
مانگی ڕەمەزان لە ئاینی ئیسلامیدا مانگی پەرستش و تێکەڵبوونی زیاتری مرۆڤە موسڵمانەکانە لەگەڵ خودا و ئاینەکەیاندا، دەزگاکانی ڕاگەیاندنیش وەك دەرفەتێک دەیبینن بۆ زیاترکردنی ئاستی بینینی بەرهەمەکانیان، هەندێک لەوان خەڵاتی گرانبەها بۆ جۆرەها پێشبڕکێ دادەنێن، مەرجی هەموو پێشبڕکێکانیش نوسینی کۆمێنتە، بەڵام ئاخۆ پڕۆسەکە بە تەنیا لە چوارچێوەی کۆمێنت نوسین، پاشان چالاکبوونی لاپەڕەی ئەو دەزگا ڕاگەیاندنە (کەناڵی ئاسمانی، لاپەڕەی سۆشیاڵ میدیای هەواڵیی) قەتیس دەبێت؟
هەندێک لە کەناڵە تەلەفیزیۆنییەکان ناوێکی خوازراو، یاخود ناوی پڕۆگرامێکی کەناڵەکەیان دەکەنە ئایکۆنی پێشبڕکێکە، ئەوەی زۆرترین کۆمێنت بنوسێت زۆرترین چانسی بردنەوەی خەڵاتی هەیە، پرۆسەکە سادە دەردەکەوێت، بەڵام لە قوڵاییدا زۆر گرفتی کۆمەڵایەتی، ئابووریی، سیاسی و تاد… کۆمەڵگەی کوردی نیشاندەدات.
لەم ڕاپۆرتەدا کورد مۆنیتەر باس لە ڕێڕەوی گۆڕینی مرۆڤ لە بازرگانیی کۆمێنت نوسیندا، بۆ مرۆڤێکی ئالوودەکراو بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس دەکات؛
هەنگاوی یەکەم؛ دروستکردنی ترێند ← هەنگاوی دووەم؛ بەدەمەوەهاتنی خەڵک بۆ ترێندەکە و نوسینی کۆمێنت ← هەنگاوی سێیەم؛ چاودێریکردن، ژماردنی ئەو کۆمێنتانەی کەسەکە نوسیویەتی ← قۆناغی چوارەم؛ هەڵکشانی باری دەروونی کۆمێنت نوس و چاوەڕێکردنی وەرگرتنی خەڵات ← قۆناغی پێنجەم؛ بێهیوابوون و تێکشکانی دەروونی.
لە هەنگاوی یەکەم دا کەناڵە ئاسمانیی یان لۆکاڵییەکە بابەتێک وەک ترێند دەستنیشان دەکات، دواتر لەڕێگەی ڤیدیۆ یاخود وێنەیەکەوە، ترێندەکە ڕەوانەی بازاڕی سۆشیاڵ میدیا دەکات و بە ڕستەیەکی ڕوون دەنوسێت؛ زۆرترین کۆمێنت بنوسیت، زۆرترین چانسی بردنەوەی خەڵاتت دەبێت.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کورد مۆنیتەر کە لە چەند دامەزراوەکەی ژمارەیی پەیوەست بە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمی کوردستان زانیارییەکانی وەرگرتووە، هەر تاکێک لە هەرێم ڕۆژانە نزیکەی پێنج کاتژمێری کاتەکانی لە تەماشاکردن و کارلێککردن لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر دەبات.
کاتێک دامەزراوە ڕاگەیاندنەکان لە مانگی ڕەمەزاندا پێشبڕکێی خەڵات لەسەر بنەمای کۆمێنت نوسین ڕادەگەیەنن، کاتەکانی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان لە پێنج کاتژمێری ڕۆژانەوە بەرز دەبێتەوە بۆ حەوت تا 12 کاتژمێر، چونکە تاکەکان لەبەردەم ئاڵنگاریی کۆمێنت نوسیندان و کاتێکی زیاتری پێدەبەخشن، بەهیوای ئەوەی خەڵاتێک ببەنەوە.
“هەموو کەسێک سەرناکەوێت” ئەمە دۆخێکە هەموان لەگەڵ نوسینی یەکەم کۆمێنتدا دەیزانن، بەڵام شەڕی ئەوە دەکەن سەرکەون. لەم کاتەش دا کە دۆخێکی پڕ لە نادڵنایی دروست دەبێت، ڕێژەی دەردانی هۆڕمۆنی (دۆپامین) بەرز دەبێتەوە، دۆپامین تەنها “دەردانی کیمیایی چێژ” نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی پاڵنەر و پێشبینیکردنە. مێشکت بەردەوام پرسیار دەکات: ئایا پاداشتێکم لەم کۆمێنت نوسینەدا دەست دەکەوێت؟ کاتێک وەڵامەکە نادیار بێت، چالاکیی دۆپامین زیاد دەکات.
توێژینەوەکان سەلماندوویانە لەم سێ حاڵەتەدا ڕێژەی دەردانی دۆپامین دەگاتە لوتکە:
قومارکردن
بلیتی تیروپشک
ئاگادارکردنەوەکانی سۆشیال میدیا
خراپی دۆخی ئابووریی و کاریگەریی لەسەر کۆمێنت نوسین
لە ساڵی (2018)، ڕێژەی هەژاریی لە كوردستان تەنها (6%) بووە كە دەكاتە 346 هەزار و 500 هاووڵاتی لە چوارچێوەی نزیكەی 69 هەزار و 300 خێزاندا، بە پێی ژمارەی دانیشتووانی ساڵی (2018) كە پێنج ملیۆن و 775 هەزار و 43 كەس بووە.
بەڵام بەگوێرەی دواین داتای رێژەی هەژاریی لە هەرێمی کوردستان کە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراقەوە ئامادەکراوە، ڕێژەی هەژاریی لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە بۆ (10%) كە دەكاتە 637 هەزار و 66 هاووڵاتی، لە چوارچێوەی 127 هەزار و 413 خێزاندا، كە زۆرترینیان لە دهۆكن پاشان سلێمانی و دواتریش هەولێر.
بەشێک لەو کەسانەی کۆمێنت دەنووسن و هیوای ئەوەیان هەیە خەڵاتێک ببەنەوە، لەژێر کاریگەریی ئەو دۆخە داراییە خراپەدان کە تیایدا دەژین، بەشێک لە کۆمێنت نووسەکان فەرمانبەرن و دڵنیا نین مانگانە لە کاتی خۆیدا مووچە وەردەگرن یاخود نا، بۆیە زۆرترین کۆمێنت نوسین چانسی ئەوەیان دەداتێ خەڵاتێک ببەنەوە و ئەگەر بەهاکەی تەنها هەزار دۆلار-یش بێت، ئەوا دەکرێت لەجیاتی مووچەی مانگێکیان دایبنێن.
بەشێکی دیکە لەو کەسانەی کۆمێنت دەنووسن بێکارن، واتا هیچ سەرچاوەیەکی بژێویی جێگیریان نییە، بەپێی نوێترین ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ڕێژەی بێکاریی لە هەرێمی کوردستان 14.79%ـیە، بۆیە ئەوانیش بە هیوای دەستکەوتنی خەڵاتێک لە پای ماندووبونی چاوەکانیان، دەست و دەروونیان دەست بە لافاوی کۆمێنت نووسین دەکەن.
کاریگەرییە مەترسیدارەکان
بەشێک لەو کەسانەی دەچنە نێو پڕۆسەی تەحەداکردنی نووسینی زۆرترین کۆمێنتەوە، لەڕووی دەروونییەوە لە دۆخێکی ناسەقامگیردا دەژین و توانای چارەسەرکردنی کێشە و پێشهاتەکانی ژیانی ڕۆژانەیان کەم دەبێتەوە، چونکە چاو و توانای مێشکی ئەوان لەو ماوەیەدا تەنها یەک فەرمان دەبینێت ئەویش؛ زۆرترین کۆمێنت بنوسە.
لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە دەبنە کەسێکی داخراو، چونکە پێیان وایە ئەو کاتەی هەیانە دەبێت لە نوسینی زۆرترین کۆمێنت دا سەرفی بکەن، نەك تێکەڵاوبوون و بەشداریی کۆمەڵایەتی، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ دروستبوونی کێشەی کۆمەڵایەتی، لەنێوان هاوڕێ و هاوڕێ، ژن و مێرد، کوڕ و باوک، کوڕ و دایک. هەروەها ئەو دۆخە جیاوازیی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، بەرەیەک کە بەشدار نییە لەو چالاکیەدا، بە تەنزەوە باس لەو بەرەیە دەکات کە لافاوێک لە کۆمێنت دەنووسێت.
ئەو چالاکییە دۆخێک دروست دەکات، هەموان سەرنجیان لەسەر پێشهات و رووداوە گرنگەکانی کۆمەڵگە لابچێت، تەنانەت ئەگەر ڕووداوێکیش ڕووبدات و پەیوەندیی بە ژیانی خەڵکەوە هەبێت، هەر زوو لەیاد دەچێتەوە، چونکە کۆمەڵگە جارێ سەرقاڵی پڕۆسەیەکی گرنگترە، ئەویش کۆمێنت نوسین و بردنەوەی خەڵاتە.
لە ڕوانگەی ستراتیژی میدیاوە، ئەو دۆخە دەستکاریکردنی ئەلگۆریتمەکانە.کۆمێنتی زیاتر = پێوەرە بەرزەکانی بەشداریکردن، دابەشکردنی ئەلگۆریتمێکی زیاتر، جەماوەریی هەستپێکراوی زیاتر. بەگشتی لەو جۆرە پێشبڕکێیەدا تەنیا کەناڵە میدیاییەکە براوەیە، چونکە لەڕووی تەکنیکییەوە لەنێو پلاتفۆڕمەکاندا بە بەهێزیی ماوەتەوە، دۆڕاوی سەرەکیش ئەو کەسانەن کە کۆمێنت دەنووسن، بەوانەشەوە کە دەبنە براوەی خەڵاتەکە، چونکە لەکۆتاییدا ئەو خەڵاتەیان بە تێپەڕاندنی زنجیرەیەک دۆخی دەروونی سەخت دا بەدەستهێناوە، کە ناچار نەبوون بچنە ئەو دۆخەوە.





