
تا پێش هاتنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بۆسەر کورسی دەسەڵات، ڕێژەی بێ باوەڕان لە تورکیا هێندە کەم بوو شایەنی باس نەبووە، بەڵام دەسەڵاتخوازیی ئەردۆغان کارێکی کرد، ئێستا چوار هێندەی ئەوکاتەی دەسەڵاتی گرتە دەست، ڕێژەی بێ باوەڕی لە تورکیادا زیادیان کردووە، دۆخەکە لە ئێران، باشتر نییە لە تورکیا.
ڕاپۆرتەکان ترسناکن و قسەی جیاواز دەکەن، هەندێکیان دەڵێن شه قامەکانی تاران به خوێن سورە و ژمارەی قوربانیان جیاوازە، بەڵام بڕوا دەکرێت ڕژێمی ئێران هەزاران کەسی کوشتووە. لەوانەیە ڕژێم لەمە ڕزگاری بێت، بەڵام ڕوونە کە خەڵک چیتر بە شەرعی نازانن.
بێگومان کۆماری ئیسلامی ئێران ئایینییە. ئیسلام بە قووڵی لە رژێمەکەدا چەسپێنراوە، وەک سەرچاوەی سەرەکی دەسەڵات و یاسادانانیش. کەواتە ئەمە چی دەگەیەنێت بۆ شەریعەتی ئیسلام و ڕەنگە ئایین بە گشتی وەک سەرچاوەی شەرعییەتی سیاسی؟
توێژینەوەکان دەڵێن، ئایین بەخێرایی ڕۆڵی خۆی وەک سەرچاوەی شەرعییەتی سیاسی لەدەست دەدات، ئەمەش بەتایبەتی لە وڵاتەکانی وەک تورکیا و ئێران، بەتایبەت لە جیهانی موسڵمانی غەیرە عەرەبدا بەدی دەکرێت.
ئێران شوێنێک نییە کە بتوانیت بە ئاسانی ڕاپرسی لەسەر ئاین تیادا ئەنجام بدەیت، بەڵام لە ڕاپرسییەکی ئۆنلاین دا لە ساڵی 2020، ٪47 ی بەشداربووان رایانگەیاند کە ئایینیان لەدەستداوە و ٪60 وتیان نوێژی ڕۆژانەیان ئەنجام نادەن. توێژینەوەیەکی دزەپێکراو لە وەزارەتی ڕۆشنبیری ئێرانەوە هەمان ئاڕاستەی نیشان داوە. لە هەمووی گرنگتر بەرپرسانی ڕژێم نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە سەبارەت بەوەی، کە خەڵکی ئێران ئەوان بە بێ دینی و ڕەتکردنەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت دەزانن. لەبەر ئەوە شەپۆلە جۆراوجۆرەکانی ناڕەزایی لەم ساڵانەی دواییدا هەموویان سروشتێکی عەلمانییان هەبووە.
بەڵام، لەوانەیە بپرسن، ئایا دەسەڵاتی ئیسلام کاڵ دەبێتەوە چونکە ڕژێم لاواز دەبێت؟ یان ڕژێم لاواز دەبێت چونکە ئیسلام کاڵ دەبێتەوە؟
کاتێک خەڵک لە دژی شا-ی ئەو کاتەی ئێران ڕاپەڕین، پیاوانی ئاینی توانیان خۆپیشاندانەکان کۆنترۆڵ و ئاڕاستە بکەن، بە دیاریکراویش لە ساڵی 1979دا دەسەڵاتی ڕەهای وڵاتەکە کەوتە دەستیان.
دۆخەکە لە تورکیا چۆنە؟
با سەیرێکی تورکیا بکەین، تورکیا وڵاتێکی ئایینی نییە، بەڵکو رژێمێکە کە هەوڵی داوە دەسەڵاتی ئایینی وەک بناغەی شەرعییەتی خۆی بەکاربهێنێت. ئەنجامەکان هاوشێوە بوون. خەڵکی تورکیا لەساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا زۆر دیندار بوون. منداڵ و نەوەکانیان دەبرد بۆ نوێژی هەینی و هانیان دەدان کە بە باوەڕەوە بژین. چاکەی کەسیی پەیوەندییەکی نزیکی بە کرداری ئایینییەوە هەبوو.
ئاک پارتی (پارتی داد و گەشەپێدان لە سیاسەتدا وەکوو پارتێکی ڕاستڕەوی توندڕەو دەناسرێت، مانگی ئابی 2001 لەلایەن ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، عەبدوڵڵا گول، ئیدریس شاھین، بینالی یەڵدرم و بوڵەند ئارینج) دامەزراوە. ئەو کەسانە سەرجەمیان پاشخانێکی ئایینیان هەبوو، بانگەشەی ئەوەیان دەکرد ئایین بۆ ناو ژیانی گشتی دەبەن، هەروەها وەک چەکێکی کاریگەر دژ بە گەندەڵیی بەکاریدەهێنن.
تا هاتنی ئاک پارتی، وەک خەڵک دەڵێن “٪99ی خەڵکی تورکیا موسڵمان بووە، ئەردۆغان ئێستا رژێمێکی نوێی لەناو پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوودا دامەزراندووە. ئەم ڕژێمە نوێیە لەسەر نوخبەیەکی ئایینی دامەزراوە و بە قووڵی پابەندە بە پەروەردەکردنی “نەوەیەکی ئایینی”، هاوشێوەی ئێران، بەڵام گرتنە دەستی دەسەڵات لەلایەن ئاک پارتیەوە نەبووە هۆی ئەوەی خەڵکی تورکیا پابەندی ئاینی ئیسلام بن، چونکە داتاکان نیشانی دەدەن خەڵکیی ئێستا پابەندیی بە چالاکییە عەلمانییەکان زیادیان کردووە و پەیڕەوی ئایینی بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
ڤۆلکان ئەرتیت، مامۆستای زانکۆی ئەدەنە-ئاڵپ ئەرسلان، بۆ زانست و تەکنەلۆژیا، بە چڕی لەم بارەیەوە نووسیویەتی و نیشانی دەدات کە چۆن پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و میدیا وای کردووە، خەڵکی تورکیا زیاتر عەلمانی و کەمتر ئایینی بن.
چەندین ڕاپرسی نیشانیدەدەن دابەزینی بەرچاو لە پەیڕەویکردنی ئیسلام لە سەرانسەری تورکیادا هەن. لە زۆربەی ڕاپرسییەکاندا، تا ساڵانی دووهەزارەکانی سەرەتای ئەم سەدەیە، بێ باوەڕیی لە تورکیا لە سەدا 2 بووە، بەڵام ئێستا نزیکە لە ٪10یە، پیاوانی ئاینی لە تورکیا قسەی جیاوازیان هەیە، ئەوان دەڵێن؛ خەڵکیی باوەڕیان بە خودا هەیە، بەڵام پەیڕەویی لە ئاینی ئیسلام ناکەن.

بەڵام توێژەران بۆچونیان وایە، تەنها لەبەر ئەوەی تورکیا زیاتر بەرەو عەلمانیەت دەڕوانت، مانای ئەوە نییە کە بەرەو “گەیشتن بە دانیمارک” دەڕوات و دەگۆڕێت بۆ دەوڵەتێکی خۆشگوزەران.
لە ڕابردوودا چاودێرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕوایان وەهابوو کە ئێران بەرەو نادینی دەڕوات و تورکیا بەرەو دینی. دەرکەوت ئەم دیدە ڕاست نەبووە بگرە هەڵەش بووە. ئێران زۆر بەرەو نادینی دەڕوات، زۆرینەی زۆری پیادەی دین ناکات. بەڵام زۆینەیەکیش بڕوای نەماوە. لە تورکیا، ژمارەی بێ باوەڕان پێش هاتنی ئەردۆغان 2% بوو، ئێستا هەڵکشاوە بۆ 10% کەواتە ئێران و تورکیا هەردوو بەرەو نادینی دەڕۆن.
عەلمانیەت هیچ پەیوەندی بە دیدی نادینیەوە نیە. بەڵکو لە سەردەمی عەلمانیدا لە هەردوو ئێران و تورکیا خەڵکی زیاتر باوەڕداربوون. کێشەکە لێرەدا ئەوەیە کە ئایا کاتێک دین نامێنێت چی جێگەی دەگرێتەوە، چونکە لەم کۆمەڵگایانەدا ئاشنابوون بە کەلتوری فەلسەفی و ئیتیک و ئەخلاق زۆر نزمە. وەک دەردەکەوێت کاتێک دین دەبێتە سەرچاوەی پارەپەیداکردن و دەسەڵاتداریی, دینداری و کۆمەڵگا زیانیان بەردەکەوێت.





