
پردی 14ی تەمموز، یاخود ئەوەی لەنێو خەڵکی بەغدا بە “پردی هەڵواسراو” بەناوبانگە، بووەتە سەنگی مەحەک لە تێوەگلانی تەواوەتی عێراق لە جەنگی ئێرانەوە، پردەکە بڕیار دەدات گورزەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بگەنە نێو دڵی دەسەڵاتدارانی شیعە یاخود نا. بە پردی هەڵواسراو ناسراوە، چارەنووسی سەرکردە شیعەکانیش هەر بەو پردەدا هەڵواسراوە.
پردی 14ی تەمموز کە بە پردی هەڵواسراوی کەرادە ناسراوە، پردێکی هەڵواسراوە و ڕووباری دیجلە لە بەغدا دەبڕێت. لە ساڵی 1964 کرایەوە، پردەکە شەقامی 14ی تەمموز، نزیک ناوچەی سەوز (لە دیوی کەرخ)، بە ناوچەی کەڕادە (لە دیوی ڕەسافە) دەبەستێتەوە. لە بنەڕەتدا پردەکە دوو ئاڕاستە بوو، بەڵام بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی دوای لەشکرکێشی ئەمریکا بۆسەر عێراق لە ساڵی 2003 و پشکنینی توندی ئەمنی، ئێستا پردەکە بووەتە یەک ئاڕاستە.
گرنگی ئەم پردە لەوەدایە لەحاڵەتی تێپەڕین بەسەریدا دەگەیتە نزیک ناوچەی سەوز، ئەو ناوچەیەی حکومەت و پەرلەمان و ماڵی بەرپرسانی لێیە، بەڵام بۆ عێراقییەکان لەهەموو ئەوانە گرنگتر باڵیۆزخانەی ئەمریکایە کە دەکەوێتە ناوچەی سەوزەوە، بۆ گەیشتنیش بەو باڵیۆزخانەیە، دەبێت بەسەر پردی هەڵواسراودا برۆی، واتا بڕینی پردەکە یەکسانە بە گەیشت بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
ساڵی 2019 لایەنگرانی بەرەی مقاوەمە پردەکەیان بڕی و هێرشیانکردەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، دروشمی خۆپیشاندەران چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا بوو لە عێراق، ئەوا بەردەم باڵیۆزخانەکەیان سوتاند و هەڕەشەیان لە کارمەندەکانی کرد، بە ماوەیەکی کەم دوای ئەو ڕووداوە، شەوێکی درەنگ خەڵکی بەغدا بە دەنگی تەقینەوەیەکی گەورە بە خەبەرهاتن، دواتر دەرکەوت لەکاتی گەیشتنی بە خاکی عێراق قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس کراوەتە ئامانج، لەگەڵیدا ئەبو مەهدی موهەندیس هەبوو، کە لەو کاتەدا جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی بوو، هەردووکیان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەدا کوژران، دواتریش ئەمریکا بە فەرمی کارەکەی لە ئەستۆی خۆی گرت.
بەرپرسانی ئەمریکا دوای ئەو ڕووداوە هۆشدارییان بە حکومەتە جیاوازەکانی عێراق داوە، هەر جۆرە هەوڵدانێک بۆ هێرشکردنەسەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئاکامەکەی بۆ عێراق خراپ دەبێت.
لە ڕۆژی یەکشەممەوە کوژرانی عەلی خامنەیی، ڕابەری باڵای ئێران پشتڕاستکراوەتەوە، لەوکاتەوە تا ئەمڕۆ لایەنگرانی گروپە چەکدارە شیعەکان هەوڵی تیپەڕبوون لە پردی هەڵواسراو و گەیشتن بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا دەدەن، بەڵام هێزە ئەمنیەکانی عێراق بە تووندی لە دژیان وەستاونەتەوە و تەنانەت خەڵکیش بریندار بووە، چونکە هێزە ئەمنیەکان دەزانن لەم کاتەدا خۆپیشاندەران بچنە ناوچەی سەوزەوە، کارەساتێک ڕوودەدات کە لە پێشبینی کەسدا نیە.
توانای تەواوی عێراق تەنها لە بواری سەربازیدا نییە، بەڵکو سیاسیشە، بەو پێیەی پەرەسەندنی ناوچەکە دەتوانێت بەغدا بکاتە گۆڕەپانی فشاری هاوبەش، ئاڵنگارییەکەش ئەوەیە کە ڕێگری بکرێت لەوەی باڵیۆزخانەکە ببێتە هێمای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاشکر، هەروەها ئاڵنگاریی ڕاستەقینە سیاسییە، وەک ئەوەی هەندێک فراکسیۆن کە قورسایی سیاسییان هەیە بڕیار بدەن شەقام بجوڵێنن، لەوکاتەشدا دەوڵەت ڕووبەڕووی دوو بژاردە دەبێتەوە؛ یان هێز بەکاربهێنێت دژی جەماوەرێکی توڕە یان ڕێگەدان بە ناڕەزایەتی ڕەمزی، کە دەتوانێت لە هەر ساتێکدا بێت لەدەست دەربچێت.
پردی هەڵواسراو تاقیکردنەوەیەکی ئەمنی و سیاسی گەورەیە بۆ حکومەتی عێراق و سەرکردە شیعەکان، دروستبوونی دۆخێک لەو ناوچەیە و تێپەڕین بەسەر پردەکە بۆ گەیشتن بە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، عێراق و سیستمە سیاسییەکەی دەخاتە نێو تونێلێکی تاریکەوە، ئەگەر لە پێشوودا ئەمریکا هەندێک چاوپۆشیی بۆ دۆخی عێراق و حوکمڕانییەکەی هەبوبێت، ئەمجارە دۆخێک ڕوودەدات کە بە تەواوی بناغەی حکومەتی 23 ساڵەی شیعەکانی عێراق دەخاتە لەرزە.
مێژووی لێدان لە پردەکە:
لە کاتی جەنگی دووەمی کەنداودا، پردەکە بەهۆی بۆردومانی ئەمریکاوە لە شوباتی 1991 و لە کاتی ئۆپەراسیۆنی گەردەلولی بیاباندا، زیانێکی زۆری پێگەیشت. بەڵام حکومەتی ئەوکاتەی عێراق (ڕژێمی بەعس) سەرەڕای گەمارۆ ئابورییەکان کە لە ساڵانی نەوەدەکاندا بەسەر عێراقدا سەپێنرابوو، پردەکەی نۆژەن کردەوە. دوابەدوای هێرشی ئەمریکا بۆسەر عێراق لە نیسانی 2003، ناوچەکە بە ناسەقامگیر دانرا و لەبەر باری ئەمنی داخرا.
لە 25ی تشرینی یەکەمی 2003 بە فەرمی پردەکە کرایەوە، بەڵام لە 13ی تشرینی دووەمی 2003 بەهۆی بۆردومانێکی زۆرەوە بە ناچاری دووبارە داخرایەوە تا ناوەڕاستی ساڵی 2004. ناو بەناو پردەکە بەڕووی خەڵکدا دادەخرا، چونکە دەچووە ناوچەی سەوز کە نووسینگەی سەرۆک وەزیران و باڵیۆزخانەی ئەمریکای تێدایە. عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عێراق لە 10ی کانوونی دووەمی 2018، بە بۆنەی سەرکەوتن بەسەر داعش و باشتربوونی دۆخی ئەمنی وڵات، پردەکەی بەڕووی خەڵکدا کردەوە.





