دەسەڵات وەک میراتێکی بنەماڵەیی: لە معاویەی کوڕی ئەبوو سوفیانەوە بۆ موجتەبا خامنەیی

 

چەمکی “جێنشینی سیاسی” لە مێژووی ئیسلامدا وەک بنەمایەکی تیۆری گەشەسەندوو، لە سەرەتاوە سەریهەڵنەداوە. بەڵکو لە پرۆسەیەکی درێژخایەنی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە سەریهەڵداوە. لە ساتەوەختی دامەزرانی دەوڵەتی ئیسلامیدا، هیچ دیدێکی ڕوون بۆ سیستەمی حوکمڕانی لە دوای مردنی پێغەمبەری ئیسلامەوە نەبوو؛ بەڵکو بابەتەکە بۆ لێکدانەوەی سیاسی و خێڵەکی و کۆمەڵایەتی جێهێڵدرا. لەمەوە چەمکی ڕاوێژکاری (شورا) وەک میکانیزمێک بۆ گواستنەوەی دەسەڵات سەریهەڵدا.

هەر زوو ئەم بۆشاییە سیاسییە دەرگای گۆڕانی قووڵی لە چەمکی دەسەڵاتدا کردەوە. لەگەڵ فراوانبوونی دەوڵەت و ئاڵۆزتربوونی پێکهاتە ئیداری و سەربازییەکانی دا، هەر لەم چوارچێوەیەدا بوو کە بیرۆکەی جێنشینی سیاسی وەک چارەسەرێکی پراکتیکی بۆ کێشەی گواستنەوەی دەسەڵات سەریهەڵدا، بەرلەوەی دواتر ببێتە بنەمایەکی جێگیر لە فۆرمە جۆراوجۆری حوکمڕانی ئیسلامیدا.

لە واقیعدا ئەم گۆڕانکارییە تەنیا گەشەیەکی سیاسیی خۆبەخۆ نەبوو، بەڵکو هەوڵی فیقهیی و ئایدیۆلۆژیی بەرچاوی لەگەڵدا بوو کە ئامانج لێی شەرعیەتدان بوو. فیقهی سیاسی ئیسلامی ڕۆڵێکی سەرەکی بینی لە دووبارە لێکدانەوەی دەقە ئایینییەکان و ئەزموونە مێژووییەکان بۆ پاساوهێنانەوە بۆ گواستنەوەی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی دەسەڵاتداردا. بەم شێوەیە چەمکی جێنشینی بۆماوەیی لە حاڵەتێکی پێویستەوە بۆ حوکمێکی سیاسی و لە واقیعێکی پراکتیکییەوە بۆ تیۆرێکی شەرعی، کە پڕ بوو لە دەسەڵاتی ئایینی ئیسلامی گۆڕا.

لەم ڕوانگەیەوە کۆمەڵێک پرسیاری بنەڕەتی سەرهەڵدەدەن: چ هەلومەرجێکی مێژوویی ڕێگای بۆ بیرۆکەی جێنشینی سیاسی لە جیهانی ئیسلامیدا خۆشکرد؟ چۆن جێنشینی، لە هەندێک حاڵەتدا، یارمەتیدەر بوو بۆ سەقامگیری دەوڵەت، لە کاتێکدا لە هەندێکی تردا بووە هۆی داڕمانی و تێکدانی بناغەکانی؟ جگە لەوەش، چۆن فیقهی سیاسیی ئیسلامی، لە فۆرمی سیاسیکراوی خۆیدا، شەرعیەتدان بەم پراکتیزەیە و پۆشینی جلوبەرگی شەرعییەتی ئایینی؟

گرنگی باسکردنی ئەم پرسیارانە بە تایبەتی لەم کاتەدا دیارە، کە هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی وەرگرتنی پۆستی ڕابەری باڵای ئێران لەلایەن موجتەبا خامنەیی، لە شوێنی باوکی، (عەلی خامنەیی) کە لە هێرشی ئیسرائیل-ئەمریکی بۆ سەر تاران لە 28ی شوباتدا کوژرا. ئەم ڕووداوە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک دەرکەوتنێکی ڕوونی گواستنەوەی بۆماوەیی دەسەڵاتی سیاسی لەناو ئیسلامدا لێکدراوەتەوە.

لە شووراوە بۆ پادشایەتی: ئەو ساتەوەختە مێژووییەی کە جێنشینی لەدایک بووە

لەگەڵ کۆچی دوایی پێغەمبەری ئیسلام لە ساڵی 11ی کۆچی/632ی زایینی، کۆمەڵگەی موسڵمانان خۆیان لەبەردەم پرسیارێک دا بینییەوە کە پێشتر نەکرابوو : کێ حوکم دەکات؟ بەپێی ڕوانگەی سوننە، هیچ دەقێکی ڕوون نەبووە کە میکانیزمی گواستنەوەی دەسەڵات دیاری بکات. بۆیە بەیعەتدان بە ئەبوبەکری سدیق لە سەقیفە بەنی سەعیدە، زیاتر سازشێکی سیاسی بوو نەک جێبەجێکردنی سیستەمێکی پێشوەختە دیاریکراو.

محەممەدی کوڕی جەریر ئەلتەباری لە کتێبی “مێژووی پێغەمبەران و پادشاکان”دا وردەکارییەکانی ئەو ساتەوەختە سەرەکییە لە مێژووی ئیسلامیدا دەگێڕێتەوە. باس لەوە دەکات کە ئەنسارەکان (یارمەتیدەرەکان) لە سەقیفە کۆبوونەوە بۆ ئەوەی یەکێک وەک جێنشینی پێغەمبەر هەڵبژێرن. کاتێک بەشێک لە موهاجیرونەکان (کۆچبەران) پەیوەندییان پێوە کرد، ئەنسارەکان پێشنیاریان کرد کە سەرکردەیەک لە نێوان خۆیاندا هەڵبژێردرێت و سەرکردەیەکی دیکە لە نێو موهاجیرونەکاندا. بەڵام گفتوگۆکە بە بەیعەتدان بە ئەبوبەکر دوای وردبینییەکی دوورودرێژ کۆتایی هات. ئەمەش ئەوەمان بۆ دەردەخات کە پرسی حوکمڕانی، لە ناوەڕۆکەکەیدا، بابەتی هاوسەنگی سیاسی و خێڵەکی بووە نەک بابەتی دەقی ئایینی.

ئەم مۆدێلە لە سەردەمی سێ خەلیفەی داهاتوودا، بە پلەی جیاواز، بەردەوام بوو. ئەبوبەکر، عومەری کوڕی خەتابی وەک جێنشینی خۆی دەستنیشان کرد، عومەریش ئەنجومەنێکی (شورا)ی پێکهێنا بۆ هەڵبژاردنی جێنشینەکەی. دواتر عوسمانی کوڕی عەفان لە ڕێگەی پرۆسەیەکی جیاوازەوە هەڵبژێردرا. بەڵام ئەم ئەزموونە دژبەیەکانە ناسکی میکانیزمەکانی گواستنەوەی دەسەڵاتیان ئاشکرا کرد، ناسکییەک کە دواتر بوو بە ململانێی خوێناوی کە لە مێژووی ئیسلامیدا بە “فیتنەی گەورە” ناسراوە.

ئەم شەڕە ناوخۆییە ساتێکی سەرەکی بوو. دوای شەهیدکردنی عەلی کوڕی ئەبی تالیب لە ساڵی 41ی کۆچی/661ی زایینی، موعاویەی کوڕی ئەبی سوفیان دەسەڵاتی خۆی بەسەر دەوڵەتدا چەسپاند و ئەو دەوڵەتەی دامەزراند کە دواتر بە خەلافەتی ئومەوی ناسرا. بەڵام مشتومڕترین هەنگاویش ئەوه بوو که موعاویه کوڕەکه ی (یەزدی کوڕی معاویەی) وەک جێنشینی خۆی دیاری کرد، هەنگاوێکی بێوێنه له مێژووی سیاسەتی ئیسلامیدا.

مێژوونووس ئیبن عەسیر، لە کتێبی “مێژووی تەواو”دا باس لەوە دەکات، معاویە بەم بڕیارەی پاساوی هێناوەتەوە و دەڵێت “پیر بووم، ئێسکەکانم لاواز بوون و ترسم لە ناتەبایی لە نێوان کۆمەڵگەی موسڵمانان هەبوو دوای مردنم. بۆیە بڕیارمدا کەسێک دیاری بکەم کە سەرکردایەتیان بکات لەم بابەتەدا”.

بەم بڕیارە خەلافەت بە شێوەیەکی کاریگەر لە سیستەمێکەوە کە لەسەر بنەمای فۆرمێکی هەڵبژاردنی سیاسی بوو، گۆڕا بۆ سیستەمێکی نزیکتر لە دەسەڵاتێکی پاشایەتی بۆماوەیی. زۆرێک لە هاوچەرخەکانی ئەو سەردەمە مەترسی ئەم گۆڕانکارییەیان بینی و ڕەتیانکردەوە بەیعەت بە یەزد بدەن. بۆ نموونە ئەبو فەراج ئەسفەهانی، لە کتێبی “مقاتل الطالبيين”دا، قسەکانی ئیمامی حسێن دەهێنێتەوە، کە چۆن ڕەتیکردەوە بەیعەت بە یەزد بدات: “ئێمە بنەماڵەی پێغەمبەرین، وە یەزد پیاوێکی گەندەڵە… کەسێکی وەک من بەیعەت بە کەسێکی وەک ئەو نادات”.

بەڵام ناڕەزایەتییەکانی حسێن و عەبدوڵڵای کوڕی زوبەیر و ئەوانی دیکە نەبووە ڕێگر لە چەسپاندنی ئەم مۆدێلە نوێیە. بە تێپەڕبوونی کات، جێنشینی بۆماوەیی بوو بە پرەنسیپێکی سیاسی نیمچە چەسپاو، نەک تەنیا لە دەوڵەتی ئومەویدا بەڵکو دواتر لە دەوڵەتی عەباسیدا.

لە دەوڵەتی عەباسیدا، دانانی میراتگرێک گۆڕا بۆ دامەزراوەیەکی سیاسی نیمچە فەرمی. ئەلمەسعودی، لە “موروج الحاب”دا باسی ئەم گۆڕانکارییە دەکات و دەڵێت: “خەلیفەکان دەستیان کرد بە سپاردنی خەلافەت بە کوڕەکانیان و بەیعەتیان بۆ وەرگرتن لە ماوەی تەمەنیاندا”.

بەم شێوەیە دەتوانین بڵێین جێنشینی بۆماوەیی سیاسی لەناکاو وەک تیۆرێک سەریهەڵنەدا، بەڵکو وەک وەڵامێک بۆ بارودۆخی مێژوویی ئاڵۆز سەریهەڵدا: شەڕی ناوخۆ، فراوانبوونی دەوڵەت و ترس لە ئاژاوەگێڕی. بە تێپەڕبوونی کات ئەم چارەسەرە پراکتیکییە پەرەی سەند و بوو بە سیستەمێکی سیاسی تەواو.

لە نێوان سەقامگیری و داڕمان دا: کاتێک جێنشینی خزمەت بە دەوڵەت دەکات یان تێکدەدات؟

کاریگەری جێنشینی سیاسی لە تەواوی ئەو ئەزموونانەدا یەکسان نەبوو. لە هەندێک حاڵەتدا گواستنەوەی دەسەڵات لە ناو بنەماڵەی دەسەڵاتداردا یارمەتیدەر بوو بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری سیاسی، لە هەندێک حاڵەتدا، بووە هۆی دروستبوونی ململانێی وێرانکەر لەسەر تەختی دەسەڵات.

بۆ نموونە لە خەلافەتی ئومەویدا دامەزراندنی میراتگرێکی دیاریکراوی بە ڕواڵەت بووە هۆی تا ڕادەیەک سەقامگیری ئیداری. عەبدولمالیکی کوڕی مەروان دوای چەندین ساڵ لە گێژاو توانی دەوڵەت ئاوەدان بکاتەوە، دوای ئەویش کوڕەکەی، وەلیدی کوڕی عەبدولمالیک، کە لە سەردەمەکەیدا شایەتحاڵی فراوانبوونی بەرچاوی دەوڵەتی ئیسلامی بوو. مێژوونووس شەمسەدین ئەلزەهابی لە کتێبی “سیار النوبەلا” (ژیاننامەی کەسایەتییە بەرزەکان)دا سەبارەت بەم قۆناغە نووسیویەتی و دەڵێت: “وەلید یەکێک بووە لە گەورەترین خەلیفە ئومەوییەکان لە ڕووی دەسەڵات و پێگەوە؛ لە سەردەمی ئەودا زەوییە بەرفراوانەکان داگیرکراون”.

بەڵام وێنەکە هەمیشە ئەوەندە ئەرێنی نەبووە. لە خەلافەتی عەباسیدا هەندێک جار جێنشینی بووەتە سەرچاوەیەکی بەردەوامی ناکۆکی لە نێوان کوڕەکانی خەلیفە. یەکێک لە نموونە بەناوبانگەکان شەڕی ناوخۆیە کە لە دوای کۆچی دوایی خەلیفە هارون ڕەشید لە نێوان ئەلئەمین و ئەلمەعمون سەریهەڵدا. ڕەشید هەوڵیدا بە دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان کوڕەکانیدا خەلافەت ڕێکبخات، بەڵام بەم کارە ململانێی ئاشکرای لە نێوانیاندا دروستکرد. ئەلتەبەری باسی شەڕەکەی کردووە و دەڵێت “خەڵک شەڕێکی توندی کرد، گەمارۆدانی بەغداش بەردەوام بوو تا ماڵەکان وێران بوون، خەڵکەکەش ئازارێکی زۆریان چەشت”.

ئەم شەڕانە تەنیا ململانێی خێزانیی نەبوون؛ زۆرجار بوونە هۆی لاوازبوونی خودی دەوڵەت. لە زۆر حاڵەتدا خەبات بۆ خەلافەت دەرگای یاخیبوونی ناوچەیی و جیابوونەوەی پارێزگاکانی کردەوە.

ئەم نەخشەیە لە دەوڵەتانی تری ئیسلامیدا دووبارە بووەوە، وەک دەوڵەتی فاتمی و عوسمانی، کە ململانێی نێوان کوڕەکانی سوڵتان بوو بە توخمێکی پێکهاتەیی سیاسەت. بۆ نموونه له دەوڵەتی عوسمانیدا براکوژی سیاسەتێکی ​​فەرمی بوو بۆ پێشگرتن له شەڕی ناوخۆ، پراکتیزێک که مێژوونووسان له چوارچێوەی چەسپاندنی حوکمی ناوەندیدا باسی دەکەن.

فیقهی سیاسی و شەرعیەتدان بە جێنشینی بۆماوەیی

لە کاتێکدا جێنشینی سیاسی لە هەلومەرجی مێژووییەوە سەرچاوەی گرتووە، بەڵام بەردەوام پێویستی بە شەرعیەتی فیکری و فیقهی هەبوو. لێرەدا فیقهی سیاسی ئیسلامی ڕۆڵێکی چارەنووسساز لە داڕشتنی چەمکی دەسەڵاتدا هەبووە.

لە سەدەی پێنجەمی کۆچیدا، کتێبی “الئەحکام السوڵتانییە” (فەرمانەکانی سوڵتان) لە نووسینی فەقیهی شافیعی ئەبو حەسەن ئەلمەوەردی بە یەکێک لە گرنگترین دەقەکان دادەنرێت کە هەوڵی ڕێکخستنی تیۆری سیاسی ئیسلامیی داوە. هەرچەندە ئەلمەوەردی باس لە هەڵبژاردنی ئیمام دەکات، بەڵام دان بە ئەگەری دیاریکردنی خەلافەتدا دەنێت و دەڵێت: “ئەگەر ئیمام جێنشینی خۆی دیاری بکات، ئەوە دروستە، جێنشینی دیاریکراویش زیاتر مافی خۆی دەبێت”.

ئەم دەقە ڕەنگدانەوەی هەوڵێکی ڕوونە بۆ ئاشتکردنەوەی تیۆری ڕاوێژکاری (شورا) لەگەڵ واقیعی سیاسی کە لەسەر بنەمای جێنشینی بۆماوەیی دامەزراوە. هەر لەو سەدەیەدا فەقیهی حەنبەلی ئەبو یەعلە فەراع بۆچوونێکی هاوشێوەی هەبوو، دانانی جێنشینی خەلافەت بە ئامرازێکی شەرعی و بێ ناڕەزایی دەزانی. ئەو گرێیدایەوە بە مافی مامەڵەکردن بە موڵک و ماڵی بنەماڵە و دەڵێت: “بەو پێیەی مرۆڤ مافی مامەڵەکردن بە سەروەت و سامان و منداڵەکانی و کچەکانی هەیە، مافی ئەوەی هەیە ئەمە بە وەسیەت بۆ کەسانی دیکە جێبهێڵێت. بە هەمان شێوە ئیمامیش کە ئەم مافەی هەیە، مافی ئەوەی هەیە جێنشینێک دابنێت”. بەهەمان شێوە ئەبو مەعەلی لە کتێبی “الغیاثی”دا، دانانی جێنشینی لە خەلیفەیەکەوە بۆ خەلیفەیەکی دیکە، بەبێ ڕەچاوکردنی بۆچوونی خەڵک یان ڕەعیەت، چەسپاندووە.

لە سەدەی حەوتەمی کۆچیدا، هاوکات لەگەڵ سەرهەڵدانی هەڕەشەی خاچپەرست و مەغۆلەکان بۆ سەر جیهانی موسڵمانان، شەرعیەتی جێنشینی بۆماوەیی لە هۆشیاری بەکۆمەڵی موسڵماناندا بە توندی جێگیر بوو، تەنانەت ئەگەر فەرمانڕەوای نوێ بە ستەمکاریش ناسرابێت. ئەمەش لە قسەیەکی ئیبن تەیمیە ئەلحەرانیدا ڕونتر دەرکەوتووە کە دەڵێت: “شەست ساڵ لەگەڵ حاکمێکی ستەمکار باشترە لە شەو و ڕۆژێک بەبێ فەرمانڕەو”.

لە سەدەی هەشتەمی کۆچیدا، ئیبن خەلدون لە کتێبەکەیدا، *المقەدیمە*، شیکارییەکی واقیعیتر و گشتگیرتری پێشکەش کرد، کاتێک بیرۆکەی جێنشینی بۆماوەیی بەستەوە بە بنەمای عەسابییە (هاودەنگیی گروپییەوە)، بەم شێوەیە نیشانی دا، کە گواستنەوەی دەسەڵات لەناو بنەماڵەی فەرمانڕەوادا دیاردەیەکی سروشتییە لە دەوڵەتە جیاوازەکاندا. لەم ڕوانگەیەوە ڕایگەیاندووە کە “کاتێک پاشایەتی لە بنەماڵەیەکی دیاریکراودا دامەزرا، عەسابیەیەکەی بە توندی جێگیر دەبێت”. ئەم شیکارییە ئەوەندەی هەوڵیدا لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسیەوە کە لەسەر بنەمای چەمکی عەسابییە هێزی وەرگرتووە، پاساوێکی ئایینی بۆ جێنشینی بۆماوەیی پێشکەش نەکرد.

لە لێکۆڵینەوە مۆدێرنەکاندا ژمارەیەک توێژەرانی ڕۆژئاوا پرسی جێنشینی بۆماوەیی لە ئیسلامدا وەک گۆڕانکارییەکی پێکهاتەیی لە مێژووی ئیسلامیدا باسیان کردووە. بۆ نموونە هیو کێنێدی مێژوونووسی بەریتانی لە کتێبی “پێغەمبەر و سەردەمی خەلافەتەکان”دا باس لەوە دەکات کە گواستنەوە بۆ دەسەڵاتی پاشایەتی بۆماوەیی دەرئەنجامێکی سروشتی فراوانبوونی دەوڵەت و زیادبوونی ئاڵۆزی بەڕێوەبردنەکەی بووە. بە هەمان شێوە زانای دانیمارکی پاتریشیا کرۆن لە کتێبی “حوکمی خودا: حکومەت و ئیسلام”دا ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرجار فەقێیەکان خۆیان لەگەڵ پێکهاتەی دەسەڵاتی هەبوودا گونجاندووە نەک تەحەدای بکەن.

لە کۆتاییدا، چەمکی جێنشینی سیاسی لە مێژووی ئیسلامیدا تەنیا لادانێکی کاتی نەبووە لە مۆدێلی ڕاوێژکاری (شورا)، وەک هەندێک لێکدانەوە ئایدیالیزەکراو بۆ مێژوو پێشنیاری دەکەن. بەڵکو لوتکەی پرۆسەیەکی درێژخایەنی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی بوو کە موسڵمانانی ناچار کرد بەدوای میکانیزمێکی سەقامگیرتردا بگەڕێن بۆ گواستنەوەی دەسەڵات.

لەم پرۆسەیەدا سێ فاکتەری سەرەکی ڕۆڵی یەکلاکەرەوەیان گێڕا: یەکەم: ئەو هەلومەرجە مێژووییەی کە بەهۆی شەڕی ناوخۆ و فراوانبوونی دەوڵەتەوە دروست بووە.

دووەم: ئەزموونی سیاسی کە نیشان دەدات کە جێنشینی هەندێک جار دەتوانێت ئامرازێک بێت بۆ سەقامگیری و لە هەندێک کاتدا هۆکاری ململانێ بێت.

سێیەم: هەوڵە زانستییەکان کە هەوڵیان دەدا ئەم پراکتیزەیە شەرعیەت بدەن و بیخەنە ناو تیۆری سیاسی ئیسلامییەوە. بەم شێوەیە لێکۆڵینەوە لە جێنشینی سیاسی لە نەریتی ئیسلامیدا ڕاستییەکی گرنگ ئاشکرا دەکات: مێژووی سیاسی ئیسلام تەنها بەکارهێنانی دەقە ئایینییەکان نەبووە، بەڵکو بەرهەمێکی ئاڵۆزی کارلێکی نێوان دەسەڵات و فیقه و کۆمەڵگا بووە.

Back to top button