
ئەگەر کێشەیەک هەبێت کە زۆرینەی ئیسرائیلییەکان یەکبخات، ئەوەیە کە ئێران هەڕەشەی وجودی بۆ سەر دەوڵەتی جوولەکە دروست دەکات. لەگەڵ ئەوەشدا، زۆربەیان لەو باوەڕەدان کە تەنها چارەسەری سەربازی بۆ ئەم مەترسیە هەیە، نەک دیپلۆماتی. لەبەر ئەوە هەڵمەتی سەربازی هاوبەشی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی تەنها وەڵامێک نییە بۆ پەرەسەندنەکانی ئەم دواییانە. ڕەگ و ڕیشەی ناکۆکییەکان دەگەڕێتەوە بۆ شۆڕشی 1979 ی ئێران. ئەوەی لەم بۆنەیەدا تاڕادەیەک تازەیە ئەو ڕاشکاوییە کە سەرکردایەتی ئیسرائیل پێی دەڵێت، ئامانجی جەنگەکە لە لەناوبردنی هەڕەشەی سەربازی ئێران زیاترە و تەلئەبیب چاوی لە گۆڕینی ڕژێمی ئێرانە. ئەو هەڵوێستە دەستبەجێ و بێ دوودڵی لەلایەن سەرکردەی ئۆپۆزسیۆن یائیر لاپید و کۆی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئیسرائیل پەسەند کرا.
لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، هەستێکی یەکلاکەرەوە سەبارەت بە هێرشی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هاتە ئاراوە. گومانەکە ئەوە بوو کە دانوستانەکانی ژنێڤ و ئەو ڕاپۆرتانەی دەربارەی بەرەوپێشچوون بەدەستهاتوون، تەنها ڕووپۆشێک بوون لە هەڵخەڵەتاندن و جەنگێکی دەروونی بوو بۆ هێورکردنەوەی سەرکردایەتی ئێران بۆ هەستێکردنێکی ساختە بە ئاسایش.
بۆ مانۆڕی ئاشکرای جەنگئ ئەمجارە، ستراتیژەکەی ئەمریکا و ئیسرائیل سەرکەوتوو بوو، سەرکردایەتی ئێران، وەک شەڕی 12 رۆژی مانگی حوزەیرانی رابردوو، تووشی سەرسوڕمان بوون، وئایەتوڵڵا عەلی خامنەیی لە شەپۆلی یەکەمی هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژرا.
هەڵوێستی ئیسرائیل
ئیسرائیل لە دۆخێکی جیۆپۆلەتیکی ئاڵۆزدا چووە ناو ئەم جەنگەوە. لە دوای ڕووداوەکانی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023، بەشێکی زۆری متمانەی سەربازی خۆی بەدەست هێنایەوە، بەڵام بە هەمان شێوە پێگەی سیاسی و ئەخلاقی لەدەستدا.
توانای سەربازی زۆربەی بریکارەکانی ئێرانی لاواز کردووە، کە پێیان دەگوترێت بەرەی مقاوەمە، چ حەماس لە غەززە بێت یان حیزبوڵڵا لە لوبنان یان حوسییەکان لە یەمەن. بە پێچەوانەی سەرۆکی پێشووی سوریا، ئێستا ئەحمەد شەرع، سەرۆکیی کاتی سوریا دۆستی رژێمی تاران نییە. سەرەڕای ئەوەش، پاش شەڕی 12 رۆژە لەگەڵ ئێران، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل باڵادەستی تەواوی بەسەر ئاسمانی ناوچەکە بەدەستهێنا، هەرچەندە لە ناوخۆدا نرخێکی قورسی هەبوو: لاوازییەکانی ئیسرائیل بەهۆی جوگرافیاکەی و چڕی دانیشتووانەکەی لە ناوچەیەکی تاڕادەیەک بچووکدا ئاشکرا بوون.
لەگەڵ ئەوەشدا پێگەی سیاسی ئیسرائیل زۆر لاواز بووە. بەکارهێنانی هێزی لە ڕادەبەدەر بەبێ گوێدانە ژیانی هاووڵاتیانی مەدەنی بەتایبەتی لە غەززە پەیوەندییەکانی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە چووەتە قۆناغێکی پڕ لە گرژییەوە. هاوپەیمانە نزیکەکان لە ئەوروپا و شوێنەکانی تر ڕەخنەیان لە ئۆپەراسیۆنەکانی گرتووە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی ڕەفتاری ئیسرائیل لە سەردەمی ناتانیاهۆدا، ( ئەگەری زۆرە بەهۆی فشاری سیاسی ناوخۆییەوە بێت) نەیتوانیوە سەرکەوتنە سەربازییەکان بگۆڕێت بۆ دەستکەوتی دیپلۆماسی. هەموو ئەو بەرانەی کە لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا کردوویانەتەوە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە، چونکە حکومەتی ئیسرائیل بەردەوام جەخت لەسەر پێویستی سەرکەوتنی ڕەها یان تەواو دەکاتەوە. ئەم ئامانجانە دەبنە هۆی جەنگی بێ کۆتایی، بەڵام لە هەڵمەتی ئێستادا هەمان زمان سەبارەت بە ئێران بەکاردەهێنرێت. ئەمەش نیگەرانییەکی قووڵی لای وڵاتانی کەنداو دروستکردووە کە ئێستا لەژێر هێرشی ئێراندان.
جێی سەرسوڕمانە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، کە شانازی بە خێرایی یەکلاییکردنەوەی ناکۆکیەکان دەکات نەک دەستپێکردنیان، وادیارە لە زۆربەی ڕووەکانەوە پابەندە بەوەی ناتانیاهۆ دەیکات.
سەبارەت بە ئێران، دانوستانکارانی ئەمەریکا جەختیان لەوە کردەوە، ئەستەمە هەموو داواکارییەکان سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم و سنووردارکردنی پەرەپێدانی مووشەکی بالستیک و کۆتاییهێنان بە پشتیوانی لە گروپە بریکارەکان بە تەواوی لەلایەن تارانەوە قبوڵ بکرێت.
ستیڤ ویتکۆف سەرۆکی شاندی دانوستانکاری ئەمریکا لە لێدوانێکدا بۆ فۆکس نیوز گوتی: ترەمپ سەرسام بووە کە بۆچی ئێرانییەکان بە ئاسانی ملکەچی داواکارییەکانی نابن و هەر لە سەرەتاوە هیچ بوارێکیان بۆ سازش نەبوو، تەنها بژاردەی سەربازی هەبوو. ئەوەش دۆخێکی دروستکرد کە پێشبینی بەرەوپیشچوون لە دانوستاندنەکان نەکرێت.
ترەمپ و ناتانیاهۆ لە کۆتایی یەکەم ڕۆژی جەنگی ئەمجارەدا هانی ئێرانییەکانیان دا ڕژێمەکەیان بڕووخێنن. ئەمە وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی کەنداو زۆر نیگەران دەکات، چونکە لەوانەیە ئەوە ببێتە ببێتە هۆی چڕکردنەوەی هێرشەکانی تاران بۆسەریان و سیناریۆی پشێویی گەورە لە ناوچەکەدا بڵاو ببێتەوە.
وەڵامی ئێران بۆ هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا و ئیسرائیل هێرشکردنە سەر وڵاتانی کەنداو بوو، کە ئێستا خۆیان لە شەڕێکدا دەبیننەوە پێشتر زۆر هەوڵیان داوە ڕێگری لێبکەن. ئەگەر شەڕەکە کە پێشبینی دەکرێت چەند هەفتەیەک بەردەوام بێت و چارەسەر نەکرێت و گەرووی هورمز و بەشێکی زۆری ئاسمانی کەنداو دابخرێت، ئەوا ئەمەریکا و ئیسرائیل بەرپرسیارێتیان دەکەوێتە ئەستۆ. ئاکامەکان خراپتر دەبن ئەگەر شەڕەکە ببێتە هۆی توندڕەوی و دوژمنایەتی زیاتر لەنێوان سوننە و شیعەکاندا، وەک هەندێک لە شیکەرەوەکان دەترسن ئەو سیناریۆیە ڕووبدات.
زۆرێک لە ئێرانییەکان و بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شیوەن بۆ ڕژێمە دڕندەکەی تاران ناکەن کاتێک دەڕوخێت، بەڵام ئیسرائیل کە ئێستا ئۆپەراسیۆنەکانی بۆ لوبنان فراوان کردووە، جارێکی تر تووڕەیی کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی بەڕووی خۆیدا دەتەقێنێتەوە.
گرەوی نەتانیاهۆ
ناتانیاهۆ گرەوی لەسەر ئەوە کردووە کە دەستپێکردنی ئەم جەنگە چانسی مانەوەی سیاسی زیاد دەکات. لەوەش نیگەرانتر ئەوەیە کە ئەو قومار لەسەر ئاسایشی درێژخایەن و پێگەی نێودەوڵەتی وڵاتەکەی دەکات.
ئێستا ساڵی هەڵبژاردنە لە ئیسرائیل و ناتانیاهۆ ئومێدی بە مانەوەی لە دەسەڵاتدا نییە. بۆ ئەوەی قومارەکە سوودی هەبێت دەبێت کەمترین قوربانی لە ماڵەکەی خۆیدا بدات. ئیسرائیل و ئەمریکا هەردووکیان تا ئێستا لەسەر باشترین سیناریۆ کار دەکەن.
هەروەها ناتانیاهۆ گرەوی لەسەر ئەوە دەکات کە پشتیوانی ترەمپ بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی بەرنامە ئەتۆمی و هەڕەشە سەربازییەکانی ئێران لادەبرێت و گۆڕینی ڕژێم جێبەجێ دەکرێت. ئەوە مەترسیدارە.
ئەگەر ئەم جەنگە بە ئاڕاستەیەکی هەڵەدا بڕوات و کۆمارییەکان لە هەڵبژاردنەکانی (کۆنگرێس)دا قورسایی لەدەست بدەن، ئەوا لۆمەکەی دەکەوێتە ئەستۆی ئیسرائیل و کاریگەری درێژخایەنی لەسەر هاوپەیمانێتی نێوان هەردوو وڵات دەبێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە گومان لە نێو دیموکراتەکان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا زیادیکردووە.
لە کۆتایی جەنگی حوزەیرانی ساڵی رابردوو لەگەڵ ئێران، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هەڕەشەی بوونی ئێران بۆ لەناوبردنی ئیسرائیل نەماوە. بە وتەی ئەو، ئەم سەرکەوتنە مێژووییە بۆ نەوەکان بەردەوام دەبێت. تەنها 8 مانگ دواتر، وڵاتەکە کەوتۆتە شەڕێکی ترەوە و تەنانەت توندتر لەگەڵ دوژمنە سەرەکییەکەی لە ناوچەکەدا. هۆکارەکەش هەمان هۆکارەکەی پێشتر بوو ئەویش: وەستانی ئێران لە پەرەپێدانی توانای سەربازیی و ئەتۆمی، سنووردارکردنی مەودای مووشەکی بالستیکی، یان ڕێگریکردن لە پشتیوانیکردنی دوژمنانی ئیسرائیل لە نزیک سنوورەکانی.
لەگەڵ ئەوەشدا، ئیسرائیل چووە ناو ئەم جەنگەوە تا ڕادەیەک لە زۆربەی پایتەختەکانی هاوپەیمانەکانی پێشوازی لێناکرێت و هیچ گەرەنتییەک نییە بۆ بەدەستهێنانی هەموو ئامانجەکانی بەبێ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو ئاژاوە ببات. ناتانیاهۆ تەنیا هیواخوازە کە قومارەکەی سەرکەوتوو بێت.





