لە زیندانەکانی کەرکووکەوە بۆ کۆشکەکانی بەغدا؛ محەمەد سەمعان ئەو پیاوەی لە یەک کاتدا پارێزگار و وەزیرە

دەستنیشانکردنی محەمەد سەمعان ئاغا، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی وەک وەزیری دەوڵەت لە عێراق، چەندین پرسیار لەبارەی داهاتووی نوێنەرایەتیی سیاسیی تورکمانەکان دەوروژێنێت، هاوکات لەگەڵ ئەوەی تا چەند نزیکبوونەوەی نێوان ئەنقەرە و بەغدا دەتوانێت دەرگا لەبەردەمیاندا بکاتەوە بۆ بەهێزکردنی پێگە و ئامادەییان لە دامەزراوەکانی بڕیارداندا.

نووسەری تورک عەبدولقادر سێلڤی لە وتارێکدا لە ڕۆژنامەی “حورییەت” تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی، گەیشتنی کەسایەتییەکی تورکمان بە پۆستێکی حکومی هەموو بابەتەکە نییە، بەڵکو بابەتەکە ڕەهەندێکی هەرێمیی هەیە.

ئەم پێشهاتانە لەبەر ڕۆشنایی مێژووی سیاسیی تورکمانەکان لە عێراق و ئەو پەراوێزخستن و گوشارانەی ڕووبەڕووی بوونەتەوە، گرنگییەکی زیاتر پەیدا دەکەن، سەرباری پەیوەستبوونی دۆزەکەیان بە هاوکێشەکانی ئاسایش و سەقامگیری و پەیوەندییە مێژوویی و کولتوورییەکانیان لەگەڵ تورکیادا.

لەنێوان سیمبولبوونی وەرگرتنی ئەو پۆستە و بەشداریکردنی کارات تورکمانەکان لە دەسەڵات، پرسیار لەبارەی توانای ئەم هەنگاوە بۆ دروستکردنی وەرچەرخانێکی بەردەوام لە پێگەی تورکمانەکان لەناو دەوڵەتی عێراقدا سەرهەڵدەدات.

بەڵام ئەوەی ئێستا بووەتە کێشە ئەوەیە، محەمەد سەمعان لەگەڵ ئەوەی وەک وەزیری دەوڵەت دەستبەکاربووە، بەڵام هێشتا ئامادە نییە دەستبەرداری پۆستی پارێزگاری کەرکوک ببێت و ڕۆژانە لە باڵەخانەی پارێزگار دەوام دەکات.

لە سەرکوتکردنەوە بۆ بەشداریی سیاسی

لە سەردەمی دەسەڵاتی سەددام حوسێندا، بەهۆی ترس لە دەسەڵات، پەیوەندیکردن لەگەڵ تورکمانەکاندا سنووردار بوو، ئەمەش سروشتی ئەو دۆخە سەختە پیشان دەدات کە لەو کاتەدا بەسەر ئەواندا هاتبوو.

سێلڤی سەرنج بۆ ئەوە ڕادەکێشێت کە یادەوەریی تورکمانەکان هەڵگری چەندین وێنەی جۆراوجۆری مەینەتی و ئازارە، کە لە گۆرانییە فۆلکلۆری و میللییەکانی پەیوەست بە زیندان، ستەم و تاسەی ئازادییەوە ڕەنگی داوەتەوە.

لەم سۆنگەیەوە، بەشداریکردنی کەسایەتییەکی تورکمان لە حکومەتی عێراقدا ڕەهەندێک وەردەگرێت کە تەنیا لە بەدەستهێنانی پۆستێک تێدەپەڕێت؛ چونکە ئاماژەیە بۆ گواستنەوەیەکی ڕێژەیی لە پێگەی کۆمەڵەیەکەوە کە هەوڵی پاراستنی مانەوە و مافەکانی خۆی دەدات، بۆ پێگەی بەشداریکردن لە دامەزراوەکانی بڕیارداندا.

نزیکبوونەوەی تورکیا و عێراق

نووسەر دەستنیشانکردنی محەممەد سەمعان ئاغا بەو پێشکەوتنەوە دەبەستێتەوە کە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق بەخۆیەوە دەبینێت؛ پەیوەندییەکان چیتر تەنیا لە دۆسیە ئەمنییەکاندا قەتیس نەماون، بەڵکو فراوانتر بوون و بوارەکانی ئابووری، وزە، بازرگانی و پڕۆژەکانی گواستنەوە و گەشەپێدانیشیان گرتووەتەوە.

ئەم فراوانبوونە گوزارشت لە تێگەیشتنێکی زیاتری هەردوولا دەکات بۆ ئەوەی کە سەقامگیریی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان پێویستی بە بونیادنانی بەرژەوەندیی هاوبەش هەیە کە لە چارەسەرکردنی ناکۆکییە تەقلیدییەکان تێپەڕێت، بە جۆرێک کە دەرفەتی فراوانتر بۆ هاریکاریی درێژخایەن بڕەخسێنێت.

لەم چوارچێوەیەشدا، پەیوەندیی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، یەکێکە لە هۆکارە سیاسییە کاریگەرەکان لە هاریکاریی نێوان هەردوو وڵاتدا.

باشتربوونی پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق ژینگەیەکی سیاسیی لەبارتر بۆ بەهێزکردنی نوێنەرایەتیی تورکمانەکان دەڕەخسێنێت، بەتایبەتی کاتێک بەرژەوەندییەکانی هەردوو وڵات لە پشتگیریکردنی سەقامگیریی، پەرەپێدانی هاریکاریی ئابووریی و فراوانکردنی هاوبەشییە هەرێمییەکاندا یەکدەگرنەوە.

بە بڕوای نووسەر، پڕۆژەی “ڕێگەی گەشەپێدان” یەکێکە لەو دۆسیانەی کە ئەم وەرچەرخانە پیشان دەدات؛ چونکە پڕۆژەکە تەنیا لە دروستکردنی ڕێڕەوێکی گواستنەوە و بازرگانیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو دەرفەت بۆ فراوانکردنی هاریکاریی ئابووری و وەبەرهێنان لەنێوان عێراق و تورکیادا دەڕەخسێنێت و پێکەوەبەستنی بازاڕە هەرێمییەکانیش بەهێزتر دەکات.

نووسەرە تورکەکە پێی وایە کە وەرگرتنی پۆستی وەزیری دەوڵەت لەلایەن سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقییەوە، ئاماژەیەکی گرنگ بۆ داهاتووی نوێنەرایەتیی تورکمان هەڵدەگرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا پرسیار لەبارەی پەیوەندیی نێوان داکۆکیکردن لە مافی تورکمانەکان و سیاسەتە هەرێمییەکانی تورکیا دەوروژێنێت.

لە کۆتاییدا سێلڤی دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە دەستنیشانکردنی محەممەد سەمعان ئاغا وەک وەزیری دەوڵەت، هەنگاوێکی گرنگە لە ڕەوتی بەهێزکردنی پێگەی سیاسیی تورکمانەکان لە عێراقدا، هەروەها ڕەنگدانەوەی ئەو دەرفەتانەیە کە نزیکبوونەوەی تورکیا و عێراق بۆ پەرەپێدانی هاریکاری لە دۆسیە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکاندا دەیڕەخسێنێت.

Back to top button