
کاتێک هەستیکرد شەقامی لەدەستداوە و هەوڵەکان بۆ دامرکاندنەوەی توڕەیی خۆپیشاندەران بێهودەبوون، محەمەد رەزاشای پەهلەوی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆی دەکرد، هەرچەندە بڕیارەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی شەقام بوو، بەڵام توڕەیی خومەینی لێکەوتەوە و لە پاریسەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و بەوەش ریسەکەی لە شای ئێران کردەوە بە خوریی.
ساڵی 1977 دەنگی ناڕەزایی لەناو ئێران دژی دەسەڵاتی محەمەد رەزاشای پەهلەوی گۆڕدرا بۆ خۆپیشاندان و لە 7ـى کانونی دووەمی ساڵی 1978 خۆپیشاندانی فراوان دەستیپێکرد، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژنامەی ساواک وتارێکی بڵاوکردەوە بە ناوی “ئێران و کۆڵەکەی ڕەش و سوور” کە تێیدا سووکایەتی بە ئایەتوڵا خومەینی کرابوو.
خۆپیشاندان تا دەهات لە پارێزگاکانی ئێران بڵێسەی دەسەند، لەگەڵ ئەوەشدا خومەینی لە عێراق و دواتریش لە پاریسەوە، پەیامی بۆ خۆپیشاندەران دەنارد و جۆشی دەدان بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی پاشایەتی لە ئێران، هەرچەندە شا لیژنەیەکی دروستکرد بۆ هێورکردنەوەی خۆپیشاندانەکان، بەڵام هەوڵەکان نەگەیشتن بە ئەنجام.
سوتانی دواین کارتی دەستی شا:
شای ئێران پەنای بۆ کارتە بەهێزەکە برد (قەدەغەی هاتووچۆ) لە 8ـی ئەیلوولی 1978 قەدەغەکە ڕاگەیەندرا، ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە خۆپیشاندانەکان گەیشتنە ئاستێک حکومەتی مەدەنی نەیتوانی کۆنتڕۆڵیان بکات، بەتایبەت دوای کۆبوونەوە ملیۆنییەکانی جەژنی ڕەمەزان لەو ساڵەدا.
بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ بە شێوەیەکی کتوپڕ و لە ڕێگەی ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی نیشتمانیی ئێرانەوە ڕاگەیەندرا، کاتژمێر 6ـی بەیانیی ڕۆژی هەینی بڕیارەکە خوێندرایەوە.
حوکمی عورفی و قەدەغەی هاتووچۆ لە 12 شاری گەورە ڕاگەیەندرا (تاران، تەورێز، ئەسفەهان، مەشهەد، شیراز، قوم، ئەهواز، قەزوین، زاهیدان، کەرەج، قەسرشیرین و جەهروم).
بەفەرمانی شا، جەنەڕاڵ غۆلامعەلی ئەوەیسی کە بە “قەسابی تاران” ناسرابوو، وەک فەرماندەی سەربازیی تاران دەستنیشان کرا، بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە.
کێشە گەورەکە لێرەدا بوو، کە بڕیارەکە کاتژمێر 6ـی بەیانی ڕاگەیەندرا، بەڵام زۆربەی خەڵک پێشتر بڕیاریان دابوو کاتژمێر 7 یان 8 لە مەیدانی “ژاڵە” کۆببنەوە. زۆرینەی خەڵکەکە ڕادیۆیان گوێ لێ نەگرتبوو و ئاگایان لە قەدەغەی هاتووچۆ نەبوو.
کاتێک خەڵکەکە گەیشتنە مەیدانەکە، خۆیان لە بەردەم تانک و سەربازە چەکدارەکاندا بینییەوەو سەربازەکان داوایان لە خەڵک کرد بڵاوەی لێبکەن، بەڵام خەڵکەکە نەکشانەوە، ئەنجامەکە بووە کۆمەڵکوژییەک کە بە “هەینی ڕەش” ناسرا، تێیدا سەدان کەس گیانیان لەدەستدا و ئەمەش خاڵی وەرچەرخان بوو کە ئیدی هیچ ڕێگەیەکی ئاشتیانە بۆ مانەوەی شا نەهێشتەوە.
شا سوربوو لەسەر قەدەغەی هاتووچۆ و وەک تاکە هیوایەک بۆ پاراستنی دەسەڵاتەکەی سەیری دەکرد، بۆیە شەوانە لە کاتژمێر 9ـی شەو تا 5ـی بەیانی، هاتووچۆی پیادە و ئۆتۆمبێل بەتەواوی قەدەغە بووو لە مەیدانە سەرەکییەکان و بەردەم دامەزراوە حکومییەکان تانک و زرێپۆش جێگیر کران، هەر کۆبوونەوەیەکی زیاتر لە دوو یان سێ کەس لە شەقامەکاندا وەک سەرپێچی دەبینرا و سەربازەکان مافی تەقەکردنیان هەبوو.
جەعفەری شەفیقی زادە، بەرپرسی پاسەوانە تایبەتەکانی خومەینی لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت: کاتێک لەگەڵ خومەینی گەڕاینەوە قەدەغەی هاتوچۆ بەردەوامبوو، شەوێک بۆ کۆبونەوە لەگەڵ سەرکردەکانی لەگەڵ یەکێک لە نێردراوەکانی ئەمریکا بەڕێکەوتین، بەڵام سوپا رێگەیان پێگرتین، لەوکاتەوە نێردراوەکەی ئەمریکا مۆڵەتی رێگەپێدانەکەی پیشاندان و ئیتر رێگەیاندا بڕۆین.
بە راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆ ئاگری توڕەیی خومەینی بڵێسەی سەند:
خومەینی راگەیاندنی قەدەغەی هاتووچۆی بە دەرفەتێک بینی بۆ زیاتر توڕەکردنی شەقام و دروستکردنی کاریگەری لەسەر سوپا، ئەو دەیزانی کە کلیلی سەرکەوتن شکاندنی هەیبەتی سوپایە، بۆیە فەتوایەکی دەرکرد و تێیدا وتی: مانەوە لە سەربازگەکاندا و تەقەکردن لە خەڵک حەرامە.
هەروەها، داوای لە سەربازەکان کرد کە چەکەکانیان دابنێن و لە سەربازگەکان ڕابکەن و بچنە پاڵ گەل، ئەمە بووە هۆی ئەوەی ڕیزەکانی سوپا لە ناوەوە دەست بە لێکهەڵوەشان بکەن.
لەو کاتەدا هەندێک لە سیاسییە میانڕەوەکانی ناو ئێران پێیان وابوو دەکرێت لەگەڵ شا ڕێکبکەون، بەڵام خومەینی لە پاریسەوە، دروشمی “شا دەبێت بڕوات”ـى بەرزکردەوە و وتی: هیچ حکومەتێک یان چاکسازییەک قبوڵناکەم تا شا لەسەر تەخت بێت.
“دەنگی شۆڕشتانم بیست” کۆتا وتاری شا و بێئومێدبوونی:
لە 6ـی تشرینی دووەمی 1978 و دوای نزیکەی 10 مانگ لە خۆپیشاندان، شا بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو لە تەلەفزیۆنەوە دەرکەوت و وتی: “من دەنگی شۆڕشی ئێوەم بیست”، لەو وتارەیدا شا بەڵێنی دا کە هەڵەکانی ڕابردوو ڕاست بکاتەوە، بەرەنگاری گەندەڵی ببێتەوە و دیموکراسی بچەسپێنێت، بەڵام ئەم وتارە لەلایەن خەڵکەوە وەک نیشانەی لاوازیی شا بینرا نەک چاکسازی.
شا دوای ئەوەی لە توڕووی شەقام دڵنابویەوە و بێئومێدبوو لە دامرکاندنەوەی توڕووی خەڵک، لە کۆتا هەوڵدا بۆ ڕزگارکردنی تەختی پاشایەتی، شا پەنای برد بۆ شاپوور بەختیار کە یەکێک بوو لە ڕەخنەگرە دێرینەکانی.
بەختیار پۆستی سەرۆک وەزیرانی وەرگرت بەو مەرجەی شا وڵات بەجێبهێڵێت و دەسەڵاتەکان بۆ حکومەت بمێننەو، شا مەرجەکەی قبوڵکرد.
ڕۆیشتنی شا و گەڕانەوەی خومەینی:
محەمەد ڕەزا شای پەهلەوی لە 16ـی کانوونی دووەمی 1979و بە فڕۆکەیەکی تایبەت، ئێران وڵاتەکەی خۆی بەجێهێشت و بە فەرمی بۆ “پشوودان” بەرەو میسر بەڕێکەوت.
ئایەتوڵا خومەینی لە 1ـى شوباتی 1979، بە فڕۆکەیەکی تایبەتی کۆمپانیای ئێرفرانس (Air France) لە پاریسەوە بەرەو تاران بەڕێکەوت، ئەو رۆژە لە ئێران بە “گەڕانەوەی سەرکردە” ناودەبرێت.
کاتێک فڕۆکەکە لە کاتژمێری 9ـی بەیانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی مێهرەباد لە تاران نیشتەوە، خومەینی لە پلیکانەکانی فڕۆکەکە هاتە خوارەوە، بە جلوبەرگی ڕەش و مێزەرێکی ڕەشەوە، وێنەیەکی بەناوبانگی تۆمار کرد کە لە زۆربەی میدیاکانی جیهان بڵاو بۆوە.
ئەم ڕۆژە وەک خاڵێکی یەکلاکەرەوە سەیر دەکرێت کە کۆتایی بە تەمەنی پاشایەتی لە ئێران هێنا، شەقامەکانی تاران، لە فڕۆکەخانەوە تا گۆڕستانی “بەهەشتی زەهرا” کە دەکەوێتە باشووری تاران، پڕ ببوون لەو ملیۆنان کەسەی کە بە هەستێکی تێکەڵ لە گریان و شادییەوە بەخێرهاتنیان دەکرد.
خومەینی لەناو ئاپۆڕای جەماوەردا بەرەو گۆڕستانی بەهەشتی زەهرا بەڕێکەوت و لەوێ وتارێکی مێژوویی پێشکەش کرد و وتی: من حکومەت دادەنێم، من بە دەمی ئەو حکومەتەدا دەدەم”. ئەم وتەیە یەکەم هەنگاوی کردەیی بوو بۆ ڕووخاندنی حکومەتی بەختیار و دامەزراندنی حکومەتی کاتی.
گەڕانەوەی خومەینی وەک “تیرێک” بوو لە دڵی دەسەڵاتی شا و تەنها 10 ڕۆژ دوای گەڕانەوەی خومەینی، ڕژێمی پەهلەوی بەتەواوی هەڵوەشایەوە و کۆتایی بە دەسەڵاتی و سیستەمی پاشایەتی های لە ئێران.
ئایا دەسەڵاتی ئێستای ئێران دەست بۆ هەمان کارت دەباتەوە؟
بابەتی ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە پەیوەستە بە بارودۆخی ئەمنی و هەڵسەنگاندنی ئەوان بۆ ئەو مەترسییانەی کە لەسەر سیستەمەکەیان هەیە.
دەسەڵاتی ئێران بە گشتی لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا پەنا بۆ ڕێکاری پچڕانی خزمەتگوزارییەکان دەبات، وەک کوژاندنەوەی هێڵەکانی ئینتەرنێت بۆ ئەوەی ڕێگە لە ڕێکخستنی خۆپیشاندەران بگرێت.
ڕاگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆی گشتی یەکێکە لەو ڕێکارانەی کە دەسەڵات زۆر بە کەمی بەکاریدەهێنێت، چونکە ڕاگەیاندنی فەرمی قەدەغەی هاتوچۆ دەبێتە دانپێدان بەوەی کە دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە و دەکرێت ببێتە هاندەرێک بۆ زیاتر خۆپیشاندان.
تائێستا دەسەڵاتی ئێران دەستی بۆ ئەو بژرادەیە نەبردووە، لەبەرئەوەی تا رادەیەکی زۆر شەقامی شیعە، بەتایبەت ئەو پارێزگا گەورانەی کە دەتوانن دۆخەکە بگۆڕن هاوسۆزی دەسەڵاتی ئێستای ئێرانن و بە بە تەواوی لە پشتی دەسەڵات وەستاون





