بەهۆی ڤیتۆی بارزانی لەسەر نزار ئامێدی فوئاد حوسێن پێشێلی پرۆتۆکۆڵێکی وەزارەتەکەی دەکات

بەگوێرەی زانیارییەکانی کورد مۆنیتەر، بەهۆی فەرمانێکی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەرپرسانی حزبەکەی سەبارەت بە بایکۆتکردن و مامەڵەنەکردن لەگەڵ نزار ئامێدی، سەرۆک کۆماری عێراق، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوە ئامادە نییە بۆ ڕێوڕەسمی پێشکەشکردنی کارنامەی حەوت باڵیۆز بچێتە لای سەرۆک کۆمار، ئەوەش کێشەیەکی گەورەی یاسایی و دیبلۆماسی دروستکردووە.

بەهۆی ئەو کێشەیەوە باڵیۆزی نوێی ڕووسیا لەجیاتی ئەوەی بچێتە سەرۆکایەتی کۆمار و مەراسیمی دەستبەکاربوون ئەنجامبدات، چوەتە باڵەخانەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق و لە مەراسیمەکەدا فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە بەشداربوو.

لە دەستووری هەمیشەییی عێراق و یاسا بەرکارەکانی پەیوەست بە کاری دیپلۆماسیدا، پرۆسەی وەرگرتنی پەڕاوی متمانەی باڵیۆزەکان و پەیوەندیی نێوان وەزیری دەرەوە و سەرۆک کۆمار بە ڕوونی دیاری کراوە، پەکخستنی ئەم پرۆسەیە بەهۆی ناکۆکیی حزبییەوە، پێشێلکاریی دەستووریی و یاسایییە.

دەسەڵاتی سەرۆک کۆمار لە وەرگرتنی پەڕاوی متمانەدا (ماددەی 73)
بەپێی ماددەی 73 (بڕگەی چوارەم) لە دەستووری عێراق، یەکێک لە دەسەڵاتە تایبەت و ڕەسەنەکانی سەرۆک کۆمار بریتییە لە: قبووڵکردنی باڵیۆزەکان

لە ڕووی دەستووری و عورفی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتییەوە (پەیماننامەی ڤییەنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان ساڵی 1961)، هیچ باڵیۆزێکی بیانی لە عێراقدا ناتوانێت بە فەرمی دەستبەکار بێت هەتا پەڕاوی متمانەی خۆی پێشکەش بە سەرۆکی دەوڵەت کە لە عێراقدا سەرۆک کۆمارە نەکات.

وەزیری دەرەوە تەنها وێنەیەکی هاوشێوەی پەڕاوەکە وەردەگرێت بۆ ڕێکخستنی وادەی دیدارەکە لەگەڵ سەرۆک کۆمار، واتە وەزیری دەرەوە ناتوانێت شوێنی سەرۆک کۆمار بگرێتەوە لەم مەراسیمەدا.

ڕۆڵی وەزیری دەرەوە لە مەراسیمەکەدا

بەپێی یاسای خزمەتی دەرەوەی عێراق بە ژمارە 45ی ساڵی2008 ڕێساکانی پرۆتۆکۆلی سەرۆکایەتی بەمشێوەیەیە:

وەزیری دەرەوە لایەنی جێبەجێکارە لە ئامادەکردنی مەراسیمی پێشکەشکردنی پەڕاوی متمانە و پێویستە لە کاتی مەراسیمەکەدا لە تەنیشت سەرۆک کۆمار ئامادە بێت بۆ ناساندنی باڵیۆزە نوێیەکان و واژۆکردنی کۆنووسی فەرمیی پرۆتۆکۆڵەکە.

کاتێک وەزیری دەرەوە بایکۆتی ئەم مەراسیمە دەکات یان ڕێکارەکان دوا دەخات، لە ڕووی یاساییەوە ئەرکی وەزیفیی خۆی پەک دەخات و کێشەی دیپلۆماسی بۆ پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئەو حەوت وڵاتەدا دروست دەکات.

سەرپێچیکردنی سوێندی دەستووری و ماددەی 79 و 50

بەپێی ماددەی 79ی دەستوور، سەرۆک وەزیران و وەزیرەکان بەر لە دەستبەکاربوونیان لەبەردەم پەرلەماندا سوێندی دەستووری دەخۆن کە دەقەکەی (لە ماددەی 50 دا هاتووە) لەو سوێندەدا وەزیر پەیمان دەدات کە:

ئەرک و بەرپرسیارێتییە یاساییەکانی بە دڵسۆزی و لێبڕانەوە جێبەجێ بکات و سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق بپارێزێت و کار بۆ بەرژەوەندیی گەل بکات.

لە ڕووی یاسای دەستوورییەوە، هەر کاتێک وەزیرێک بڕیاری حزبی بخاتە پێش ئەرکی دەستووری و دەوڵەتیی و مامەڵە لەگەڵ سەرۆک کۆماردا نەکات (کە بەپێی ماددەی 67ی دەستوور سیمبوولی یەکێتیی نیشتمان و نوێنەری سەروەریی وڵاتە)، ئەوا ڕاستەوخۆ سوێندی دەستووریی شکاندووە.

ئەگەر بابەتەکە ببرێتە چوارچێوەی لێپرسینەوەی یاسایی و پەرلەمانییەوە، ئەم دەرچە دەستوورییانە لەبەردەمدان:

لێپرسینەوە لە پەرلەمان (ماددەی 61/حەوتەم/ج): پەرلەمانی عێراق مافی ئەوەی هەیە بانگهێشتی وەزیری دەرەوە بکات و لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکات لەسەر پەکخستنی ئەرکەکانی و شکاندنی شکۆی دیپلۆماسیی دەوڵەت، و دواتریش متمانەی لێ وەربگرێتەوە.

لەکارخستن لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە (ماددەی 78): سەرۆک وەزیران دەسەڵاتی هەیە بە ڕەزامەندیی پەرلەمان وەزیر لە پۆستەکەی دووربخاتەوە، یان بە وەکالەت کارەکانی ڕایی بکات ئەگەر لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیدا سەرپێچی بکات.

Back to top button