
مێژووی کورد لە سەدەی رابردوودا بە دوو وێستگەی گرنگی “دیپلۆماتی و سەربازی”دا تێپەڕیوە، کە دوو “ژەنەراڵ” وەک ئەندازیاری پەیوەندییەکانی کورد و جیهان دەردەکەون. یەکەمیان لە کۆشکەکانەوە هەوڵی نەخشاندنی نەخشەی کوردستانی دەدا و دووەمیان لە سەنگەرەکانەوە هەوڵی پاراستنی دەدات.
ژەنەراڵ شەریف پاشای خەندان (1865-1951): کوڕی سەید پاشای بابان و نەوەی میرانی بابانە. کەسایەتییەکی ئەریستۆکرات و رۆشنبیر بوو، پلەی ژەنەراڵی لە سوپای عوسمانی هەبووو باڵیۆزی دەوڵەتی عوسمانی بوو لە سوید.
شەریف پادشا دواتر بووە نوێنەری سەرەکی کورد لە کۆنگرەی ئاشتی پاریس (1919) و ئەندازیاری پەیماننامەی سیڤەر بوو. ئەو یەکەم کورد بوو بە زمانی دیپلۆماسیی مۆدێرن لەگەڵ ڕۆژئاوا دەدوا.
ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی (فەرهاد عەبدی شاهین) لە دایکبووى 1967، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)یە. لە باگراوندێکی شۆڕشگێڕییەوە هاتووە و سەرکردایەتی شەڕی دژی داعشی کردووە. لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان و بەتایبەت ئەمریکاوە وەک هاوبەشێکی سەرەکی تەماشادەکرێت، بەهۆی پێگەکەیەوە بووەتە کارەکتەرێکی سیاسی و سەربازی لە گفتوگۆ لەگەڵ زلهێزەکان دەکات.
خاڵە هاوبەش و جیاوازەکانی نێوان شەریف پاشا و مەزڵوم عەبدی:
ئەوەی ئەم دوو سەرکردەیە کۆدەکاتەوە، “گەڕانە بەدوای شەرعییەت لە دەرەوەی سنورەکان”. شەریف پاشا هەوڵیدا بەریتانیا و فەرەنسا قەناعەت پێبکات کە دەوڵەتی کوردی بەرژەوەندی ئەوان دەپارێزێت، 100 ساڵ دواتر مەزڵوم عەبدی بە زمانی “هاوبەشی ئەمنی” بە ئەمریکا و روسیا دەڵێت: مانەوەی کورد زامنی ئاسایشی ناوچەکەیە.
ئەو دوو ژەنەراڵەی کورد، لەلایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە (تورکیا و ئێران و حکومەتە ناوەندییەکانەوە) بە مەترسیی گەورە و جوداخواز وەسف کراون، ئەمەش یەکێکە لە خاڵە لەیەکچووەکانی هەردوکیان.
جیاوازییە گەورەکە لە “ئامراز”ـەکاندایە؛ شەریف پاشا بە قات و بۆینباخ و زمانی فەرەنسی و لە ڕێگەی یاداشتنامەوە خەباتی دەکرد، هێزێکی سەربازی لەسەر زەوی نەبوو تا پشتیوانیی بکات، بۆیە ئیمزاکەی لەسەر کاغەز مایەوە. بەڵام مەزڵوم عەبدی بە جلوبەرگی سەربازییەوە، خاوەنی هێزێکی ڕێکخراوە کە کۆنترۆڵی جوگرافیایەک دەکات، بۆیە دیپلۆماسییەتەکەی “دیپلۆماسییەتی ئەمری واقیعە”.
سەدەیەک دیپلۆماسییەت و بازنەیەکی بەتاڵ:
لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە دروست دەبێت؛ بۆچی دوای تێپەڕبوونی سەدەیەک و گۆڕینی کارەکتەرەکان، هێشتا کورد نەگەیشتووەتە “مەقسود”؟
کورد لە شەریف پاشاوە تا مەزڵوم عەبدی، فێری زمانی جیهان بووە. ئەگەر لە سەدەی 20 دا بە زمانی “مافی چارەی خۆنووسین”ی ویڵسۆن قسەی کردبێت، ئەوا لە سەدەی 21 دا بە زمانی “دیموکراسی و شەڕی تیرۆر” قسە دەکات.
کورد لە هەموو دەرگاکانی دیپلۆماسییەتی داوە، لە نەرمترین شێوازی گفتوگۆوە تا بەهێزترین هاوپەیمانێتی سەربازی، بەڵام هێشتا ئەنجامەکە یەک شتە: “هاوسۆزیی هەیە، بەڵام کیان نییە”.
وادیارە کێشەکە لە شێوازی قسەکردنی ژەنەراڵە کوردەکاندا نییە، بەڵکو لە گوێچکەی جیهاندایە کە هێشتا بەرژەوەندیی دەوڵەتە داگیرکەرەکان بە گرنگتر دەزانێت لە دادپەروەری بۆ کورد. کورد لە هونەری دیپلۆماسیدا سەرکەوتوو بووە لە دروستکردنی دۆست، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە ئەو دۆستایەتییە بکاتە “دەوڵەت” یان “قەوارەیەکی دانپێدانراوی هەمیشە.





