەکاری و فریودان لەلایەن هەندێک کۆمپانیا لە کۆمێنتەکاندا دەردەکەون. دوای پشتڕاستکردنەوەی ناوی ئەو کۆمپانیایانە لە ڕێگەی ماڵپەڕەکانی وەزارەتی بازرگانی عێراق و دەسەڵاتی گشتی بۆ گەشتوگوزار ، هەروەها لە ڕێگەی پەیوەندی لەگەڵ وەزارەتی کاری سوریا دەرکەوت کە بەشێک لەو فەرمانگانە بە فەرمی تۆمار نەکراون و مۆڵەتی یاسایییان نییە. ئەمەش لەلایەن ئەلحەمدانییەوە پشتڕاست دەکرێتەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، “لە عێراقدا بەداخەوە هەندێک کۆمپانیا یان نوسینەگەی کارکردنی بێ مۆڵەت هەن و تەنانەت هەندێکیشیان تەواو خەیاڵین”.
قوربانییەکان هیچ زانیارییەکیان لەبارەیانەوە نییە؛ “هیچ ناوێکی خاوەن کۆمپانیاکە و هیچ ناونیشانێکی ڕوون نییە، ئەمەش وایکردووە خودی دادوەر نەتوانێت پەیوەندییان پێوە بکات”، ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فەرمانگانە “هاتووچۆی کرێکارانی سوریا دەکەن بۆ بەرژەوەندی خاوەنکارەکان”، ئەمەش قوربانییەکان دەخاتە دۆخێکی لاوازەوە کە هیچ چوارچێوەیەکی یاسایی نییە بۆ پاراستنیان، هەروەها ڕێگە بەو فەرمانگانە دەدات لە لێپرسینەوەی یاسایی ڕزگاریان بێت.
چەند سورییەک کە تیمی لێکۆڵینەوەکە چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا کراوە ئاماژەیان بەوە کردووە، کە گرێبەستەکان لەگەڵ هەندێک لە دەزگاکانی دامەزراندنی کارمەند زۆرجار بە زارەکییە و هیچ مافێکی یاسایی و ئیقامەی فەرمی و تەنانەت بیمەی تەندروستیش گەرەنتی ناکات. لە نێویاندا ژنێک هەبوو کە لە کەرتی پەروەردە لە هەولێر کار دەکات و ڕوونی کردەوە کە هەندێک لە نوسینگەکانی کار تا 600 دۆلار یان بە لێبڕینی دوو مووچەی یەکەمی کرێکارانی سوری دەگواستەوە بۆ خاوەنکارەکان.
زۆرجار قوربانییەکان وەک کاڵایەک لە نێوان دەزگاکان و خاوەنکارەکان و کۆمپانیاکان بازرگانییان پێوە دەکرێت. بەسیم جابر، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ڕێکخراوی عێراقی بۆ دیاریکردنی چارەنووسی بازرگانیکردن بە مرۆڤ نموونەیەک دەهێنێتەوە: “ڕەنگە دەزگایەک لە هەولێر 50 کرێکار بفرۆشێت بە دەزگایەک لە بەغدا بە دوو هەزار دۆلار، ئەویش لە بەرامبەر تا پێنج هەزار دۆلار ‘دەیانفرۆشێتەوە’ بە خاوەنکارەکان”. بەشێک لە ژنانی سووری بەتایبەت ئەوانەی لە هۆتێلە لوکسەکاندا کاردەکەن، تووشی ئیستغلالکردنی سێکسی دەبنەوە. هەندێک لە خاوەنکارەکان یان بەڕێوەبەرانی هۆتێلەکان هەڕەشەی ئەوە دەکەن، ئەگەر ڕەتیان بکەنەوە ڕاپۆرتیان لەسەر دەدەن بە دەسەڵات، یان وەک چالاکوان نەسما دەڵێت، لە بەرامبەر “نرخی فرۆشتن” و گەڕاندنەوەی کاغەزی ناسنامەیان ناچار دەکرێن بچنە ناو ئەم جۆرە کارەوە.
ڕێگای بەغدا: یاسای چاو بەستکردن
ئەم ئیستغلالکردنە ڕێکخراوە، قاچاخکردنە لەسەر بنەمای ڕێڕەوی (هەولێر-بەغدا) لە ڕێگەی چەند ڕێگایەکەوە کە تیایدا ئەڵقەی تێکەڵاوی نەبوونی کۆنترۆڵی توند لە بازگەکاندا هەیە، پەیوەندی نێوان فەرمانگەکانی دامەزراندن یان لایەنە ئیستغلالکار و ئیستغلالکارەکان.
بەڕێوەبەرانی ئەو دەزگایانەی بەناوی دامەزراندنەوە خەڵک ئیستیغلال دەکەن، کاریگەرییەکی بەرچاویان هەیە بەهۆی پۆستەکانیان یان پەیوەندییان لەگەڵ دەزگا ئەمنییەکان، ئەمەش داپۆشینی یاسایی و پاراستنیان بۆ دابین دەکات. هەروەها خاوەن کارەکان پەنا بۆ پەیوەندییەکانیان دەبەن، وەک ئەوەی مەحمود (ناوێکی خوازراو)، خاوەن کۆمپانیایەک، کردوویەتی. ئەو ئۆتۆمبێلانەی سەر بە کەسایەتییە کاریگەرەکان یان ناسنامەیان وەک “هێڵی سوور” بەکاردەهێنا بۆ بەزاندنی خاڵەکانی پشکنین. ڕوونیکردەوە، “کەس ئۆتۆمبێلێک ڕاناگرێت کە نامەی ئەم دەزگایەی لەسەر بێت”. ئاماژەی بەوەشکرد، کرێی قاچاخی هەر کەسێک لە هەزار دۆلارەوە دەست پێدەکات بۆ پێنج هەزار دۆلار، لە حاڵەتەکانی دیکەشدا دەتوانێت بگاتە 10 هەزار دۆلار، ئەمەش بەندە بە ئاستی “بەرپۆش”، ڕێککەوتنی پێشوەختە، یان جۆری ئەو کارەی کە کرێکارەکە بۆی هەیە.
هەندێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی قاچاخچێتی زۆر هەماهەنگن بۆ تێپەڕاندنی خاڵە پشکنینەکان، لە کاتێکدا هەندێکی تر ڕێگای ناڕێک و لاوەکی بەکاردەهێنن کە بە “ڕێگاکانی نەسیمیە” ناسراون، کە ڕێگای دوور لە نێوان گوندەکانن و ناچنە ژێر بازگە ئەمنییەکانەوە.
تیمەکە توانیان قسە لەگەڵ قاچاخچی مەمدوح (ناوێکی ساختە) بکەن، کە لە کۆمپانیایەکی گەورەی گواستنەوە کاردەکات کە کۆمەڵێک ئۆتۆمبێلی مۆدێرنیان هەیە و سیستەمی بەدواداچوونی جی پی ئێسیان تێدایە. مەمدوح ڕوونیشی کردەوە کە هەموو ڕێکخستنەکان سەبارەت بە شوێنی دابەزاندنی ئۆتۆمبێل و وەرگرتنی سەرنشین لە ڕێگەی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئەنجام دەدرێت. “کارەکە زۆر ڕێکخراوە؛ هیچ شتێک بە هەڕەمەکی نییە، ئێمە دەزانین کێ لە هەر بازگەیەکدایە و ئۆتۆمبێلەکە چۆن تێدەپەڕێت، هەندێکجار دوو سێ جار ئۆتۆمبێل دەگۆڕین، بەپێی دۆخەکە”.
بە گوتەی مەمدوح، ئۆتۆمبێلەکانی کۆمپانیاکان بە ئاسانی تێدەپەڕن کاتێک کارمەندانی ئاسایش تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەیان دەبینن. کاتێک ئۆتۆمبێلی خۆی بەکاردەهێنێت، هەندێک ڕێوشوێن بەکاردەهێنێت بۆ کەمکردنەوەی مەترسی و بەربەستەکان، لەوانە هەڵبژاردنی شۆفێری “باش” و هەڵبژاردنی کاتە تایبەتەکان کە ئاسایش کەمتر توند بێت. بەڵام کاتێک پشکنینەکان چڕتر دەبنەوە، مەمدوح دەڵێت ڕێگای “ئۆفڕۆد” دەگرێتەبەر، واتە ڕێگای خاکی لاوەکی.





