
ئەم ڕاپۆرتە شیکارییەکە بۆ سیناریۆی ڕووخانی عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران و ئەو گۆڕانکاریانەی کە ڕەنگە بەدوای خۆیدا بهێنێت. باس لە سیناریۆکانی دوای خامنەیی لە نێوان سەرهەڵدانی ناسنامەی نەتەوەیی و ئەگەری نزیکبوونەوە لەگەڵ ڕۆژئاوا و ئیسرائیل دەکەین، تیشک دەخەینە سەر عێراق ئەو کاریگەرییەی ئێران لەسەر ئەو وڵاتە هەیەتی: پارتە شیعەکان بەبێ پشتیوانی ئێران، دەستەپاچەبوونی هەندێک لە سەرکردە شیعییەکان.
دوای دوو ساڵی سەخت و شەڕی مووشەک و شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل، ئێران بە بێدەنگی نەچووە ساڵی 2025ەوە. بەیانی 28 ی کانوونی یەکەم، شەقامەکانی چەند شارێکی ئێران پڕ بوو لە خاوەن دوکانەکان کە ناڕەزاییان دەربڕی بەرامبەر خراپبوونی دۆخی ئابووریی و دابەزینی بەهای تمەن بۆ کەمترین ئاست.
لە دەیەمین ڕۆژدا، خۆپیشاندانەکان فراوانتر بوون و خوێندکارانی زانکۆ بەشداریان کرد و 222 شوێنیان لە 78 شار لە 26 پارێزگا لە 31 پارێزگاکەی وڵاتەکەیان گرتبوو. بەگوێرەی چالاکوانانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران لە ماوەی 10 ڕۆژدا، خۆپیشاندانەکان لانی کەم 19 خۆپیشاندەر کوژراون کە سێ مێردمنداڵ و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بوون و نزیکەی هەزار کەس دەستگیرکراون. لەگەڵ ئەوەشدا، زانیاری و ڤیدیۆکانی بەردەست لەسەر خۆپیشاندانەکان هێشتا سنووردارە و بەهۆی سانسۆر و ئەو سنوورداریانەی ڕووبەڕووی رۆژنامەنووسان دەبنەوە لە ئێران، قەبارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان دیاری ناکرێت.
زستانی گەرم لە ئێران: خۆپیشاندان و وشکەساڵی
ئەم خۆپیشاندانانە لە کاتێکدایە کە هەلومەرجی ناوخۆیی و ناوچەیی نالەبار بۆ ڕژێمی ڕێبەری باڵا هەیە. لە مانگی حوزەیرانی 2025، هێرشەکانی ئیسرائیل کەلێنێکی گەورەی ئەمنی و هەواڵگری لە وڵاتەکەدا لەلایەن مۆسادەوە ئاشکرا کرد، کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران و زانایانی ئەتۆمی بەناوبانگ کرانە ئامانج، دواتریش بۆردومانکردنی سێ بنکەی ئەتۆمی لەلایەن ئەمریکاوە.
لە هەوڵێکدا بۆ کەمکردنەوەی توڕەیی خەڵک، حکومەت قەدەغەکردنی حیجاب و جلوبەرگی بەسەر ژناندا سووک کرد، کە هەندێک بە هەنگاوێکی پراگماتیک دادەنێن و هەندێکی تر بە دەستبەرداربوون لە دروشمە شۆڕشگێڕ ییەکانی دادەنێن. تەحەدای ئابووری گەورەترین هەڕەشەیە بۆ سەر ڕژێم و ناڕەزاییەکان فراوان دەکات.
لەگەڵ هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015، نرخی دۆلار گەیشتە 32 هەزار تمەن. دوای هەڵوەشاندنەوەی رێککەوتنەکە لە ساڵی 2018 و دابڕانی ئێران لە بازرگانی نێودەوڵەتی، لە ساڵی 2022 نرخی تمەن بۆ 430 هەزار بۆ هەر دۆلارێک دابەزی. بەهۆی زیانی گەورە بە ژێرخانی کەرتی وزە لە شەڕی حوزەیرانی 2025 و نەمانی یەدەگی دراوی بیانی وڵاتەکە، دۆخەکە خراپتر بوو. بەگوێرەی سەنتەری ئاماری ئێران، رێژەی هەڵئاوسان لە مانگی کانوونی یەکەمی 2025 بە بەراورد بە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردووتر بە رێژەی 42.2٪ و بە بەراورد بە مانگی تشرینی دووەم بە رێژەی 1.8٪ بەرزبووەتەوە. بەهەمان شێوە نرخی خۆراک بە بەراورد بە مانگی کانوونی یەکەمی 2024 بە رێژەی ٪72 و پێداویستییە پزیشکییەکان بە رێژەی ٪50 بەرزبووەتەوە. بۆ کەمکردنەوەی “بارگرانی ئابووری”، حکومەت پلانێکی ڕاگەیاند بۆ دابینکردنی دوو ملیۆن تمەن بۆ هەر کەسێک لە ماوەی چوار مانگدا لە هەوڵێکدا بۆ کپکردنی ناڕەزایەتییەکان.
ئێران تووشی وشکەساڵی سەخت بووە، کە بۆتە هۆی وشکبوونی 19 بەنداوی گەورە و 9 دەریاچە، زەلکاوەکان بە تەواوی یان بەشێک لەوانە دەریاچەی ورمێ و دەریاچەی بەختیگان و دەریاچەی پاریشان. ئەمەش وای لە بەرپرسان کرد دەست بە هەڵمەتی چاندنی هەور بکەن و قسە لەسەر چۆڵکردنی تارانی پایتەخت بکەن.
ئێرانی دوای ویلایەتی فیقهـ
هەرچەندە پێشبینی ڕووخانی ڕژێم زەحمەتە بەڵام مێژوو پێمان دەڵێت هیچ سیستەمێک ئەبەدی نییە و تەنانەت بەهێزترین ئیمپراتۆریەت و ڕژێمە تۆتالیتارەکانیش لەناکاو و بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر ڕووخاون. ئەمەش وامان لێدەکات بیر لە چارەنووسی ئێران بکەینەوە لەدوای ڕێبەری باڵاوە.
ڕووخانی ڕژێمە دیکتاتۆرەکان کە ئۆپۆزسیۆن لە ناوخۆ سەرکوت دەکەن زۆرجار ئاژاوە بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئەمە لە عێراق لە ساڵی 2003 و لە لیبیا لە ساڵی 2011 ڕوویدا، لەکاتێکدا شەڕی ناوخۆ لە سوریا پێش ڕووخانی ڕژێم دەستی پێکرد. پاش کەوتنی لە کۆتایی ساڵی 2024، کێشەکان کۆتایی نەهاتوون و وڵاتەکە هێشتا دابەش بووە.
چاوەڕوان دەکرێت ئێران ڕووبەڕووی چارەنووسێکی هاوشێوە ببێتەوە، چونکە ساڵانێکە کێشەکان لەو وڵاتە نەگەیشتوونەتە کەناری چارەسەرکردن و بە کپکراویی ماونەتەوە، یەکێک لە پێشبینیەکان ئەوەیە؛ دەکرێت ڕۆژئاوا پشتیوانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیی لە دەرەوە بکات بۆ سەرکردایەتیکردنی ئێران لە قۆناغی راگوزەردا، هەروەک چۆن لە ساڵی 2003 دا لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عێراق ڕوویدا. ڕووخانی ڕژێم لەوانەیە داواکارییە نەژادییەکان بهێنێتە بەرباس، بەتایبەتی کە فارسەکان لە سەدا 61ی دانیشتوان پێکدەهێنن، لەپاڵ کەمایەتییە گەورەکانی وەک ئازەربایجانییەکان لە باکوور (لە سەدا 16) کە تەبرێز بە پایتەختی مێژوویی خۆیان دادەنێن و کوردەکان لە باکووری ڕۆژئاوا لە سەدا 10 و لوورەکان لە سەدا 6 و عەرەبەکان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی هاوسنوور لەگەڵ عێراق و کەنداو بەلوچ (2٪)، تورکمانەکان (2٪) و ئەوانی تر. ئەم دۆخە لەوانەیە ببێتە هۆی سەرهەڵدانی داخوازییە ناسیۆنالیستییەکان بۆ جیابوونەوە یان ئۆتۆنۆمی و لە خراپترین حاڵەتیشدا لەوانەیە ببێتە هۆی دابەشبوونی وڵات.
ئاشکرایە شەپۆلی عەلمانییەت لە ئێرانی نوێدا سەرهەڵدەدات. لە ڕاستیدا، گۆڕانێک هەیە بەرەو قبووڵکردنی ناسنامەی فارسی نەک ناسنامەی ئیسلامی، هەوڵدان بۆ زیندووکردنەوەی زەردەشتی، و تەنانەت گۆڕین بۆ مەسیحی لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، وەک دەربڕینی ڕقی خەڵک لە ڕژێمی ئایینی. لە کاتێکدا ڕەتکردنەوەیەکی بەربڵاو لە ئێران هەبوو بۆ پلانی “بە ڕۆژئاوایکردن” کە شا سەپاندبووی. هەندێک لە فارسەکان ئەمڕۆ هەوڵ دەدەن سەردەمیبوونی خۆیان بسەلمێنن بە هاوپەیمانیکردن لەگەڵ ڕۆژئاوا و دوورکەوتنەوە لە هەر پەیوەندییەک بە ئیسلامەوە. هاوشێوەی ئەو گۆڕانەی کە لە نێو ئینتەرناسیۆنالیستە بێ باوەڕەکان لە وڵاتانی یەکێتی سۆڤیەت و ئەوروپای ڕۆژهەڵات و یوگسلاڤیای پێشوو ڕوویدا بەرەو ناسیۆنالیزم و ئایین (ئۆرسۆدۆکس، کاسۆلیک، ئیسلام) دوای ڕووخانی کۆمۆنیزم.
چاوەڕوان دەکرێت ئێرانی نوێ بە خێرایی لە ئیسرائیل نزیک ببێتەوە، چونکە چیتر هاندانی خەڵکی ئەو وڵاتە بە گوتاری دژی ئیسرائیل و هاوسۆزیی لەگەڵ فەڵەستین، وەك دەڵێن پولێک بۆ ئێرانییەکان پەیدا ناکات.
هەروەک چۆن بەعسییەکان لەعیراقدا خۆیان بێدەنگ نەکرد و لەگەڵ عێراقی نوێدا خەریکی ململانێ بوون و خۆیان بەدروشمی ئایینی و گروپە چەکدارە سوننەکان داپۆشی بۆ بەرپەرچدانەوەی گوتاری ئاینی شیعەی فەرمانڕەوایانی نوێ، و هەروەک پاشماوەکانی ڕژێمی سوریا هەوڵ دەدەن ئاژاوە لەکەنارەکان و لەهەندێک ناوچەی سوریا دروست بکەن، ئاوهاش پاشماوەکانی ڕژێمی ئێران بە خێرایی بێدەنگ نابن ، ئەوان شەڕی پێنج دەیە لە میراتی دەسەڵات دەکەن.
ئێران یەکێکە لەو وڵاتانەی کۆچبەران هەناردە دەکەن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی بەشی کاروباری ئابووری و کۆمەڵایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDESA) لە ساڵی 2020 نزیکەی نیو ملیۆن ئێرانی لە ئەوروپا تۆمارکراون، کە زیاتر لە 470,000 کەسیان لە وڵاتانی ڕۆژئاوا و باکووری ئەوروپا بوون. لە ساڵی 2019 دا زیاتر لە 39,000 پەنابەری ئێرانی لە تورکیا تۆمارکراون و تا ساڵی 2020 ژمارەکە دوو هێندە بووە و گەیشتە 69,000 کەس. بەگوێرەی رێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچبەران (IOM)، بۆیە پێشبینی دەکرێت ژمارەی پەنابەرانی ئێرانی بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە دوو هێندە بێت، هەروەها هەر ئاژاوەیەکی نەژادی و ئەمنی لە ئێرانی پاش خامنەیی لەوانەیە ناوچەکە بەرەو شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران ڕابکێشێت، هاوشێوەی ئەوەی لە دوای داگیرکردنی عێراق و ڕاپەڕینەکانی بەهاری عەرەبی لە سوریا و لیبیا ڕوویدا.
لەڕووی ئەمنییەوە ئاژاوەی ئێران و پێکهێنانی گروپە چەکدارەکان کاریگەری لەسەر وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی عێراق دەبێت، هەر کێشەیەکی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێراندا دەشێت کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان و تورکیا و سوریا هەبێت.
بۆ ئیسرائیل، دابەشبوونی ئێران، یان نقووم بوونی لە کێشە ناوخۆییەکان، یان دامەزراندنی سیستەمێکی پەرلەمانیی ناکارا، لەگەڵ گۆشەگیرکردنی هاوپەیمانەکانی پێشووی، پێشوازیی لێکراوە. بەڵام ئەگەری بوونی رژێمێکی زۆر نزیک لە خۆی و ڕۆژئاوا، زۆر پەسەندتر دەبێت بەلای تەلئەبیبەوە.
عێراق و ئێرانی نوێ
هەردوو وڵات بە درێژایی زیاتر لە 1599 کیلۆمەتر سنووری وشکانییان هەیە، هەر گۆڕانکارییەک لەوێ ڕووبدات، بەبێ کاریگەری قووڵ لە عێراق دەرباز نابێت، ئینجا چ لە ڕووی کۆچکردنی چاوەڕوانکراوی لایەنگرانی رژێمی ئێستا، یان تەنانەت شۆکی ئەمنی و نەتەوەیی و تیرۆریستی.
ڕووخانی ڕژێم لایەنە شیعەکانی عێراق تووشی شۆک دەکات و دوو سیناریۆ دەخاتە بەردەمیان:
یان تەسلیم بوون بە داخوازییەکانی ئەمەریکا یان بەرەنگاربوونەوەیان .
ڕەنگە لایەنە شیعەکان هیچ ڕێگەیەک نەبینن بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەیان جگە لە پابەندبوون بە داواکارییەکانی ئەمەریکا، هەندێکیان ملکەچی ئەمریکا دەبن، هەندێکیان بەرەو بیرۆکەی پێکهێنانی ناوچەیەکی شیعە لە باشووری وڵات دەڕۆن، بۆ دوورکەوتنەوە لە زیانی زیاتر، بەتایبەتی کە عێراق لە هەموو لایەکەوە دەورەدراوە بە قەوارەی نوێ کە هیچ نیازپاکییەکیان بەرامبەر بە حکومەت نییە.
پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێرانی نوێ لەوانەیە خراپتر بێت ئەگەر میلیشیاکان بڕیار بدەن بەشداری لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئێران بکەن، هەرچەندە ئەمە دوورە چونکە ئەوان لە کۆتایی ساڵی 2024 دەستێوەردانیان لە سوریا نەکرد بۆ پاراستنی بەشار ئەسەد. ڕەنگە لایەنە شیعەکان بڕیار بدەن گوتارێکی عێراقی یەکگرتوو لە ژێر چەتری هاووڵاتیبوون پەیڕەو بکەن و گرژی کەم بکەنەوە و وڵات لە تارمایی تائیفی ڕزگار بکەن.
لەحاڵەتی ڕووخانی ڕژێمی ئێستای ئێران، متمانەی کورد و سوننە بە تواناکانیان زیاد دەکات سەرەڕای ئەو ئاستەنگانەی کە لەدوای بڵاوبوونەوەی گوتاری تائیفی و ململانێکان لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوودا و مردنی باوەڕ بە دەوڵەتی نەتەوەیی لە مێشکی زۆرێک لە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە. بە پێچەوانەوە، لایەنە شیعەکان لەوانەیە چەک داماڵین وەک ڕادەستکردنی ملیان بە جەلادەکانیان ببینن، لە ئەنجامدا هەندێک لەو گروپانە ڕەتی دەکەنەوە، کە لەوانەیە ببێتە هۆی سەپاندنی سزای ئابووری زیاتر بەسەر بانکەکان و گروپەکان و کەسایەتییە عێراقییەکاندا. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەو ترسەی کە لە ڕووخانی ڕژێمی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت، ڕژێمێک لە ڕابردوودا وەک گەرەنتییەک بووە بۆ ڕێگریکردن لە هەر ململانێیەکی ناوخۆیی شیعەکان، لەوانەیە لایەنەکان بەرەو بڕیاری پراگماتیکی زیاتر ببات کە جەخت لەسەر مانەوەی تاکەکەسەکان دەکات.
دیدی عێراقییەکان بۆ ئێران دابەشی دوو بەرە بووە؛ هەندێک پێیان وایە ئێران دوژمنی هەمیشەیی وڵاتەکەیانە، ئەمەش دەبەستنەوە بە مێژووی کۆن و کەوتنی ئور و نەینەوا و بابل لە 539 پ.ز و جەنگی هەشت ساڵەی ئێران و عێراق. هەندێکی تر ئێران وەک قوڵاییەکی شارستانی بۆ عێراق دەبینن و پێیان وایە ئەو دوو وڵاتە لێک جیا ناکرێنەوە. هەرچۆنێک بێت، عێراق پارێزراو نەبووە لە دەستێوەردانی ئێران، چ لە سەردەمی شا و چ لە سەردەمی خومەینی، دواتریش لە سەردەمی خامنەیدا.





