ئەردۆغان زانیبووی خامنەیی دەکوژرێت؟ پێشبینییەکانی ئۆجەلان هەڵە دەرچوون یان هێشتا هیوایەک بۆ ئاشتی لەتورکیا ماوە؟

ڕۆژی 1ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2024، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە پەرلەمانی تورکیا هەستاو تەوقەیەکی گەرمی لەگەڵ تونجەر باکرهان و پەرلەمانتارانی دیکەی پارتی دەم کرد و لێرەوە پڕۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە باکوری کوردستان گەڵاڵەبوو، کە هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و چەکدانان و کردنەوەی دەرگای ئیمراڵی بەدوادا هات، بەڵام ئۆجەلان نەگەیشتە کەناری ئازادی.

پرسیارەکە ئەوەیە تورکیا بۆچی بەو خێراییە دەرگایەکی دیکەی ئاشتی بەرووی کورددا کردەوە؟ ئایا پەلەکردنێکی پێشوەختە بوو؟ یاخود ئۆجەلان وردتر بیری لە بابەتەکە کردووەتەوە؟ بەتایبەت لەدوای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران، ئۆجەلان پەیامێکی بڵاوکردەوە و جۆرێک لە بێهیوایی پێوەدیار بوو کاتێک گوتی: ئیتر کاتی قسەکردن بەسەرچووە و کاتی کردارە. ئەوەش جۆرێک لە گومانی لەسەر ئەوە دروستکردووە ئاخۆ ئۆجەلان هەستدەکات ئەوەی تا ئێستا هەبووە تەنیا قسە بووە؟

شکاندنی باڵەکانی ئێران لە سوریا و یەمەن و لوبنان و غەزە ئەو پەیامەی روونکردەوە کە ئیسرائیل و ئەمریکا بڕیاری کۆتاییهاتنی ئێرانیان داوە و ئەمەش ترسی خستە دڵی ئەردۆغانەوە، ئەو دەیزانی گۆڕانکاریی لە ناوچەکە بەڕێوەیە و تورکیا سەرباریی ئەوەی بەشێکە لە ناتۆ، بەڵام ناتوانێت بەر بە گۆڕانکارییەکان بگرێت، هەروەها باش دەیزانی کۆتایی رژێمی ئێران، یەکسانە بە ڕاکێشانی بارزی سەرنج بۆ دەسەڵاتدارانی تورکیاش.

لەوکاتەدا تورکیا زانیاری ئەوەیان پێگەیشتبوو کە لەکاتی هێرشی سەر ئێران بەهێزترین کارتی ناوخۆ کە دژی رژێم بەکاربێت، کارتی کوردە و ئازادی رۆژهەڵاتی کوردستانیش دوای ئازادی باشور و رۆژئاوا مانای وەرگرتنی ئازادی باکوری کوردستانیشە. ئەو راستیەی درەنگە و زوویی کەوتووە و ئەردۆغان زۆر لێی دەترسێت، بۆیە لێرەوە پڕۆسەیەکی نوێی ئاشت هاتە کایەوە بە دوو ئامانجی سەرەکی.

یەکەم: ڕێگریکردن لە هاوکاریکردنی پەکەکە بۆ کوردانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ڕزگارنەکردنی ئەو پارچەیەی دیکەی کوردستان.

دووەم: لەئەگەری روخانی ئێران و جێبەجێکردنی پلانەکەی ئیسرائیل بۆ کردنەوەی رێگەی داود کە تورکیاش دەگرێتەوە، پەکەکە رۆڵی نەبێت لەهەوڵی روخانی رژێمەکەی ئەردۆغان.

لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە، داڕمانی ئێران دەتوانێت ئاژاوە لەسەر سنووری ڕۆژهەڵاتی تورکیا (باکووری کوردستان) دروست بکات، هاوشێوەی ئەوەی لە دوای ساڵی 2011 لە سوریا ڕوویدا.

کاتێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا جۆرێک لە هاندانی نیشاندا بۆئەوەی حزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دژی ئێران ڕاپەڕن، تورکیا بێدەنگیی هەڵبژارد و هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر نەدا لەبەر دوو هۆکار:

یەکەم: وا دەرنەکەوێت دەچێتە بەرەی ئێرانەوە و پشت لە ئەمریکا دەکات

دووەم: بێدەنگی تورکیا وەک جۆرێک لە گڵۆپی سەوز لەلایەن کوردەوە لێکبدرێتەوە، بەڵام تورکیا بەمەبەست بێدەنگ بوو، بۆئەوەی کورد بێ ئامادەکاریی دەست بە ڕاپەڕین بکات و دواتریش ئێران لە کاردانەوەی ئەوەدا، هەم باشووری کوردستان، هەم ڕۆژهەڵاتی کوردستان بخاتە ژێر ڕەحمی مووشەک و درۆنەکانیەوە.

تێگەیشتنێک لەنێو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروستبووە (هەرچەندە زۆر وڵاتیش ڕەتیدەکەنەوە) کە ئیسرائیل حاکمی دیفاکتۆی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، نە هێزی ئێران وەك جاران ماوە، نە تورکیاش فراوانخوازیی پێشووی ماوە، وڵاتانی کەنداویش لەچاوەڕوانیی ڕەحمەتی ڕێککەوتنی ئەبراهام دان.

تورکیا زیاتر لە هەموان لەو واقعە نوێیەی ناوچەکە تێگەیشتووە، هەربۆیە لە نوێترین لێدوانیدا یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند، بۆ رێگری لە شەڕكردنی لەگەڵ توركیا، پارێزگاری لە كەناڵی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەكەین.

لەنێوان ڕووخانی دەوڵەتی سەفەوی و دەوڵەتی عوسمانی دا

ڕووخانی دەوڵەتی سەفەوی (1722-1736) ڕاستەوخۆ نەبووە هۆی ڕووخانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەڵام ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە لاوازکردنی هاوسەنگی هێزی ناوچەیی و دواتر بەشداریی لە ناسەقامگیری ناوچەکە کرد، کە کاریگەری لەسەر عوسمانییەکان دروستکرد. پەیوەندییەکە زیاتر ناڕاستەوخۆ و درێژخایەنە.

سەفەوی و عوسمانی هاوسەنگی یەکتریان ڕاگرتبوو

بۆ ماوەی نزیکەی 200 ساڵ (1501-1722) ئیمپراتۆریەتی سەفەوی لە ئێران و ئیمپراتۆریەتی عوسمانی ڕکابەری سەرەکی بوون. سەفەوییەکان ئیمپراتۆریەتێکی شیعەی موسڵمانان بوون، عوسمانییەکان ئیمپراتۆریەتی موسڵمانی سوننە بوون، ئەوان چەندین شەڕیان کرد (وەک چاڵدیران لە ساڵی 1514و ململانێکانی دواتر)، بەڵام ڕکابەرییەکانیان هاوسەنگی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست کرد. ئەم هاوسەنگییە وایکرد هەریەکێک لە ئیمپراتۆریەتەکان زاڵ بن بەسەر هەموو ناوچەکەدا.

داڕمانی سەفەوی پشێوی لە ئێران دروست کرد

لە ساڵی 1722 دەوڵەتی سەفەوی دوای لەشکرکێشی ئیمپراتۆریەتیی هۆتەکی و لاوازی ناوخۆیی داڕما. دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێراندا نەما و گروپە جیاوازەکان هەوڵیاندا دەست بەسەر خاکی ناوچەکاندا بگرن، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و ڕووسیا بە خێرایی هێرشیان کردە سەر ڕۆژئاوا و باکووری ئێران بۆ ئەوەی سوود لەو ئاژاوەگێڕییە وەربگرن.

عوسمانییەکان هەوڵیاندا فراوانخوازتر بن بۆ خاکەکانی پێشووی سەفەوی لە: ئازەربایجان، ڕۆژئاوای ئێران، ناوچەکانی قەفقاز، بەڵام ئەم فراوانبوونە فشاری سەربازی و دارایی دروستکرد.

شەڕەکانی عوسمانی و دەسەڵاتدارانی نوێی ئێران لە سەدەی هەژدەهەمدا کێشەی گەورەی دروستکرد، . لەوانە: ماندوێتی سەربازی، دابەزینی ئابووری، یاخیبوونە ناوخۆییەکان. لە کاتێکدا ئەم شەڕانە یەکسەر عوسمانییەکانیان لەناو نەبرد، بەڵام بەشداربوون لە لاوازبوونی درێژخایەنی دەوڵەتەکە.

ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە ڕاستیدا لە ساڵی 1922 داڕما، نزیکەی 200 ساڵ دوای سەفەوییەکان. دەسەڵاتی ناوچەکە لای ئەم دوو ئیمپراتۆریەتە دابەشکرابوو، کاتێک دەوڵەتی سەفەوی لە ساڵی 1722 داڕما، ئەو هاوسەنگییە نەما. سەرەتا ئەمە بۆ عوسمانیەکان وەک سودێکی گەورە تەماشاکرا و دەستیان بە فراوانخوازیی کرد، هەوڵیاندا بەشێکی زۆر لە ڕۆژئاوای ئێران و قەفقاز بگرن، ناوچەگەلێکی وەک: تەورێز، هەمەدان، بەشێک لە ئازەربایجان و جۆرجیا.

 

 

Back to top button