هەڕاجی کردووە.. عێراق نەوتەکەی بە کەمتر لە 28 دۆلار لە نرخی فەرمی دەفرۆشێت کە 117 دۆلارە

سەکۆی “تاقە” کە تایبەتمەندە لە بواری وزە و بارەگاکەی لە واشنتنە ئاشکرایکردووە، عێراق 10 ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگەی بەندەرەکانی باشوورەوە بە داشکاندنێکی گەورە فرۆشتووە کە لەنێوان 25 بۆ 28 دۆلار بووە بۆ هەر بەرمیلێک، و کۆمپانیا هیندییەکانیش زۆرترین بڕیان لێ کڕیوە.

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە لە دەستپێکی جەنگی ئێرانەوە، بەغدا نەیتوانیوە هیچ بەرمیلێک نەوت بە زیاتر لە 100 دۆلار بفرۆشێت، سەرەڕای ئەوەی نرخە جیهانییەکان گەیشتوونەتە نزیکەی 117 دۆلار. هەروەها ئاماژەیان بەوە داوە کە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق سۆمۆ و سەلیم ڕیکابی، گوتەبێژی وەزارەتی نەوت، خۆیان لە لێدوانی فەرمی سەبارەت بە پێشکەشکردنی داشکاندنی دیاریکراوی 28 دۆلاری بەدوور گرتووە، بەڵام ڕیکابی دانی بە هەبوونی داشکاندندا ناوە بە مەبەستی قەرەبووکردنەوەی تێچووی گواستنەوە و دڵنیایی بۆ کۆمپانیا کڕیارەکان.

سەکۆکە لە زاری سەرچاوەیەکەوە لە کۆمپانیای سۆمۆ گواستوویەتییەوە، بەرزترین نرخ کە کۆمپانیاکە بەم دواییانە توانیبێتی نەوتی پێ بفرۆشێت، لە 85 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک تێنەپەڕیوە، بەراورد بە نزیکەی 90 دۆلار بۆ بارە نەوتە سووکە فرۆشراوەکانی نزیکەی مانگێک لەمەوبەر. سەرچاوەکە ڕوونیشی کردووەتەوە کە ئەم داشکاندنانە بۆ نەبوونی کەشتیی نەوتهەڵگری عێراقی و لەئەستۆگرتنی مەترسییەکانی تێپەڕبوون و تێچووی دڵنیایی لەلایەن کڕیارەکانەوە لە گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە؛ ئەو گەرووەی کە ڕۆژانە نزیکەی 3 ملیۆن بەرمیلی پێدا تێدەپەڕێت.

Back to top button