دیموکراسی بە زەبری بۆمب نایەتەدی؛ لێدانی ئێران و لێکچونەکانی هێرشکردنەسەر سەدام حسێن لەساڵی 1991

 

لەگەڵ بەردەوامی شەڕی ئێران و مەترسی فراوانبوونی شەڕەکە بۆ تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پانتایی و ئامانجەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لە تاریکی دا ماونەتەوە. دۆناڵد ترەمپ لە نێوان بانگەشەی ئەوەی کە داوای گۆڕینی ڕژێمی ئێران ناکات و هەوڵەکانی ئیسرائیلیش بۆ گۆڕینی ئەو ڕژێمە تیا ماوە.

ئێستا وا دەردەکەوێت گۆڕینی ڕژێمی ئێران ئامانجی سەرەکی ئەمریکا و ئیسرائیل بێت، بەڵام ئامانجێکی نا ڕوون، شەڕەکە ئاشتی بۆ ناوچەکە ناهێنێت- تەنیا ناسەقامگیری و توندوتیژی زیاتر دەکات. مێژووی ناوچەکە چەندین نموونەی لەو شیوەیە دەخاتە ڕوو، کە بەبێ ئامانجی ڕوون هێرشی گەورە ئەنجامدراوە.

“پرۆسەی مەدرید” وەک نموونە

لە ساڵی 1991 سەرۆک جۆرج دبلیو بوش، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا تێگەیشت لەوەی تەنانەت لە کاتێکدا هاوپەیمانێتیەکی سی وڵاتی کۆکردووەتەوە بۆ دەرهێنانی سەدام حسێن لە کوەیت، بەڵام هێنانە ناوەوەی هێزی ئەمریکی لە ناوچەکەدا کە شەڕی وڵاتێکی عەرەبی دەکەن، لای زۆرێک لە عەرەبەکان جێی بایەخ نابێت. لە ئەنجامدا بڕیاریدا کە سیاسەتی “گۆڕینی ڕژێمی عێراق” ئامانجی ئەمریکا نییە و مەودای بوونی هێزەکانی ئەمریکای سنووردار کرد.

ڕاستەوخۆ دوای هەڵمەتە سەرکەوتووەکەی ڕزگارکردنی کوەیت، ئەمریکا هەوڵێکی سەرنجڕاکێشی دا بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکانی ململانێکان بخاتە سەر مێزی دانوستان، چ وەک ڕێگەیەک بۆ ئارامکردنەوەی ناوچەکە و چ وەک هەوڵێک بۆ هێنانەدی ئاشتی – بەو پێیەی بەشێکی زۆری ناسەقامگیری ناوچەکە لە ململانێی نێوان ئیسرائیل و دراوسێ عەرەبەکانیەوە سەرچاوە دەگرێت. ئەمریکا سەرۆکایەتی ئەو پرۆسەیەی کرد کە بە پڕۆسەی مەدرید ناسرا. فەلەستینییەکان، ئوردن، سوریا و لوبنان پرۆسەی دانوستانیان لەگەڵ ئیسرائیل دەستپێکرد، بۆ ئەوەی هەوڵبدەن چارەسەرێکی هەمەلایەنە بۆ ململانێی عەرەب – ئیسرائیل بدۆزنەوە، ئەمریکا وەک ناوبژیوانی سەرەکی لەنێوانیاندا ڕۆڵی دەگێڕا.

دەتوانرێت مشتومڕ لەسەر سەرکەوتن و شکستەکانی پرۆسەی مەدرید بکرێت، بەڵام سەردەمێکیشی لە هیوا هێنایە ئاراوە، هەرچەندە کورت بووبێت، کە هەموو لایەنەکان پێیانوابوو کە ڕەنگە دواجار چارەسەرێکی ئاشتیانە لەبەردەستدا بێت- بەتایبەتی کە ئەمریکا ئامادەبوو نەک تەنها وەک بانگهێشتکەرێک، بەڵکو وەک گەرەنتیکەرێکی تەواوی پرۆسەکە مامەڵە بکات.

هەمان ئیدارەی ئەمریکا هیوای خواست کە لەناوبردنی سوپای عێراق لە ساڵی 1991دا ببێتە هۆی ڕاپەڕینی عێراقییەکان لە دژی دیکتاتۆرەکەیان و کۆتاییهێنان بە ڕژێمێکی دڕندە. کۆشکی سپی بڕیاریدا کە پێڵاوی سەربازەکانی بخاتە سەر زەوی بۆ ئەوەی ڕێپێوان بکات بۆ ناو بەغدا، بەڵام هیوای خواست گۆڕانکاری لە ناوخۆوە بێت. لەڕاستیدا هەندێک لە عێراقییەکانی باشوور بەڕاستی دژی ڕژێمی حسێن ڕاپەڕین، بەڵام ئەوان کوژران، سەرەڕای لاوازبوونی بەرچاوی سیستەمی عێراق.

سەدام حسێن توانی تا ساڵی 2003 بمێنێتەوە، کاتێک ئەمریکا شەڕێکی سەرتاسەری بۆ لەکارلابردنی ئەو ڕژێمە ئەنجامدا، لەژێر تۆمەتی “ناڕاست” بەوەی عێراق خاوەنی چەکی کۆمەڵکوژییە .گۆڕانکاری لە ڕژێم لە ڕێگەی هێرشێکی گەورەی زەمینی و ئاسمانییەوە هێنایە ئاراوە. ڕووخاندنی ڕژێمی عێراق، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی تەواوی سوپا و بیرۆکراسی، بۆشاییەکی دروستکرد کە عێراق تا ئەمڕۆش هەست بە دەرئەنجامەکانی دەکات. بە واتایەکی تر لاوازکردن یان گۆڕینی ڕژێمەکان بەبێ ستراتیژێکی ڕوون و کاریگەر بۆ بەدیلەکان، زۆرجار ئاژاوەگێڕی بەدوای خۆیدا دێنێت نەک ئازادی.

ئەمە ساتێکی “مەدریدی” نییە، ئەگەر بمانەوێت مێژوو دووبارە بکەینەوە. نە ئیدارەی ترەمپ، نە حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گرنگی بە هیچ دەستپێشخەرییەکی دیپلۆماسی دوای جەنگ دەدەن بۆ هەوڵدان بۆ هێنانەدی ئاشتی لە ناوچەکە. لە ڕاستیدا پێدەچێت هاوپەیمانی حوکمڕانی ئیسرائیل زیاتر بوێرتر بێت بەهۆی هەژموونی سەربازییەوە، بەردەوام دەبێت لە هێشتنەوەی ناوچەکە بە دابەشبوون، هاوشانی دیزاینەکانی لکاندنی زۆربەی کەرتی ڕۆژئاوا و دەرکردنی فەلەستینییەکان.

لە بەرامبەردا ترامپ هیچ ئارەزووی خۆی نیشان نەداوە بۆ سەرکردایەتیکردنی هەوڵێکی نێودەوڵەتی جددی بۆ کۆتاییهێنان بە داگیرکاری ئیسرائیل و دامەزراندنی چارەسەری دوو دەوڵەتی و هێنانەدی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە- لە دەرەوەی قسەی باو. ترامپ ئەگەری ئەوە زیاترە کە چەند هەفتەیەکی تر سەرکەوتن بەسەر ئێراندا ڕابگەیەنێت و بە سادەیی بچێتە پێشەوە، بەبێ ئەوەی هیچ تێگەیشتنێک یان گرنگیدان بە مەترسییەکانی بۆشایی دەسەڵات یان ململانێی قووڵتر لەگەڵ ئیسرائیل.

هەروەها عێراق 1991 وانەیەکی تری فێرکردین: لاوازکردنی دەسەڵاتی ناوەندی لەڕێگەی بۆردومانی ئاسمانییەوە، گۆڕانی ڕژێم و ئازادی و دیموکراسی بۆ ناوچەکە ناهێنێت. هەروەها دەسەڵاتیش بەبێ پلانێکی ڕوون ناگۆڕێت.

ڕژێمی ئێران زۆر هاوشێوەی ڕژێمی پێشووی عێراقە، بە باشی لەو وڵاتەدا چەسپاوە، تەنانەت ئەگەر لای زۆر کەسیش جەماوەری نەبێت. گۆڕینی بەقەد کوشتنی ئایەتوڵڵا خامنەیی ئاسان نییە، بەتایبەتی لەگەڵ بوونی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی، کە ڕەگ و ڕیشەی قووڵی هەیە، هاوتەریب لەگەڵ بیرۆکراسییەکی بەهێزی تیۆکراتی. ڕێبەری نوێی ئێران بڕیار نییە سەرکردەیەکی دیموکراسی بێت، یان کوڕی شا-ی پێشووی ئێران (کە خۆی بەتەواوی لە ئێراندا جەماوەری نییە) جێگەی ڕژێمی ئێستا بگرێتەوە.

هاوشێوەی ساڵی 1991، ئەوەی کە ئەگەری زۆرە لە داهاتوودا بیبینین، گۆڕینی ڕژێم نییە بەڵکو ئێرانێکی سەختی بریندار و بە هەمان شێوە دژە ڕۆژئاوایە. ئەم ململانێیە دانیشتووانێکی تووڕەی ئێرانی لەدوای خۆی بەجێدەهێڵێت، چ لە لایەن لایەنگرانی ڕژێم کە لە پێشووتر دژە ئەمریکی دەبن و چ لە نەیارانی ئەو سیستەمە، کە هەست دەکەن لە لایەن سەرۆکی ئەمریکاوە بێهیوا کراون.

لەم نێوەندەدا ناوچەکە ناچار دەبێت ململانێ لەگەڵ ئیسرائیلێک بکات کە تەنها ستراتیژێکی سەربازیی هەیە بۆ زاڵبوون بەسەر هەموو ناوچەکەدا بە زەبری هێز، بەبێ ئەوەی هیچ بەرژەوەندییەک لە سازانی سیاسیدا هەبێت کە ببێتە هۆی ئاشتی یان خۆشگوزەرانی. ئیسرائیلی ئەمڕۆ هیچ پڕۆژەیەکی سیاسی نییە، تەنیا پڕۆژەیەکی سەربازییە کە وا گریمانە دەکات تەنیا بە دەسەڵات دەتوانێت بەردەوام بێت لە مانەوە. پێدەچێت لکاندنی هەموو یان زۆربەی کەرتی ڕۆژئاوا شەڕی داهاتوو بێت و دەرئەنجامە کارەساتبارەکانی نەک تەنها بۆ فەلەستینییەکان و بۆ ئوردن، بەڵکو بۆ خودی ئیسرائیلیش هەبێت. حوکمڕانی کەمینەیەکی جولەکە بەسەر زۆرینەی فەلەستینیدا لەو سیستەمەی کە بووەتە سیستەمی ئاپارتاید، ناتوانێت بەردەوام بێت. دەسەڵاتی سەربازی ئیسرائیل بەبێ دیدگایەکی هاوتەریب بۆ ئەوەی پێکەوەژیانی لە ناوچەکەدا هەبێت، ڕەنگە بەرەو خۆ لەناوبردن بچێت. بەڵام لەم نێوەندەدا هەژموونی سەربازی ئیسرائیل تەنیا دەبێتە هۆی ناسەقامگیری و توندوتیژی زیاتر لە ناوچەکەدا.

ڕژێمی ئێران لە نێو دراوسێکانیدا دۆستی زۆری نییە، تەنیا هێزەکانی وەک حزبوڵڵا، حوسییەکان و گرووپە شیعە چەکدارەکانی عێراقی هەیە. بە ئامانجگرتنی نەک تەنها دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا بەڵکو ژێرخانی مەدەنیش، پەیوەندییەکانی ئێرانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا لە چاو پێشووتر دوژمنکارانەتر کردووە، سەرەڕای هەوڵەکانی ئەم دواییە بۆ نزیکبوونەوە.

کەواتە ئەمە ئارگومێنتێک نییە لە بەرگریکردن لە ڕژێمی ئێران. مێژوو، بۆ ئەوانەی گرنگی بە گوێگرتن لە وانەکانی دەدەن، فێرمان دەکات کە گۆڕینی ڕژێم بەبێ ئامانجی ڕوون و پلانێکی کاریگەر، ڕەنگە لە کۆتاییدا تەواو پێچەوانەی ئاشتی و خۆشگوزەرانی بەدەستبهێنێت.

  • توێژینەوەیەکی مەروان موعاشەر جێگری سەرۆکی توێژینەوە لە دامەزراوەی کارنێگی بۆ ئاشتی نێودەوڵەتی، کە سەرپەرشتی توێژینەوەکان دەکات لە واشنتۆن و بەیروت پەیوەست بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. موئاشەر وەک وەزیری دەرەوە (2002-2004) و جێگری سەرۆک وەزیرانی ئوردن (2004-2005) کاری کردووە.
Back to top button