تۆم باراک لە بەغدا؛ بازەکە بەسەر شانی کام سەرکردەیەوە دەنیشێتەوە؟

کاتێک کۆتایی ساڵی 2024 رژێمی بەشار ئەسەد ڕووخا، هەموان شاهیدی ئەوە بوون بازی دەسەڵات بەسەر شانی ئەحمەد شەرع-ەوە نیشتەوە، بەڵام کەس لەو باوەڕەدا نەبوو شەرع بە زوویی تەواوی دەسەڵاتی سوریای دوای ئەسەدی بکەوێتە دەست، پیاوێک لە پشت شەرعەوە وەستا و ڕابردووی ئەوی لەبەردەم ئەمریکا و جیهان سپیکردەوە، ئەو پیاوەش (تۆم باراک) نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بوو بۆ سوریا.

تۆم باراک، دوای مارک ساڤایا (ئەو پیاوەی پێش دەستبەرکاربوونی وەك نێردەی ترەمپ بۆ عێراق، لە پۆستەکەی لادرا) بووە نوێنەری ترەمپ لە عێراق، باراک لە یەک کاتدا باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، نێردەی ترەمپە لە سوریا و لوبنان، ئێستا عێراق-یش هاتووەتە نێو بازنەی کارکردنی ئەوەوە، ڕۆژی یەکشەممە-ش باراک گەیشتە بەغدا و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبوەوە.

تۆم باراک دۆستی سەرۆکەکان، نەک لایەنەکان

تۆم باراک، خاوەنی دیدێکی ڕوونی سیاسییە بۆ دانوستان لەبارەی قەیران و پێشهاتەکان، ئەو لەگەڵ سەرۆک و خاوەن بڕیارەکان دانوستان دەکات نەک لەگەڵ لایەنەکاندا، هەر بڕیارێکیش دەدات کەمتر ڕەچاوی سروشتی هەڵکەوتەی سیاسی ئەو ناوچەیە دەکات کە ئەو سەرپەرشتی دۆسیەکەی دەکات.

ئەو دیدەی تۆم باراک بۆ “ناوەندێتی” عێراق دەخاتە بەردەم سێ بژاردە: یەکەمیان بژاردەی دیبلۆماسی، دووەم فشاری ئابوورییە، بژاردەی سێیەمیش گورزی سەربازییە. بژاردەکانی دووەم و سێیەم بۆ عێراق ئازار بەخشە، بەڵام سروشتی سیاسیی عێراق سەلماندوویەتی بژاردەی یەکەم بۆ سەرکردەکانی عێراق نامۆیە، بۆیە دەمێنێتەوە دوو بژاردە قورسەکەی دیکە.

تۆم باراک کێیە و بۆچی باگراوندەکەی بۆ عێراقییەکان دڵخۆشکەر نییە؟

نێردەکەی ئەمریکا بۆ سووریا، باراک، کە تەمەنی 78ساڵە، ڕەچەڵەکی دەگەڕێتەوە بۆ لوبنان، باپیرانی زیاتر لە 100 ساڵ لەمەوبەر کۆچیان کردووە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە هونەر لە زانکۆی باشووری کالیفۆرنیا (USC) لە ساڵی 1969 بەدەستهێناوە، پاشان چووەتە کۆلێژی یاسای گۆڵد لە هەمان زانکۆ، کە تێیدا سەرنووسەری گۆڤاری (Southern California Law Review) بووە، پێش ئەوەی دکتۆرا لە یاسالە کۆلێژی یاسای زانکۆی سان دیێگۆ لە ساڵی 1972 بەدەست بهێنێت.

لە ساڵی 1982، باراک پۆستی جێگری بریکاری وەزارەتی ناوخۆی ئەمریکای لە ئیدارەی سەرۆک ڕۆناڵد ڕیگان وەرگرت.

لە ساڵی 2016، باراک، کە وەبەرهێنەرێکی خانووبەرەبوو، سەرۆکایەتی لیژنەی دەستبەکاربوونی سەرۆکایەتی ترەمپی لە یەکەمین خولی سەرۆکایەتیدا کرد، و بۆ ماوەیەکی درێژ ڕاوێژکار و نزیک لە سەرۆک بوو.

تۆم باراک بە پیاوی گرێبەستەکان ناسراوە، ئەو دیدەی لە واشنتۆن ئێستا هەیە بۆ ئاڕاستەکردنی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بەرەو ڕەهەندی ئابووریی، باراک جێبەجێکاری دیدەکەیە بە زیادەوە، بۆیە ئەگەر هەوڵێک هەبێت بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، دیدە ئابوورییەکە بەر لە هەر دیدێکی دیکە لەبەرچاوو دەگیرێت.

دیدی ڕوونی تۆم باراک بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە: شتێک نییە بەناوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەی هەیە کۆمەڵێک گوند و خێڵن، بۆیە میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ گوند و خێڵ لەلای ئەمریکا قورسترە و بڕیاری توندیشی تیادا دەدرێت. سەرکردە عێراقییەکان بە تایبەت شیعەکان، کە ساڵانێکە زۆرە لەگەڵ بەرپرسێکی ئەمریکی ڕوون و ڕاشکاو و خاوەن بڕیاری هاوشێوەی باراک مامەڵەیان نەکردووە، پێدەچێت ئەمجارە نەتوانن بە سیاسەتەکەی ڕابردوویان کە سیاسەتی ڕازیکردنی “ئێران و ئەمریکا” بوو کار بکەن، ئەمجارە تۆم باراک بە ڕوونی پێیان دەڵێت؛ ئەگەر دەتانەوێت لەگەڵ ئێران بڕۆن، ئەوا چارەنوسەکەی بەشار ئەسەدتان لەبەرچاو بێت.

بەلای باراکەوە، یەکەی سەرەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە ناوچەکە خێڵە. بۆیە بەلای ئەوەوە هیچ کام لە بەها ڕۆژئاواییەکانی تر وەک نەتەوە، کۆمەڵگا، مەدەنیەت، دەزگا بونی نیە. خێڵ وەک یەکەیەکی نەگۆڕ ئاشتی نازانێت، ناتوانێت خۆی بەڕێوەبەرێت، بۆیە پێویستە کەسی بەهێز لە سیاسەتدا هەبێت هەتا بە سەریاندا زاڵ بێت، ئەگینا پشێوی دروست دەبێت.

لەم ڕوەوە دژ بە هەموو جۆرە حوکمێکی ناناوەندی و دیموکراسی و ئازادییە. هەروەها دژ بە هەموو هەوڵەکانی ڕۆژئاوایە لەم ڕوەوە. (سەردار عەزیز، تێگەیشتن لە تۆم باراک).

پیشە و کاری ئابووریی تۆم باراک:
– هاوڕێی دێرینی دۆناڵد ترەمپە.
– دامەزرێنەری کۆمپانیای کۆڵۆنی کاپیتال ئێڵ ئێڵ سی (پشکی تایبەتی هەیە)
– وەبەرهێنەرێکی سەرکەوتووە لە بواری خانووبەرە و هۆتێلە گەورەکاندا.
– خاوەنی سامانێکی زۆر زۆرە.

کێشە یاسایییەکانی باراک:
– ڕووبەڕووی تۆمەتی لۆبیکردنی نهێنی بوو بۆ ئیمارات
– لە ساڵی 2022 لە دادگای نیویۆرک، بێتاوان دەرچوو لە هەموو تۆمەتەکان
فکری دیپلۆماسی:
– بڕوای بە “دیپلۆماسی ڕووداو – event diplomacy” هەیە، کە تیشک دەخاتە سەر:
– هەڵگرتن و لابردنی سزاکان
– بنیاتنانەوەی ئابووری
– دەرئەنجامە پراکتیکییەکان لە جیاتی نەتەوەسازیی تەقلیدی

تۆم باراک و هاوسۆزیی بۆ دەوڵەتی عوسمانیی لەناوچوو:
– تۆم باراک باوەڕی بە سیستەمی “میللەت”ی عوسمانی هەیە کە ئۆتۆنۆمی بە ئاین و نەتەوەکان دەدات.
– پێی وایە ئەم سیستەمە مانەوەی گروپە جۆراوجۆرەکانی مسۆگەر دەکات
– بانگەشەی بۆ گەرانەوەی ئەو سیستەمە دەکات وەک چارەسەری مۆدێرن بۆ ناوچەکە.

ڕەخنەگرتن لە سنوورە دەستکردەکان:
– ڕەخنەگری ڕێکەوتننامەی سایکس پیکۆیە
– پێی وایە سنوورە دەستکردەکانی دوای جەنگی جهیانی یەکەم سەرچاوەی ناسەقامگیرین.
– سیستەمی عوسمانی بە بەدیلێکی سروشتی و باشتر بۆ ناوچەکە دادەنێت.

Back to top button