ترەمپ بۆ موجتەبا خامنەیی: دیداری ڕاستەوخۆ یان هێرشێکی گەورە

دیداری ڕاستەوخۆ یان هێرشێکی گەورە، ئەمە دواین پەیامی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە بۆ موجتەبا خامنەیی رابەری باڵای ئێران.

سەرچاوەی دیپلۆماسیی ئاگادار لە هەوڵەکانی نێوەندگیریی نێوان واشنتن و تاران، ئاشکرایان کرد کە سەرۆکی ئەمریکا لە ڕێگەی عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستانەوە، پەیامێکی زارەکیی بۆ ڕێبەری ئێران ناردووە؛ پەیامەکە پێشنیازێک لەخۆ دەگرێت بۆ ئەنجامدانی دیدار یان پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوانیاندا، بە ئامانجی یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانی هەردوو وڵات.

موحسین ڕەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران ئاماژەی بەوە داوە، واشنتن لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە هەوڵ دەدات رێڕەوێکی دانوستان لە بەرزترین ئاستی بڕیاردانی هەردوو وڵاتدا بکاتەوە، کە ڕێگە بدات بە گەیشتن بە ڕێککەوتنی یەکلاکەرەوە لەبارەی ئەو پرسانەی کە ڕێگرن لە نزیکبوونەوەی هەردوو وڵات.

بەگوێرەی سەرچاوەکان، ترەمپ هەوڵ دەدات لە ڕێگەی پەیوەندی ڕاستەوخۆوە لەگەڵ موجتەبا خامنەیی، زاڵ بێت بەسەر ئەم ئاڵۆزییانەدا و لە بژاردەی هێرشی نوێی سەربازیی دووربکەوێتەوە.

جوڵە دیبلۆماسیەکە هاوکاتە لەگەڵ فشاری ئابووریی گەورە بۆ سەر ئێران، کە سنووردارکردنی توندی جووڵەی بازرگانی لە ڕێگەی هەندێک دەروازەی وشکانییەوە لەخۆ دەگرێت، شانبەشانی سزاکانی ئەمریکا و گەمارۆی دەریایی بەسەر بەندەرەکانی ئێراندا.

Back to top button