
کەمجار ڕوودەدات بەرپرسێکی ئیسرائیلی ببینیت و خەونی پڕۆژە مێژووییەکەی خۆیان لەژێر ناونیشانی “ئیسرائیلی گەورە”ی نەبێت، پڕۆژەیەک کە ئیسرائیلییەکان پێیان وایە زۆر وڵاتی ناوچەکە دەگرێتەوە و دەبێت لە کۆتایدا ئەوان بچنە نێو خاکی ئەو وڵاتانەوە.
مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی دیاری ئەمریکی تاکەر کارڵسۆن، زۆر پرسی گرنگی وروژاندووە، خەریکە قسەکانی ئەو بەرپرسە ئەمریکییە ئاڵۆزییەکی دیبلۆماتیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست دەکەن. ئەو بە ڕون و ڕەوانی گوتی: “خودا رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی داوە بە ئیسرائیل و هەر زەوییەکی بوێت دەتوانێت بچێتە ناویەوە”. ئەمەش هەمان خەونی بەرپرسانی تەلئەبیبە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی”ئیسرائیلی گەورە”.
پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە چییە؟
چەمکی “ئیسرائیلی گەورە” یەکێکە لەو دەستەواژە ئاڵۆز و مشتومڕاویانەی کە دەیان ساڵە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەنگدانەوەی هەیە و بووەتە بەشێک لە گوتاری سیاسی و ململانێی ناوچەکە.
ئەم چەمکە تەنها بریتی نییە لە فراوانکردنی سنووری جوگرافی، بەڵکو تێکەڵەیەکی ئاڵۆزە لە بیروباوەڕی ئایینی، ئایدۆلۆژیای زایۆنی و بەرژەوەندییە جیۆپۆلیتیکییەکان کە هەڕەشە لە دیمۆگرافیا و سەقامگیریی سیاسیی ناوچەکە دەکات.
بنەما سەرەکییەکانی بیری ئیسرائیلی گەورە دەگەڕێتەوە بۆ تەورات و ئەو بەڵێنانەی کە تێیدا بە پێغەمبەر ئیبراهیم دراوە. لە کتێبی “پەیدابوون”دا هاتووە کە خودا بەڵێنی خاکێکی بەرفراوانی بە نەوەی ئیبراهیم داوە کە “لە رووباری میسرەوە تا رووباری فورات” درێژ دەبێتەوە. ئەم دیدە ئایینییە بۆ سەدان ساڵ وەک بەشێک لە کەلەپووری جووەکان مایەوە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی بزووتنەوەی زایۆنیستی لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەم خەونە ئایینییە بەرگێکی سیاسیی لەبەرکرا.
تیۆدۆر هێرتزل، کە وەک باوکی زایۆنیزمی سیاسی ناسراوە، لە یاداشتەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە دەوڵەتی جووەکان دەبێت لە “نۆکەندی میسرەوە تا فورات” بێت. ئەم دیدگایە بووە ئیلهامبەخش بۆ رەوتە جیاوازەکانی ناو بزووتنەوەی زایۆنی، بەتایبەتی رەوتی راستڕەو کە باوەڕی بەوە هەبوو تەواوی خاکی فەڵەستینی مێژوویی، بە ئوردونیشەوە، مافی گەلی جووە.
هیچ پێناسەیەکی یەکگرتوو و رەسمی بۆ “ئیسرائیلی گەورە” نییە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی لێکدانەوەی جیاوازی بۆ بکرێت. بەڵام دوو لێکدانەوەی سەرەکی بۆ ئەم چەمکە هەن:
لێکدانەوەی یەکەم (فراوان): ئەم لێکدانەوەیە لەسەر بنەمای بەڵێنە تەوراتییەکان دامەزراوە، سنوورێکی فراوان لەخۆدەگرێت کە لە رووباری نیل لە میسرەوە تا رووباری فورات لە عیراق و سوریا درێژ دەبێتەوە. ئەم دیدە بەشێک لە لوبنان، ئوردن، سوریا، عیراق و بەشێک لە میسر و سعودیەش دەگرێتەوە. هەرچەندە ئەمە دیدگای رەسمیی دەوڵەتی ئیسرائیل نییە، بەڵام لەلایەن هەندێک گرووپی توندڕەوی ئایینی و ناسیۆنالیستەوە بەردەوام بانگەشەی بۆ دەکرێت.
لێکدانەوەی دووەم (ململانێی هاوچەرخ): ئەم لێکدانەوەیە زیاتر واقیعیانەیە و ئاماژەیە بۆ ئەو خاکانەی کە ئیسرائیل لە شەڕی شەش رۆژەی ساڵی 1967دا کۆنترۆڵی کردن. ئەمەش کەناری رۆژئاوا، کەرتی غەززە، بەرزاییەکانی جۆلان و نیمچەدوورگەی سینا دەگرێتەوە (کە دواتر سینا بەپێی رێککەوتنی ئاشتی گەڕێندرایەوە بۆ میسر).
لەم چوارچێوەیەدا، زاراوەی “سەرزەمینی ئیسرائیلی تەواو” زۆرتر بەکاردێت و ئاماژەیە بۆ کۆنترۆڵکردن و نیشتەجێکردنی کەناری رۆژئاوا.
چەمکی ئیسرائیلی گەورە تەنها کێشەیەکی نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین نییە، بەڵکو هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ. لێدوانەکانی هەندێک لە بەرپرسانی ئیسرائیل، لەوانە بنیامین ناتانیاهوو، سەبارەت بە پابەندبوونیان بەم دیدگایە، کاردانەوەی تووندی لەلایەن وڵاتانی عەرەبییەوە لێکەوتۆتەوە.
پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە لە ساڵی 2026 دا
مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە چاوپێكەوتنێكی رۆژنامەوانيدا لەبارەی هەژموونی ئیسرائیل لە ناوچەكە بە ئاماژەدان بە دەقە ئاینییەکان هەرایەکی گەورەی دروستکردووە، هاکابی گوتی: ئەگەر ئیسرائیل دەست بەسەر هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بگرێت، كارێكی ئاسایی و قبوڵكراوە.
بەگوێرەی قسەکانی هاکابی، ئەو وڵاتانەی ئیسرائیل مافی هەیە بچێتە ناو خاکەکەیانەوە، یان ڕونتر بڵێین مافی ئەوەی هەیە بیلکێنێت بە خاکی خۆیەوە بریتین لە:
تەواوی خاکی فەڵەستین
ئوردن
لوبنان
سوریا
بەشێکی فراوان لە میسر
عێراق
سعودییە
وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، میسر، ئوردن، لوبنان، ئیندۆنێزیا، کوێت، قەتەر، عوممان، پاکستان، بەحرێن، سعوودیە، سووریا، فەڵەستین، ئیمارات و هەروەها ڕێکخراوی هاریکاری ئیسلامی، کۆمکاری عەرەبی و ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، سەرکۆنەی لێدوانەکانی مایک هاکابی، باڵیۆزی ئەمریکا لە ئیسرائیل کرد.
لە بەیاننامە هاوبەشەکەی ئەو وڵات و ڕێکخراوانەدا هاتووە: لێدوانەکانی هاکابی پێشێلکاری ئاشکرای یاساکانی نێودەوڵەتییەو میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانە و هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆیە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.
ئیسرائیل نەک تەنها لەسەر ئاستی لێدوان و قسەکردن، بەڵکو بەکرداریش نیشانی جیهانی داوە کە دەیەوێت پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە جێبەجێ بکات. لە شەڕەکانی دوو ساڵی ڕابردووی ئیسرائیل لەگەڵ بزوتنەوەی حەماس دا، لەسەر قۆڵی زۆربەی سەربازە ئیسرائیلییەكاندا، لەژێر ئاڵای ئیسرائیل، نەخشەیەكیشیان هەڵواسیبوو، کە بە زمانی عیبری لەسەری نووسرابوو: “خاكی ئیسرائیلی وادەپێدراو” واتە ئەوان لەلایەن خوداوە وادەیان پێ دراوە ئەو خاكە بەدەست بهێنن.

یەکێک لە رەهەندە هەرە دیارەکانی پڕۆژەی ئیسرائیلی گەورە، دروستکردنی کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانە لەو خاکانەی کە لە ساڵی 1967ەوە داگیرکراون. ئەم پڕۆسەیە لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی ئیسرائیلەوە پشتیوانی کراوە، تەنها ئامانجێکی ئایدیۆلۆژیی نییە، بەڵکو ستراتیژێکە بۆ سەپاندنی ئەمری واقیع و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەکە.
ژمارەی نیشتەجێبوان لە کەناری رۆژئاوا و قودسی رۆژهەڵاتدا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و گەیشتووەتە سەرووی 700 هەزار کەس. ئەمەش وایکردووە کە دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینیی سەربەخۆ کە لەسەر بنەمای سنوورەکانی 1967 بێت، لە رووی جوگرافییەوە ئەستەم بێت. هەروەها، ململانێی بەردەوام لە غەززە و سیاسەتەکانی ئیسرائیل، نیگەرانییەکانی لەبارەی هەوڵدان بۆ دەرکردنی فەڵەستینییەکان و گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرتەکە زیاتر کردووە.





