ئێران هێزی سەربازیی زیاتر ڕەوانەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات

ڕاپۆرتە میدیاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوەپێکردنی هێزە سەربازییەکانی لە ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چڕتر کردووەتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی دژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) کە یەکێکە لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کورد، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا پێکدادان لە چیای شاهۆ و ناوچەکانی دەوروبەری تۆمار کرا.

پێگەی “یۆرۆنیوز” بڵاویکردەوە، تاران تۆپخانە و چەکی قورسی زیاتری ڕەوانەی ناوچەکانی ڕۆژئاوای وڵات (ڕۆژهەڵاتی کوردستان) کردووە، هاوتەریب لەگەڵ چڕکردنەوەی ئۆپەراسیۆنەکانی سوپای پاسداران دژی گرووپەکانی ئۆپۆزیسیۆن بە درێژایی سنوورەکانی ڕۆژئاوا و باشووری ڕۆژهەڵاتی ئێران.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان (KHRN) جموجۆڵی کاروانە سەربازییەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی بەرەو ناوچەکانی سنە، کامیاران، سەوڵاوا، مەریوان و بانە تۆمار کردووە، هاوکات سەدان چەکداری هێزە تایبەتەکانی ئێران کە پێدەچێت سەر بە یەکەی سابرین بن، لە هەفتەکانی ڕابردوەوە گواستراونەتەوە بۆ دەوروبەری ئەو گوندانەی دەکەونە بناری چیای شاهۆ.

هێرشکردنە سەر هێزە کوردییەکان

ئەم هێزکۆکردنەوەیە هاوکات بوو لەگەڵ زنجیرەیەک هێرش کە بارەگای سەر بە حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کردە ئامانج، هەفتەی ڕابردوو هێزەکانی ئێران چەند پێگەیەکی چوار حزبی کوردییان کردە ئامانج کە بریتین لە: پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)، ڕێکخراوی کۆمەڵە و سازمانی خەبات. ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کردووە لە یەکێک لەو هێرشانەدا کە کەمپێکی سەر بە پارتی ئازادیی کوردستانی لە نزیک چیای هەریر کردووەتە ئامانج.

لە ناوخۆی ئێرانیشدا، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند، ڕۆژی یەکشەممە پێگەکانیان لە ناوچە شاخاوی و دارستانەکانی مەریوان ڕووبەڕووی هێرش بوونەتەوە، هێرشەکە بە بەکارهێنانی دوو درۆنی خۆکوژ دەستی پێ کردووە و لەپاشاندا زیاتر لە 30 گوللە هاوەن ئاراستەی ناوچەکە کراوە، سەرەڕای بەکارهێنانی چەکی قورس.

ئەم پێنج ڕێکخراوە ئەندامی هاوپەیمانییەکن کە لە ماوەی مانگەکانی کانوونی دووەم و شوباتی 2026دا پێکهێنرا، وەک هەنگاوێک کە ژمارەیەک لایەنی خاوەن ئاراستەی سیاسی و سەربازیی جیاوازی کۆکردەوە.

فشارەکانی ئێران بۆ سەر بەغدا

فشارەکانی ئێران بۆ سەر عێراق سەریانهەڵداوەتەوە، ئەوەش بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێکار لە دژی لایەنە کوردییەکان کە نیشتەجێی خاکی عێراقن، لەم چوارچێوەیەشدا تاران داوای لە بەغدا کردووە ئەو گرووپانە دەربکات، بە دیاریکراویش محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی عێراق ڕەزامەندییان لەسەر داواکارییەکەی ئێران نیشان داوە.

دەسەڵاتدارانی ئێران وەک هەڕەشەیەکی ئەمنیی چاوەڕوانکراو دەڕواننە گرووپە کوردییەکان، بەتایبەت لە سایەی ترس لە ئەگەری سەرهەڵدان و پەرەسەندنی نائارامییەکان لە ناوچە زۆرینە کوردنشینەکاندا، بوونی هەندێک لەم هێزانەش لەسەر خاکی عێراق ڕەهەندێکی هەرێمی دەبەخشێتە ڕووبەڕووبوونەوەکە، لە کاتێکدا کە تاران خاوەنی هەژموونێکی سیاسی و ئەمنییە لە ناوخۆی عێراقدا.

هاوکات سوپای پاسداران چەکداری کوردیشی بۆ بەشداریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی کۆکردووەتەوە. پشتبەستن بە کەسانی خەڵکی ناوچەکەش ڕەنگە باڵادەستییەکی مەیدانی ببەخشێتە هێزەکانی ئێران، بەهۆی شارەزاییان لە هەڵکەوتەی شاخاویی ناوچەکە.

Back to top button