بارقەکەی ئێران، دوو کوردکوژ و یەک چارەنووس؛ نەوشیروان مستەفا چۆن باسی کردووە؟

 

بارق عەبدوڵا حاجی حنتە، فەرماندەی لیوای تایبەتی حکومەتی بەعس، ئەم فەرماندەیە دڕندەیی بەرامبەر کورد گەیشتە لوتکە لە تاوانی ئەنفالدا، بەڵام وەک پاڵەوانێک سەدام مەدالیای پێدەبەخشی، دوای شکستی سەدام لە داگیرکردنی کوەیت، بارق سەرپێچی سەدامی کرد و هەندێک سەرچاوە دەڵێن، بە دەستی خۆدی سەدام کوژراوە، ئەمە چیرۆکی بارقە، بەڵام لەئێران چیرۆکی بارقێکی تر هەیە کە تائێستا پێی ئاشنانین.

دادگای مەیدانی و سەرپێیی دانابوو، بە خێرایی و لە ماوەیەکی کورتدا ئەوانەی سەر بە رژێمی شابوون دادگایی دەکردن و لە سێدارەی دەدان، هەروەها کاتێک رەوانەی رۆژهەڵاتی کوردستان کرا، قەسابخانەیەکی بۆ کورد سازکرد، کە تائێستایش کورد لەبیری نەچووەتەوە، ئەمە پێناسەی بارقەکەی ئێران، محەممەد سادق گیوی خەڵخاڵی، سەرۆکی یەکەم دادگای شۆڕشی ئیسلامییە.

دادگای شۆڕشی ئیسلامی چییە و کەی دامەزرا؟

دادگای شۆڕشی ئیسلامی (دادگاه انقلاب اسلامی) یەکێکە لە گرنگترین و مشتومڕاوییترین دامەزراوەکانی سیستەمی دادوەری لە کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەم دادگایە لە ساڵی 1979 و ڕاستەوخۆ دوای شۆڕشی ئێران بە فەرمانی خومەینی دامەزرا.

ئامانجی سەرەکی ئەم دادگایە لە سەرەتادا وەک دامەزراوەیەکی کاتی بۆ دادگاییکردنی بەرپرسانی ڕژێمی پاشایەتی دروستکرا، بەڵام دواتر بوو بە بەشێکی هەمیشەیی لە سیستەمی دادوەری ئێران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو کەیسانەی کە بە “هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی” دادەنرێن.

دادگای شۆڕش دەسەڵاتی بەسەر کۆمەڵێک دیاریکراو لە تاوانەکاندا هەیە، لەوانە:
تاوانە سیاسییەکان، وەک سیخوڕی، “محاربة” (دوژمنایەتی خودا)، و “فساد فی الارض”.
ئاسایشی نەتەوەیی، هەر کارێک کە بە هەوڵدان بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی دابنرێت.
ماددە هۆشبەرەکان، بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە قەبارەی گەورەدا.

یەکەم سەرۆکی دادگاکە کێیە؟

محەممەد سادق گیوی خەڵخاڵی، کە بە سادق خەڵخاڵی ناسراوە، لە 27ـى تەممووزی 1926، لە خێزانێکی جوتیاری ئازەریی ئێرانی لەدایکبوو لەدایکبووە، لە شوباتی 1979، ڕاستەوخۆ دوای سەرکەوتنی شۆڕش، خومەینی بە فەرمانێک سادق خەڵخاڵی کردە سەرۆکی دادگای شۆڕش.

خەڵخاڵی تەنها دادوەرێک نەبوو، بەڵکو سیمبوڵی قۆناغێک بوو کە تێیدا یاسا لە خزمەتی ئایدۆلۆژیادا بوو نەک دادپەروەری، خۆی بە نوێنەری ڕاستەوخۆی ئیرادەی خومەینی دەزانی، ئەو پێی وابوو، کە لە کاتی شۆڕشدا، پێویست ناکات پابەندی بنەماکانی مافی مرۆڤ یان یاساکانی وڵات بێت، بۆ ئەو، لەسێدارەدان ئامرازێکی “پاککردنەوەی کۆمەڵگا” بوو.

دانانی مەیدانی سێدارە بۆ کاربەدەستانی شا و ڕەوشی هاتنی بۆ کوردستان:

خەڵخاڵی پێیوابوو کاریکی دروست دەکات و ئەوەی ئەو بڕیاری لێدەدات بۆ لەسێدارەدانی کاربەدەسدانی سەردەمی دەسەڵاتی شا، رێگە راستەکەیە، چونکە هەر خودی داگاکەیش بۆ ئەو ئەرکە دامەزرابوو.

لەگەڵ دەستبەکاربوونیدا ناوبانگی بە “دادوەری لەسێدارەدان” دەرکرد، ئەو بەرپرسیار بوو لە دادگاییکردنی خێرای ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی سەردەمی شای ئێران، ئەفسەرانی سوپا و کەسایەتییە سیاسییەکانی نزیک لە ڕژێمی پێشوو.

دادگاکانی خەڵخاڵی بەوە ناسرابوون کە زۆر خێرا بوون، زۆرجار بێ پارێزەر و بێ مافی بەرگریکردنی دروست بۆ تۆمەتباران بەڕێوەدەچوون، و سزاکان زۆربەی کات لەسێدارەدان دەستبەجێ جێبەجێ دەکران.

دوای ئەوەی ناکۆکییەکانی نێوان دەسەڵاتی نوێی ئێران و هێزە سیاسییەکانی کوردستان قوڵبووەوە، خومەینی بە فەرمانی تایبەت خەڵخاڵی ڕاسپارد بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵی ناوچەکە بکات.

خەڵخاڵی لەگەڵ گروپێک چەکدار و دادوەر، بە فڕۆکە گەیشتە شارەکانی وەک سنە، مەهاباد، سەقز و پاوە، ئەو دادگایانەی ئەو دەیبەستن، هیچ پێوەرێکی یاسایی نێودەوڵەتییان تێدا نەبوو.

زۆرجار دادگاییکردنەکان لە نێو باڵەخانە گشتییەکان یان تەنانەت لە مەیدانی شارەکاندا بەڕێوەدەچوون، پرسیارەکان کورت بوون، بڕیارەکان هەمووی “ئیعدام” بوون، و جێبەجێکردنەکانیش لەبەردەم خەڵکدا ئەنجام دەدران.

یەکێک لە ناودارترین ڕووداوەکان ئەو کاتە بوو کە لە سنە، خەڵخاڵی فەرمانی لەسێدارەدانی کۆمەڵێک لاو و چالاکوانی دا، تەنها بەوەی گومانی ئەوەی لێ دەکردن کە سەر بە حیزبە کوردییەکان (وەک حیزبی دیموکرات یان کۆمەڵە) بن. ئەوەی زیاتر کاریگەری کردە سەر خەڵک، ئەو وێنانە بوون کە لەو کاتەدا گیراون و تا ئێستاش وەک بەڵگەیەک لەسەر توندوتیژییەکانی ئەو سەردەمە دەمێننەوە.

نەوشیروان مستەفا چۆن باسی دادگای خەڵخاڵیی کردووە؟

نەوشیروان مستەفا لە کتێبی لە کەناری دانوبەوە بۆ خڕی ناوزەنگ، باسی سادق خاڵخاڵی و ئەو دادگایانە دەکات کە دوای شۆڕشی 1979 بەڕێوەی دەچوون.
نەوشیروان مستەفا، خاڵخاڵی بە کەسایەتییەکی توندڕەو و بێ بەزەیی وەسف دەکات، دەڵێت: دادگاکانی خاڵخاڵی زیاتر لە نمایشی سیاسی دەچوون تا دادگای یاسایی، بە چەند خولەکێک بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بەرپرسانی سەردەمی پاشایەتی و تەنانەت نەیارانی سیاسیی دیکەش دەردەکرد.

وەک نەوشیروان مستەفا باسی دەکات، لەو دادگایانەدا، پرۆسەی لێکۆڵینەوە و دۆزینەوەی بەڵگە زۆر کورت یان هەر نەبوو، بڕیارەکان پێشوەختە لەلایەن سەرکردایەتی شۆڕش یان خودی خاڵخاڵییەوە ئامادە کرابوون.

نەوشیروان مستەفا پێی وایە، کە ئەو شێوازە لە دادگاییکردن بۆ ئەوە بووە کە ترس و تۆقاندن لەناو کۆمەڵگەی ئێراندا دروست بکات و ڕێگە لە هەر جۆرە جوڵەیەکی دژ بە شۆڕش بگرێت.

بیرەوەرییەکانی خەڵخاڵی و کۆتاییهاتنی:

سەرەڕای ئەوەی خەڵخاڵی لە سەرەتای شۆڕشدا دەسەڵاتێکی زۆر ڕه‌های هەبوو، بەڵام بەرەو ناوەڕاستی هەشتاکان پێگەکەی لاواز بوو، دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی توانی کۆنتڕۆڵی تەواوی وڵات بکات و هەڕەشەی ڕووخاندنی ڕژێم لەلایەن گروپە ئۆپۆزیسیۆنەکانەوە کەم بووەوە، پێویستی بەو جۆرە دادگا “خێرا و توندانە” کەم بووەوە.

لە ساڵی 1980 لە سەرۆکایەتی دادگای شۆڕش لابرا، پاشان بۆ ماوەیەک بوو بە سەرۆکی “لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان” و دواتریش چەند خولێک ئەندامی پەرلەمان بوو.

خەڵخاڵی بەتەواوی لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخرایەوە. تەنانەت کاتێک ویستی لە ساڵی 2000دا خۆی بۆ پەرلەمان کاندید بکاتەوە، لەلایەن شۆرای پاراستنی دەستوور (شورای نگهبان) رەتکرایەوە.

لە کتێبی بیرەوەرییەکانیدا بە ئاشکرا باسی ئەو کوشتن و لەسێدارەدانانە دەکات و هیچ پەشیمانییەکی پیشان نەداوە، ئەو پێی وابوو ئەمە ئەرکێکی شۆڕشگێڕانە بووە بۆ پاککردنەوەی ئێران لە گەندەڵکاران.

هەر لە بیرەوەرییەکانیدا، بە شانازییەوە باس لەو کردەوانەی دەکات بەرامبەر بە کورد ئەنجامی داوە و دەڵێت: “ئەگەر لە کوردستان توند نەبووینایە، ئێران پارچە پارچە دەبوو.” ئەم تێڕوانینەی ئەو ڕەنگدانەوەی ئەو بیرکردنەوەیەیە کە تێیدا “ئاسایشی نەتەوەیی” لە سەرووی هەموو مافەکانی مرۆڤەوە دانراوە.

خەڵخاڵی لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا تووشی نەخۆشی بوو، لە گۆشەگیریدا ژیا. جێگەی سەرنجە کە ئەو شۆڕشەی خەڵخاڵی بە خوێن بەرگری لێ دەکرد، لە کۆتاییدا بە هامەن شێوەی بارقەکەی عێراق، وەک کەسێکی پێویستنەکراو یان زیادە سەیردە کرا و لە دیمەنە سیاسییەکانی دوورخرایەوە و لە 26ـى تشرینی دووەمی 2003 کۆچی دواییکرد.

کاریگەرییەکانی کوشتن و بڕینەکەی خەڵخاڵی تائێستا لەسەر رۆژهەڵاتی کوردستان ماوە:

کردەوەکانی سادق خەڵخاڵی ئامانجێکی سەرەکی هەبوو، ئەویش شکاندنی شکۆی کۆمەڵایەتی و سیاسی کورد بوو بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر جۆرە خۆڕاگرییەک بکەن.

بۆ خەڵکی کوردستان، ناوی خەڵخاڵی هاوتایە لەگەڵ بیرەوەری لەدەستدانی ڕۆڵەکانیان بەبێ دادگایەکی ددپەروەرانە

ئەگەر ئەمڕۆ سەیری ئەو ڕێکارانە بکەیت کە لە دادگای شۆڕشی ئێراندا لە دژی ناڕەزایەتییەکان بەکاردەهێنرێن، دەبینیت که جێپەنجەی شێوازی خەڵخاڵییانە هێشتا بە ڕوونی دیارە.

رەنگە سەردەم وهەلو مەرجەکە گۆڕانی گورەی بەسەردا هاتبێت، بەڵام هێشتا کوردانی رۆژهەڵات ترسیان بەرامبەر دادگای خەڵخاڵی و هاوشێوەکانی نەڕەویوەتەوە، هەربۆیە ئێستا بەبێ گرەنتی پاراستنیان، ئامادەنین هیچ جوڵەیەک دژی دەسەڵاتی ئێستای ئێران بکەن

Back to top button