بێرنار هێنری لێڤی، پیاوی سێبەر کە بۆ نیو سەدە دزەی کردە ناو بڕیاری سەرۆکایەتیی فەڕەنساوە

لە سیاسەتی فەڕەنسادا، هەبوونی هەژموون هەمیشە پێویستی بە پۆستێکی فەرمی نییە, هەندێک جار پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ڕاستەوخۆ بۆ کۆشکی ئێلیزێ، زۆر شت دەگۆڕێت.

بەم شێوەیە بێرنار هێنری لێڤی، کە بە کورتکراوەی (BHL) ناسراوە، پێگەی خۆی وەک فەیلەسوف، ڕۆژنامەنووس و نێوەندگیرێکی دیپلۆماسیی نافەرمی بنیات نا؛ کەسێک کە لەنێوان بەرەکانی جەنگ و کۆشکەکاندا هاتوچۆ دەکات و ئەوەی خۆی پێی دەڵێ (ئەرکێکی ئەخلاقی) یە لەسەر فەڕەنسا و ڕۆژئاوا، دەیخاتە بەردەم سەرۆکەکان.

لە تەمەنی حەفتا و حەوت ساڵیدا و لەگەڵ بڵاوبوونەوەی بیرەوەرییە نوێیەکانیدا، پێناچێت لێڤی ئامادە بێت گۆڕەپانەکە چۆڵ بکات. ئەو خۆی وەک چاودێری جەنگەکان نمایش ناکات، بەڵکو خۆی بە لایەنێکی ناو جەنگەکان دەزانێت؛ لەسەر کارەساتەکان دەنووسێت بۆ ئەوەی پاڵنەر بێت بۆ گۆڕینی ئاراستەکەیان، دان بەوەشدا دەنێت کە ڕاپۆرتەکانی تەواو بێلایەنانە نین، بەڵکو ئامرازن بۆ دروستکردنی کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان.

لە فەلسەفەوە بۆ مافی دەستوەردان

لێڤی لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە چوارچێوەی ڕەوتی فەیلەسوفە نوێیەکان دا دەرکەوت، کە هێرشیان دەکردە سەر مارکسیزم و ڕژێمە تۆتالیتارەکان، دواتر بەرگریکردن لە مافەکانی مرۆڤی گۆڕی بۆ پڕۆژەیەکی سیاسی کە هەندێک جار بانگەشە بۆ بەکارهێنانی هێز دەکات. ئەو کەوتبووە ژێر کاریگەریی نووسەرانی وەک ئەندرێ مالرۆ و لۆرد بایرۆن، ڕۆشنبیری وەک نموونەیەک دەبینی کە لە نووسینەوە بپەڕێتەوە بۆ کردار، لە شیکردنەوەی تراژیدیاوە هەنگاو بنێت بۆ هەوڵدان بۆ ڕاگرتنی، ئەم تێڕوانینە لە پشت ئامادەبوونییەوە بوو لە بۆسنە، دارفۆر، ئەفغانستان، هەرێمی کوردستان و ئۆکراینا.

لە هەموو جارێکیشدا، هەوڵی دەدا وێنەی ڕۆشنبیرێکی پابەند و وێنەی جەنگاوەرێکی سیمبوولی پێکەوە کۆبکاتەوە، کە زۆرجار کراسە سپییە بەناوبانگەکەی لەبەردایە، دەستی گرتبوو بەو بیرۆکەیەی کە پشتگوێخستنی توندوتیژی بە ناوی وریایی دیپلۆماسییەوە، ڕەنگە لە خۆیدا تاوان بێت.

بەڵام نەیارەکانی ئەم مۆدێلە وەک (دیپلۆماسیی ناوداران) دەیبینن، ئەنجوومەنی ئەتڵەسی لە شیکارییەکی پێشوویدا ڕەخنەی لە پشتبەستنی لیڤی گرتبوو بە گێڕانەوە و خەمڵاندنی ناتەواو لە هەندێک دۆسیەدا، و پێی وابوو کە ئەو جۆش و خرۆشەی بۆ ئۆپۆزیسیۆنی لیبیا هەیبوو، بەس نەبوو بۆ تێگەیشتن لە سروشتی ئەو هێزانەی کە جێگەی موعەممەر قەزافی دەگرنەوە.

لیبیا.. ئەو تەلەفۆنەی گەیشتە سارکۆزی

هەژموونی لێڤی لە ساڵی 2011 لە لیبیادا گەیشتە لووتکە. ئەو لە شاری بەنغازییەوە پەیوەندیی بە نیکۆلا سارکۆزیی سەرۆکی فەڕەنساوە کرد و هانی دا کە پێشوازی لە نوێنەرانی ئەنجوومەنی نیشتمانیی قۆناغی ڕاگوزەر بکات و دانیان پێدا بنێت.

دواتر، بەگوێرەی گێڕانەوەکان، تەلەفۆنەکە یارمەتیدەر بوو لە دروستکردنی ئەو هێزە سیاسییەی کە سەریکێشا بۆ دەستوەردانی سەربازیی فەڕەنسا و کۆکردنەوەی پشتیوانیی ئەوروپی و نێودەوڵەتی بۆی.

لێڤی پێی وایە ئەو دەستوەردانە بەنغازیی لە کۆمەڵکوژییەک ڕزگار کرد، وڕووخاندنی قەزافیش بەرگریکردن بوو لە بەهاری عەرەبی. بەڵام ئەو هیچ داوای لێبووردنێکی بۆ ئەنجامەکانی تاوانەکانی دواتر پێشکەش نەکرد: هەرەسهێنانی دەوڵەت، هەڵوەشانەوەی دامەزراوەکان، و گۆڕانی لیبیا بۆ گۆڕەپانی ململانێی گرووپە چەکدارەکان و هێزە بیانییەکان.

لێرەشدا یەکێک لە کێشەکانی پڕۆژەکەی دەردەکەوێت: ئاسانیی گۆڕینی دەستوەردان بۆ سەرکەوتنێکی ئەخلاقی، و سەختیی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخەی کە لە دوای ڕووخانی ڕژێم دێتە ئاراوە.

لە سەردەمی فرانسوا ئۆلانددا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ کۆشکی ئێلیزێ پاراست و یارمەتیدەر بوو لە ڕێکخستنی دیدار لەگەڵ کەسایەتییە ئۆکراینیی و کوردییەکاندا؛ بەڵام لە سەردەمی ئیمانوێل ماکرۆندا، کەناڵەکانی پەیوەندیی زۆر ڕاستەوخۆتر دەردەکەوتن.

ڕۆژنامەی لۆمۆند دەڵێت، ئەو لە کاتی جەنگی ئۆکراینادا شەوانە نامەی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن دا ئاڵوگۆڕ کردووە، هەروەها دەستوەردانی کردووە بۆ ڕێکخستنی دیدار لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، و لە ساڵی 2024یشدا هەوڵی داوە مەودای نێوان دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمریکا و هاوتا ئۆکراینییەکەی، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، نزیک بکاتەوە.

ئۆکراینا و فەلەستین

لە سەرهەڵدانی شۆڕشی مەیدانەوە لە ساڵی 2014 ، لێڤی دۆزی ئۆکراینای گرتە خۆ و لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ڕووسیاش بەردەوام بوو لە بەرگریکردن لە زێلێنسکی.

لە فیلم و نووسینەکانیدا، لەناو سەربازەکان و لەژێر مەترسیدا دەردەکەوێت و پێی وایە هاوسۆزی لەگەڵ ئۆکراینا درێژەپێدەری جەنگە کۆنەکەیەتی لە دژی ستەمکاریی، بەڵام ئامادەبوونی هەرە مشتومڕاوی پەیوەستە بە ئیسرائیلەوە؛ دوای هێرشەکانی حەوتی تشرینی یەکەمی 2023 بوو، پێشنیازی بۆ ماکرۆن کرد کە هاوشێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش، هاوپەیمانییەک دژی حەماس پێکبهێنرێت.

سەرۆک لە سەرەتادا بیرۆکەکەی پەسەند کرد، بەڵام لەناو ناوەندە دیپلۆماسییە ئەوروپی و عەرەبییەکاندا ڕەت کرایەوە و دواتر بەخێرایی پاشەکشەی کرد.

لێڤی ڕەتی دەکاتەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە غەززە بە جینۆساید وەسف بکرێن، و دژی دانپێدانانی فەڕەنسایە بە دەوڵەتی فەلەستیندا، لەگەڵ ئەوەی لە هەمان کاتدا ڕەخنە لە بنیامین نەتەنیاهۆ و هەردوو وەزیرەکەی، ئیتمار بن گڤیر و بێزالیل سمۆتریچ دەگرێت.

ڕەخنەگرانی پێیان وایە بەرگریکردنی لە ئیسرائیل، نەهامەتییەکانی فەلەستینییەکان پەردەپۆش دەکات. هاوکات دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕاپۆرتەکانی لەسەر جەنگەکانی ئیسرائیل بە هەڵبژاردن و لایەنگرییەکی زەقەوە نووسراون، چونکە تیشکیان خستووەتە سەر گێڕانەوەی سوپا و بەرپرسانی ئیسرائیل و هەمان پانتاییان نەداوەتە فەلەستینییەکان و لوبنانییەکان.

لێڤی نە وەزارەتی هەیە و نە کورسیی پەرلەمان، بەڵام خاوەنی شتێکە کە زۆر لەوانە دەگمەنترە: توانای گەیشتن بە ناوەندەکانی بڕیار، بەهرەی گۆڕینی هەڵوێستی ئەخلاقی بۆ وێنەیەکی میدیایی، لەگەڵ سامانێک کە لە زۆر لێکەوتە دەیپارێزێت.

لەبەر ئەمەیە لایەنگرانی وەک ڕۆشنبیرێکی بوێر دەیبینن کە بێباکی ڕەت دەکاتەوە، لە کاتێکدا نەیارەکانی وەک پیاوێکی سێبەری دەوڵەمەند تەماشای دەکەن کە قەیرانە ئاڵۆزەکان لە چەند دیمەنێکی پاڵەوانبازیدا کورت دەکاتەوە.

ڕەنگە ڕاستیی لێڤی لەنێوان ئەم دوو وێنەیەدا بێت؛ ئەو هەمیشە دزە ناکاتە ناو بڕیاری فەڕەنسییەوە، بەڵام دەزانێت چۆن لێی نزیک ببێتەوە و چۆن وابکات بیرۆکەکانی بە ئاسانی پشتگوێ نەخرێن.

ڕەنگە کێشەی ئەو تەنها ئەوە نەبێت کە دەست لە سیاسەت وەردەدات، بەڵکو ئەوەیە کە ئەم کارە بەبێ هیچ شەرعییەت و هەڵبژاردنێک دەکات، و دواتریش ئەرکی لێپرسینەوە لە ئەنجامەکان بۆ مێژوو جێدەهێڵێت.

Back to top button