لەماوەی یەک کاتژمێردا ئیسرائیل دەکەینە شوێنێکی نەشیاو بۆ ژیان

ئیبراهیم عەزیزی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، ڕۆژی یەکشەممە هەڕەشەی ئەوەی کرد کە لە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکدا ئیسرائیل دەکەنە شوێنێکی نەشیاو بۆ ژیان و نیشتەجێبوون، ئەگەر ئێران ڕووبەڕووی هەر هێرشێک ببێتەوە کە ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی بکاتە ئامانج.

عەزیزی لە پۆستێکدا بە زمانی عیبری لە سەکۆی ئێکس نووسیویەتی: لە ئەگەری ئەنجامدانی هەر هێرشێک دژی ئاسایش و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئێران، گۆڕینی ئیسرائیل بە جۆرێک کە چیتر بۆ ژیان نەشێ، لە کاتژمێرێک زیاتر ناخایەنێت.

هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانیدا، ئەو بەرپرسە ئێرانییە نەخشەیەکی بڵاوکردووەتەوە کە بە گوتەی خۆی شوێنی ژێرخانەکانی ئیسرائیل نیشان دەدات.

ئەم هەڵوێستە هاوکاتە لەگەڵ لێدوانەکەی ئێوارەی دوێنێی شەممەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کە جەختی لە ئەگەری ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر ئێران لە ئەمڕۆ یەکشەممەدا کردەوە و ڕایگەیاند: ئەگەری هەیە هێرش بکەینە سەر ئێران، و ئەگەرێکی دیکەش هەیە کە لەگەڵیدا بگەینە ڕێککەوتنێکی گەورە و باش.

Back to top button