
نوسراوێکی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق گومانی گەورەی لەسەر توانای حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچە و ئەو هەڵاوسانە دروستکردووە، کە ڕوبەڕووی عێراق بووەتەوە. چونکە حکومەتی عێراق دەیەوێت کار بە یاسایەک بکات کە 39 ساڵ پێش ئێستا لەلایەن ڕژێمەکەی سەدام حسێنەوە دەرچووە.
لە نوسراوەکەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیراندا باس لەوەکراوە، کار بە یاسای ژمارە (770)ی ساڵی 1987ی سەرکردایەتی شۆڕش-ی عێراق بکرێت، بەمەبەستی هاوسەنگی ڕاگرتن لەنێوان پێداویستییەکانی دەوڵەت و کەمکردنەوەی فشاری مووچە.
بڕیاری ژمارە 770ی سەردەمی بەعس چییە؟
بڕیارەکە ڕۆژی 1-10-1987 دەرچووە و تیایدا باس لەوەکراوە:
1. ڕێگە بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتی دەدرێت کە لە کەرتی تایبەت کاربکەن، بۆ ئەو مەبەستەش مۆڵەتێکی درێژخایەنیان پێدەدرێت.
2. ئەو فەرمانبەرانەی مۆڵەت وەردەگرن و لە کەرتی تایبەت کاردەکەن، تەمەنی خانەنشینییان بۆ هەژمار دەکرێت
3. ئەگەر دەوڵەت پێویستی بە گێڕانەوەی ئەو فەرمانبەرە کرد بۆ خزمەتکردن، فەرمانبەرەکە دەگەڕێتەوە سەر کارەکەی، بەڵام “پلە بەرزکردنەوە و سەرەمووچە”ی ماوەی مۆڵەتکردنەکەی بۆ هەژمار ناکرێت.
4. ئەم بڕیارە لە ڕۆژی دەرچوونیەوە کاری پێدەکرێت.

لەسەر ئاستی شەقام، بڕیارەکەی سەردەمی بەعس و کارپێکردنەکەی لەلایەن حکومەتی ئێستا عێراقەوە نیگەرانیی دروست کردووە. لە سەرووی هەموویانەوە ترسی لەدەستدانی کار و گۆڕینی کارمەند بۆ “خانەنشینی کاتی” کە لەوانەیە بۆ هەمیشە بێکار بێت، بەتایبەتی لە کاتێکدا گومان هەیە لەسەر ئەوەی ئەگەر فەرمانبەرێک مۆڵەتی وەرگرت و دواتر ویستی بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، ناچاربێت لەڕێگەی “واسیتە” و “خزم خزمێنە” بگەڕێتەوە سەر کارەکەی.
یان دووبارە گەڕانەوە بۆسەر کار لە کەرتی گشتی، ببێتە کاڵایەکی هەڵبژاردن و حزبەکان لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بە ویستی خۆیان خەڵک بگەڕێننەوە سەر کارەکانیان.
ژمارەیەک لە شارەزایانی یاسا و ئابووریی پێیان وایە، بڕیارەکە دەتوانرێت وەک چارەسەرێکی کاتی و مامناوەند تەماشا بکرێت، بە مەرجێک هەنگاوی جددی هەبێت بۆ پێداچوونەوە بە یاساکانی خزمەت و خانەنشینی، ستانداردەکان و پێناسەکان بە وردی دیاری بکرێن. حکومەت بەدوای ڕێگەیەکی یاسایی ناچاریدا دەگەڕێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی، هەموو ئەمانەش لە غیابی هەموارکردنێکی ڕوون و گشتگیری یاساکانی خزمەت و خانەنشینیدایە.
کارمەندی مەدەنی و سەربازیی لە عێراق، بەدەست ماددەی 38ی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 دەناڵێن. ئەم ماددەیە بڕیاری گەیشتن بە تەمەنی 45 ساڵ و لانی کەم 15 ساڵ خزمەتی داوە، لە کاتێکدا یاساکانی پێشوو مەرجی تەمەنیان تێدا نەبوە و و ڕێگەیان بە هەر کەسێک دەدا کە 15 ساڵ خزمەتی هەبێت، خانەنشین بێت. هەر بۆیە یاسای خانەنشینی یەکگرتووی ساڵی 2014 دۆخێکی دروستکردووە، وەزارەتەکان پڕبوون لەو کارمەندانەی بە ناچاری لە ئەرکەکانیان بەردەوام دەبن بە هیەوای ئەوەی تەمانیان بگاتە تەمەنی یاسایی خانەنشینکردن.
بۆچونێکی دیکە هەیە پێیوایە، کاتی ئەوە هاتووە پێداچوونەوە بەو ماددەیە و یاساکە بە گشتی بکرێتەوە، چ سەبارەت بە تەمەنی خانەنشینی زۆرەملێ بێت، یان مەرجەکانی خانەنشینی خۆویستانە.
هەنگاوی کەمکردنەوەی تەمەنی خانەنشینی زۆرەملێ لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ هەنگاوێکی ڕاست بوو بە ئاراستەیەکی گشتی، هەرچەندە دەبوایە زیاتر کەمبکرێتەوە بۆ ئەوەی دەوڵەت سوود لە شەپۆلە گەورەکانی خانەنشینانبوون وەربگرێت و دەرفەت بۆ دەرچوان و بێکاران بڕەخسێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەوەی ڕێگریی لەم ڕێوشوێنانە کرد لایەنی دارایی بوو. حکومەت تێچووی ئەم بڕیارەی لەسەر خۆی هەژمارکرد، بەتایبەتی سەبارەت بە سندوقی خانەنشینی کە ئێستا بەدەست کورتهێنانەوە دەناڵێنێت.
بڕیاری ژمارە 770 خراوەتە نێو کۆمەڵێک بڕیار و ڕێوشوێن کە بە هەمان ئاراستەدا دەڕۆن، وەک پێدانی مۆڵەتی پێنج ساڵ بۆ کەمکردنەوەی ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەران. لە ماوەی ئەم مۆڵەتانەدا، فەرمانبەر بە شێوەیەکی ئاسایی مووچەی رەمزی یان بەشێک لە مووچەکەی بەبێ دەرماڵە وەردەگرێت، بەڵام ئامانجی کۆتایی کەمکردنەوەی کۆی مووچەی مانگانەی حکومەتە. بڕیاری 770 هەمان مەبەستی هەیە، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز، بە کشاندنەوەی ناسنامەی فەرمانبەر وەك فەرمانبەری فیعلی و پێدانی ناسنامەی خانەنشینی کاتی بەو کەسانەی کە لیستی مووچەی ڕاستەقینە بەجێ دەهێڵن.
مەترسییەکانی جێبەجێکردنی بڕیاری ژمارە 770 چییە؟
گەڕانەوەی کارمەندێک دوای سوود وەرگرتن لەم یاسایە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا زەحمەت دەبێت، مەگەر لایەنگری یان دەستێوەردانی ڕاستەوخۆی سیاسی و حزبی کاریگەرییان هەبێت. لە ڕووی تیۆرییەوە بڕیارەکە ئەگەری دووبارە دامەزراندنەوەی کارمەندەکە دەڕەخسێنێت، بەڵام لە پراکتیکدا شتێکی دیکەیە.
شارەزایان بۆچونیان وایە، دەبێت بە ڕوونی لەوە تێبگەین جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە وەك چارەسەرێکی کاتی تەماشا بکرێت، تا ئەو کاتەی هەموارکردنەوەیەکی ڕاستەقینە لە یاسای خانەنشینی و خزمەت ئەنجام دەدرێت، هەروەها هەڵئاوسان و پیربوونی هێزی کار چارەسەر دەکرێت.
خاڵێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە، جێبەجێکردنی بڕیارەکە دەبێت بە وردی ڕێکبخرێت، ڕێگە بە خراپ بەکارهێنانی کارگێڕی دژی کارمەندان نەدرێت، بڕیارەکە نەبێتە ئامرازێک بۆ هەڕەشەی سیاسی یان هەڵبژاردن. ئەگەر ئەم مەرجانە جێبەجێ بکرێن، بڕیاری 770 دەتوانێت وەک یارمەتییەکی کاتی بەسوود بێت. بەبێ ئەوانە، مەترسی جێبەجێکردنی هەڕەمەکی زۆر زیاترە لە سوودەکانی.






