
بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە لە کاتێکدا ئێران لەژێر هێرشی مووشەکیی ئیسرائیل و ئەمریکادا بوو، عەلی خامنەیی لەگەڵ چەند ڕاوێژکاری باڵای خۆی لە کۆبوونەوەدابووە، خامنەیی پێی وانەبووە ئەو دوو وڵاتەی ئەو دروشمی مەرگی لە دژیان دەگوتەوە، هێندە ئاسان بیکەنە ئامانج و بیکوژن. بەڵام کوشتیان.
ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل کە خامنەیی کوشت، دوو مانگ بوو سەرۆک ترامپ لەنێوان ڕێگەی دیپلۆماسی و ڕێگەی شەڕدا تیامابوو، ڕۆژی هەینی شەڕی هەڵبژارد.
قەیرانەکە لە کۆتاییەکانی مانگی کانوونی دووەمدا بە ڕاپەڕینی گشتی لە ئێران دەستیپێکرد، ترەمپ لە دانوستانەکاندا پڕ بوو لە پێچ و پەنا، لە کۆتاییدا ئەو ناڕوونییە بۆ خۆی سەرمایەیەکی ستراتیجی بوو، ئەمەش وایکرد سەرکردایەتی ئێران بەرەوڕووی گەورەترین هێرشی ئاسمانی بێتەوە کە تا ئێستا لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە ئەنجامدرابێت.
تۆوی ئۆپراسیۆنی ڕۆژی شەممە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا چێندرا، کاتێک بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە مار ئا لاگۆ سەردانی ترەمپی کرد. خۆپیشاندانەکانی دژ بە ڕژێم لە ئێران تازە دەستیپێکردبوو و هێشتا ڕوون نەبوو کە تا چەند گرنگ دەبن. ناتانیاهۆ کۆبوونەوەکەی بەکارهێنا بۆ تاوتوێکردنی بەدواداچوونی هێرشە هاوبەشەکانی ساڵی ڕابردوو، کە زیاتر جەختیان لەسەر تواناکانی مووشەکی بالستیکی ئێران کردبوو، کە وا پلانی بۆ دانرابوو لە دەوروبەری مانگی ئایاردا ئەنجام بدرێت. لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، حسابەکە گۆڕا. ڕژێم بە هەموو هێزێکەوە سەرکوتی خۆپیشاندانی کرد و هەزاران کەسی کوشت. ترەمپ لە ماڵپەڕی تروس سۆشیال نووسی “یارمەتی بەڕێوەیە” و داوای لە خۆپیشاندەران کرد دەست بەسەر دامەزراوەکانی حکومەتدا بگرن.
لە 14ی کانوونی دووەمدا، ترەمپ لەسەر لێواری فەرمانی هێرش بوو بەڵام پاشەکشەی کرد. لە جیاتی ئەوە، فەرمانی دا بە کۆکردنەوەی هێزی سەربازیی گەورە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە نهێنی دەستی کرد بە پلاندانانی ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەش لەگەڵ ئیسرائیل. لە هەفتەکانی دواتردا، بەڕێوەبەری مۆساد دوو جار سەردانی واشنتنی پایتەخت کرد، بەدوایدا سەرۆکی هەواڵگریی سەربازی ئیسرائیل و سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل کە هەموویان هەماهەنگییان کرد بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی تووڕەیی داستانیی (ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمریکا) و نەڕەی شێر (ناوی ئۆپەراسیۆنەکەی ئیسرائیل.
پێگەی ئەکسیۆس-ی ئەمریکی زانیاریی وردی لەبارەی دواین کۆبونەوەی نێوان ئەمریکا و ئێران ئاشکراکردوەو دەڵێت، ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو : کاتێک جارید کوشنەر و ستیڤ ویتکۆف گەشتیان بۆ ژنێف کرد، گومانیان هەبوو لەوەی بگەنە هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا کۆبوونەوەکەیان ئەنجامدا. ئەمەش وای لە ئێرانییەکان کرد بڕوا بکەن کە ڕێگەی دیپلۆماسی هێشتا کارایە.
بەرپرسێکی ئەمەریکی گوتویەتی “یەکێک لە یاساکانی رێککەوتن ئەوەیە کە دەبێت زۆر بە خێرایی بزانیت کە ئایا ڕێکەوتنێک هەیە یان نا.” لە ژوورەکەدا، ئێرانییەکان تەنانەت لە نەرمترین هەڵوێستی ئەمریکا نزیک نەبوونەوە. دوای یەکەم دانیشتن، کوشنەر و ویتکۆف پەیوەندیان بە جێگری سەرۆک (جەی دی ڤانس)ەوە کرد و پێیان ڕاگەیاند، کەلێنەکان هێشتا فراوانن. جەولەی گەڕی دوومی ئەم ئێوارەیە هیچ شتێکی نەگۆڕی.
کاربەدەستێکی باڵای ئەمەریکی گوتویەی “کوشنەر و ویتکۆف بینیویانە کە پێشنیازەکەی ئێران بۆ سنوردارکردنی پیتاندنی یۆرانیۆم، قسەی بێمانایە و تەنها مەبەستی کڕینی کات بوو.”
بەرپرسێکی دیکە ستراتیژی ئێرانی بە “یاری، فێڵ، تاکتیکی دواخستن” دۆخەکەی وەسفکردوو . ئەو بەرپرسە گوتی “ئێمە ئەمەمان بە سەرۆک ڕاگەیاند و ئاشکرایە کە ئەو بژاردە جیاوازەکانی هەڵسەنگاندووە.”
کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن سێ بوار هەیە کە ئێران لەسەری ڕازی نابێت.
بەرنامەی ئەتۆمی و چالاکیەکانی پیتاندنی ناوەکی: ئەمریکا سووتەمەنی ئەتۆمی بەخۆڕایی پێشکەش بە ئێران کرد بۆ پرۆگرامێکی ئەتۆمی مەدەنی بۆ کاتێکی نادیار، لە بەرامبەر دەستبەرداربوون لە پیتاندنی ناوەکی. ئێرانییەکان وتیان نەخێر. بەرپرسێک گوتی “ئەوە هەواڵێکی گەورە بوو”.
بەرنامەی مووشەکی بالستیکی: ئێرانییەکان “لە هەموو حاڵەتێکدا” ڕەتیان کردەوە باسی توانا مووشەکیەکانیان بکەن. بەرپرسێک گوتی “ئێمە ناتوانین لە جیهانێکدا بژین کە ئەم خەڵکە نەک تەنها مووشەکیان هەیە، بەڵکو توانای دروستکردنی 100 مووشەکیان هەیە لە مانگێکدا”.
هەروەها ئێران ڕەتی کردەوە باسی لایەنی دارایی و پڕچەکردنی گروپە چەکدارەکان بکات لە ناوچەکەدا، کە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەڵێن دەیان ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان ناسەقامگیر کردووە. کاربەدەستانی ئەمەریکا دەڵێن پێش و لەکاتی گفتوگۆکاندا، هەواڵگری ڕوونی کردووەتەوە کە ئێران خەریکی بنیاتنانەوەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانە کە ترەمپ دەڵێت لە ئۆپەراسیۆنی نیوەشەوی مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا لەناوچوون. کاتێک کوشنەر و ویتکۆف داوای پێشنیارێکی کۆنکرێتیان کرد، ئێرانییەکان بەڵگەنامەیەکی حەوت لاپەڕەییان ئامادە کرد کە تێیدا پێداویستییەکانی پیتاندنی ماددەی یۆرانیۆمیان دیاری دەکرد. تیمەکەی ترەمپ لەگەڵ چاودێری ئەتۆمی نەتەوە یەکگرتووەکان پشکنینیان بۆ ژمارەکان کرد. بەرپرسێک گوتی “ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی کە توانای پیتاندن نزیکەی پێنج ئەوەندە زیاتر بێت لەوەی کە لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی ساڵی 2015 دا هاتووە.” بۆیە لەو کاتەدا ئەمریکییەکان هەست دەکەن ئێرانیەکان خەریکە فێڵ دەکەن.
دوایین کاتژمێرەکان: دوای جنێڤ، وەزیری دەرەوەی عومان بەپەلە بەرەو واشنتن بەڕێکەوت و ڕۆژی هەینی لەگەڵ ڤانس کۆبووەوە لە دوایین هەوڵدا بۆ دواخستنی بڕیارەکەی ترەمپ.
بەڵام سەرۆک بڕیاری خۆی دابوو. بەیانی ڕۆژی شەممە، خامنەیی یاریدەدەرەکانی کۆکردەوە، هەروەک پلاندانەرانی ئەمەریکا و ئیسرائیل پێشبینییان کردبوو.
لە هەمان کاتدا، دوو کۆبوونەوەی دیکەی بەرپرسانی ئاسایش و هەواڵگری ئێران لە سەرووی زەوییەوە لە تاران بەڕێوەدەچوو. چەند خولەکێک دواتر، هەرسێکیان لە یەک کاتدا کرانە ئامانج. ئەگەر ئێرانییەکان بچنە جنێڤ و ئەوەی ترەمپ دەیەوێت بدایە، ئەوا ڕێڕەوی سەربازی خاو دەکرد. بەڵام ئەوان لەخۆبایی بوون و پێیان وابوو ترەمپ هیچ کارێک ناکات لە دژیان، بەڵام دەرکەوت هەڵەبوو.





