چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی دەڵێت من کوردم؛ سەدەیەک لە تواندنەوەی زمانی نەتەوەیەك

ئەم وێنە، قۆناغێکی سەختی ژیانی کوردە لە باکووری کوردستان لەچوارچێوەی سیاسەتی ئاسیمیلەکردنی (تواندنەوەی) زۆرەملێی تورکیا کە لە ساڵانی 1980 بۆ 1990 پەیڕەوکرا: منداڵانی کورد لە ژێر چاودێریی توندی سەربازەکاندا ڕاهێنراون بۆ وتنەوەی دروشمی: “Ne Mutlu Türküm Diyene” (چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی دەڵێت من تورکم).

زمان ماڵی مرۆڤە
مارتن هایدیگەر

دروشمی “چەند بەختەوەرە ئەو کەسەی دەڵێت من تورکم” چییە؟

درووشمی کۆماری تورکیایە. ئەم ڕستەیە بۆ یەکەم جار لە لایەن موستەفا کەمال ئاتاتورک لە ڕێوڕەسمی دەیەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا لە 29ی تشرینی یەکەمی 1933 (ڕۆژی کۆمار) گوتراوە. لە ساڵی 1972دا، وەزارەتی پەروەردەی نەتەوەییی کۆماری تورکیا ئەم درووشمەی وەکوو دروشمی سەرەکی خوێندکارەکان جێگیرکرد.

منداڵان ناچار دەکران هەموو بەیانییەک پێش چوونە ژوورەوە بۆ پۆل، بە دەنگێکی بەرز هاوار بکەن کە ئەوان تورکن و بەمەش بەختەوەرن. ئەمە جۆرێک بوو لە “ئەشکەنجەی دەروونی” بۆ سڕینەوەی ناسنامەی ڕەسەنی منداڵەکە.

سەردەمی دوای کودەتای 1980:
دوای کودەتا سەربازییەکەی 12ی ئەیلوولی 1980 لە تورکیا، قۆناغێکی ڕەش لە مێژووی باکووری کوردستان دەستی پێکرد. لەژێر دەسەڵاتی سەربازیدا، هەموو شتێکی پەیوەست بە ناسنامەی کوردی قەدەغە کرا، تەنانەت قسەکردن بە کوردی لە شوێنە گشتییەکاندا.

سەرباز لە ناو قوتابخانەکاندا:
وەک لە وێنەکەدا هه‌یه‌، لە ناوچە کوردییەکاندا قوتابخانەکان تەنها شوێنی فێربوون نەبوون، بەڵکو ببوونە بنکەیەک بۆ “پەروەردەی سەربازی و نەتەوەیی تورک”. سەربازەکان زۆرجار لە ناو پۆلەکاندا دەوەستان یان لە حەوشەی قوتابخانە چاودێریی منداڵانیان دەکرد تا دڵنیا بن کە تەنها بە تورکی قسە دەکەن و دروشمە نەتەوەییەکان دەڵێنەوە.

ئاسیمیلەکردن (Assimilation):
ئامانج لەم سیاسەتە ئەوە بوو کە نەوەیەکی نوێی کورد دروست ببێت کە زمان و کلتووری خۆی بیر بچێتەوە و خۆی بە تورک بزانێت. ئەم وێنەیە بەڵگەیەکی مێژووییە لەسەر ئەوەی کە چۆن هێزی سەربازی بەکارهێنراوە بۆ سەپاندنی ناسنامەیەکی تر بەسەر منداڵانی کورددا.

سوێندی قوتابیان (Andımız):
جگە لەو دروشمە، تا ساڵانی دواییش منداڵان ناچار بوون “سوێندی قوتابیان” بخوێنن کە تێیدا دەوترا “بوونم پێشکەش بێت بە بوونی تورک”.

ئەم وێنانە لە مێژووی باکووری کوردستاندا وەک برینێکی قووڵ دەبینرێن و نیشانی دەدەن کە خەباتی کورد بۆ پاراستنی زمان و ناسنامەکەی لە چ بارودۆخێکی سەختدا بووە.

کورد نزیکەی یەک لەسەر پێنجی دانیشتووانی تورکیا پێکدەهێنێت، بەڵام ژمارەیەکی کەمیان دەتوانن بە زمانی کوردی قسەبکەن. بەگوێرەی دەستوور، تورکی تەنیا زمانی دانپێدانراوە و لە پرۆسەی خوێندن و دامەزراوەکاندا بەکاردەهێندرێت. لە بەرامبەردا بەکارهێنانی زمانی کوردی چەندینجار بەگوێرەی یاسا وەک تاوان ناسێندراوە و تەنیا بۆ مەبەستی بەهێزبوونی پێگەی سیاسی هەندێک پارتی دەسەڵاتداریش جاروبار سنووردارکردنی کەمکراوەتەوە.

راوەست سەنتەرێکی توێژینەوەی کوردییە لە ئامەد و راپرسییەکی لە ئەیلوولی ساڵی 2019دا لە هەندێک ناوچەی باکووری کوردستان ئەنجامداوە، ئەوەش بە مەبەستی دەرخستنی ئەو راستیەی کە چەند کەس لە کوردانی تەمەن 18 تاوەکو 30 ساڵ دەتوانن بەشێوەیەکی پاراو کوردی بەکاربهێنن. لەو راپرسییەدا بۆچوونی 600 کورد وەرگیرابوو و تەنیا 18%یان رایانگەیاندوو کە دەتوانن بە کوردی قسەبکەن، بخوێننەوە و بنووسن. هەر بە گوێرەی راپرسییەکە، تەنیا 44%یان ئاماژەیان بەوەکردبوو کە دەتوانن بە زمانی دایکی خۆیان قسەبکەن. کاتێک ئەو پرسیارەیان لێکرابوو کە دەبێت چ زمانێک لە تورکیادا زمانی فەرمی بێت؟ %71.5 یان رایانگەیاندبوو کە دەبێت تورکی و کوردی هەردووکیان زمانی فەرمی بن.

زیاتر لە سەدەیەک پێش ئێستا و لە سەردەمی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا کوردەکان ئازادییەکی سنووردارییان لە بەکارهێنانی زمانی خۆیاندا هەبوو. ئەو کاتە ژمارەیەک رۆژنامە بە زمانی کوردی بڵاودەکرانەوە و لە نەخشەکاندا وشەی کوردستان هەبوو. کاتێک ئیمپراتۆرییەتەکە لە کۆتایی جەنگی یەکەمی جیهانییدا لە لێواری رووخان نزیکبووەوە، مستەفا کەمال ئەتاتورک بە پاڵپشتیی کوردەکان راپەڕی.

ئەتاتورک لە گوتەیەکدا لە ساڵی 1919 لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان گوتی، “بوونی ئێمە ئەوەمان لێدەخوازێت کە کوردەکان، تورکەکان و هەموو موسوڵمانەکان پێکەوە کاربکەن بۆ بەرگرییکردن لە سەربەخۆییمان و رێگەگرتن لە دابەشبوونی نیشتمانەکەمان”. بەڵام کاتێک ئەتاتورک لە ساڵی 1923دا کۆماری تورکیای دامەزراند، بوونی کورد و زمانەکەیانی رەتکردەوە و لەبری ئەوە گوتی، کوردەکان “تورکی شاخاویین”. لە سەردەمی ئەتاتورکدا کوردەکان زیندانیکران و تەنانەت کۆمەڵکوژیش کران.

ماوەیەکی کەم دوای دامەزراندنی کۆماری تورکیا، کوردەکان دژی دەوڵەتە سەرکوتکارەکە شۆڕشیان دەستپێکرد. لە شوباتی 1925دا شێخ سەعیدی پیران لە پارێزگاکانی ئامەد و خارپێت سەرکردایەتیی شۆڕشێکی کرد دژی حکومەتەکەی ئەتاتورک.

ئەتاتورک دەیان هەزار سەربازی گواستەوە بۆ هەردوو پارێزگاکە و دوای دوو مانگ لە دەستپێکردنی، کۆتایی بە شۆڕشەکە هێنا، ئەوەش دوای ئەوەی شێخ سەعید و هاوڕێکانی دەستگیرکران و لەسێدارەدران.

ئەوە دوایین شۆڕشی کورد نەبوو. نزیکەی دەیەیەک دوای ئەوە، سەیید رەزا دژی دەوڵەتی تورک راپەڕی، بەڵام شۆڕشەکە کپکرایەوە و نزیکەی 45 هەزار کوردیش کوژران. داواکاریی بۆ داننان بە زمانی کوردی و خوێندن بەو زمانە لە دوو داواکارییە سەرەکییەکانی پشت ئەنجامدانی هەردوو شۆڕشەوە بوون.

پلانی شارک ئیسلاح و قەدەغەکردنی زمانی کوردی

لە 24ی ئەیلولی ساڵی 1925دا دەوڵەتی تورکیا پلانێکی بە ناوی “شارک ئیسلاح” بە واتای “چاکسازی ڕۆژئاوا” ئامادەکرد.
پلانی چاکسازی ڕۆژئاوا کە لە ١٤ مادە پێکدەهات، بە تایبەتی بۆ ڕەتکردنه‌وه‌ی گەلی کورد و قەدەغەکردنی زمانی کوردی ئامادەکرا.

دروشمی پلانەکەش “شێرە تورکەکان بەسەر کوردایەتیدا سەردەکەوین” بوو و بەو شێوەیە هەموو دەرفەتێکی دەوڵەت بۆ تواندنەوەی زمان و که‌لتوری گەلی کورد بەکارهێنرا.

لە ناوەندی حکومەتەوە بڕیارێکی فەرمی بۆ پارێزگارانی شارەکانی مەلەتی، گورگوم، ئامەد، بەدلیس، وان، مووش، ڕوحا، ئەرغەنی، هۆزات، ئەرجیش، عادلجەواز، ئەخلات، پیران و ژمارەیەک ناوچە و گوندەکان نێردرا.

بە پێی بڕیارەکە دەبێت لە هەموو ناوەندێکی حکومەت، شارەوانی و بازار و قۆتابخانە و خوێندنگاکاندا، جگە لە زمانی تورکی بە هیچ زمانێکی تر بە تایبەتی زمانی کوردی قسە نەکرێت.

ئەتاتورک و ئەوانەی لەدوای هاتن راپەڕینەکانی کوردیان وەک هەڕەشەیەکی جیددی دەبینی و هەربۆیە دەستیان کرد بە گوشارخستنەسەر و داخستنی ئەو دامەزراوە کوردییە کەمانەی کە هەبوون. ئەوان کاریان کرد بۆئەوەی کورد لەناو تورکدا بتوێننەوە، ئەوەش لەرێگەی گەیاندنی خوێندنەوە بە زمانی تورکیا بۆ ناوچە کوردییە دوورەدەستەکان.

لە ساڵی 1961دا حکومەتی تورکیا هەندێک قوتابخانەی دروستکردن کە سیستەمیان بەو جۆرە بوو بەشی ناوخۆیشیان هەبوو و قوتابیان هەر لەوێ دەمانەوە. حکومەتی تورکیا لەو رێگەیەوە توانی منداڵانی کورد لە ماڵەکانیان دووربخاتەوە و پڕۆسەیەکی خوێندنی تەواو تورکیان بۆ بخوڵقێنێت، بەڵام لەهەندێک حاڵەتدا قوتابخانەکان شەپۆلێکی پێچەوانەیان دروستکرد، چونکە منداڵە خوێندەوارەکان دەستیان بە سەرچاوەی دیکەی خوێندن لە دەرەوەی پرۆگرامی قوتابخانەکانەوە گەیشت، لەوانەش بابەت لەبارەی سۆسیالیزم و سیاسەت و ئەوەش بەشێوەیەکی بێ مەبەست یارمەتی قوتابییەکانی دا بۆئەوەی ناسنامەیەکی کوردی بۆ خۆیان دروستبکەن.

یەکێک لەو کوردانە کە ئامادەی ئەو جۆرە قوتابیانە بوو عەبدوڵڵا ئۆجەلان بوو. ئەو کاتێک کە چووە قوتابخانەکەوە خاوەنی هەستێکی بەهێزی ناسنامەی کوردی نەبوو، بەڵام کە قوتابخانەی جێهێشت زۆر جیاواز بوو، ئۆجەلان بەردەوامبوو تاوەکو لە ساڵی 1978 پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکەی دامەزراند، کە پارتێکە داوای مافی گەلی کورد دەکات.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت، لە تورکیا زیاتر لە 36 زمانی جیاواز هەیە, بەڵام یەک زمان لە خوێندنگاکاندا دەخوێندرێت و زمانی فەرمیە، ئەویش زمانی تورکیە.

موسا عەنتەر و پڕۆسەی 49

موسا عەنتەر، رۆژنامەنوس و نوسەری گەورەی کورد (1920-1992) لە بیرەوەرییەکانیدا باس لە پیرەپیاوێکی لادێکەیان دەکات لە سنوری مێردین، کە بە گوێدرێژ بارەداری فرۆشتووە و رۆژێک کۆمەڵێک پۆلیس بۆسە دادەنێن و ئەویش بە گوێدرێژە و بارەدارێکەوە بەو رێگەیەدا دەڕوات و هەچە لە گوێدرێژەکەی دەکات، پۆلیسەکان تاوی دەدەنێ و دەستگیری دەکەن، کاتێک لێیان دەپرسێت بۆ دەیگرن؟ پۆلیسەکان پێی دەڵێن، تۆ بە کوردی هەچە لە گوێدرێژەکەت دەکەیت.

لە سزای هەچەکردندا 12 قورش سزای ئەو پیاوە دەدەن، لەکاتێکدا بارە دارەکەی خۆی بایی شەش قروش دەبێت، بۆیە ئازادی ناکەن تا باوکی موسا سێ بزن دەفرۆشێت و شەش قروشەکەی تری بۆ دەدات و ئازادی دەکەن.

موسا عەنتەر یەکێکە لەو کەسانەی ڕۆڵێکی گرنگی له‌پاراستنی زمانی کوردی له‌تورکیادا بینیوە، عەنتەر كاتێك بڕیاریدا به‌ زمانی كوردی بنوسێت و بیر بكاته‌وه‌، نزیك به‌ پەنجا ساڵ بوو قسه‌كردن و نوسین به‌كوردی له‌ توركیا قه‌ده‌غه‌ بوو… به‌ڵام ئاپێ موسا بڕیاری شكاندنی قه‌ده‌غه‌ و تابۆكانی دا و بۆ یه‌كه‌مجار به‌ زمانی كوردی شیعرێكی بڵاوكرده‌وه‌….

‌ساڵی 1959 ئاپێ موسا دەگیرێت و له‌ پڕۆسه‌یه‌كی دادگایكردندا كه‌ به‌ “پڕۆسه‌ی 49” ناسراوە، دادگایی دەکرێت…. له‌دانیشتنی دادگادا عەنتەر بەوە تاوانبار دەکرێت کە مه‌یلی جوداخوازیی هه‌یه‌…. حاكم له‌ دانیشتنه‌كه‌دا به‌ عه‌نته‌ر ده‌ڵێت “زمانی كوردی چییه‌؟ تۆ باس له‌ زمانێك ده‌كه‌یت كه‌ ئه‌سڵه‌ن هه‌ر بوونی نییه‌، شتێك نییه‌ ناوی زمانی كوردی بێت، ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ته‌نیا چه‌ند ده‌نگێكه‌، زمانی ئێوه‌ له‌ چه‌ند ده‌نگێك تێپه‌ڕ ناكات”…. به‌ڵام وه‌ڵامه‌كه‌ی موسا عه‌نته‌ر بۆ حاكمه‌كه‌ به‌ یه‌كێك له‌ به‌هێزترین وێستگه‌كانی ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی سه‌ركوتكاریی توركیا دژی گه‌لی كورد داده‌نرێت، له‌وێدا عه‌نته‌ر به‌ حاكمه‌كه‌ ده‌ڵێت “جەنابی دادوەر، من کۆمەڵێک مریشکم له‌ماڵەوە هەیە، بەیانیان کە دێمە دەرێ و دەبینم برسیانە، دانیان بۆ ڕۆدەکەم، ئەو کاتەی دان دەدەمە مریشکەکانم دەیکەنە دەنگەدەنگ و گارە گار، ئەو دەنگانەی مریشکەکانی من دەریدەکەن لەو چەند دەنگە زۆرترە کە ئێوە باسی دەکەن، ئێمە میللەتێکین هەزاران ساڵە هەین، ئەی چۆنە هێشتا بە ئەندازەی ئەو مریشکانە دەنگمان نییە”.

یه‌كێكی دیكه‌ له‌و هه‌ڵوێستانه‌ی موسا عه‌نته‌ر كه‌ عه‌رشی نه‌ژادپه‌رستی توركه‌كانی هه‌ژاند قسه‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ی بوو له‌سه‌ر زمانی كوردی كه‌ ده‌ڵێت “ئه‌گه‌ر زمانی ڕه‌سه‌نی من بناغه‌ی ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی تۆ ده‌هه‌ژێنێت، مانای وایه‌ كه‌ تۆ ده‌وڵه‌ته‌كه‌ت له‌سه‌ر خاكی من دروستكردووه‌”.

Back to top button