
گۆڕانکارییە دراماتیکییەکان لە سوریا لەم چەند هەفتەیەی دواییدا کێشەی گەورەی بۆ خواستی کوردەکان بۆ خۆبەڕێوەبردنی دروستکردووە. هێرشی سەربازی خێرای حکومەتی دیمەشق، باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای لە دەست هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) دەرهێنا، کە پێشتر کورد سەرکردایەتی دەکرد، کەسانێکیش دەڵێن خەریکە کۆتایی بەو ئۆتۆنۆمییە دەهێنێت، کە کوردەکان لە کاتی شەڕی ناوخۆدا، لەوێ دامەزرابوون.
ئەمەریکا پێشتر پشتگیری هێزەکانی سوریای دیموکراتی دەکرد، بەڵام لە شەڕەکانی ئەمدواییەدا دەستێوەردانی نەکرد و ئاماژەی بەوەدا کە حکومەتی راگوزەری سوریا بە سەرکردایەتی ئەحمەد شەرع، وەک هاوبەشی سەرەکی ئەمریکا دانپێدانراوە.
لە ڕوانگەی کوردەوە ئەم ڕووداوانە شکستێکی گەورەن و بەرگەگرتنی ئەستەمە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، هەندێک لایەنی ئەرێنی هەن کە لەوانەیە کاریگەری لەسەر داهاتوو هەبێت، هەرچەندە زۆربەیان پەیوەستە بەوەی ڕێککەوتنەکانی نێوان هەردوولا جێبەجێ دەکرێن یان نا.
هێرشێکی خێرا
چەند مانگ گفتوگۆی نێوان دیمەشق و هێزەکانی سوریای دیموکرات بۆ چارەسەرکردنی کێشە سەرەکییەکان، لەوانە چۆنیەتی تێکەڵکردنی هێزەکانی سوریای دیموکرات و یەکەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە دامەزراوەکانی حکومەت و پاراستنی مافە مەدەنییەکانی کور، لەناکاو شکستی هێنا.
لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هەردوولا پەرەی سەند، کاتێک هێزەکانی حکومەت دەستیان بەسەر دوو گەڕەکی کوردنشینی حەلەب (ئەشرەفیە و شێخ مەقسود)دا گرت. هێرشەکە بە خێرایی بەرەو ڕۆژهەڵات ڕۆیشت و هێزەکانی سوریای دیموکراتی بەرەو ئەودیو ڕووباری فورات پاڵ پێوەنا، عەرەب و خێڵەکیەکانی نێو هێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەو دیمەشق هەڵاتن و پاشەکشەیان کرد.
ڕێککارەکانی تێکەڵاوبوون لەنێو سوپای سوریا لە 18 ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ، ڕێگە خۆشکەر بوو بۆ ئاگربەست و هێزەکانی سوریای دیموکرات ڕازی بوون بە هەندێک داواکاری پێشوو سەبارەت بە تێکەڵبوون لە سوپای سوریا وەک یەکەیەک نەک وەک تاکەکەس.
دوو ڕۆژ دواتر، تۆم باراک نێردراوی ئەمەریکا بۆ سوریا گورزێکی گەورەی دا کاتێک بە ئاشکرا ڕایگەیاند “ئەرکی سەرەکی هێزەکانی هەسەدە لەشەڕی دژ بە داعش… تا ڕادەیەکی زۆر بەسەرچووە” ئەو پێشنیازی کرد دەبێت کوردەکانی سوریا تێکەڵ بە دەوڵەتی سوریا ببن، هەروەها پشتیوانی واشنتن بۆ تێڕوانینی شەرع بۆ ناوەندێتی وڵات بەهێزتر بکرێت. کاتێک ئاگربەست لە 20 ی کانوونی دووەم ڕاگەیەنرا دیمەشق کۆنترۆڵی ناوچەیەکی گەورەی ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریای بەدەست هێنابووەوە. تەنها پێگەکانی کورد لە دەوروبەری قامیشلی و حەسەکە و کۆبانی لە ژێر کۆنتڕۆڵی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا ماونەتەوە.
ڕێککەوتنەکە هەروەها داوای دامەزراندنی بەرپرسانی کورد بۆ پۆستەکانی حکومەتی خۆجێی و ناوەند-ی دەکات، لەوانە پارێزگاری حەسەکە و دانپێدانانی بڕوانامەی خوێندن بە زمانی کوردی، بەڵام کۆنترۆڵی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەی قامیشلی درا بە دیمەشق.\
دەرئەنجامەکان
لە کاتێکدا شتەکان جێگیر دەبن و هەردوولا کار بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 30 ی کانوونی دووەم دەکەن، چوار دەرئەنجامی سەرەکی بۆ کورد لە سوریا هەیە: دووانیان بە ئاشکرا نێگەتیڤ و دووانیان ئەگەری ئەرێنی هەیە.
یەکەم، هیواکان بۆ دامەزراندنی دەستوورێکی فیدراڵی یان سیستەمێکی لامەرکەزی کە ئۆتۆنۆمی کورد لە باکووری ڕۆژهەڵات مسۆگەر بکات. لە جیاتی ئەوە، هەوڵدان بۆ دەوڵەتێکی یەکگرتوو و مەرکەزی، کە دیمەشق بانگەشەی بۆ دەکات و لەلایەن پشتیوانە بیانییەکانیەوە پشتیوانی دەکرێت، سەرکەوتووە.
لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێک لە ڕێککەوتنەکە ڕێگە بە بەردەوامی کۆنتڕۆڵی ناوخۆیی دامەزراوەکان دەدات، هەرچەندە بە شێوەیەکی دیفاکتۆ. بۆ نموونە، دامەزراوەکانی وەک هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ راپۆرت دەنێرن بۆ دیمەشق، بەڵام پێدەچێت کارمەندەکانیان لە کوردەکانی ناوچەکە بێت. ئەمە پلەیەک لە کۆنترۆڵ دابین دەکات، بەڵام سەربەخۆیی تەواو نییە.
حکومەتی دیمەشق دەڵێت مافەکانی کورد دەپارێزرێن و ئاماژەیان بە ڕاگەیاندنەکانی پێشوو کردووە، سەبارەت بە خوێندنی زمانی کوردی و ناساندنی فەرمی جەژنی نەورۆز کە ساڵی نوێی کوردییە. لەگەڵ ئەوەشدا هەندێک لە چاودێران دەڵێن ئەم ڕێوشوێنانە بەس نین و دەبێت مافەکان لە دەستووری نیشتمانی سوریادا بچەسپێنرێن.
متمانەی نێوان هەردوولا لاوازە. بەرپرسانی کورد پێدەچێت بەردەوام بن لە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی ئەوپەڕی دەسەڵاتی خۆجێی لە چوارچێوەیەکی نوێدا، لە کاتێکدا دیمەشق هەوڵ دەدات ئەو دەسەڵاتە سنووردار بکات. ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی بەریەککەوتن.
ڕق و کینە و ئاکامەکانی هێرشە سەربازییەکانی ئەم دواییانەش لە یادەوەری خەڵکدا دەمێننەوە. پێویستە سیاسەتمەدارەکان ئەمە لەبەرچاو بگرن بە لەبەرچاوگرتنی ئەو هەستە بەهێزەی، کە زۆرێک لە کوردەکان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا هەستیان پێکردووە.
دووەم: ڕووداوەکان گۆڕانێکی یەکلاکەرەوە لە جیۆپۆلەتیکی سوریا لە بەرژەوەندی دیمەشق نیشان دەدەن . بەتایبەتی، ئەوان نیشانیان دا کە دیمەشق ئێستا هاوبەشی سەرەکی واشنتۆنە. ڕۆڵ و قوربانیدانی هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک گرنگترین هاوبەشی ناوخۆیی لە شەڕی دژی داعش، لە واشنتن زۆر پشتگوێ خرا. لەوانەیە هێشتا هەندێک پشتیوانی لە کوردەکانی سوریا هەبێت لە لایەن فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا (CENTCOM) و کۆنگرێسەوە، بەڵام کۆشکی سپی هەڵوێستی خۆی ڕوون کردووەتەوە.
دیمەشق هەروەها بەردەوامە لەوەرگرتنی پشتیوانی لە ئەنقەرە و وڵاتانی کەنداو . لە کاتێکدا کوردەکانی سوریا هاوپەیمانی وەک فەرەنسایان هەیە، بەڵام چاودێرێکیان نییە کە بتوانێت بارودۆخەکە بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بگۆڕێت.
هێڵی زیو
لە ڕوانگەی ناسیۆنالیستی کوردەوە ئەم دوو پەرەسەندنە ترسناکن، بەڵام ڕووداوەکانی ئەم دواییە دوو دەرئەنجامی ئەرێنی لێکەوتووەتەوە. لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە کە هاوخەباتی گەلی کورد لە سنوورەکان زیادیان کردووە.
کوردان، لە سەرانسەری جیهان لە وەڵامی هێرشەکانی سوریا دا گردبوونەوە و کۆمەڵێک خۆپیشاندانی گەورەیان لە هەرێمی کوردستان ڕێکخست، ناڕەزایی بچووکتر بەڵام بەردەوام لە تورکیا و ئەوروپا و ئەمریکا ئەنجامدرا. دەزگا خێرخوازییەکان و میدیاکان کۆمەکیان کۆکردەوە و پێداویستیان بۆ سوریا نارد.
ئەم خۆپیشاندانانەی هاوخەباتی کورد لەوانەیە لە کاتێکی تاریکدا پاڵپشتییەکی دەروونی گرنگیان پێشکەش کردبێت. هەرچەندە ئەم هەستە ناسیۆنالیستییە بە تێپەڕبوونی کات کاڵ دەبێتەوە، بەڵام هەندێک دەڵێن ئەو پشتگیرییە بێ وێنە بووە و دەتوانرێت ببێتە گۆڕانکارییەکی بەرجەستە.
سەرەڕای ئەم لایەنە ئەرێنیانە، پەرەسەندنەکانی ئەم دواییە لە سوریا شکستێکی گەورەیە بۆ ئامانجەکانی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆیی و ناوچەیی. لە کاتێکدا دیمەشق و هاوپەیمانەکانی کار دەکەن بۆ گۆڕینی سوریا بە پێی تێڕوانینی خۆیان، کوردەکان ڕووبەڕووی تەحەدایەکی گەورە دەبنەوە لە پاراستنی ئەو دۆخەی کە توانیویانە دروستی بکەن.





