
لەگەڵ ئەوەی هێشتا دەنگی تەقینەوەکان لە تاران دەبیسترێت، بەڵام بێدەنگییەکی قوڵ باڵی بەسەر پرسی هەڵبژاردنی جێگری خامنەیی کشاوە، شاردنەوەی ناوەڕۆکی وەسیەتنامەکەی رێبەری کوژراو و دیارنەبوونی شوێنی موجتەبای کوڕی هێندەی دیکە بابەتەکی ئاڵۆزکردوە.
لەگەڵ بڵاوبونەوەی هەواڵی کوژرانی ئایەتوڵڵا خامنەیی هەرزوو میدیاکانی ئێران باسیان لە بوونی وەسیەتنامەیەک کرد کە بەدەستوخەتی رێبەری باڵا نوسراوە و باسی لە جێگرەوەی خۆی کردوە، بەڵام تا ئەم ساتە جگە لە چەند کەسێکی کەم هیچ کەس نازانێت ناوەڕۆکی وەسیەتنامەکە چی بووە و خامنەیی کێی بۆ شوێنگرەوەی خۆی دیاریکردوە.
میدیاکانی ئیسرائیل هەرزوو پشتبەستوو بە زانیارییە هەواڵگرییەکان ڕایانگەیاند: وەسیەتنامەکە بوونی هەیە و سێ کەس لە نزیکەکانی رێبەر بینیویانە، بە هیچ شێوەیەک باسی موجتەبا-ی تێدانەکراوە، بەڵکو خامنەیی نوسیویەتی دەبێت کەسێک ببێت بە ڕێبەر کە کۆدەنگی لەسەربێت و نابێت ئێران بگەڕێتەوە بۆ حوکمی بنەماڵە، هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی وەسیەتنامەکە شاردراوەتەوە.
هەرچەندە موجتەبا لە ئێستادا وەک رێبەری ئێران هەڵبژێردراوە، بەڵام ناوەندە سیاسییەکان گومانی زۆر لەسەر هەڵبژاردنەکەی دروست دەکەن. بەو پێیەی لە جەنگی 12 رۆژە و ئێستاشدا سەرجەم ئەو کەسانەی دژی ئەوەبوون موجتەبا ببێتە رێبەری باڵا لە هێرشەکان دا کوژراون، شاردنەوەی وەسیەتنامەکەش هێندەی دیکە ئەو گومانی زیاترکردوە.
موجتەبا ساڵانێکە وەک “ئەندازیارێکی بێدەنگ” و کارەکتەری سەرەکیی ناو “دەوڵەتی قووڵی ئێران” دەناسرێت، کە هەیمەنەی تەواوی بەسەر جومگە هەستیارەکانی سوپای پاسداران و ناوەندەکانی بڕیاردا هەبوو. بەڵام گەیشتنی بە کورسییە ئاڵتوونییەکەی باوکی بەهۆی هەبوونی نەیارە ناوخۆییەکانەوە ئەستەم بوبوو. وا گومان دەکرێت جەنگی دوانزە ڕۆژە و ئەو هێرشە چڕانەی ئێستاش دەکرێنە سەر ئێران، لە قازانجی موجتەبا بوبێت، بە جۆرێک ئەو جەنگەی وەک مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی ئێران دەبینرا، بووە گەورەترین دەرفەت بۆ موجتەبا تا هەموو کۆسپەکانی بەردەمی لابچێت. دەشتوانین بڵێین لەناو دووکەڵی تەقینەوەکاندا، سودمەندی یەکەم و کۆتایی لەم دۆخە خودی موجتەبا بوو.
موجتەبا خامنەیی لە کوێیە؟
هەرچەندە خامنەیی کوڕ بەوە ناسراوە کەمترین دەرکەوتنی لە میدیاکان دا هەیە بەڵام دەرنەکەوتنی لە دوای هەڵبژاردنی بە رێبەر بووەتە پرسیارێک و مێشکی لایەنگرانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی سەرقاڵکردووە، بە گوتەی بەرپرسانی ئێران لە ئێستادا موجەتەبا سەرقاڵی کارەکانی خۆیەتی. هۆکاری دەرنەکەوتنیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزی و هێرشەکانی سەر ئێران و لە پەناگەیەکدا لە ژێر زەویی راستەخۆ سەرکردایەتی جەنگەکە دەکات.
بەشێک لە میدیاکانی ئیسرائیل دەڵێن: موجتەبا خامنەیی لە رۆژی یەکەمی هێرشەکاندا بە سەختی برینداربووە، لە ئێستادا لە ژێر چاودێرییدا چردایە، هەر ئەمەش هۆکارە ناوبراو لە دوای بوونی بە رێبەر هیچ لێدوانێکی نەبووە، لەلایەکی دیکەوە چەند سەرچاوەیەک لە ئۆپۆزسیۆنی ئێران باسیان لەوە کردوە هەر لە رۆژی یەکەمی هێرشەکاندا فڕۆکەیەک خاکی ئێرانی بەرەو روسیا بەجێهێشتووە و گومان دەکرێت موجتەبا خامنەیی بوبێت بەرەو مۆسکۆ گەشتی کردبێت، هەر لەوێشەوە سەرکردایەتی هێزەکانی ئێران دەکات.
لەگەڵ ئەوەی لە میدیاکان باس لەوە دەکرێت موجتەبا لە باوکی توندترە بەڵام کەم نین ئەو بۆچونانەی دەڵێن: رێبەری نوێ نوێنەرایەتی “نەوەی نوێی دەسەڵات” دەکات، نەوەیەک کە زیاتر لە ئایدیۆلۆژیا، خەمی پاراستنی ئیمپراتۆریەتە داراییەکانی باوکیەتی. بێدەنگیی و دیارنەمانی ئێستاشی دەکرێت ئامادەکاری بێت بۆ قۆناغی دواتر کە تێیدا وەک کەسایەتییەکی پراگماتیک دەربکەوێت کە ئامادەیە لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ دا”گرێبەستێکی گەورە” واژۆ بکات کە گەرەنتی مانەوەی ویلایەتی فیقهـ و بەرژەوەندییە بازرگانییەکانی بکات.
لە ئێستادا ئێران لە نێوان “وەسیەتێکی شاراوە” و “ڕێبەرێکی نادیاردا” گیری خواردووە. ئەگەرچی دەنگی تەقینەوەکان هێشتا لە تاران دەبیسترێت، بەڵام وا دەردەکەوێت گەورەترین وەرچەرخان لە پشت پەردەکانەوە ڕووی دابێت. موجتەبا خامنەیی، کە ئێستا وەک سودمەندی یەکەمی ئەم ئاڵۆزییانە دەبینرێت، لە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی مێژووییدایە؛ یان دەبێتە درێژەپێدەری ڕێبازەکەی باوکی یان لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ جیهان دا هەڵدەداتەوە.





