کاتێک واشنتۆن بە زمانی ئاگر لەگەڵ تاران دەدوێت

لە کاتێکدا جیهان چاوی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دیمەنە سەربازییەکان ئاماژە بە ڕاستییەکی مەترسیدار دەکەن. ناردنی ئەم هەموو هێزە زەبەلاحەی ئەمریکا بۆ ناوچەکە تەنها نمایشێکی سەربازیی ئاسایی نییە، بەڵکو گوزارشت لەوە دەکات کە واشنتۆن خۆی بۆ “ڕوداوێکی گەورە” ئامادە دەکات. کۆکردنەوەی دوو کەشتیی فڕۆکەهەڵگری ئەتۆمی، دەیان کەشتیی جەنگیی و هەزاران سەربازی ئامادە لە یەک کات دا، پەیامێکی بێپەردەیە بۆ تاران؛ کە ئیتر کاتی یارییە دبلۆماسییەکان کۆتایی هاتووە.

پنتاگۆن دەڵێت: ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە ناوچەکە گەیشتووەتە ئاستێک کە لە دوای جەنگی عێراقەوە وێنەی نەبووە. نەک هەر ژمارەی سەربازەکان کە ٤٠ هەزار سەربازە، بەڵکو کوالێتی ئەو چەکانەی هێنراونەتە ناوچەکە نیشانەی ئەوەن کە ئامانجی سەرەکی واشنتۆن “ئیفلیجکردنی تەواوەتیی تواناکانی ئێرانە”. کەشتیی ” جێرالد فۆرد” کە وەک قەڵایەکی ئەتۆمی دەبینرێت وردە وردە نزیک دەبێتەوە لە ئێران، لەگەڵ “یو ئێس ئێس ئەبراهام لینکۆڵن”دا، ناوچەکەیان کردووەتە گۆڕەپانێکی ئامادە بۆ هێرشێکی لەناکاو. ئەوەی لێرەدا دەگوزەرێت، تەنها کۆبوونەوەیەکی “لەخۆڕا” نییە، بەڵکو داڕشتنەوەی سیناریۆیەکە کە تێیدا هەموو بنکە ئەتۆمییەکان، جبەخانە موشەکییەکان و ناوەندەکانی فەرماندەیی ئێران، دەکەونە بەر ڕەحمەتی ئاگری ئەمریکا.

لە ڕووی تەکنیکی و موشەکییەوە، ئەمریکا کەڵبەکانی بۆ جەستەی ئێران تیژ کردووە. موشەکەکانی “تۆماهۆک” کە لەسەر کەشتییەکانەوە جێگیرکراون، توانای بڕینی 1600 کیلۆمەتریان هەیە؛ ئەمەش واتای ئەوەیە هیچ شوێنک نییە لە ئێران دا لە دەستی ئەم موشەکانە پارێزراو بن. جگە لەوەش، موشەکەکانی SM-3 و SM-6 وەک دیوارێکی پۆڵاین ڕێگری لە هەر وەڵامدانەوەیەکی موشەکیی ئێران دەکەن. هەرچی ئاسمانیشە، فڕۆکەکانی F-35C ئەرکیان ئەوەیان پێدراوە لە یەکەم ساتی هێرشەکەدا بەرگرییە ئاسمانییەکانی ئێران کوێر بکەن.

ئەم هێزە زۆرەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کۆکراوەتەوە، ئەوەمان پێ دەڵێت کە “سەعاتی سفر” نزیک بووەتەوە. چونکە ناچێتە ئەقڵی کەسەوە خەرجیی ئەم هەموو هێزە و جووڵاندنیان لە زەریاکانەوە، بەتەنها بۆ ترساندن بێت، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی هێرشێکە کە لە مێژووی ناوچەکەدا وێنەی نەبووە.

ئەمریکا لەرێگەی سیستەمەکانی “تاد” و “پاتریۆت”ەوە دیواریکی وای دروست کردووە کە تەنانەت درۆن و موشەکە بالیستییەکانی ئێرانیش نەتوانن پێیدا تێپەرن.

بەڵام بیرمان نەچێت ئەم جەنگە تەنها لە بەرەکانی پێشەوە بەڕێوە ناچێت، چونکە لە پشت پەردەکانەوە، گەورەترین مەکینەی هەواڵگریی جیهان خراوەتە گەڕ. هەریەکە لە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئەمریکا، (CIA) و (NSA) ، بە تەواوی توانایانەوە خراوناتە خزمەت ئەم هێرشە چاوەڕوانکراوە. بەجۆرێک تۆڕە چڕەکانی هەواڵگریی و مانگە دەستکردەکان، چرکە بە چرکە بچووکترین جووڵەی ناو خاکی ئێران دەپێون. ئەم هەماهەنگییە ئەوەمان پێ دەڵێت کە ئەمریکا نەک هەر ئامادەی وەشاندنی گورزەکەیە، بەڵکو پێشوەختە هەموو خاڵە لاوازەکانی نەیارەکەشی دەستنیشان کردووە و هیچ شتێکی بۆ ڕێکەوت جێنەهێشتووە.

ئەنجامی ئەم هێرشەی ئەمریکا تەنها ڕووداوێکی کاتی نابێت، بەڵکو کۆتاییهاتنی سەردەمێک و دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە مێژووی ناوچەکەدا. “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” لە دوای لێدان لە تاران، هەرگیز وەک خۆی لێ نایەتەوە. هاوکێشە کۆنەکان هەڵدەوەشێنەوە و نەخشەی هێز بە ئاگر و لەسەر بنەمای باڵادەستیی واشنتۆن دادەڕێژرێتەوە.

لە کۆتاییدا، هەموو ئاماژەکان بەرەو یەک خاڵی یەکلاکەرەوە دەچن؛ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە و پریشکەکەی زۆر لەوە زیاتر دەبێت کە بیری لێ دەکەینەوە. بەجۆرێک کاتێک یەکەم دەنگی ئەم تەقینەوەیە دەبیستین، ئیتر جیهان تێدەگات کە ئەمە تەنها گۆڕینی هاوکێشەیەک نەبووە، بەڵکو نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ بووە بە زمانی بارووت؛ مێژوویەک کە تێیدا واشنتۆن بڕیاری داوە بە یەکجاری و بۆ هەمیشە، مۆری خۆی لەسەر ناوچەکە دابنێت و کۆتایی بەو تەحەدییانە بهێنێت کە ساڵانێکی درێژ بوو خەوی لە چاوی پلانداڕێژەرانی کۆشکی سپی زڕاندبوو.

Back to top button